سەرەتای قۆناغێکی مەترسیداری نادیار
Tuesday, 05/04/2022, 0:49
لە راپەرینەوە تاوەکو ئەمرۆ چی لە کوردستان روویدابێت نەگەیشتۆتە قۆناغی گەیشتن بە مریشکە رەشەی زەنگی توند لێدانی لە ناوچونی ئەزمونەکە تا ئەم رادەیە لای چاودێراندا، تەنانەت لە کاتی چوغزی گەرمەی شەری ناوخۆی هەردوو حزبەکە و ماڵوێرانی خەڵک و نەداری و نەبوونیشدا تا ئەم ئاستە بێ هیوایی باڵی بەسەر کەسدا نەکێشابوو. بە ئاشکرا کەس نەیبیست کە لە دەرئەنجامی دژایەتی یەکتر ناچارن دەست دەخەنە ناودەستی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەری داگیرکەری کوردستان، ئەگەر ئەو کارەش بە نهێنی پیشەی هەمیشەییان بووبێت، کەس گوێی لە پەنابردنە بەر سواڵکردن و پەنابردنە دەستپانکردنەوەی نەبوو و هەردوولایەنیش تا ئەم رادەیە بێ منەت لە خەڵک و بێباک نەبوون لە پرسە ستراتیجیەکەی و چاوەرێی دواساتەکانی خۆیان نەدەکرد و هەر هیچ نەبێت ئاواتی گەیشتن بە هەندێک لە ئامانجەکانیان هەبوو.
لە لایەنی ئابووریەوە، سەرەرای داهات کەمی ئەو کاتە بەڵام باری ژیانی خەڵک لەم کاتە باشتر بوو، کەس لە ریزی موچە نەمرد و دەنگی نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان نەبیسترا و ریەی هەژاری نەکەیشتبووە لوتکە و ئەم هەموو موفتخۆرە گەندەڵە ملیاردێرانەی سەر بەم دوو حزبە نەبوون، سەرەرای ئەوەی هەناردەکردنی ئاشکرای نەوت لەئارادانەبوو بەڵام دەستخستنە سەر داهات بە بوونی گەندەڵی و حەپەلوشکردنی هەردووحزب ئاوای لێنەهاتبوو کە خەڵک بە واسیتە مەعاشەکەی خۆی وەربگرێت. ئەمەیە لوتکەی نیشانەکانی گیانەڵایی ئەم مێردەزمانەی خۆیان بەسەر ئەم میلەتەدا سەپاندووە و بێدەربەستی لە رەفتاری نابەحێ و بەرەڵایی لە هەموو بوارەکان بۆتە رەفتاری دەسەڵات و ئەم حزبانە.
بۆ کوێ دەرۆین و بە کوێ دەگەین ؟ ئەم ململانێ نابەجێ و دابەشبونە بە سەر جەمسەرە عیراقی و ئیقلیمیەکە گەیشتۆتە رادەی خۆفرۆشی و بەکرێگرتەیی . کە وا بەردەوام بێت سەرمان بە چی بەردێکدا دەدات؟ ئەگەر ئەوپەری گەشبین بین دەکرێت لەوەدا یەکلایی بینەوە کە ئەم ئەزمونەی حوکمداری کورد بەم شێوەیە گەیشتۆتە حاڵەتی گیانەڵایی بە هەر تولەرێگەیەکیشدا بروات.
ئەگەر پەند لە میژوو وەربگرین و بگەرێنەوە بۆ ململانێ و شەری نێوان ێەفەوی و عوسمانی و رۆڵی کورد لەو بەینە و چۆنێتی کۆتاییهاتنی کێشەکانیان لەسەر حسابی کورد، ئەوا لە باشترین ئەگەری دەرئەنجامی ئەم وەزعەی ناوچەکە باشترین ئەگەر لەناوچوونی هەرێمی کوردستان و بە زەلیلی گەرانەوەی یەکجارەکی کوردە بۆ باوەشی بەغدا، ئەمە ئەگەر لە مەودایەکی نزیکدا گۆرانکاری ریشەیی ئیقلیمی رونەدات، ئەگەر نا ئەوا دابەشبونی کورد بەسەر هەردوو رکابەری فارس و تورک لەسەرجەم رووەکانی سیاسی و جوگرافی و ئابووری و خۆسەپاندنی ئەو دوو هێزەی ناوچەکە و دابەشکردنی نوێی کوردستان ئەگەرێکی بەهێزی دیکەیە.
وەک دەزانین کارلێکە سیاسیەکان خۆیان فەرزکردووە بەسەر کورددا و وای لێهاتوو هیچ لایەنی ئەو قەڵەمرەویەی هەردوو زۆنەکە سەربەخۆییان نەمێنێت و بچوکرتین وردترین رەفتار و بریاریان بکەوێتە دەستی خانەخوێ و سەرپەرشتیکارە ئیقلیمیەکانیان و تەنانەت لە هەنگاوە نیوخۆییەکانی عیراق و کوردستانیش ئیعاز وەکو فەرمانی عەسکەری لە ئەنقەرە و تاران وەردەگرن.
بۆیە، دەکرێت ئیمەی خەلڕکی سادە و خێرەلخۆنەدیو چاوەرێی باشتر نەبین و بە هیوا بین لەم حاڵەتە زیاتر نغرۆ نەبین، بەڵام دەبێت چاوەرێی ئەوە بین کە ئەوانەی چەندین ساڵە لەم بارەی کوردستان هەلەکەیان بەخراب قۆستۆتەوە ئێستا لە دەرفەت دەگەرێن بۆ ئەوەس لە هەر پێشهات و ئاڵۆزیەکی کتوپر بێتەئاراوە ئەگەر بە کرێگرتەیی و خۆفرۆشتنی زیاتریش بێت بە دوژمنانی داگیرکەر، پێگەکەیان بپارێزن، بۆیە بە کورتی دەتوانین بڵیین هیچ ئاواتێکی بچوکیش نەماوە و روومان لە قۆناغێکی ترسناکی نادیارە و تەنها وەرچەرخانێکی چاوەرواننەکراو ئەویش بە گونجاندنی دەردانەکانی لەگەل وەزعی کورد دا بێتەوە، دەکرێت باری لارمان تا ئەندازەیەک راست بێتەوە، بەڵام ئەویش بەهەرلایەکدا بکەوێتەوە بەم سەرکردایەتیەی ئێستا بەرێوەناچێت و لەم حاڵەی ئێستامان باشتر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست