کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاروانی بێ کۆتایی... لە هەڵوێستێکی باڵادا

Sunday, 03/04/2022, 14:28


عەبدوڵڵا کەریم مەحمود

کاروانی بێ کۆتایی یاداشت و بیرەوەریی مامۆستا (مەحمودی مەلا عیززەت)، کتێبێکی ‏قەبارە مام ناوەندیی(440) لاپەڕەیییە، بە تیراژی (650) دانە، چاپی یەکەم...لە ‏ساڵی2000 لە بڵاوکراوەکانی (زنجیرە کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم).‏
‏ هاوینی ساڵی 2000 لەگەڵ کاک بەختیاری مەلاعیزەت پێکەوە دانیشتبوین لەخانوەکەی ‏مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت لە گردەکەی سەرچنار، ئه و یاداشتەی نیشاندام، تازە مامۆستا مەحمود لە سویدەوە بە تایپکراوی ناردبووی بۆ دەزگای سەردەم بۆ چاپکردن.‏
لاپەڕەی یەکەمی یاداشتەکەم واڵاکرد، لەناو زنجیرەی روداوەکاندا بە جۆرێک توشی ‏تێڕامان بووم، لە نێو دیمەنی هەڵوێست و تراژیدیای چیرۆکەکاندا ون بووم.‏
یەکەمجار بوو یاداشتی وا نایاب و وا کاریگەر بخوێنمەوە، بە جۆرێک نوقمی بێ دەنگی ‏کردم، لە دنیای ژوورەکە دابڕام،بە زمان و تەکنیکێکی سادە..... رووداوەکانی تۆمارکرد بوو، ‏پڕبوو لە وردەکاری قوڵی هونەریی، لە ناو رووداوەکان دا دەیان هەڵوێستی پڕ لەجەربەزەیی ‏لۆژیکانەم بینی...خۆشەویستی بێ سنوور بۆ... خاک...زمان....کلتوور....پڕ بوون لە ‏وەفا...میهرەبانی.... تەحەدایەکی جوامێرانە.....بۆ رووبەڕووبونەوەی مەرگ...بە سەنگ ‏و بڕوای متمانەی کەسێتی یەکی داڕێژراو..... قاڵ بووی ناو مەرگەساتەکانی ژیان.‏
نووسەر بە رۆحێکی زۆر راستگۆیانە..... بە پاکی ودوور لە نمایش، دوور لە پیاهەڵدان.... ‏دەربار....هەموو رووداوەکانی هەست و نەستی ناخی پەنگ خواردوی، لە منداڵییەوە.....تەواوی وێستگە جیا جیاکانی تەمەنی تۆمارکردوە.‏ وشه و رستە وپەلگرافەکانی هەمووی وەک وێنەی فۆتۆگراف......وەک سیناریۆی گرتەی ‏فیلمی سینەما خستووەتە روو.‏
نوسەر لەیاداشتەکەیدا وەک پسپۆرێکی بواری مێژوو، چەندان رووداوی مێژوویی گرنگی ‏میللەتەکەمانی،بە سەلیقتەکی وردەوە تێکەڵ کێشی بیرەوەرییەکانی ژیانی خۆی و هاورێکانی و ‏دەوروبەرەکەی کردووە، کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین یش لەیاداشتەکانی دا(لەکەناری ‏دانوبەوە بۆ خڕی ناو زەنگ........ پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن) هەمان پسپۆری و تەکنیکی ‏نوێی یاداشتی بەکارهێناوە، رووداوە مێژوەکان جارێکی تر بەرجەستە کراونەتەوە بۆ نەوەی ‏ئێستاو ئایندە، بۆ ئەوەی پرسیار... لە لایان سەرهەڵبدات و خۆیان بە عەشقەوە بە دوای کتێبە ‏مێژووییەکان دا بگەڕین و بیخوێننەوە،وەڵامی پرسیارە پەنگ خواردوەکانی ناخیان چنگ بکەوێت...جارێکی تر ‏پرسیاری تر لەلایان سەر هەڵبداتەوە... ئەم هونەرە بەهای یاداشتەکەی بە پێزتر ونایاب ‏ترو باڵاتر کردووە.‏
نوسەر بۆ تۆمارکردنی یاداشتەکەی توانیویەتی سوود لە تەکنیکی هونەری (چیرۆک نوسین....،رۆمان.... سیناریوی فیلم) وەربگرێت. لە ناودیمەنەکان دا چەندان پاڵەوانی جیا جیا.....لە ‏جوغرافیای جیا دەبینین، ئەم جۆرە تەکنیکە هونەرییە لەم یاداشتەدا....دوور لە فەنتازیا، ئه و ‏واقعە تاڵ و مەرگەسا تانە‌یە کە نووسەر لە خەڵوەتی یاداشتەکەی ژیانی دا دایهێناوە،لە یاداشتەکانی پێشتردا‏ نین، ئەمە بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت لە بواری تۆمارکردنی یاداشتی کوردا، وا لە خوێنەر دەکات لە یەکەم پەرەوە تا ‏دوالاپەرە بە پەرۆشەوە، تێکەڵ بە بە رۆحی درامای یاداشتەکە ببێت..
دوای هەرەس مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت نەفی کرا بۆ شاری رومادی،رۆژێک لە ‏پۆل دا وانەی دەوتەوە.عەلی لێپرسراوی یەکێتی قوتابیانی حیزبی بەعس لە وانەکەی ‏دوادەکەوێت..... بێ ئەوەی لە دەرگا بدات،داوای مۆڵەت لە مامۆستا بکات، زۆر لە خۆڕازی ‏بونەوە خۆی دەکات بە پۆل داو دادەنیشێت، مامۆستا مەحمود بە توندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات...... دەیکاتە دەرەوەی پۆل،ئەویش هانا بۆ بەڕێوەبەر دەبات، بەرێوەبەریش داوا لەمامۆستا دەکات، بیکاتە ژوورەوە،مامۆستا هەموو داواکارییەکان و بیانوەکانی بەڕێوەبەر رەت‏دەکاتەوە،بەڕێوەبەر بە سنگ دەرپەڕاندن و لە خۆباییبوونەوە بە عەلی دەڵێت بڕۆ پۆلەوە، ‏هەر کە عەلی لە پۆلدا دادەنیشێت، مامۆستا مەحمود روودەکاتە بەڕێوەبەرو دەڵێ :فەرموو ‏جەنابی بەڕێوەبەر تۆ وانەکەیان بۆ تەواو بکە. ‏
مامۆستا مەحمود دوو ساڵ و نیوو لە روماد ی بە نەفی کراوەیی مایەوە،هاوسەرو منداڵەکانی لە ‏سلێمانی دەبن،دوای سەرهەڵدانی مەفرەزە سەرەتاییەکان،فازیل بەراک بەڕێوەبەری ئەمنی عا‏مە، ناردی بەشوێنیدا، چەند داواکارییەکی خستە بەردەم مامۆستا، بەڵام هەمووی ‏رەتکردەوە.‏
‏ چەند رۆژێک بوو نەشتەرگەری گورچیلە بۆ مامۆستا مەحمود کرابوو،شەوێک ملازم ‏موحسین و چەکدارەکانی. بە پەیژە خۆیان دەگەیه ننە حەوشەی ماڵی ‏مامۆستا....کۆڵان....سەربان....هەموی دەگرن، ملازم محسین بە پەڕۆیەک ‏هەردوو چاوی مامۆستا مەحمود دەبەستێت ‌راپێچی ناو ئوتۆمۆێلە ‌کەی دەکات.....ئه و شەوە لە چەند ‏ماڵ و گەرەکی تر زۆر کەسی تر دەسگیر کران، هەموویان بران بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ‏سلێمانی، بەیانیەکەی ناویان خوێندنەوە،پەرۆکەی سەرچای مامۆستا تۆزێک جوڵا ئەمجا ‏زانی ئەوە ناوەندی(وەتەن و کانێسکان) ە، نۆ ساڵ لێرە بەڕێوەبەر بوو، بۆ رۆژی دوایی دوو دوو.... ‏زیندانییەکانیان کەلەپچەکردو چاویان بەسترایەوە بە ئوتۆمۆبیلی تایبەتی بە برسێتی و تینوێتی ‏گوێزرانەوە بۆ شارێکی تر، هەر 23 زیندانەکەیان خزاندە ژورێکەوە،دواتر برانە ژووری ‏ژمارە (1)، لەوێ زانیان (هەیئەی تەحقیقی خاسە) یە، زیندانێکی سەربازی و نهێنی ‏حیزبی بەعس بوولە کەرکوک.‏
دوای چەند رۆژێک بە پێی بەرنامەی هەیئەی تەحقیقی کەرکوک... زیندانییەکانیان یەک یەک بانگ کرد ‏بۆلێکۆڵینەوەی ئەشکەنجەی جەسەتەیی و دەرونی بۆ ئەوەی تێکیان بشکێنن....نهێنییەکانیان پێ ‏بدرکێنن.‏
‏(عومەر عەزیز محەمەد، محەمەد رەحیم عەبدولرەحمان،محەمەد سەعید ساڵح، دلیر مستەفا، کەمال عەلی، شێخ عە بدول شێخ ساڵح، جەمیل،حەسەن حسێن، دارا، حەمە سەعید غەدۆ،حیکمەتی عەبە پاشا،عوسمان قادر محەمەد، مەحمودی مەلا عیزەت)‏
مەحمودی مەلا عیزەت یان برد بۆ لێکۆڵینەوه و ئەشکەنجەدان، بە پرسیار ‏دایانگرتەوە.......وەڵامی هەموو پرسیارەکان....(هیچ.نازانم)‏
دوو جەلاد لاقیان بەرزکردەوە، بەستیان، جەڕانیان، بە کێبڵ بنە پێیان داگرتەوە، هەموو ناخی ‏پڕ بوو لە ورەیەکی بەرز کە دەبێت بەهەموو تواناییەکییەوە بەرامبەر هەموو ‏ئەشکەنجەکانیان...... خۆی رابگرێت...... بەیەک گورچییلەوە.....بێ دەرمان، ‏بەئیلتیهابێکی زۆرەوە.....لێدانەکەیان توند تر کرد هاواری لێ هەستا، جەستەی لە ‏بەرشاڵاوی توندی ئەشکەنجەکەدا خاو بوەوە...لە هۆش خۆی چوو.....ئاوی ساردیان بە سەردا ‏کرد....کاتێ بە ئاگا هاتەوە، کارەبایان لە قورگییەوە بۆ کەلەکەی.... ‏بەسەر ئەندامە ناسکەکانی جەستەیی دا دە‌هێنا.
لە ناکاو گوێ لە دەنگێکی بەرزبوو، گەیاندیانە بەردەم موقەدەم عامر موسڵای سەرۆکی هەیئە، ‏ئەمیش بە قسەی نەرم...دواتر بە هەڕەشە و سیناریۆی جیا جیا دەیویست تالی داوی نهێنیەکی چنگ ‏بکەوێت و لەوێوە بەرنامەی کارەکانی هەڵسوڕێنێت بۆ ئەوەی نهێنییەکانی پێ بدرکێنێت.‏
لە وەڵام دا....مامۆستا هەر دەیگوت : نازانم. هەموو جەلادەکانی توشی هیستریاکرد، لە ‏تاوسوێی ئازارەکانی جەستەی کەوتبوو، جەلادێکیان دارەکەی لەپشتی گیر کرد وتی : هەستە ‏لە سسەر زەوییەکە،بەشەلەشەل بەپاڵ بردیان. لە ناکاو یەک لەقەی توندیان لێدا، ‏کەوتەوەسەرزەوی، هەستایەوە، کردیانەوە بە ژوورەکەی دا. هەموو زیندانییەکان ‏لێ کۆبوونەوە. مامستا مەحمود زانی (قالە) جاسوسه و بۆ ئەوە هێناویانەتە ناو زیندانییەکان ‏زانیاری کۆبکاتەوەو... بیگەیەنێتە جەلادەکان، وتی (زۆر سەیرە ئەمانە بۆ وا ‏دەکەن...گەرسیاسەتم بکردایە... پێم ناخۆش نەدەبوو، من هیچم نەکردوە، بۆ وام لێ دەکەن)‏
دواتر مامۆستامەحمود قەرەداغی و مەغد ید کوێخا عەبدوڵڵاو سەرداری حاجی قادر یان هێنایە ژووری ‏ژمارە (1)، ژمارەیان بوو بە (28) زیندانی.
‏نوسەر زۆر بە وردی باسی ئەشکەنجەی هاورێ زیندانییەکانی و روداوەکانی ناو هەیئەی ‏کردوە کە هەموی بە بەرنامه و پلانی ورد بووە بۆ ئەوەی پەی ببەن بە تاڵە داوێکی نهێنی زنجیرەی ‏رێکخستنەکانی ناو شار و دوای سەرهەڵدانی مەفرەزە سەرەتاییەکان...... باسی جەللادەکان ‏دەکات چۆن ئەشکەنجەی بێ سنوور دڕندانەی مامۆستا مەحمود قەرەداغی یان داوە، هەموو ‏جارەکان بە عە مود ێکەوە بەستەویانەتەوه.....لە بەردەم ژوورەکەیان دا ‌... بۆ ئەوی لایەنی ‏دەرونی زیندانییەکانی تر بڕوخێنن....... بەڵام مامۆستا مەحمود قەرەداخی ئەشکەنجه و ‏جەللادەکانی بە جۆرێک تێک ‌شکاند، ئەوان هەستیان بەلاوازی و بێ دەسەڵاتی دەکرد :‏
‏-جەلادەکان لە کاتی ئەشکەنجە داندا لە ناو خۆیان دا دەیانگوت (بۆیە ئیعتراف ناکات، لەزەت ‏لە ئەشکەنجە دان وەردەگریت).‏
لەدوا لێکۆڵینەوەدا.....رەئیسی هەیئەی کەرکوک، هەموو پرسیاری لێکۆڵینەوەکانی کاتی ‏ئەشکەنجەدانی رووبەرووی مامۆستا مەحمود کردەوە، چەند پرسیارێکی نوێ تیا بوو، دیاربوو ‏زانیاری تازەیان پێ گەیشتبوو:‏
ناوت چی یە:‏
مەحمود
ناوی باوکت و باپیرت:‏
مەلا عیزەت مەحمود
کارت چییە:‏
مودەڕیس
لە کوێ:‏
لەسانەوی ئەزمڕ
رەئیس زوو زوو...لاپەڕەکانی فایلەکەی هەڵدەدایەوە، پڕ بوو لە راپۆرت و زانیاری ئەمنی ‏سلێمانی...... لە یەکەم لێکۆ ڵینەوە وە تا دوا لێکۆڵینەوە.... وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مامۆستا ‏مەحمودی مەلا عیزەت....... (بەڵێ.....نازانم.......ئاگادارنیم) بوو.‏
لە دوا لێکۆڵینەوەدا..... ئەم جارەیان رەئیسی هەیئە،وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مامۆستای ‏وەک خۆی دەوتەوەو.... ئەمنێکیش، هەمووی دەنوسییەوە.....‏
دواجار پێ یان وت : دەستت بێنە (پەنجە گەورەی دەستی چەپیان گرت، بە قوماشێکی ‏مەرەکەباوی دا هێنایان،دوا کاغەزی ناو فایلەکەیان پێ مۆر کرد.‏
دوای ماوەیەک.... چاوی هەر 26 زیندانییەکەیان بەست،دوو..دوو کەلەپچەیان کردنە دەست، ‏خزێنرانە‌‌ ‌ئۆتۆمبێلی تایبەتی و گوێزرانەوە، نەیاندەزانی بۆ کوێیان دەبەن،چارەنوسی یان ‏بەره و کوێ دەبرێت، نزیکەی 3 کاتژمێر بە رێگاوە بوون.....گەیشتنە شوێنێک زۆر گەرم بوو، ئوتۆمۆبیلەکە وەستا دایان بەزاندن.....بە جنێو زلە و شەق پێشوازیان لێ کردن.....هەموویان ‏بردنە بەردەم ‏
‏ عەقید تارق ا لعزاوی - معاونی مدیری ئەمنی عامە، بۆ کاروباری سیاسی
‏ئەبو نەسر –مدیری شوعبەی سێ(ئەم شوعبەیە تایبەت بوو بە کورد وشۆڕشی کوردستان)‏
‏ نەقیب خەلەف – معاونی شوعبەی سێ.‏
‏ ‏چەند ئەمنێکی تر بە جلی سڤیلەوە لە پشت ئەما نەوه ‌وەستابوون،سەیری زیندانییەکانیان ‏دەکرد.‏
عەقید تارق رووی کردە هەر 26 زیندانییەکە و وتی:‏
‏(دەزانن، چی لە ئێوە دەکەین)...............‏
لە قسەکردن......... وەستا......زیندانییەکان هەموو بێ دەنگ بوون ‏
‏(ئێوە بۆ ئەوە نەگیران، لێرە بتان بینینەوە......ئێستا لە ژیان دابن، ئێوە بۆیە گیران....بێ ‏لێکۆڵینەوە و دادگایی کردن.....بکوژرێن) ‏
‏(بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە، کە ئەوە نەکرا،چونکە لە لێکۆڵینەوە دا بۆمان دەرکەوت،ئێوە ‏هاوڵاتی باشن و بێ زیانن، بۆیە سەرکردایەتی حیزب و شۆڕش ئێوەی عەفوکرد...ئێستا ئێوە ‏میوانی سەرکردایەتین، ماوەیەک لامان دەمێننەوە، دواتر ئازاد دەکرێن،ئێستا ئێوە ئازادن،ئێوە ‏لە سەفەرێکی دوورو درێژەوە هاتوون......،ئێستا برسیتانە.....چی دەخۆن)‏
عەقید تارق سەیری روخساریی هەموو زیندانییەکانی کرد.....هیچیان نەوت
لە ناکاو گوێ لە دەنگێک بوو وتی : ئێمە زۆر تینیوو.... برسین، هەرچی یەک بێت دەیخۆین، ‏وەک خواردنی زیندانییەکان.‏
عەقید سەیرێکی.هەموویانی کردو وتی : ئێوە زیندانی نیین...... میوانن.‏
له و کاتە یەکێک لە زیدانییەکان رووی کردە مامۆستا مەحمود و وتی : بڵێ مریشک دەخۆین.‏
عەقید بە مامۆستای وت : ئەوە دەڵێ چی.‏
‏ ‏دەڵێت مریشک دەخۆین.‏
دوای تاوێک مریشکی برژاویان بۆ هێنان.‏
ئەم میواندارییە بۆ سڕینەوەی کاریگەری ئه و هەموو ئەشکەنجە جەسەدی و دەرونیانە بوو، کە لە روخسارو هەڵسوکەوتی هەموویان دا دەرکی پێ دەکرا.‏
کاتژمێر دووی شەوی 18-06-1981، هەر 26 زیندانییەکانیان بە سەر دوو پاسدا ‏دابەش کرد، دوای 8 مانگ لە دۆزەخی مەرگەوە ئازاد کران....7ی بەیانی گەیشتنە ‏کەرکوک.....نان و کەبایان دەخوارد...... هەواڵی کوشتنی (قالە) ی جاسوسی هەیئەیان ‏پێ گەیشت.....پاسەکان رێگای سلێمانیان گرتەبەر.....گەیشتنە....باخی ‏بەختیاری...پردەکەی قلیاسان...دووڕیانەکەی سەرچنار...شەقامی سالم....ئەمنی ‏سلێمانی......پاسەکان لە بەردەم بینای حەسیب ساڵح دا وەستان.....ماڵئاواییان لە یەکتر ‏کرد...بەخانەواده و کەس و کارو خەڵکی شارەکەیان شادبوونەوە.‏
دواجار مامۆستا مەحمود بڕیاری دا لە گەڵ خانەوادەکەی دا روو بکەنە هەندەران
سەرلەبەیانی 13-08-1981 گەلاوێژ خانی هاوسەری و هەر 5 منداڵەکەی روو بکەنە ‏قەڵادزێ و......لەوێوە لەگەڵ نەسرین خان بگەنە ناوزەنگ.‏
مامۆستا مەحمود، هەر ئه و رۆژە لە سلێمانی رووی کردە لای کوێخا حسەین-ی ‏هەناران. ئەویش کاک بورهانی کوڕی لەگەڵ دا نارد...... رێگای ناوزەنگ – یان گرتە ‏بەر.....دوای ماندووبونێکی زۆر کە گەیشتە تەختایەکەی سەرەوە......کاک نەوشیروان و ‏کاک شازاد سائیب و کاک فەرەیدون پێشوازیان لێ کرد.‏
دواتر شه و و رۆژێکیش لای مام جەلال مایەوە لە توژەڵە، مام جەلال باسی ئەوەی کرد ‏مامۆستا مەحمود ئیش و کاری شۆڕش وەربگرێت، مامۆستاش وتی : با ئەوان بگەیەنمە ‏سوید.....دەگەڕێمەوە.‏
مام جەلال وتی :راپۆرتێکی دوورو درێژ لە سەر هەیئەی کەرکوک بنووسە بۆ(رێکخراوی ‏ئەمنستی).‏
لە 10-10-1981 شێخ محەمەدی سەرگەڵو و کاک بەختیاری مەلا عیزەت، مامۆستا ‏مەحمود و خانەوادەکەیان لە فڕۆکەخانەی تارانەوە بەرێ کرد بۆ شام.‏ دەمه و بەیانی 22-10-1981 لە فڕۆکانەی شامەوە گەیشتنە ستۆکهۆڵم‏.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە