یاسای قەیسەری ئەمریکا و کورد لە سوریا!
Tuesday, 12/04/2022, 1:20
سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سوریادا جێگەی سەرنجن. ترامپ سەڕۆکی پێشوی ئەمریکا، ڕایەکانی هەمیشە لە گۆڕاندا بوون لەسەر مەسەلەی مانەوەی هێزەکانیان لە سوریادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتی لە دەرچوونی "یاسای قەیسەری سوری " لە ئەمریکا کرد و ٧٣٨ بیلیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرد. ترامپ لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، دەبێت هەموو ئەو کەس و لایەنانە بە تاوانی جەنگ سزا بدرێن، کە لەگەڵ ئەسەد هاوپەیمان بوونە، بە درێژایی ماوەی جەنگی سوریا تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.
دەبێت ئەوە نەبوێرین کە سەرەڕای دەرچوونی "یاسای قەیسەری سوری" لە ئەمریکا کە دواتر بە وردی باسی هەندێک لە خاڵەکانی دەکەم، ئەو یاسایە بریتی بوو لە سزادان و دروستکردنی فشاری ئابووریی لەسەر ڕژێمی ئەسەد، بەڵام ئیدارەی بایدن لە سەرەتای ئەمساڵدا، پشتیوانی لە پڕۆژەی ئابووریی بە بەهای ٢٥٠ میلیۆن دۆلار کرد لەنێوان لبنان و ئوردن کە لە ئەنجامدا بوو بە جێگەی توانجی چاودێرانی سیاسی ئەمریکی و ئەو هەنگاوەی بایدنیان دژی یاسای قەیسەری ئەمریکی پێناسە کرد. ڕەنگە ئەو پشتیوانیەی بایدن بۆ ڕاگرتنی دڵی ئوردن بێت، کە هەمیشە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەکە بریتبوو لە گواستنەوەی هێڵی کارەبا لە ئوردنەوە بۆ لوبنان بەنێو خاکی سوریادا، کە بێگومان بەرامبەر ئەوە حکومەتی بەشار ئەسەد پارەیەکی زۆر وەردەگرێت! لەدوای دەرچوونی یاسای "قەیسەر" ئەوجا ئەسەد توانی کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی زۆری سوریا بکات کە پێش ناساندنی ئەو یاسایە ئەو ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا نەبوون. لەلایەکی دی بایدن لەوەتەی بۆتە سەڕۆکی ئەمریکا لەژێر دروشمی بەرەنگاری بوونەوەی مەترسیەکانی داعش و دووبارە بەهێز نەبوونەوەیان، هەوڵدەدات پێگەی ئەمریکا لە سوریا لە جاران زێتر بەهێز بکات لە ٣/٢/٢٠٢٢دا بایدن بە نووسراوی فەرمی پیرۆزبایی لە هیزەکانی ئەمریکا کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە هێرشیان بۆ سەر داعش لە سوریا، هەروها بایدن قسوری نەکردوە لە دژایەتی کردنی ڕژێمی ئەسەد، لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش بۆ ئەم هەڵوێستەی پشتیوانی دەکرێت. جەیمس ڕیچ ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە تویتەرێکدا لە ٢٩/٧/٢٠٢١دا گوتی:
"بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەهەر سزایەکی دی دەکەین دژ بە ڕژێمی ئەسەد و میلیشیاکانی. ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە سزای ڕژێمی ئەسەد نەدراوە، بۆیە ئیدارەی ئەمریکا دەبێت سزای باشی ئەسەد و ئەوانەی پشتیوانی دەکەن وەک ڕوسیا و ئیران بدات" .
بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بە بەراورد کردن لەگەڵ هێزی ئیران و تورکیا و ڕوسیا کەمە، بەڵام بەرژەوەندیی ئەمریکا لە سوریا، بە بەراورد کردنی بە بەرژەوەندیی ئەوان لە سوریا، ئەگەر زۆرتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە، بۆیە ئەمریکا وا بە ئاسانی دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی نابێت لەو وڵاتەدا، بۆ ئەو مەبەستەش خۆی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی جەنگی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت و هێزی مرۆی زۆر نانێرێت بۆ ئەو وڵاتە، ئەو کارە بۆ میلیشیاکانی قەتەر و تورکیا بەجێدەهێڵێت، بۆیە لەڤارۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ تورکیا و قەتەر لە دوحە بۆ مەسەلەی کێشەی سوریا دانیشت.
گۆڕان لە ڕووداوە نێودەوڵەتیەکان کاردانەوەی هەیە لەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئەمریکا هەنووکە سەرقاڵ بوونی ڕوسیا بە جەنگی یۆکرانیا، بە ساتێکی مێژوویی گونجاو هەژمار دەکات، بۆ دەستپێکردنی خولێکی دی بۆ کار کردن لەسەر سیاسەت، ستراتیژیەت و پلانی دارێژڕاوی پێشوەختەی خۆی لە سووریا و هەوڵدان بۆ سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر بەشار ئەسەددا، کە لەسەرەتایی جەنگی سوریاوە تا ئێستا ئەمریکا دانولەی لەگەڵ ئەودا ناکوڵێت و بەداشی ڕوسیا و ئێرانی هەژمار دەکات.
یاسای "قەیسەری ئەمریکا بۆ سوریا" کە لە ١٢/٢٠١٩دا کۆشکی سپی و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا واژۆیان کرد، ئەگەر بێتو ئەو یاسایە بخرێتە بواری کار پێ کردن، چەندێک دژی بەرژەوەندیەکانی ئەسەدە و بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە، بەڵام نۆکڵی لەوە ناکرێت کە هەزاران بەرابەر لە بەرژەوەندیی هێزی " سوریای دیموکرات" ە بە تایبەتی بۆ هێزی یەپەگە دوو شەشە، بۆ؟
یەکەم:
سزا بەسەر ئەوانەدا دەسەپێندرێت کە، هاوکار و یاریدەدەری حکومەتی ئەسەد دەبن، لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا دان، کە بواری یارمەتیدانی سەربازیی، دەرهێنانی گاز و نەوتی ئەو ناوچانە و بیناکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژیر دەسەڵاتی حکومەتدان و لە ئەنجامی جەنگدا وێران بوون دەگرێتەوە، هەروها ئەو یاسایە هەموو ئەو لایەن و کەسایەتیانە دەگرێتەوە کە سوری نین و یارمەتی سوپای سوریا دەدەن، بە دەوڵەمند کردنیان بە فڕۆکە و چاکردنەوەی ئامرازی سەربازیی، واتە ئەو یاسایە دژی ڕوسیا و ئێرانە کە هاوپەیمانن لەگەڵ حکومەتی سوریادا، هەروها ڕێگری دەکات لە کۆمپانیای بیانی کە گرێبەستی ئابووریی لەسەر هیچ پرۆژەیەک لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد نەکەن بەتایبەتی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، کە لە ئەنجامدا ئەو ڕژێمە تووشی گۆشەگیری ئابووری دێت و بەهای پارەکەی لە بازاری جیهانی و ناوچەیی تا ڕادەیەکی ترسناک دادەبەزێت، کە لەگەڵ کاتدا ڕژێمی ئەسەد تووشی دارمانی ئابووریی دەکات. دووەم:
فشاری سیاسیی و ئابووریی بۆ سەر حکومەتی سوریا زێتر دەکات و ناچاری دەکات کە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ڕابگرێت، پشتیوانی لە گۆڕینی سیستەمی سیاسیی سوریا بکات، ڕێز لە مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیان بگرێت. ئەو سزایانە ڕادەگێرێت هەر کاتێک حکومەتی سوریا هێڕشی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ڕاگرت و ڕێگری نەکرد لە گەیاندنی یارمەتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە گەماڕۆ دراون. ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی، گەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ ناوچەکانی خۆیان و سەپاندنی سزای جەنگ بەسەر تاوانباران. سێەم:
ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی "هێزی سوریای دیموکراتن" کە سێبەشی ئەو هێزە یەپەگەن لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی خۆسەرن، ئەسەد مافی گەڕانەوەی بۆ ئەو ناوچانە نییە. چوارەم:
نەوتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی خۆسەر و هێزی سوریای دیموکرات، مافی حکومەتی سوریا نییە بەرهەمیان بێنیت هەروها نەوتی ناوچەی دێرەزور و تەلەف کە ئەمریکای لێیە مافی حکومەتی سوریا نییە بەرهەمیان بێنیت. نابێت هیچ هێزیک و میلیشیایەکی ئیران و تورکیا و سوریا ئەو هێڵانە تێکبشکێنێت، واتە ئەمریکا دیەوێت ڕێگەی نێوان ئیران، بەغداد، دیمەشق و بەیروت نەمێنیت. سەرەڕای هەموو وردەواڵاەیەک و ناڕوونیەک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕژێمی ئەسەد و پرسی کورد لە سوریا، ڕووداوەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەمیشە لە گۆڕاندان، بۆیە دۆخی ئەمڕۆ وەک دوێنی نییە، هەموو چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێیان وایە کە ئەمریکا هەوڵدەدات سود لە سەرقاڵبوونی ڕوسیا لە یۆکرانیا وەربگرێت، مەرجەکانی خۆی لە سوریا لەسەر مێزی گفتوگۆ بسەپێنێت، "یاسای قەیسەر"یش تا بۆی دەکرێت بخاتە بواری کارپێکردنی زێتر، واتە هەلێکی مێژووی بۆ حکومەتی خۆسەر و هێزی یەپەگە، کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەری هەیە ڕووبدات، کە شایەنی ئەوەیە لە ئەگەری ڕوودانی بە هەند وەربگێرێت، هەوڵبدرێت بکرێت بە قۆناغی وەرچەرخان لە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای وڵات، بە گوێرەی توانا سوود لەو هەلە مێژوویە وەبگیرێت و کاتی تێیدا بەفیڕۆ نەدرێت و ئەجێندا و پلان و ستراتیژیەتی کوردیی بۆ ئامادە بکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست