مەسعود بارزانی و سزادانی باوکم، تێکۆشەرێکی پەنجا ساڵەی پارتی
Tuesday, 05/04/2022, 0:58
(ئەم نوسینە وەکو نمونەیەکە کە بنەماڵەی پارتی تەنها کەسانێکیان لا پەسەندە کە تۆسقاڵێك نرخ بۆ کەسایەتی خۆی دانەنێت و تەنها وەکو کۆیلە و ئەڵقە لە گوێیان ڕەفتار بکات و بیربکاتەوە، دەنا چارەنوسی تەنها سزادانە لەسەردەمانی لاوازیدا. بۆیە با کۆیلەکان بە ئاگا بن و باشتر ئەو بنەماڵەیە و سەرانیان بناسن).
لهسەردەمانی شەری ناوخۆی جەلالی و مەلایی و لە خوێندا گەوزاندنی هەزاران ڕۆڵەی گەلەکەمان لە ململانێی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی دو بنەماڵەی ڕوڕەشی مێژو، جەلالی و مەلایی، ساڵی ١٩٩٦ مهسعود بارزانی دهنێرێت به دوای باوکمدا بۆ دوان لەگەڵیا له هاوینهههواری دوکان. کاتێك باوکم دەگاتە شوێنی دیاریکراو دەبینێت ژمارەیەکی زۆر له سهرانی پارتی و لە پاڵیان دا ژمارەیەکی زۆر لەو سەرۆكجاشانەی پێش ڕاپەڕيین کە پێشڕەوی کوشتار و ئەنفالی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانیان کردبو لە دانیشتنەکەدا هاوشان و وەکو تێکۆشەرانی دێرین بێباك و سنگ دەرپەڕیو ئامادە بون.
باوکم کە ئەو سەرۆكجاشانە دەبینێت بە بێزاریەکەوە لە مەسعود بەرزانی دەپرسێت. کاك مەسعود خێرە وا منتان بانگ کردووە؟. مەسعود بارزانی پێی دهڵێت :"کاك ئیسماعیل بۆیە بانگم کردویت کە بزانیت لهم ڕۆژهدا پێویستمان به پشتیوانی کهسانی وهکو جهنابتان ههیه و ...هتد." ئهویش به قێزلێکردنهوهیهكەوە لە سەرۆك جاشەکان دەڕوانێت و دهڵێ : " ئهی کاك مهسعود ئهمانه چی ئهکهن له دهورتان؟ " ئهویش به سەرکزی و شەرمنیەکەوە دهڵێت:" کاك ئیسماعیل ئیتر ئهمه زروفه و پێویستمان به ئهوانیشه". دوای ئهم قسهیه باوکم ههڵدهستێت و به ئیستیفزازەوه و به دهنگێکی بهرز پێی دهڵێت: "تا ئهو کاتهی پێویستت بهمانه بێت با پێویستتان به من نهبێت!. به بێ خواحافیزی دانیشتنهکه بهجێ دههێڵێت.
پاش ماوەی ساڵێك باوکم نەخۆش دەکەوێت و دەیەوێت کارئاسانی بۆ بکەن بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵات. له سزای ئەو روبەڕوبونەوە مەردانەیەی مهکتهبی مهسعود بارزانی، بۆ چارهسهری نهخۆشیهکهی پاش هەوڵێکی زۆر ڤیزهی تورکیا دورتری بۆ وهرناگرن و کەمترین هاوکاری مادیشی نادەنێ وەك ئەوەی لە نامەکەیدا بۆ منی نوسیوە.
ئەمە تەنها بەڵگەیەکە کە پێشانی دەدات ئەوانەی کەمترین ناڕەزایی بەرامبەر خیانەتکارانی بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی قین لەدڵێکی خێڵەکی وەکو مەسعود بارزانی دەرببڕن ئەوا بەو پەری ڕق و بێویژدانیەوە لە ڕۆژێکدا کە لە لاوازی و تەنگانەدا بن تۆڵەی خێڵەکیانەیان لێدەکەنەوە.
ئەو درەنگ خستن و پێنەدانەی فیزە بووە هۆکاری خراپتر بونی باری تەندروستی باوکم و پاش کەمتر لە دو ساڵ لە داواکاریەکەی بۆ هاوکاری لە بارەگای مەسعود بەرزانی لە ١٦/٢/١٩٩٩ کۆچی دوایی کرد.
لێرەدا ئەم باسە بە نوسین دەخەمەوە بەردەم ڕای گشتی و دوبارە و چەند بارە بەیادهێنانەوەی سەرشۆرانی پارتی بە گشتی و سەرشۆڕانی بنەماڵەکەمان بە تایبەتی کە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان لە کاردان بۆ سڕینەوەی ئەم جۆرە باسە ڕاستگۆیانە لە یادەوەریەکانی باوکم. لە هەوڵدان ئەم جۆرە باسانە و دەیان باسی تری ناکۆك بە بەرژەوەندیەکانیان ساختەکاری و تەزویری تیا بکرێت. هەوڵدەدەن لە ڕەخنە توند و نارەزاییە ڕەواکانی بەرامبەر سەرانی پارتی و بنەماڵە بگۆڕن بۆ پیاهەڵدان و خۆبچوککردنەوە بەرامبەریان. بەو بیانووەی کە یەکێك لەو سەرشۆرانەی بنەماڵەکەم لە نامەیەکی قێزەونی پارتیانەوە بۆی نوسیوم : " باوکم لەناو ئەو یادەوەرییەیدا باسی كەسایەتی زۆر بەرزی كردووە، و ئەو باسانەی سەبارەت بە كارە كەسییەكان (شخصی)یەكانی ئەو كەسایەتییانەیە، من چۆن مێژووی ئەو كەسایەتییانە دەخەمە بەردەستی تۆ؟ ئەوە (سومعەی) خەڵكانێكی تێدایە، هیچ كات نابێت مێژوویەكی وەها بكەوێتە بەردەستی تۆ یان كەسانێكی كە بیركردنەوەیان وەكو تۆیە".
منیش بە مافی خۆمی دەزانم بپرسم ئەگەر لە ناو ئەوانەدا کەسایەتی بەرز هەبونایە، ئایا ڕۆژی خەڵکی بەشمەینەت هێندە تاریك و ڕۆژی ئێوەمانانی مستفید و هەڵپەرست هێندە گەشاوە دەبو؟. کەسانی بەرز تەنها ئەوانەن کە خۆیان بەخت کرد و ئێسك و پروسکیان لە ژێرخاکدایە، یان ئەوانەن کە تێکۆشان و خەباتیان نەکردۆتە کاڵای فرۆشتنەوەی. نادەستپاكی و خیانەتکاریە لە باوکی خۆ کاتێك ئەو راستیانەی بە دەسنوس و قەڵەم و ویستی خۆی تۆماری کردبێت، کە پێی دەوترێت ( ئەوتۆبیۆگرافی) (ژیاننامە لە لایەن خودی خۆوە). بەڵام دەستێوەردانی تیا بکرێت و لەبری ئەو کەم و زیاد و گۆرانکاری تیا بکرێت و بکرێتە (بیۆگرافی) (ژیاننامەی کەسێك لە لایەن کەسێکی ترەوە) بەڵام بیۆگرافیەکی تەزویر کراو.
ئەگەر ئەو کەسانە خاوەندی سومعە بونایە باوکم لەسەری نەدەنوسین و ڕاستیەکانیانی نەدەخستە سەر کاغەز. ئەگەر ئەو کەسانە خاوەن کەسایەتیەك بون کە دەبوایە ناو و پێگەیان پارێزراو بێت، بەڵام باوکم بەو شێوازە خراپە لێیان دواوە، ئەوە مافی هەمو کەسێکە لە نێواندا من و منداڵ و نەوەکانی پاش بڵاوکردنەوەی بەرگری لەو کەسایەتیانە بکرێت و ڕەخنە ئاراستەی نوسەری راستەقینەی ژیاننامەکە بکرێت.
ئەگەر واش نەبێت ئەوا کەسانێك دەپارێزرێت کە باوکم بە سەرنجێکی نزمەوە تێی ڕوانیون، کە دور نیە لە پاڵ سەرانی پارتی و بنەماڵە، جاش و خیانەتکارانی پێشمەرگە کوژی زێباری و هاوسەنگەرانی نوێی پارتەکەتان و مەرجەعەکەیان بن.
بێسومعەیی ئەوە نیە بۆ دەرخستنی راستیەکان مرۆڤ دەنگی بڵند بکاتەوە، جا ئیتر گرنگ نیە چەند لەسەر مرۆڤ دەکەوێت. بێسومعەیی ئەوەیە کە بۆ خۆپارێزی و بەرژەوەندیخوازی راستیەکان بشاردرێنەوە و بەلاڕێدا ببرێن و بێدەنگی بکرێت لە خراپکار و بێسومعەکان.
دەقی ئەو نامەیەی لە بەرواری ٢/ ٥/ ٩٩٧ لە دهۆکەوە بۆ منی ناردووە؛
کوڕی خۆم پێشڕەو
چاوەکانت ماچ ئەکەم، ئاواتم خۆشیتانە.
چاوی ئەردەلان و شۆخە و منداڵەکانی و چاوی کوردە و منداڵەکانی و چاوی کامەران و سامان ماچ ئەکەم چاوی خێزانت ماچ ئەکەم.
ئەنجامی ئەو نەخۆشیەی دڵم کە ئەردەلان لێرە بوو لە خەستەخانە دەرچوم تا ئەمڕۆ بەردەوام لە ئازاردام چوم بۆ بەغداش عیلاج نەکرا و بڕیاریان دا کە لە دەرەوەی ووڵات لە مەرکەزێکی پێش کەوتو (عەملیاتی قسطرەی دڵم) بکرێت.
لێرە پارێزگای دهۆك لەسەر نوسراوی هیلال احمری عیراقی پساپۆرتی بۆ ئامادەکردم بەڵام ووتی:- ئێمە صلاحیەتی پارەمان نیە سەرفی بکەین منیش بە ناچاری داوام لە بارەگای بارزانی کرد ئەمە وەڵامەکەیەتی:٠
بۆ/ اسماعیل عارف . دهۆك لە/ مەکتەبی سەرۆك ژمارە ١٠١/٥/١٩٧٥ بروسکا هەوە یا تاید... ٩٩٧/٤/٢٨ لەم زروفە داوای لی بوردن ئەکەین امکانیاتی ئەوەمان نیە |
جا پێشڕەو، ئەمە یەکەم جارە باوکت داوای یارمەتی بکات لە کاتێکدا ئەزانیت کە ئەم (پارتی و سەرکردایەتیە) چیم بۆ کردون و لە موردی خۆم لە پەنجاکان و شەستەکاندا مانگی ٢٠٠ دینار واتە ٦٠٠ دۆلاری ئەمڕۆم ئەدا بێجگە لە هەزاران دینار تبرعات کە لە خزم و ناسیاو بۆم وەرئەگرتن . زۆر سوپاس بۆ خوا کە باوکت بە پاکی کوردایەتی کرد و پارتایەتییشی هەر بۆ کوردایەتی و مرۆڤایەتی بوو.
ئەگەر ئیمکان بو چەند سەد دۆلارێك بنێرە تا لەگەڵ دایکتا ئەگەمە (انقرە) و لەوێش ئاگادارتان ئەکەم کە گەیشتم .
ئیتر لێرە چیمەن و بارزان و کچەکان چاوت ماچ دەکەن
خۆشیتان ئاواتمە
تێ بینی/ لە ئەیلولی ٩٩٦ وە من ئازارئەچێژم
٢/ ٥/ ٩٩٧ باوکی خۆت ......
دهۆك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست