ئەڵمان چۆن سزای نانیشتمانپەروەرێکی خۆی دەدات
Thursday, 31/03/2022, 11:36
وانەیەک بۆ لێوە فێربوون
لەوەتەی لەشکرکێشی و مووشەکبارانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێکردووە! رۆژانە لە رۆنامە و رادیۆ و تیڤییەکان دا چەندین وتار و بەرنامە لەسەر ڕۆڵی خراپی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا (Gerhard Schröder ) بڵاو دەکرێتەوە...
شرۆیدەر راوێژکاری و خاوەن پشکی پرۆژەیNord Stream 2 بۆری گازی رووسیا کە بۆ ئەڵمانیا ڕاکێشراوە ...
ئەم سەرکردە سۆسیال دیموکراتە!!، بەرژەوەندی بزنس کردوویەتییە ھاورێی (پۆتین) و ھاوکات دۆست و راوێژکاری (ئەردۆغان) و گەلێ لەم جۆرە دیکتاتۆرانەی جیھان...
شرۆیدەر ئێستا لەبەرخاتری بزنسەکانی کاریگەرێتی خراپی لەسەر سیاسەتی ئەڵمانیا بەتایبەت پارتی دەسەڵاتدار SPD ھەیە، کە بەتێکرا ھەڵوێستی ئەڵمانیای لاواز و زیانبەخش کردووە...
گێڕانەوەی کورتە چیرۆکێکێ لێرەدا خۆی دەسەپێنێ: کاتی خۆی ھاوبیرێکی نەتەوەیی کورد بەناوی (جەلال بارزانی) لە ھەرێمی Niedersachsen دەژیا زۆر دۆستی شرۆیدەر بوو... ناوبراو وەک پارێزەرێک پێی وتبوو گەر دەسەڵات بگرمە دەست چیم لەدەست بێت بۆ کوردی دەکەم.
ھاوبیر جەلالیش بەھەرچی لەدەستی دەھات خزمەتی دەکرد! کەچی کەبووە کانسلەر لەگەڵ Joschka Fischer وەزیری دەرەوی ئەڵمان و سەر بە پارتی سەوزەکان ھەوڵی حەزرەتی فیلیان دا تورکیا بکەنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و باشترین پێوەندیان بە ئەردۆغانەوە بەست و چاوی زەقیان نووقاند بەرانبەر بە ھەموو ئەو ستەمەی لە کورد دەکرێ...
لە جەنگی کەنداوی دووەمیشدا رۆڵێکی خراپی گێڕا و لەگەڵ جاک شیراکی فەرەنسا بەناوی دژە شەڕ و دروشم (نابۆ شەڕی خوێن بۆ نەوت) ..ئەوروپا و جیھانییان دابەش کرد...
من نامەوێ ریپۆرتاج لەسەر جەنگ و کەسایەتی شرۆیدەر بنووسم..
لێرەدا دەمەوێ باس لەوە بکەم کەوا چۆن ھەر کەسێک لەبەرژەوەندی گشتی نەتەوە و نیشتمانەکەی دەرچێ بەر نەفرەتی جەماوەر و مێژوو دەکەوێ؟!...
لە ئەڵمانیا شرۆیدەر وەک جاش و پیاوی پۆتین ناو دەبرێ! کارمەندانی نووسینگەکەی زۆربەیان دەستیان لەکارکردن کێشایەوە! خەڵک ھاواری لێ دەکەن ئەڵمانیا بەجێ بھێڵێ و بچێ بۆ لای پۆتین...
ئێستا سەرۆکی مافی مرۆڤی فراکسیۆنی CDU/CSU ناسراو بە Michael Brand
داوا لە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا دەکات شرۆیدەر و سامانەکەی بخرێتە لیستی سزادانەوە و چونکە لەدواجاردا ئەو بزنسەی ئەو دەیکات باجی ھاوڵاتییانی ئەڵمانیایە، کە وڵاتی یاسایە چۆن دەبێت ڕێگە بدات بە ھاوڵاتییەکی ، با ڕاوێژکاریش بووبێت! بەم پارەیە پشتیوان لە وڵاتێک بکات کە لەشەڕدایە...وەک ئاماژەم پێدا بەشێکی ھەڵوێستی لاوازی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی شرۆیدەر...
ڕێکخراوەکانیSPD سۆسیال دیموکراتی لە زۆربەی شار و ھەرێمەکانی ئەلمانیا ھۆشداری توندیان بۆ شرۆیدەر نووسیووە، کە پێویستە دەستبەرداری ئەم بزنسە چەپەڵە و پەیوەندییەکەی بێت لەگەڵ پۆتین دا... ئێستا ناوزڕاوترین کەسایەتی و ھاوڵاتی ئەڵمانیا شرۆیدەرە. ناوبراو لەژێر گوشارێکی یاسایی و حیزبی و مۆڕاڵی قورس دایە و ژیان و جموڵی سەختدایە و بەدووری نابینم بشدرێتە دادگا و بە پارە سزای قورس بدرێ!...
کەواتە: بنۆرە ئەڵمان چۆن توانیان کەسایەتییەکی گەورەی خۆیان، بەم شێواز و میتۆدە سەرزەنشت بکەن و روورەشی مێژوو بکەن و بیکەنە پەند و عیبرەتێک بۆ ھەموو ئەوانی دیکە.. ئەوانەی لە ھێڵی گشتی بەرژەوەندی نەتەوەیی لا دەدەن.
سیاسەت و کولتوور و مامەڵەی ئاوەزمەندانەی ئەڵمان بەم میتۆدە کار دەکات... ئیدی بێ ئەوەی پەنابەرنە بەر تیرۆر کردنی! یاخود زیندانی کردنی! یاخود ھێرش بردە سەر ماڵ ومنداڵی و ھەموو ئەو شێوازانەی تری لەوڵاتی ئێمە و رۆژھەلاتی ناویندا رەواجیان ھەیە..
ئا بەم جۆرە شکست بە کەسێک دەھێنرێ، کە دەیەوێ بەرژەوەندی خۆی بخاتە سەروو بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیەوە.. ئاخر ھیچ حیزبێک بە حیزبەکەی خۆیشییەوە! پشتیوانی لە ھەڵویست و ڕەفتارەی شرۆیدەری نەکردۆتە کارتێکی گوشار و کراسەکەی عوسمان!... چونکە حیزبی ئێرە ھێڵی سووری خۆی دەزانێ و دەست بەتاڵ و بێ پرۆژە نیییە، تا دەست بۆ ھەر کارتێکی سووتاو بەرێت!...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست