دوو هەڵەى ستراتیجى زۆر گەورەى جەلال تالەبانی
Sunday, 03/04/2022, 16:02
جەلال تالەبانی دواى ڕوخانى دەسەڵاتى بەعس و پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق ، دوو هەڵەى ستراتیجى زۆر گەورەى کرد کە زیانەکانیان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ کورد ئەوەندە گەورەبوو هەرگیز قەرەبوو ناکرێنەوە . کاریگەرى هەڵەکانى جەلال تالەبانی لە سەر هەرێمى کوردستان تا ئێستاش بەردەوامەو ئەوەى ئێستا لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت ، ئەنجامى ئەو هەڵانەى جەلال تالەبانی بوو.
دواى ڕوخانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس و پێکهێنانى حکومەتى عێراقى لە ساڵى 2005 عێراق لە بارودۆخێکى ئێجگار خرابدابوو لە هەموو بوارەکانى ژیاندا . سوپاى عێراق بەتەواوى نەمابوو . کێشەى زۆر گەورە لە نێوان شیعەو سوننە لە لایەک و سوننەو سوننەو ، شیعەو شیعەش لە لایەکى تردا هەبوو . هێزى ئەمنیش نەمابوو بۆ پارێزگارى لە سەلامەتى خەڵک . بارى ئابورى خەڵک زۆر خراپ بوو . پۆڵ بریمەریش حاکمى مەدەنى عێراق لە بارودۆخێکى زۆر خرابدا بوو نەیدەتوانى لایەنەناکۆکەکان یەک بخات و ئەمن و ئاسایش بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە .
لەو کاتەدا کورد لەو پەڕى بە هێزیدابوو . خاوەنى هێزێکى پێشمەرگەى ئامادەبوو بۆشەڕ. ئەگەر کورد بیویستایە بەعقوبەشى داگیر دەکرد . بارى ئابورى خەڵکى کوردستانیش زۆر باشتر بوو لە خواروى عیێراق . پۆڵ بریمەریش زۆر پێویستى بە هاوکارى کورد بوو لەو کاتەدا. ئەگەر سیاسیەکانى کورد خاوەنى بەرنامەى نیشتمانى بونایەو بیانزانیایە ئەو چەندین ساڵە بۆچى شەڕیان کردوەو لە شاخ بون ، دەیانتوانى دەسکەوتى گەورە بۆ میللەت
دەستەبەر بکەن چونکە بارودۆخەکە زۆر گونجاو بوو بۆ کورد . بەڵام بە هۆى نەشارەزایی و ناکۆکیە کانى نێوان پارتى و یەکێتى لە لایەک و حەزوو ئارەزوى بەرپرسانى کورد بۆ دەسەڵات و وەرگرتنى پۆست و پلەو پایە هەموو ئەو هەلە زێرێنانە لە دەست چون .جارى یەکەم هەڵەى کورد ئەوەبوو کە لەدەستووردا ڕازى بون بەوەى ناوچە داگیرکراوەکانى کورد ناو بنرێن ، ناوچە کێشە لەسەرەکان . واتە لە هەنگاوى یەکەمدا هەڵەى گەورە کراو حکومەتى عێراقیت کردە هاوبەشى نیشتمانەکەت کە چىندین ساڵە خوێن دەڕێژى لە پێناویدا . .
دوو هەڵە ستراتیجیە گەورەکانى جەلال تالەبانی ئەمانەن :
یەکەم : وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار
زیانەکانى ئەوپۆستە لەسەر ئاستى عێراق:
وەکو لەسەرەو ئاماژەم بۆ کرد عێراق لە ئاستێکدابوو ئەگەر کورد ، کارامەیی سیاسى هەبوایە دەیتوانى دەسکەوتى زۆر گەورە بەدەست بهێنێت . بەڵام لە شانسى عەرەبى عێراقى لەو کاتەدا جەلال تالەبانی کەڵکەڵەى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمارى کەوتە مێشکەوە . بە جۆرێک خولیاو عەشقى ئەو پۆستە ببو ئامادەبوو هەموو شتێکى لە پێناودا دابینێت و دواجاریش هەرواى کرد.
پۆستى سەرۆک کۆمار بە پێی دەستوور پۆستێکى تەشریفاتییە ، کەواتە بۆ کورد پۆستێکى کارتۆنیەو هیچ بەهایەکى نییە چونکە هیچ بڕیارێکى لە بەرژەوەندى کورد پێ نادرێـت . ئەگەر جەلال تالەبانی سەرۆک کۆمار نەبوایەو لە قەڵاچوالان دانیشتایەو پێداگرى لەسەر مافەکانى کورد بکردبایەو بیگوتایە ئێمەى کورد چەندین ساڵە لەسەر خاک شەڕدەکەین و دەمانەوێت ئەو حەقەمان بۆ بگەڕێننەوە ، ئەو کات پۆڵ بریمەریشى توشى ئیحراجى دەکرد چونکە ئەو زۆر پێویستى بە هاوکارى کورد بوو .
بەڵام کاتێک پۆستى سەرۆک کۆمارى وەرگرت بە هۆى دەستوورەوە جەلال تالەبانی بە دەستى خۆى کەلەپچەى خستە دەستى خۆیەوە . کارى جەلال تالەبانی لە بەغدا تەنها ئەوە بوە پێشوازى لە سەفیرى وڵاتان بکات و خەریکى چارەسەرى کێشەى ناو عەرەبەکان بێت و پێشوازى لە سەرۆکى عەشیرەتە عەرەبەکان بکات لە دیوانى سەرۆکایەتى کۆمار و جەنابیان بە تەسبیحێکى قەزوانى نیو مەترییەوە بەرامبەریان دانیشیت و نوکتەیان بۆ بگێڕێتەوەو وە پێکەنینیان بهێنێت . لە کەسێکم بیست وتى : تۆفیقى حەڵواچى وتویەتى تا جەلال تالەبانی لە بەغدا بوە بایی 120 دەفتەر دۆلار بە سەیارە حەڵواى گەزۆم بۆ ناردوە .
ئەى دەبێ بایی چەند هەنگوین و فستقى بۆ کڕابێت ، ئەى دەبێ چەند پارەى زیادە حساب کرابێ . جەلال تالەبانی دڵى بەوە خۆش بوو کە پێیان دەگوت مامى ئەمان . بەڵام ئەوە تەنها سودى بۆ عەرەبەکان هەبوو نەک بۆ کورد .لە سەردانێکیدا بۆ شارى کەرکوک ، لێدوانێکى دا کە بوو بە میژوو .
بەڵام چۆن میژویەک ، بۆکورد زۆر خراپ بۆ تورکمان و عەرەب زۆر باش و تا ئێستا ئەوان لەو بۆنانەدا کە بۆخۆیان قازانجە وەکو قاوان لێی دەدەنەوە . لە سەردانەکەیدا جەلال تالەبانی وتى : پۆستەکانى شارى کەرکوک بە یەکسانى لە نێوان کوردو تورکمان و عەرەبدا دابەش دەکرێت . ئەوەش ماناى ئەوەیە کە کەرکوک شارێکى کوردستانى نییە .
خۆزگەى ئێستا لە ژیاندابوایە بۆ ئەوەى بە چاوى خۆى بیبینیایە چۆن یەک لە دواى یەک ئەو کوردانەى پۆستیان هەیە چۆن لێیان وەردەگیرێتەوەو عەرەب دەخرێتە شوێنیان . گوندى بەشیرى بۆ ڕازیکردنى تورکمانەکان و تورکیا دروست دەکردەوە ، بەڵام کوردەکان بە زیادەڕەوى خانویان دروست دەکردو ئەوەتا ئێستا پَیان تێک دەدەنەوە .
ماوەى 8 ساڵ جەلال تالەبانی سەرۆک ۆمار بوو لە بەغداو بەو هەموو فورسایی خۆیەوەو ئەو هەموو کوردانەشى پۆستى باڵایان هەبوە لە بەغدا ، نەیان توانى ئەوەندە کاریگەرییان هەبێت کە یەک کورسى پەڕلەمان لەناو یەک ملیۆن کوردى فەیلى بەدەست بهێنن. ئەوەش ماناى ئەوەیە ئەوەندەى جەلال تالەبانی گرنگى بە عەرەبەکان دەداو موجامەلەى دەکردن ، بەرامبەر بە کوردەکان ئەوەندە بە مەرحەمەت نەبوو .
جەنابیان تەنها بە چارەسەرى کێشەى عەرەبەکانەوە خەرێک بوو بۆ ئەوەى لێی ڕازیبن ، وەکو ئەوەى خۆى بەقەرزداریان بزانێت کە بۆتە سەرۆک کۆمار . کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە پۆستى سەرۆک کۆمار هیچ سودێکى بۆکورد نەبوە .
زیادەڕەوى نییە ئەگەر بڵیم جەلال تالەبانی بۆخۆى لە بەغدا بوە نەک بۆ کورد ئەو سەرسام بوو بەو سەفەرانەى بە تەیارەى تایبەت بۆ وڵاتانى دەکرد . لەوەدەچێت لە بیرى چوبیتەوە بۆچى لە بەغدایە . لە کۆتایی ئەم بەشەدا دڵێم : ئایا جەلال تالەبانی لە ماوەى 8 ساڵى سەرۆک کۆماریدا چ دەسکەوتێکى بۆ کورد بەدەست هێنا ؟. مادەى 140 ى جێبەجێ کرد ؟. ئەوەتا کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانیش وەکو سەردەمى بەعس داگیر کرانەوە . ئەگەر جەلال تالەبانی پۆستى سەرۆک کۆمارى وەرنەگرتبایەو خۆى خۆى کەلەپچە نەکردبایەو بە ئازادى لە قەڵاچوالان دانیشتایە دەیتوانى زیاتر پێداگرى لە مافەکانى کورد بکردایە و پۆَل بریمەریش ناچار دەبوو خۆى سەردانى قەڵاچوالان بکات گوێشى لێبگرێت .
زیانەکانى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان:
چەندین ساڵە بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى لە کوردستان شەڕیانە لەسەر ئەوەى کامیان حاکمى موتڵەقى هەرێم بن و خاوەن دەسەڵاتى یەکەم بن . لەو پێناوەدا دەریایەک خوێنى کوردان ڕژاوە . کەچى سەیرەکە لەوەدایە جەلال تالەبانی لە پێناوى پۆستى سەرۆک کۆماردا زۆر بە ئاسانى هەرێمى کوردستانى تەسلێم بە بارزانى کرد . ئەوەى ئێستا لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت و هەموو ئەو مەترسیانەى ڕوبەڕوى هەرێم دەبنەوە ، ئەنجامى ئەوەیە کە جەلال تالەبانی لە پێناوى پۆستى سەرۆک کۆماردا، مەیدانەکەى چۆڵ کرد بۆ بارزانى و ئەویش لە پێناوى بنەماڵەکەیدا هەرێمى کوردستانى گەیاندۆتە لێوارى لەناوچون .
سەیرەکە لەوەدایە ئەگەر جەلال تالەبانی داواشى لە مەسعود بارزانى بکردبایە پۆستى سەرۆک کۆمار وەرگرێت کە بۆ کورد دانرەوە وەرى نەدەگرت لەبەر ئەوەى ئەو نایەوێت دوور بکەوێتەوە لە ناوچەى خۆى و کۆنتڕۆڵى حیزبەکەى لە دەست بدات ، لە ڕاستیشدا ئەو باشتر بیرى کردۆتەوە لە جەلال تالەبانی . لە لایەکى تریشەوە ئەو خۆى پێ گەورەترە لەوەى سەرۆک کۆمار بێت . لە لایەکى تریشەوە ڕەنگە لە خۆى ڕانەبینێت سەرۆک کۆمار بێت ، سەیرکەن ئیستا دەیەوێت ئەو پۆستە بۆ حیزبەکەى خۆى وەرگرێت ، نەخۆی و نەهیچ کەسێک لە خانەوادەکەى خۆى ئەو پۆستە وەرناگرن .
لە ڕاستیدا هەر پۆستەکەشى سوک کردوە. ئەوەتا ڕۆژێک فوئاد حوسەین کاندید دەکات بۆ ئەو پۆستە کە بەرپرسى نوسینگەکەیەتى و تەنها لە کەسێکى گەمژە دەچێت و ڕۆژێکى تر ڕێبەر ئەحمەد کاندید دەکات کە لە هەولێریش خەڵک بە باشى نایناسێت و و ڕۆژێکى تر هوشیار زێبارى کە لەبەغدا لە پۆستى وەزیرى دارایی دوور خرایەوە گوایە پۆستەکەى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆى بەکار هێَناوە . بەڵام جەلال تالەبانی ئامادەى هەموو سازشێک بوو بۆ بارزانى لە پێناوى وەرگرتنى ئەو پۆستەدا و لە ئەنجامدا هەرواشى کردو هەرێمى کوردستانى زۆر بە ئاسانى خستە ناو دەستى بارزانیەوە .
هەتا جەلال تالەبانی لە بەغدا بوو تا ئەو کاتەى لە ژیاندا نەما ، بەردەوام سازشى بۆ بارزانى دەکرو بەردەوام یەکێتى لە ناوحکومەتدا ڕۆڵیان بەرەو لاوازى دەچوو و لەپاشەکشەدابون .ئێستاشى پێوەبێت یەکێتى نازانێت ئەوگرێبەستە نەوتیانە چۆن کراون و چەندە نەوت دەفرشرێت و داهاتى نەوت چۆنە . لە کاتێکدا جەلال تالەبانی سەرۆک کۆمارەو لە پشکى کوردە ، دەبو هەموو پەیوەندیەکانى سەرۆکى هەرێمیش لەگەڵ بەغدا لە ڕێگاى سەرۆکى کۆمار و نوێنەرانى کوردەوەبێت لە بەغدا . بەڵام بەدرێژایی ئەوماوەیەى جەلال تالەبانی لە بەغدا سەرۆک کۆمار بوە ، مەسعود بارزانى بێ ئاگادارى جەلال تالەبانی لەگەڵ سەرۆکى حکومەتەکان خەرێکى کێشە دروستکردن بوە .
ئەوەشى بۆ لاوازکردنى پێگەى جەلال تالەبانی کردوە . ویستویەتى بە بەغدا بڵێت ئەگەرچى مەمجەلال سەرۆکى کۆمارە ، بەڵام هەرمن حسابم . وەکو باسى دەکەن ئەو شەوەى کە جەلال تالەبانی توشى جەڵتە هاتوە تا بەرە بەیان نەخەوتوەو بۆ ئارامکردنەوەى خۆى خواردویەتەوەو خواردنى خواردوەوخەرێکى نێوەند گیرى نیوان مەسعود بارزانى سەرۆکى حکومەت بوە . لە ئەنجامدا توشى جەڵتەهات و ئەو پۆستە سەرى خۆشى خوارد .
دووەم هەڵەى گەورەى دووەمى جەلال تالەبانی
لە سەرەوە باسى ئەوەمان کرد کە وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار هەر لە بنەڕەتەوە هەڵەبوەو ئەنجامەکەشى بە زیانى کورد شکایەوە. بەڵام کاتێک جەلال تالەبانی پۆستى سەرۆکى کۆمارى وەرگرت دەبوایە کۆنفڕانسێکى خێرا بگرن و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى و زوربەى کادیرە ئەساسیەکانى یەکێتى کۆبکەنەوەو بەڕێز جەلال تالەبانییش ڕونى بکردایەوە کە ئەو بۆتە سەرۆکى کۆمار گەیشتوە بە ئامانجەکانى خۆیی و چۆتە شوێنى سەدام حوسەین .
دەبوایە ڕونى بکاتەوە کە ئەو دەچێتە بەغداو ناتوانێت سەرکردایەتى یەکێتیش بکات . لەبەر ئەوە بڕیارم داوە ئارەزومەندانە دەستەبەردارى پۆستى سکرتێرى گشتى یەکێتى ببم . خۆشتان دەزانن تا لە شاخ بوین کاک نەوشیروان جێگرى من بوەو براگەورەى ئێوەش بوە . بۆیە بە باشى دەزانم ئەو لە شوێنى من ببێتە سکرتێرى گشتى یەکێتى . دڵنیام زۆرینەى هەرە زۆریان ڕازى دەبون . ئەگەر ئەوەى بکردبایە یەکێتى نەک لاواز دەبوو ، بەهێزتر دەبو چونکە کاک نەوشیروان دەیتوانى جڵەوى یەکێتى بە باشى بگرێتەدەست .
بەڵام سەد مەخابن جەلال تالەبانی ئەوەى نەکرد . هەر وەکو سکرتێرى گشتى مایەوە . ئەگەر لە ناحیەیەک ئەندامێکى کۆمیتەیەک دانرایە ، دەبو ئەو لێی ئاگادار بێت . لە غیابى جەلال تالەبانی و نەبونى کەسێکى بەهێزى وەکو کاک نەوشیروان بۆ سەرکردایەتى کردنى یەکێتى ، هێواش ، هێواش یەکێتى لەسەر سکەى خۆى لایداو کەوتە لاڕێ ، هۆکارى ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى زۆرینەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى خۆیان بەکەمتر نەدەزانى لە یەکترى ، بۆیە هەر یەکەیان بە ئارەزوى خۆى بڕیارى دەداو کەوتنە کەلڕَ کەڵەى خۆ دەوڵەمەندکردن و
کۆکرنەوەى سامان و گەندەڵى کردن لەسەر حسابى گشتى .
کار گەیشتە ئەوەى سەرکردەکانى یەکێتى ناو بانگیان خراپ ببێـت و ببیزێن نەک هەر لاى هاوڵاتیان بە گشتى بەڵکو لاى ئەندامانى حیزبەکەى خۆیان و هێزى پێشمەرگەشەوە .کاتێک کۆنگرەى چوارى یەکێتى بەستراو سیستەمى بەڕێوەبردنیش گۆڕا بۆ هاو سەرۆکى ، هیچ کام لە سەرکردە کۆنەکانى سەردەمى شاخ پلەو پۆستیان وەرنەگرتەوەو لە لایەن ئەندامانى یەکێتییەوە سزادران .
لە جێگەى ئەوان دوو گەنجى بنەماڵەى تاَڵەبانى بونە سەرکردە ، کە ئەلف و بێی سیاسەتیان نەخوێندبوو تا ئەوکاتەى هەڵبژێران بە هاوسەرۆکى یەکێتى .
پارتیش لە پێناوى زیاتر لاوازکردنى یەکێتى کەوتنە دژایەتى شێخ لاهور بە پاساوى ئەوەى زۆر دژى ئەوانە .بەڵام ڕاستییەکەى بۆ ئەوەبوو ناکۆکى بخەنە نێوان ئامۆزاکانەوە . بنەماڵەى بارزانى لەکوڕەکانى جەلال تالەبانی نزیک بونەوەو وایان لێکردن کە دژى لاهور بوەستەنەوە .
دیارە پێیان وتون ئێوە کوڕى جەلال تالەبانین و باوکتان پێاوێکى زۆر گەورە بوەو چۆن ڕێگا دەدەن کەسێکى تر جێگەى ئەو بگرێتەوە لە کاتێکدا ئێوە هەن . دواجار بافیڵ تاڵەبانى لاهورى لە بەرپرسیاریەتى ناو یەکێتى دوور خستەوەو دەسەڵاتى تەواوى یەکێتى کەوتە دەستى کوڕەکانى جەلال تالەبانی. ئەمە قۆناغى یەکەمى پلانەکەى بارزانى بوو بۆ ئەوەى کێشە بخاتە ناو بنەماڵەى تاڵەبانییەوەو لەوەشدا سەرکەوتوبون . قۆناغى دووەمى ئەوەبو داواى پۆستى سەرۆکى کۆماریان کرد . بەبەهانەى ئەوەى چەندین ساڵە ئەو پۆستە هەر بۆ یەکێتى بوەو لێرە بەدواوە دەبێ بۆ ئەوان بێت . بەڵام چۆن لە سەرەتاوە لە بەغدا بڕیار درا پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ کوردبێت ،لە کوردستانیش وابڕیار درا کە پۆستى سەرۆک کۆمار و پارێزگارى کەرکوک بۆ یەکێتى بێت وئەمە ڕێکەوتنى پێش وەختەى لەسەر کراوەو بڕاوەتەوە .
بەڵام پێداگرى پارتى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار بەهانەیەو بۆ تێکدانى ناوماڵى یەکێتییە لە لایەک و ناوماڵى کوردە لە لایەکى تر . بەڵام بافێڵ تاڵەبانى ملى بۆ ئەو داوایەى پارتى نەداو ڕازى نەبوو . کاتێک بارزانى هەستى بەوە کرد کە ناتوانن ئەو پۆستە وەرگرن ، فۆکسیان خستە سەر دکتۆر بەرهەم و گوایە ئەو هەوڵى داوە دوو کورسى هەولێرى پارتى بۆ یەکێتى بەرێت.
لە کاتێکدا ئەمە تەواو دوورە لە ڕاستییەوەو ئەوە کۆمسیۆن بوە ئەو بڕیارەى داوەو پارتى تەزویرى کردوەو دەبوایە هەر شەرم بکەن باسیشى بکەن . هاتنە سەر ئەوەى ئەوان ڕازین پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتى بێت ، بەڵام با کەسێکى تر بێت و ئەمانیش پێی ڕازیبن . بەڵام خۆشبەختانە بافێڵ تاڵەبانى تا ئێستاش بەو داوایەى پارتى ڕازى نەبوەو من لە لایەن خۆمەوە دەس خۆشى لێدەکەم و هێوادارم ئەگەر یەکێتى ئەو پۆستەش لە دەست بدات ، بە داواکانى پارتى ڕازى نەبن.
بارزانى بۆ ئەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار بەرێت بۆخۆیی و ناوماڵى کورد زیاتر تێک بداو وا لە بەغدا بگەیەنێت کە ئەوان بریاردەرن لە هەرێمى کوردستان، چۆتە بەرەى حەلبوسى و سەدرەوە . بەوەش ئێرانى توڕە کردوە کە بارزانى دەیەوێت ناوماڵى شیعە تێک بدات . بەو هۆیەوە جارى یەکەم خۆپیشاندان کرا لەبەرر دەم بارەگاى لقى پێنجى پارتى و دەیانگوت ئەوە یەکێتییەکان بون . دوایی بارەگاى لقى پێنجى پارتى سوتێنرا. بەڵام سەیر بوو نەیانگوت دکتۆر بەرهەم بوە . هەولێر کەوتە بەر ڕەحمەتى ساروخەکانى ئێرانەوە . مەسرو بارزانیش چوو بۆ قەتەر و ویستى وەکو چۆن نێچیرى ئامۆزاى نەوتى کوردستانى هەڕاج کرد ، غازەکەى سنوورى یەکێتیش هەڕاج بکات . بەڵام نەک ئەوەى بۆ نەکرا ، بەڵکو بەو سەردانەى هەرێمى کوردستانى خستە بەرمەترسى زۆر گەورەوە بە پێی بڕیارى دادگاى فێدڕاڵى عێراق ، چیتر ڕێگا نادرێت هەرێمى کوردستان سەربەخۆ نەوت و غاز بفرۆشن.
بەڵام نە ئێران و نە روسیاش بەوە ڕازى نەبون و یەکێتیش مەردانە هاتنە سەرخەت و وتیان ڕێگا نادەین غازى ئێمە وەکو نەوتەکە بەتاڵان بەرن و ئیتر ستۆپ بەسە . بۆ ئاگادارى هەموو لایەک کاتى خۆى ئاشتى هەورامى ڕێگاى نەدا دانا غاز پەرە بە فراوانکردنى کیلگەکانى غازدا بدات لە سنوورى گەرمیان بۆ ئەوەى یەکێتى نەبێتە خاوەنى داهاتى سەربەخۆى خۆى و لە ئەنجامى سکالایەکى داناغازدا ، هەرێم بڕى دوو ملیار دۆلارى بە دانا غاز دۆڕاند ..
سەیرکەن ئەوانە ئەوەندە قین لەدڵ و حاقیدن بەرامبەر بە زونى سەوز ئامادەبون بڕى دوو ملیار دۆلار کەرانە بە داناغاز بدەن لە پێناوى ئەوەى یەکێتى سود مەند نەبێت . بۆیە نابێ یەکێتى ئەوەى لە بیر بچێتەوەو هەرگیز ڕێگا نەدا ئەوان غازى ئەم ناوچەیەش بەرن بۆخۆیان و سنوورى سەوزى لێ بێ بەش بکەن . لە ئێستادا بنەماڵەى بارزانى لە هەموولایەکەوە گڕۆڵەیان لە لێژیدایەو سەردەمى زێڕینیان بەڕێکردو کاتى ئەوەیە باجى هەڵ و ەوسەرەڕۆکانیان بدەنەوە ، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایەبەوکارەیان ، هەمو هەرێمى کوردستان دەخەنە بەر مەترسى گەورەوە . ئەوان خاوەنى فەلسەفەى تایبەتى خۆیانن کە نمونەى نییە لە جیهاندا . دەڵێن : ئەگەر شۆڕشما پێ نەکرێت ، بە دڵنیاییەوە پێمان تێک دەدرێت . بەکردەوە ئەوەیان سەلماند .ئێستاش دەبێ بڵێن :ئەگەر خۆمان لەناو بچین ، بەدڵنیاییەوە خەڵکى تریش لەگەڵ خۆمان لەناو دەبەین . کەواتە بۆ مانەوەى خۆمان دەبێ حەزنەکەین ئەوانیش لە ناو بچن و تا ماوین ئەو دێوەزمانە بە سەرمانەوەبن .
لە کۆتاییدا بە کورتى دەڵێم : ئەگەر جەلال تالەبانی پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقى وەرنەگرتبایە، کورد زیاتر دەسکەوتى دەبوو ، خۆشى گەورەتر دەبوو ، بزوتنەوەى گۆڕانیش دروست نەدەبوو لەسەر حسابى یەکێتى و لاوازى بکات ، یەکێتى بە بەهێزى دەمایەوە، شاسوارەکانیش دروست نەدەبون و پارتیش نەدەبوو بە خاوەنى گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و تاک لایەنە بڕیار بدات.
سەیرکەن ئێستا کۆى قەوارەى هەرێمى کوردستان بخاتە بەر مەترسى گەورەوە . ئەوەى زۆر گرنگە هەموو لایەک بیزانن هەر لە سەرەتاى بەشداریکردنى کورد لە حکومەتى عێراقیدا ئێستاشى پێوە بێت تەنها لە پێناوى ووەرگرتنى پلەو پۆست و ئیمتیازات و بەرژەوەندى شەخسى بوەو هیچ دەسکەوتێکى نیشتمانى بەدەست نەهاتوەو سەیرکەن ئێستا چ شەڕەپۆستێکە .
واتە بەشداریکردنى کورد لەدەسەڵاتى حوکمڕانى عێراقدا تەنها سودى بۆ ئەو کەسانە هەیە کە پۆست وەردەگرن نەک میللەت. وێڕاى ڕەخنەو گلەیی زۆرم لە بافێڵ تاڵەبانى بەڵام چۆک دانەدانى بۆ بنەماڵەى بارزانى مایەى دڵخۆشیەو هیوادارم هەڵەى باوکى دوو بارە نەکاتەوەو نەچێتەژێر بارى فەرمانەکانى بنەماڵەى بارزانى چونکە ئەوان تەنها بە دواى بەرژەوەندى خۆیانەوەن . بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نییە ئێمە ڕەخنەوگلەییمان لە بافێل تاڵەبانى نییەو لێیى ڕازین . هیوادارین ئەویش بەخۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەى پشتیوانى جەماوەرو ئەندامانى حیزبەکەى خۆى لە دەست نەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست