ئیران، کەنداو، ئیسرائیل و باشووری کوردستان!
Thursday, 24/03/2022, 21:33
ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەریکی گەمەیەکە کە بۆتە جێگە پرسیار و نیگەرانی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئیران و ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ی نێوانیان. ئیران لە دێر زەمانەوە چاوی لە کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتانی کەنداو ئاوەکەیتی، ئەم ڕاستییە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دەرک پێکراوە، بۆیە ئەوان بەهێز بوونی زێتری ئیران و پەلوپۆهاویشتنی لە ڕێگەی میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا، بە مەترسی دەزانن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتەکانیان. دانیشتنەکانی ئیران و ئەمریکا لە ڤیەنا، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بۆ ئەوان هەنووکە بۆتە هۆی ئەوەی بیر لە هاوپەیمانیەتی ناوچەیی بکەنەوە لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی پێکەوە دەیانبەستێتەوە و دژ بە بەهێز بوونی زێتری ئیرانن لە ناوچەکەدا.
کۆبۆنەوەی لووتەکە لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و میسر کە لە ٢٢/٣/٢٠٢٢دا لە شەرمئەلشێخ ئەنجام درا و نزیک بوونەوەیان لە یەکدی، نامۆ نییە بە تایبەتی بۆ ئیمرات، ئیسرائیل، بەحرێن، میسر، عیراق و ئوردن، لەبەرئەوەی ئەوان لە کاتی ئیدارەی ترامپدا کە چەند مانگێک مابوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەژێر باڵی ئەمریکادا ڕێککەوتبوون و کۆببونەوە.
ئیمرات و ئیسرائیل و بەحرێن لە ٨/٢٠٢٠دا بە فەرمیی لە میدیاکاندا پەیوەندیی باشی نێوانیان جاڕ دا، ئەو کات ئیدارەی ترامپ بە ڕاستی بوو یان بە تاکتیک، ئاشکرا دژایەتی خۆی دژی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیران دەردەبڕی، کە ئەم هەڵوێستەی کاردانەوەی هەبوو لەسەر نزیک بوونەوەی ئیمارات و ئیسرائیل و بەحرێن و چەند وڵاتی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای دەستبەکار بوونی ئیدارەی بایدن، ئەویش ڕوون نییە بە ڕاستە یان بە تاکتیک گۆڕانی بنەڕەتی لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا هات، کە وای کرد هاوپەیمانانی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا دەرک بەوە بکەن، کە ئەمریکا خیانەتی لێ کردوون، بۆیە ئیمارات و ئیسرائیل و سعودیە و بەحرێن زویرن لە ئیدارەی بایدن، ئەمە یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی کە کۆیان دەکاتەوە. لەژێر فشاری گۆڕانی ڕووداوەکانی ناوچەکە و دنیا، ئێستا ئەوان بەرژەوەندییان لەوەدایە کە بچنە بەرەیەکەوە، بۆ بەرەنگاری بوونەوەی ئیرانی ئەمڕۆ و ئایندە دوای بوونی بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەمیر بن تەلال لە ڕۆژنامەی ئەتلەنتیکی سعودیەدا هەفتەی ڕابردوو گوتی:
"ئیسرائیل دوژمن نییە، ئەگەری ئەوەی هەیە لەسەر کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ببێتە هاوپەیمانمان، بەڵام دەبێت چارەسەری کێشەکانی بکات لەگەڵ فەلەستین".
بێگومان کاتێک کە ئەو یان هەر سەڕۆکێکی وڵاتە عەرەبیی و ئیسلامییەکان، ناوی فەلەستین دێنن، تەنیا خۆدەرباز کردنە لە شەرمەزاریی لەنێو کۆمەڵگەی ئیسلامیی و زۆرینەی سادەی عەرەب، کە دەیان ساڵە ئەوان ئەو کێشەیە وەک دروشم بەکاردەهێنن بۆ خۆپیشاندان وەک ئاین و نەتەوەپەرستی، دەنا هەموو لایەک دەرک بەوە دەکەن، کە بەهێزبوونی ئیران و بوونی بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، مانای لەدەستدانی وڵاتانی کەنداو و دواتر هەندێک لەو وڵاتانەی کە بە دنیای عەرەبی پێناسە دەکرێن کە زۆر زێترە لە ئەندازەی ئەرزی فەلەستین و بەرژەوەندیەکانیان لەوێ.
هەوڵدانی ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی٢٠١٥ لەگەڵ ئیران، خاڵێکی بەهێزە کە بۆ وڵاتانی کەندا و سعودیە و ئیسرائیل و تورکیا و گەلێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە مایەی نیگەرانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاران جگە لە مەرجی لابردنی سزای ئابووریی لەسەر وڵاتەکەی، دوو مەرجی دی زێتر کرد بۆ پێکهاتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەو مەسەلەیە:
یەکەم: دانی دڵنەوایی و پاراستنی مافی ئیران لە ئەگەری پاشگەز بوونەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە وەک جاری پێشوو.
دووەم: دەرهێنانی "هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی ئیرانی" لە لیستی تیڕۆر.
جێبەجێ کردنی مەرجەکانی ئیران لەلایەن ئەمریکاوە، بوونی ئیران بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئۆتۆماتیکی پێگەی تاران لە ناوچەکەدا گۆڕانی بەسەردا دێت و لە جاران زێتر بەهێز دەبێت، کە ئەمە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداو سعودیە دروست دەکات، بەتایبەتی بۆ ئیمارات کە ئیران پێشوەخت لەژێر فشاردا چەند دورگەیەکی ئەو وڵاتەی لە ئاوی کەنداودا زەوت کردوە. بمانەوێت یان نا بەهێز بوونی ئیران، مانای کۆنتڕۆڵکردنی کەنداوی عەرەبیە، کە لە دێر زەمانەوە ئیران ئەو کەنداوەی بەهی خۆی زانیوە و جەنگێکی ٨ ساڵەی لەگەڵ عیراقدا لە پێناو کردوە. کەنداو خاڵێکی ستراتیژی ئابووریی و سەربازیی بەهێزە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و دنیا، بۆیە ئیران هەمیشە چاوی تێبڕیوە.
هاوسنووری جوگرافیای وڵاتانی کەنداو بە ئیرانەوە مەترسیەکی دیە، لە حاڵەتی بەهێز بوونی زێتری ئیران لە ڕووی ئابووریی و سەربازیی، بە ئاسانی دەتوانێت بچێتە ژوورەوە و هەژموونی خۆی لەو وڵاتانەدا بسەپێنیت وەک ئەوەی لە عیراقدا چارەکە سەدەیەکە دەیکات. بەندەر عەباس لە دوبەیەوە بە دووربین دەبیندرێت. ئەگەر ئێران فشاری ئابووریی و سەربازیی خستە سەر موزیق هورمز، کەنداوی عەدەن و بابل مەندەب ئەوا میسر نیگەرانی ئەوەیە کە ئەمە کاردانەوەی خراپی هەبێت لەسەر قەناتی سوێس و ئابووریی میسر، بۆیە لە مانگی ٩/٢٠٢٠دا بانێتی سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی سەردانی میسری کرد و بە فەرمی پێشوازیی لێ کرا، هەردوو لا ددانیانا بەوەی کە پەیوەندیی ئابووریی و سەربازیی بەهێز دەکەن.
دەرهێنانی "هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی ئیرانی" لە لیستی تیڕۆر، هەنگاوی یەکەمە بۆ زێتر بەهێزکردنی و دداننان بە مەشروعیەتی ئەو هێزە، بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، کە ئەم هێزە هەمیشە لە پشتەوەی بەهێزکردنی میلیشیاکانی ناوچەکە بووە، وەک حەشد لە عیراق و حوسیەکان لە یەمەن، حزبوڵا لە لوبنان و هیتر. لە مانگی ڕابردوودا حوسیەکان کە زانیان سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئیمارات گەشت دەکات ئەو وڵاتەیان کردە ئامانجی مووشەکەکانیان، هەروها هەر ئەوان بوون کە کێڵگەی ئارمکۆی سعودیەیان مووشەکباران کرد. واتە هەرگیز وڵاتانی کەنداو ڕازی بوونی ئەمریکا بەو مەرجەی ئیران لە بەرژەوەندیی خۆیان و ئاسایشی ناوچەکە نابینن.
ڕووداوە هەنووکەیەکان و گۆڕانی گرنگ لە دۆخی سیاسی و سەربازیی لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا، بەتایبەتی جەنگی ڕوسیا و یۆکرانیا، کارێگەری هەبوو لەنزیک بوونەوەی زێتری ئەو سێ وڵاتە لە یەکدی، ڕێکخستنی کۆبونەوەی لووتکە لەنێوان میسر و ئیسرائیل و ئیمارات، کە ئەوان زێتر لە میدیاکاندا بڵاوی دەکەنەوە کە تەنیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دیبلوماسی و ئابووریی بووە وەک وزە، سەقامگیری بازاڕ و خواردن، بەڵام نادیارە لە پشت پەردەوە کێ لە پشت ئەو کۆبوونەوانەیە، چی بابەتێکی تری هەستیاری تێیدا باس کراوە، بەتایبەتی مەسەلەی چەکی ئەتۆمی ئیران، دروست کردنی هاوپەیمانیەتی دژی ئەو، هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئەمریکا و ڕوسیا و جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ یۆکرانیا!
میسر، سنووری جوگرافیای لە ئیرانەوە دوورە، واتە ئێستا ئەو مەترسی سەربازیی لەسەر نییە بەڵام وڵاتێکی هەژارە، لە سەدا هەشتای گەنمی ئەو وڵاتە لە ڕوسیاو یۆکرانیادا هاوردە دەکرا، جەنگی ڕوسیا و یۆکرانیا کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر وزە، بازاڕی وڵاتەکەی، شکانی بەهای پارەکەی و گران بوونی بەهای خواردن کە مەترسی قوڵبوونەوەی کێشەی ناوەخۆی هەیە، بۆیە ئەوان بۆ دابین کردنی خواردن بۆ میسریەکان، ناچارن بچنە نێو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل. سەرەڕای ئەوانە ئەو جەنگە کاردانەوەی نێگەتیڤی هەبووە لەسەر گەشتیارانی ئەوروپی و ڕوسی کە ساڵانە بۆ میسر دەچوون و پارەیەکی زۆریان لەوێ خەرج دەکرد.
جوڵەجوڵی سەڕۆکی وڵاتە عەرەبیەکان بەگوێرەی ئەوەی کە میدیا جیهانیەکان فۆکەیسیان خستۆتە سەر، پێمان دەڵێت کە وڵاتانی کەنداو و سعودیە لە بەهێزبوونی ئیران تۆقیون. لەپێش جەنگی سوریا و دوای کۆتایی تا ئێستا بەشار ئەسەد سەردانی وڵاتانی کەنداوی نەکردوە، کەچی لەو ماوەیەدا ئەسەد بڵاوی کردەوە کە دەچێت بۆ ئەبوزەبی. سوریا هەمیشە هاوڕێی ئیران بووە، سەڕۆکی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی هەوڵی بێوچانیان دەدا بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە لە باوەشی ئیران دەربهێنن، بەڵام هەمیشە بەبێ ئەنجام بووە. بەهێز بوونی ئیران مانای مەترسیە بۆ سەر سەربەخۆی سوریاش، بەڵام ڕوون نییە کە مەترسی لەسەر کورسی ئەسەد دروست دەکات یان نا. بە دڵنیاییەوە ئەگەر کورسی ئەو بکەوێتە لەرزین، ئەو کات ئەسەدیش دژی ئیران بەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەکەوێت.
وڵاتانی کەنداو کاتێک کە دژی ئیران هەڵویستیان وەردەگرت بە پشتیوانی ئەمریکا بوو، ئێستا ئەمریکا خۆی بە ڕێککەوتنێک دەبەستێتەوە کە لە سەدا سەد لە بەرژەوەندیی ئیرانە، ئیتر دەبێت لە کاتی تەنگەژەکاندا ئەو وڵاتانە پەنا بۆ کێ بەرن؟ هەروها ئەوان متمانەی تەواویان نییە کە لەمودوا ڕێککەوتنی ئیران و ئەمریکا بە چی ئاقارێکدا دەڕوات، بۆیە گومانیان هەیە لە پشتیوانی ئەمریکا، کە لە ئەنجامدا وای کردوە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا جگە لەوەی بیر لە هاوپیمانیەتی ناوچەیی بکەنەوە لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بیر لە سەنگەر گۆڕین بکەنەوە وەک خۆ ساغکردنەوە لە سەنگەری ڕوسیا و چین دژ بە ئەمریکا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لەوەی بۆتە گۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکانی دنیا، لە پاڵ ئەوەشدا دوژمنایەتی و ناتەبایی سەڕۆکی وڵاتەکان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ ئەو میللەتانەی کە ئەوان حوکمڕانیان دەکەن، شانبەشانی ناتەبایی و بوونی جیاوازیی لەنێوان پێکهاتەکانی میللەتانی ئەو ناوچەیە، بۆتە هەوێنی ناسەقامگیری سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سەربازیی و نەبوونی متمانە لەنێوان هەموویاندا. ئەو گۆڕانانەی کە ڕوودەدەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، گۆڕانی ستراتیژیەتی ئەمریکا و ڕوسیا و چین و سەرقاڵبوونیان بە جەنگی یۆکرانیا و کێشەی تایوان، گۆڕانی پێگە و ستراتیژیەتی زلهێزە ناوچەیەکان و هاوپەیمانەتییەکان لە ناوچەکەدا، کاردانەوەی لەسەر چارەنووسی هەموو هێز و میلیشیاو حزب و سەرۆکەکانی وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەبێت، تا دەگات بە هێزە کوردییەکان. واتە هاڤرکێیەکی بەهێزە، مانەوە لە گۆڕەپانەکە پابەندە بە هێز و ژیری، هاڤرکێیەکە زۆر لەوە گەورتر و بەهێزترە، کە سەرانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان و ئەو جۆرە کەسایەتیانە، بتوانن تێیدا سەرکەوتوو بن و مافی میللەتێکی چەوساوە و وڵاتێکی داگیرکراو مسۆگەر بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست