ناساندنی کتێبی (لای کورده‌کان بووم)
Thursday, 07/04/2022, 21:59
کتێبی لای کورده‌کان بووم، بینه‌ری خه‌باتێک بۆ ژیان
(Ich war bei den Kurden, Augenzeuge eines Lebenskampfes) که هی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی ناسراوی نه‌مسایی فریتس زیته (Fritz Zitte) یه، ساڵی ١٩٨٠ له ڤییه‌ننا به قه‌باره‌ی مامناوه‌ند و ٢١٠ لاپه‌ڕه بڵاوکراوه‌ته‌وه، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کی گه‌نج له‌سه‌ر به‌رگه‌که‌یه‌تی به بڕنه‌وێکه‌وه. نوسه‌ری ئه‌م کتێبه ساڵی ١٩٢٤ له‌و وڵاته له‌دایکبووه و ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردوه، ناوبراو به‌وه ناسراوه که ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی نوسین و وێنه‌یی له شوێنه پڕ له قه‌یران و جه‌نگه‌کانه‌وه ئاماده کردوه و له هه‌ندێک ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وکاتی وڵاتانی ئه‌وروپادا بڵاویکردونه‌ته‌وه، ئه‌م به‌وه جیاواز بووه له رۆژنامه‌نوسانی سه‌رده‌مه‌که‌ی، که خۆی سه‌رکێشی کردوه و کام ناوچه جه‌نگ، که شه‌ڕ و نائارامی و خه‌بات و شۆڕشی تێدابووه خۆی به هه‌ر نرخێک بووه چۆته ئه‌وێ و ماوه‌ته‌وه و ڕاپۆرتی مه‌یدانی ئاماده کردوه و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی و کاراکته‌ره دیاره‌کاندا ئه‌نجامداوه و دواتر به‌شێو‌ه‌ی کتێب بڵاویکردۆته‌وه، نمونه وڵاتانی وه‌ک یه‌مه‌ن، ئه‌نگۆلا، سورینام، نیگکه‌راگوا، نامیبیا، چاد، سودان، که‌مبۆدیا، ئه‌فغانسان و کوردستانه، خۆی خاوه‌نی زیاتر له ٢٠ کتێبه زۆربه‌یانی به‌م جۆره نوسیوه. وه‌ک ده‌ریشده‌که‌وێت هه‌میشه پشتی خه‌باتگێڕان و گه‌لانی چه‌وساوه‌ی گرتوه و ڕه‌خنه‌ی له چه‌وسێنه‌ران، داگیرکه‌ران و سیستمی سیاسی ناوچه‌یی و جیهانی گرتوه. ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی له سه‌رکردایه‌تی و کاراکته‌ره‌کانی شۆڕشه‌کانیش گرتوه. ئه‌م به خۆی و کۆڵه‌پشت و کامێرا و جانتایه‌که‌وه ملیناوه و گوێی به مه‌ترسی و کێشه و گرفت و هه‌ندێک جار گیانی خۆشی نه‌داوه!
له پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی (لای کورده‌کان بووم) نامه‌یه‌کی کوردیی ده‌ستنوسی سامی عه‌بدولره‌حمان (سامی سنجاریی)، سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ده‌قی ئه‌ڵمانییه‌که‌شی بڵاوکراوه‌ته‌وه، که له ١٥/١٠/ ١٩٧٩دا نوسراوه، تێیدا به کورتی وه‌سفی ئه‌م نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسانه ده‌کات و ئه‌مکاره‌ی ئه‌و بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی خه‌باتی کورد به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌ڵام چیرۆکی نوسینی کتێبه‌که به‌وه ده‌ستپێده‌کات، که نوسه‌ر زۆر پێشتر زانیاری له‌سه‌ر کێشه‌ی کورده‌کان هه‌بووه و مه‌به‌ستی بووه سه‌ردانی کوردستان بکات، له نیوه‌شه‌وێکی پایزی ساڵی ١٩٧٩دا ته‌له‌فونێکی له پاریسه‌وه بۆ دێت، که کوردێک پێی ده‌ڵێت، گه‌ر تۆ وه‌ک جاران حه‌ز ده‌که‌ی سه‌ردانی کوردستان بکه‌یت ئه‌وا رۆژی چوارشه‌مه ئوتێلی فڵان له شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا یه‌کتر ده‌بینین. ئه‌میش ڕازی ده‌بێت و یه‌کتر ده‌بینن، دوای ئاشنابوون به ئامانج و بیروبۆچوونی زیته ڕازی ده‌بن هاوکاری سه‌فه‌ره‌که‌ی بکه‌ن، پێده‌چێت ئه‌مان سه‌ر به پارتی بووبێتن. رێک ده‌که‌ون که ئه‌م به فڕۆکه تا ئه‌سته‌مبوڵ بچێت و له‌وێ ئه‌ندامێکیان پێشوازی لێ بکات، بۆ ناسینه‌وه‌شی پێنج کرۆنییه‌کی کاغه‌زی پاره‌ی ئه‌وکاتی سوید دوو له‌ت ده‌که‌ن و له‌تێکی ده‌ده‌نه ئه‌م و له‌تێکی ده‌نێرنه‌وه بۆ ئه‌وێ وه‌ک به‌ڵگه. دیاره ئه‌م کاره‌ی پارتی کردویه‌تی زۆر گرنگ بووه بۆ کاتی خۆی، که ده‌نگی کورد نه‌گه‌یشتۆته هیچ کوێ و دوای هه‌ره‌سی ١٩٧٥ وازانراوه که خه‌باتی کورد کۆتایی هاتووه، زۆر که‌م رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ران ده‌گه‌یشتنه ناو پێشمه‌رگه.
به کورتی ناوبراو خۆی ده‌پێچێته‌وه و سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ری ١٩٧٩ ده‌فڕێت بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و وه‌ک رێککه‌وتون له سه‌عات دووی نیوه‌شه‌و له ئوتێلی دیڤان له ئه‌سته‌مبوڵ دێن ده‌یبه‌ن. که‌سێک به ناوی عومه‌ر وه‌ک وه‌رگێڕ و هاوسه‌فه‌ر سه‌ره‌تا به ئۆتۆمبیل به‌ره‌و باشوری رۆژهه‌ڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان) و له‌وێوه بۆ سنوری ئێران، دواتر له‌گه‌ڵ دووکه‌سدا به ڕێگه‌ی قاچاخ و به سواری ئێستر به سه‌ر سنوری پڕ له مه‌ترسی مین و خاڵی سه‌ربازی و شاخوداخ و دۆڵ و ڕێگه‌ی سه‌خت و که‌ندوله‌ند، تا به نایاسایی ده‌گه‌نه نێو خاکی ئێران و لای باره‌گایه‌کی پارتی ده‌حه‌سێنه‌وه. دیاره ئێران ئه‌وکات دۆخێکی زۆر نائارام و بارگاوی به شه‌ڕ و شۆڕی کاتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژ به شا و ناکۆکی نێوان رژێمی ئێران (خومه‌ینی) و حزبه کوردییه‌کان بووه، ئه‌تمۆسفیره‌که زۆر نائاسایی و پڕ له مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکه و بارێکی ئاسایشی ناجێگیر بووه، به تایبه‌ت بۆ ئه‌مێکی بیانی و ئه‌وروپی، که ته‌نها ڤیزه‌ی گه‌شتیاری تورکیای هه‌بووه و به نایاسایی هاتۆته ناو ئێرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌م گوێی پێ نادا و له‌سه‌ر ئه‌وه سور ده‌بێت، که بچێت بۆ سه‌رکردایه‌تی ئه‌وکاتی پارتی – قیاده مووه‌قه‌ته، وه چاوی به سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی بکه‌وێت!
پێشمه‌رگه‌کان ئه‌م تێیده‌گه‌یه‌نن که دوو ڕێگه هه‌یه، یه‌کێکیان ئه‌مینتره که له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌ی پ.م کاندا و دوو سێ هه‌فته‌ی پێ ده‌چێت و به پێیه، رێگه‌ی دووه‌م به ئۆتۆمبیله و یه‌ک ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام پڕ له مه‌ترسییه، چونکه ده‌بێت به سێ خاڵی پشکنینی هێزه‌کانی سه‌ر به رژێمی ئیسلامی‌دا تێپه‌ڕن! دوای بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر زیته بڕیار ده‌دات که ڕێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌که هه‌ڵبژێرێت، هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌مێکی ئه‌وروپی و بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌فه‌ر و ڤیزه‌یه‌ک، گه‌ر بگیرێت به دڵنیایی به پێی یاسای ئه‌وکاتی ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێرانی گوله‌باران ده‌کرێت! به کورتی جانتا و کامێراکه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک پ.م دا، ئه‌میش به‌رگی کوردی ده‌پۆشێت و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به لاندرۆڤه‌رێک به‌ڕێده‌که‌ون! دوای ئه‌وه‌ی به سه‌رکێشی به هه‌ر سێ بازگه‌که‌دا تێپه‌ڕ د‌ه‌ن، که‌وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئه‌و چه‌ند خوله‌که‌ی له بازگه‌کاندا ئۆتۆمبیله‌که‌یان ده‌وه‌ستاند لای ئه‌م کات به ساڵێک ده‌ڕۆیشت و وه‌خت بوو هه‌ناسه‌ش له‌خۆی ببڕێت، لای ئێواره‌که‌ی ده‌گه‌نه سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که، که پێده‌چێت ناوچه‌ی ڕاژان بووبێت. له‌وێ سامی عه‌بدولره‌حمان ده‌بینێت، هه‌ندێک ده‌حه‌سێته‌وه و له ژێر ده‌وار و چادره‌کانیاندا دێت و ده‌چێت. پاش چه‌ند رۆژێک له‌سه‌ر ویستی خۆی و به پێشنیازی سامی له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌کی پ.م دا له جه‌وله‌یه‌کدا ده‌ڕوات به‌ره‌و کوردستانی باشور، بۆ بینینی ره‌وشی ئه‌وێ، راپۆرت له‌سه‌ر کار و چالاکییه‌کانیان ده‌نوسێت. له ڕێگا زۆر سه‌رما، برسێتی، شه‌وڕه‌و و بێخه‌وی و ماندوێتی و ساتی پڕ له‌مه‌ترسی ده‌بینێت، پاش ماوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و سه‌رکردایه‌تی، نیوه‌شه‌وێک پاسه‌وانێکی سامی بانگی ده‌کات بۆ چادره‌که‌ی ئه‌و، له‌وێ سامی ده‌ڵێت: تۆ ده‌ته‌ویست گفتوگۆیه‌کی ئارام و درێژم له‌گه‌ڵدا بکه‌یت و تۆماری بکه‌یت، ئێستا کاتم هه‌یه! ئه‌ویش تۆمارکه‌ر ده‌رده‌هێنێت و چاوپێکه‌وتنێکی باشی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، که ده‌قه‌که‌ی له کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ئه‌م سامی وا ده‌ناسێنێت: پێشمه‌رگه‌یه‌کی بێ جامانه، ئه‌ندازیار و زمانزانێکی زیره‌ک و به‌ئاگا که له به‌ریتانیا خوێندوێتی و ژیاوه، سمێڵتاشراو (که ئه‌وکاته سمێڵتاشین له نێو کورد به گشتی و پێشمه‌رگه‌دا به‌تایبه‌تی زۆر نامۆ بووه). وێنه‌یه‌کیشی له‌گه‌ڵ ناوبراودا له به‌رگی پشته‌وه‌ی کتێبه‌که‌دا بڵاوکردۆته‌وه. هه‌روه‌ها وه‌ک تیۆریسێن (مونه‌زیر)ی حزبه‌که‌ش باسی ده‌کات.
یه‌ک له‌و پرسیاره‌ی سه‌رنجڕاکێشانه‌ی له گفتوگۆکه‌دا هاتوه، زیته ده‌پرسێت: پارتی دیموکرات هه‌ڵگری چ ئایدۆلۆجییه‌کی زانستی و سیاسییه؟ سامی له وڵامدا ده‌ڵێت: شۆڕشه‌که‌مان پێشکه‌وتووخوازانه‌یه. زیته: به‌ڵام هه‌موو شۆڕشه‌کان وا ئیدیعا ده‌که‌ن؟ سامی: وایه، به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم له پڕۆگرامی خۆماندا زۆر ئامانجی سۆسیالیستیمان وه‌ک خاڵ جێگیرکردوه...هتد. له شوێنێکی تردا سامی ده‌ڵێت: ئێمه جارێکی تر هه‌رگیز چه‌که‌کانمان دانانێین، وه‌ک ساڵی ١٩٧٥ و به فه‌رمانی بارزانی کردمان، گه‌لی ئێمه به خوێن باجه‌که‌یان دا! له شوێنکی تردا زیته ده‌پرسێت: کامیان بۆ ئه‌م شۆڕشه گرنگتره، که‌سایه‌تی سه‌رکردایه‌تی یان بیروباوه‌ڕی سیاسی؟ سامی: بێگومان له خاڵی یه‌که‌مدا ئایدۆلۆجی، چونکه شه‌ڕکه‌ران ده‌بێت بزانن بۆ چ ئامانجێک خه‌بات ده‌که‌ن....هتد. ئه‌وه‌ی سه‌یره سامی عه‌بدولره‌حمان هه‌رچه‌نده وه‌ک که‌سێکی ڕۆشه‌نبیر و به‌ئاگا دیاره و قسه‌ده‌کات، به‌ڵام له وڵامه‌کانیدا هیچ باسی حزب و لایه‌نه‌کانی تری کوردستانی باشور ناکات و ناویان ناهێنێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها حزبی ئه‌وان له مه‌یداندا بووبن. هه‌روه‌ها ئاماژه به ناکۆکی و خاڵی جیاوازیشیان له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تردا نادات، ته‌نها باسی حزبی دیموکراتی ئێران ده‌کات. وه وه‌ک که‌سێک ده‌رده‌که‌وێت که ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر رێچکه‌یه‌کی نوێ خه‌بات بکه‌نه‌وه. به‌ڵام مرۆڤ تێی ده‌گات، که پارتی باوه‌ڕی به فره‌حزبی نه‌بووه.
زیته لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڕانه‌کانیدا به‌نێو پ. م و گونده‌کاندا پرسیاری له پ.م و لێپرسراو و خه‌ڵکی ساده‌ش کردوه، له شوێنێکدا ده‌نوسێت: پیاوێکی سه‌رسپی پیری کورد له گوندێکدا به هێمنی و حه‌سره‌ته‌وه گوتی: ئێمه‌ی کورد گه‌لێکی نه‌ناسراو و مه‌ته‌ڵاوین، زۆر لاپه‌ڕه‌ی مێژوو‌مان پڕ کردۆته‌وه، به‌ڵام به‌شێکی زۆری لاپه‌ڕه‌کانی هه‌رگیز هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه، بۆیه وه‌ک ڕازونهێنی تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه!
پێده‌چێت پاسداران پێیان زانیبێت که ئه‌م هاتوه، بۆیه دوای ئۆتۆمبیله‌که‌یان ده‌که‌ون، ئه‌م که له‌گه‌ڵ پ.م کانی پارتیدایه و پێده‌چێت ناکۆک بن له‌گه‌ڵ پ.م حزبی دیموکرات‌دا له‌وسه‌رد‌ه‌مه‌دا، کاتێک له‌ده‌س هێزه ئێرانییه‌که هه‌ڵدێن بێ‌ئاگا ده‌که‌ونه نێو ئه‌و گوندانه‌ی له ژێر کۆنترۆڵی حزبی دیموکراتدایه و ئه‌وه‌نده‌ی نامێنێت ته‌قه له‌یه‌ک بکه‌ن و کێشه دروست بێت، بۆ ئه‌م سه‌خته تێبگات، هه‌ردوولا کوردن و هه‌مان به‌رگ و چه‌کیان هه‌یه بۆ ده‌بێ ناحه‌ز و دژ به یه‌ک بن!
نوسه‌ر به‌شێکی کتێبه‌که‌ی ته‌رخانکردوه بۆ باس له خه‌بات و سه‌رهه‌ڵدانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ناوی (ڕاپه‌ڕینی کورده‌کان) به درێژی باس له راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و دواتر هاتنه‌سه‌رکاری خومه‌ینی و دڕنده‌یی و تاوانه‌کانی رژێمی مه‌لاکانی ئێران دژ به کورد و بێوه‌فاییان به‌رامبه‌ر خه‌باتی گه‌لی کورد دژ به شا، کوشت و بڕ و گوله‌بارانکردنی گه‌نجانی کورد و ...هتد ده‌کات. هه‌روه‌ها باس له نه‌دانی مافه‌کانی کورد و سه‌رکوتکردنی کورده‌کان ده‌کات. له به‌شێکی تردا به‌درێژی باسی ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران له‌سه‌رده‌می شادا (ساواک) ده‌کات، که چه‌ند دڕنده و خوێن‌ڕێژ و بێبه‌زه‌یی بوونه به‌رامبه‌ر ئازادیخوازان و زیندانییانی سیاسی کورد. ئینجا ره‌خنه له رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و سه‌رۆکی وڵاتانی ئه‌وروپاش ده‌گرێت، که به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێشوازییان له شا کردوه و ده‌ستی شاژن (فه‌ره‌ح زیبا) یان ماچ کردوه له سه‌ردانه‌کانیاندا.
له به‌شێکی تری‌دا به درێژی باسی کورده‌کانی باکور و چه‌وساندنه‌وه و دیکتاتۆریه‌ت و خوێنڕێژی ئه‌تاتورک ده‌کات، که ناوی کورده‌کانی گۆڕی بۆ (تورکه شاخاوییه‌کان)، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت دیپلۆماته رۆژئاواییه‌کان ئاگادارن که به فه‌رمانی ناوبراو زیاتر له ٦٠٠ هه‌زار کورد کوژراون و سه‌ربڕاون، که‌چی ئه‌م بابه‌ته که جینۆسایده که‌س له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزی ناکاته‌وه و باسی ناکات!
له گه‌ڕانه‌وه‌یدا به هه‌مان شێوه توشی چه‌رمه‌سه‌ری و گرفتی زۆر ده‌بێت، له ئێستر به‌رده‌بێته‌وه و دانێکی ده‌شکێت! له‌گه‌ڵ قاچاخچی فه‌رش و به‌نایاسایی داخلی تورکیا ده‌بێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه به‌لایه‌وه، سه‌رجه‌م نوسین و وێنه‌کانی گرتونی به سه‌لامه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گه‌یه‌نێته‌وه ئه‌وروپا.
دوا به‌شی کتێبه‌که‌ی به ناوی گرێکانی یان گرفته‌کانی کورده‌کان، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی جوانی بۆ شۆڕشه‌کانی کورد و خه‌باته‌که‌ی کردوه، باس له نه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی جیهان و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌کات، ئه‌م جگه له بێبه‌زه‌یی و دڕنده‌یی دوژمنان و یه‌کتربڕینی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، باس له بیرکردنه‌وه و ره‌فتاری دواکه‌وتوویی و عه‌شایری، ناکۆکی و ناته‌بایی ناوخۆیی، یه‌کنه‌گرتویی، خۆخۆریی ده‌کات، که‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کورده‌کان شه‌ڕکه‌ری باشن و کۆڵنه‌ده‌رن، ئه‌و هۆکارانه نه‌یهێشتوه به ئامانج بگه‌ن. ئه‌م (دووبه‌ره‌کی) وه‌ک قه‌ده‌ر یان نه‌فره‌تی کورده‌کان باس ده‌کات که لێیمان نابێته‌وه. دیاره ئێوه‌ش هاوڕامن که ناوبراو ته‌واو پێکاوێتی.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا دێته سه‌ر کۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی، که له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٧٩ له ئێران سازکراوه، جا نازانم خۆی ئاماده‌بووه یان نا، به‌ڵام ڕووداوه‌کانی نێو کۆنگره‌که‌ی به‌وردی تۆمار کردوه، باس له ناکۆکییه‌کان ده‌کات که وه‌ک دوو باڵ ده‌رکه‌وتوون، باڵی ماڵی بارزانی باوک و باڵی سامی عه‌بدولره‌حمان، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت کاتێک ئیدریس بارزانی له نێو کۆنگره داوا ده‌کات هیچ پشتیوانیه‌کی کورده‌کانی ئێران نه‌کرێت له شه‌ڕیاندا دژ به خومه‌ینی، ده‌نگ به‌رز ده‌بێته‌وه و ئاماده‌بووان ئه‌مه وه‌ک (ناپاکی) به‌رامبه‌ر به براکورده‌کانیان ده‌بینن، ده‌شڵێت کێشه‌کان زیاتر خه‌تای ئیدریس بارزانی بووه نه‌ک (مه‌سعود)، که گوتراوه ئه‌وه خۆفرۆشتنه به خومه‌ینی...هتد. له‌وێدا زۆر زه‌می شا کراوه و هه‌ڵوێستی خومه‌ینی بۆ هاوکاریی په‌نابه‌رانی عێراقی کورد له ئێران‌دا به‌رزنرخێنراوه. ده‌نوسێت، له‌سه‌ر ئه‌مانه سامی عه‌بدولره‌حمان و نۆ له ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی کشاونه‌ته‌وه له سه‌رکردایه‌تی و وه‌ک ئه‌ندامی ساده ماونه‌ته‌وه.
ئه‌م راپه‌ڕینی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئازادبوونی به‌شێکی ئه‌وێ وه‌ک ده‌رفه‌تێکی زێڕین بینیوه، بۆیه لای وابووه که ده‌بێت به هه‌موو پشتیوان و هاوکاریان بن، تا ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست نه‌درێت، که بۆ هه‌موو کورد گرنگه. ته‌نانه‌ت ده‌نوسێت: هه‌رچه‌نده بارزانی باوک پیربووه، وه‌ک ره‌مزه و رێزێکی زۆری له‌نێو کورده‌کاندا هه‌یه، به‌ڵام کوڕه‌کانی به‌م هه‌ڵوێسته‌یان، مه‌به‌ست له پشتیوان نه‌کردنی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاته، دووه‌م هه‌ڵه‌ی کوشنده ده‌که‌ن، دوای چه‌کدانانی ١٩٧٥ که نوسه‌ر به (ته‌سلیمبوون) باسی ده‌کات. له کتێبه‌که‌شیدا خاڵی نۆیه‌می به‌یانی کۆتایی کۆنگره‌ی به ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی بڵاوکردۆته‌وه که داوا له حدکا و رژێمی ئێران ده‌کات به گفتوگۆ کۆتایی به شه‌ڕ بهێنن.
ئه‌م کتێبه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژووی نزیکی خه‌باتی کورد گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه جێگه‌ی ره‌خنه‌یه، که هیچ باسێکی له حزب و گروپه‌کانی تری ئه‌و کاتی باشوری کوردستان نه‌کردوه، وه‌ک یه‌کێتی، پاسۆک و حزبی شویعی و ...هتد، به‌ڵام پێم وایه گرنگه وه‌ربگێڕرێته سه‌ر زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت که نوسه‌ر که‌سێکی بیانییه و بێلایه‌نانه ڕووداو و هه‌ڵوێسته‌کانی نوسیوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: Ich war bei den Kurden - Augenzeuge eines Lebenskampfes; Sitte, Fritz; Verlag Styria, 1980, Austria, ISBN: 3222112630
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست