كرۆكی كێشەكە لەكوێ دایە و چی لەناوچەكەدا دەگوزەرێت؟

Sunday, 27/03/2022, 13:17


ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێراق كۆدەبێتەوە، رێژەی یاسایی تەواو دەبێت یاخود نا، كاندیدەكەی پارتی دەردەچێت یاهی یەكێتی، ئەگەرچی ئەو پرسیارە ستۆكانە هەموو میدیای كوردی ومێشكی نووسەرو شرۆڤەكارو سیاسەتمەدارو ... هتد خەریك كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامیە، ئەو مەسەلەیە دیوی دەرەوەی ململانێكانەو هەرگیز كرۆكی كێشەكە نیە! كرۆكی كێشەكە ئەوەیە، كە لەپشت پەردەوە چی دەگوزەرێت!.


لەسەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتیدا لە ئێستادا دۆخەكە بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، روسیا هەنگاوە مەترسیدارەكەی ناوەو شەڕی ئۆكرانیا درێژەی هەیە وتادێت ئەو شەڕە ئاڵۆزتر و چڕ تردەبێتەوە، بۆیە لەبەرژەوەندی روسیادایە بەرەی شەڕەكە فراوان بكات، ناتۆ بەردەرگای ئەوروپای گرتووە، ئەمە وا دەكات ئەگەری پەڕینەوەی شەڕەكە بۆ ئەوروپا تا رادەیەكی زۆر ئەگەرێكی دوور بێت، لاوازترین گۆڕەپان بۆ گواستنەوەی شەڕەكە بەرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك ئەوەی روسیا دوای داگریكردنی نیمچە دورگەی كریم كردی، گۆڕەپانێكە زیانی راستەوخۆی بۆ لایەنە سەرەكیەكانی ململانێیە جیهانیەكە كەمترە، هاوكات ئەگەری فراوان بوونی جەنگەكەش بۆ جەنگێكی جیهانی زۆر كەمتر دەكاتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی رووداوێكی سەرسوڕهێنەر بین لەناوچەكە، ئەمشەو حوسیەكان سەرچاوەكانی وزەیان لە شانشینی عەرەبی سعودیە كردە ئامانج، واتە سەرەتای قۆستنەوەی دەرفەتەكە و زیادكردنی فشارەكانی لەلایەن ئێرانەوە دەستیپێكرد، دیارە ئەمە هێرشی تری بەدوا دادێت رەنگ بێت، لێدانی نوێ جارێكی تر لە هەولێر بێت، بەهۆی ئەو هەوڵە چڕەی لە بەغدا هەیە بۆ بڕینەوەی دەستی ئێران لە ئێراق. توركیا لە چەند تەوەرێكەوە یاریەكی ترسناك دەكات، لەلایەك لەپەرلەمانی ئێراق لەرێگای دروستكردنی بەرەی رزگاری نیشتمانی (پارتی وسەدریەكان وسونە) وانیشان بدات دەیەوێت ئێراقێكی نوێ وبەهێز بونیاتبنێتەوە، دیارە بونیاتنانەوەی ئێراقێكی بەهێز هەرگیز لەبەرژەوەندی كورد نیەو واتای گەڕاندنەوەی دۆخی جیۆپۆلەتیكی قۆناغی شەڕی ساردە، لەلایەكی تر توركیا هێزی كۆكردۆتەوە ودەیەوێت هەردوو پڕۆسەی چنگی پڵنگ وچنگی هەڵۆ، كە لەساڵی (2020) دەستیپێكرد، تەواو بكاتەوەو پەلاماری پارتی كرێكارانی كوردستان، یاخود وردترو راستر باشووری كوردستان بداتەوە پانتاییەكی تر لەرووی سەربازیەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بخاتەوە سەر وڵاتەكەی، واتە بەشێك لەو پشتێنەیە تەواو بكات، كە ناوی ناوە پشتێنەی ئارام، كە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێدەكات، تا دەگاتە دوا خألی سنوورەكانی خۆی لەگەڵ ئێراق.
بەرامبەر ئەو گۆڕانكاریە مەترسیدارانە مەسەلەی پۆستی سەرۆك كۆمارو ئەو ململانێیەی لە بەغدا دەگوزەرێت، تەنیا دیوێكی رووكەشی دۆخەكەیە، لە بنەڕەتدا ململانێیەكە ململانێیەكی خێڵەكی دواكەوتووە لەنێوان دوو بنەماڵەی سیاسی، كە شەڕ بۆ دەستكەوتی مادی وحیزبی خۆیان دەكەن وهیچ پەیوەندیەكیان دوورو نزیك بە كوردو مەسەلەی كوردەوە نەماوە، بگرە تەنیا هەوڵیكە بۆ خەریك كردنی كوردو دوور خستنەوەیەتی لە تێگەیشتنی ئاڕاستەی سەرەكی رووداوەكان!. ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت یاخود یەكێتی، جگە لەدانانی پێگەیەكی كارتۆنی هیچی تر لەمەسەلەكە ناگۆڕێت. ئەوەی گرنگە لەدوو توێی ئەو ململانێیە ئاڵۆزەدا، پلانی سەرەكی داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەیەو بەگوێرەی ئەو هاوسەنگیەی لەدروست بووندایە، وەك زۆرجاری تر ئاماژەمان پێكردووە، لە بەرژەوەندی كورد دانیە، لەجیاتی ئەوەی خەڵكی كوردستان خۆیان بەو گەمە سیاسیە ساختەو رووكەشەی بەغدا خەریك بكەن، وا باشترە بیر لەوە بكرێتەوە لەدەرەوەی ئەو هێزانە چۆن ستراتیژێكی نیشتمانی دوور مەودا دابنرێت، ئەمجارەیان بە تووڕ هەڵدانی مێژووی سەد ساڵەی دوایی، قۆناغێكی جیاوازو لەسەر بنەمایەكی جیۆستراتیژی جیاوازتر دەست پێبكرێت، بۆئەوەی خەڵكی كوردستان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە بكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە