پۆست گۆڕینەوە یان پۆست لێ ساندنەوە ؟
Thursday, 24/03/2022, 21:27
لە سەرەتاى دروستبونى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیەوە ، پیش ئەوەى دەسەڵاتى حوکمڕانى دروست ببێت ، مامەلەى مرۆڤەکان لەگەڵ یەکترى و بۆ ئەوەى پێداویستییەکانى ژیان دابین بکەن بۆ ئەوەى بتوانن بەردەوامبن لە ژیان، ئاڵوگۆڕیان بە شمەکەکانیانەوە کردوە . واتە پێدا ویستى ڕۆژانەى ژیانیان لە ڕێگاى گۆڕینەوەى کاڵاکانیان بە یەکترى دەستەبەر کردوە لەبەر ئەوەى پارە نەبوە . بۆ نمونە خەڵک هەبوە گەنمى هەبوەو پَویستى بە ڕۆن هەبوە . خاوەن ڕۆنیش پێویستى بە گەنم هەبوە . دوایی ڕێک کەوتون و بە یەکتریان گۆڕیوەتەوە . خەڵک هەبوە ترێ و و مێوژو دۆشاوى بە گەنم و جۆ گۆڕیوەتەوە بەو شێوەیە بۆ هەموو پێداویستییەکانى تر.
بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج و تێرامانە ئێستاو لەم سەردەمى عەولەمەو پَێشکەوتن و تەکنەلۆجیایەدا مۆدێلى پۆست گۆڕینەوە هاتۆتە کایەوە . واتە لە ئاڵوگۆڕى شمەکەوە گەڕاینەوە بۆ ئاڵ و گۆڕى پۆست . ماوەى چەند مانگێگ لەمەوبەر وەڤدێکى یەکێتى سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کردوەو داوایان کردوە هەندێک پۆستیان لەگەڵ ئاڵو گۆڕ بکەن . وەڤدى یەکێتى داواى کردوە پۆستى: قایمقامى قەڵادزەو پێنجوین و بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى و بەڕێوە بەرایەتى گشتى کشتوکاڵى سلێمانیان پێبدەن . لەبەرامبەر ئەوەدا بەڕێوەبەرى پۆلیسى سلێمانى و قایمقامى مەرکەز و قایمقامى چەمچەمال َو بەرێوەبەرایەتییەکى نریش بە گۆڕان بدەن .با بزانین هۆکار چێیە لە پشتى ئەم داواکاریەى یەکێتیەوە :
یەکەم : لە سنورى پشدەرو پێنجوێن گومرگ هەیەو ئاڵو گۆڕى بازرگانى زۆرەو دەسکەوتى پارەش زۆرە . ئەگەر چى قایمقامەکانى ئەو دوو شوێنەش هەر گۆڕانن بەڵام یەکێتى هەر خۆى باڵادەستەو دەتوانن خۆیان هەموو شتێک بکەن . بەڵام بۆ ئەوەى کەس بەنەهێنییەکانى تاڵانیەکان نەزانێت و بە شاراوەیی بمێننەوە ، دەیانەوێت پۆستەکانی ئەو شوێنانەش هەر هى خۆیان بن .
دووەم :فەرمانگەى هاتو چۆ خۆى لە خۆیدا گومرگێکەو ڕۆژانە بە فەردە داهاتى هەیە و هەموشمان دەزانین داهاتەکەى ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت و بۆ سەرانى حیزب و بنەماڵەیەو ئەوەش شاراوە نییە و بە ئاشکرا باس دەکرێت .
سێیەم :چەمچەماڵ قەزایەکى وێرانەو پشت گوى َخراوەو لە زبڵدا غەرق بوەو ئاوى خواردنەوەشیان نییە . ناوچەیەکى پڕکێشەو پڕدەردى سەرییە ئەوەى پۆستى قایمقامى ئەوێی بەدەستەوە بێت تەنها عەیبدارى بۆ دەمێنێتەوە . کاتى خۆى کە گرێبەستى نەوت غاز بۆ گەرمیان مۆر کرا ، کۆمپانیاکان بڕى 200 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئاوە دانکردنەوەى چەمچەماڵ و ڕاکێشانى بۆرى ئاو لە چەمى دوکانەوە بۆ دانرا . بەڵام پارەکەى حەپەلوش کراو هیچى بۆ نەکرا . بۆیە ئەو پۆستە هیچ دەسکەوتێکى بۆ یەکێتى نییە .
چوارەم : پۆستى قایمقامى مەرکەزى سلێمانى و بەڕێوە بەرایەتى پۆلیسى سلێمانیش گرنگییەکى ئەوتۆیان بۆ یەکێتى نییەو دەسکەوتى مادى زۆرى نییەو ئەوانیش بەدواى پارەدا وێڵن . وەکو ئاگادارن پێشتریش پۆستى قایمقامى مەرکەز بەدەست گۆڕانەوە بوەو بەردەووام جێگەى گلەیی بون . ئەگەر ئەو دوو پۆستەش بدرێنە گۆڕان هەر یەکێتى باڵادەستەو هەر خۆشیان خاوەن بڕیاردەبن .
پێنجەم : پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى کە ئێستا لە دەستى گۆڕاندایە گرنگییەکى لە ڕادەبەرى بۆ یەکێتى هەیە زۆر بە لایانەوە گرنگەو زۆریش تامەزرۆن بۆ ئەوەى ئەم پۆستە لەدەست گۆڕان دەرێنن. گومانیش لەوەدا نییە هەر لە بنەڕەتدا ئەم بیرۆکەیەى یەکێتى بۆ ئاڵ وگۆڕى پۆستەکان زیاتر بۆ ئەم پۆستەیان بوبێت ، بەڵام بۆیە ئاڵ و گۆڕى چەند پۆستێکیان بە یەکەوە بەستۆتەوە بۆ ئەوەى خەڵک هەست بەوە نەکات کە تەنها مەبەستى سەرەکیان لەم مامەلەیەدا پۆستى بەڕیوەبەرایەتى کشتوکاڵە .
هەرچى زەوى زارى سلێمانى و موڵکى گشتى هەیە پەیوەندى بە فەرمانگەى تاپۆ و شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵەوە هەیە . ئەگەر سێ پۆستەکە هەمویان بە یەکەوە لە دەستى بەرپرسانى حیزبى سەربەخۆیاندابن ، دەتوانن هەموو زەویەکانى سلێمانى داگیر بکەن و دیزە بەدەرخۆنەیان بکەن و نەهێڵن کەسیش بزانێت .
بەڵام کیشەى یەکێتى لەوەدایە کە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ لە هەردوو پۆستەکەى تر گرنگترە چونکە هەر زەویەک کە بیانەوێت ئیفڕازى بکەن بۆ نیشتەجێبون ، یان بنیاتنانى پڕۆژەیەک ، دەبێ سەرەتا بگەڕێنەوە بۆ لاى فەرمانگەى کشتوکال َو ئەوان ڕازامەندبن بۆ ئەوەى ئەو زەویەى داواى دەکەن سنفەکەى بگۆڕن و بۆیان بکوژێننەوە ، ئەوکات ڕۆڵى شارەوانى و فەرمانگەى تاپۆ دەست پێ دەکات .
بەڵام لەبەر ئەوەى بەڕێوەبەرایەتى گشى کشتوکاڵ هەموو شتێک بەدڵى ئەوان ناکەن و ڕێگرى لە ویستەکانى ئەوان دەکەن بە مەرامەکانى خۆیان ناگەن و زۆر نیگەرانن لە وەزعەکە . ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ ستافێکى چالاکى هەیە و بە دڵسۆزى بۆ بەرژەوەندى گشتى کار دەکەن و ئەوەش لەبەرژەوەندى تاڵانچییەکانى زەوى زاردا نییە .
لە لایەکى تریشەوە بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵ پەیوەندى هەیە بە مەرزەکانیشەوە کە بەرهەمى کشتوکاڵى و زۆر شتى تریشى لێوە دێتە ناو هەرێمەوەو دەبێ ڕەزامەندى فەرمانگەى کشتوکاڵى بۆ وەرگیرێـت .دیارە لێرەشەوە ئاستەنگ بۆ تاڵانچییەکان دروست دەبێت و هەموو شتێک بە ویستى ئەوان نابێت . هاوردەکردنى مەڕو ڕەشەوڵاخ لە وڵاتانى ترەوە ، پێویستى بە بڕیارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵەوە هەیەو دەبێ ڕەزامەندى ئەوانى لەسەر بێت . بۆیە زۆر گرنگە کە فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵ لە سەروى هەمویانەوە بەڕێوەبەرى گشتى زۆر ئاگادارى خۆیان بن چونکە بە زەڕەبین و لە کونى دەرزییەوە چاوەدێرى دەکرێن بۆ ئەوەى ملیان بشکێنن . لە کۆتایی ئەم نوسینەدا دوو هۆکارى زۆر گرنگى بەرپرسانى یەکێتێمان بۆ ڕون دەبێتەوە لە مەبەستى سەردانەکەیان بۆ لاى بەرپرسانى گۆڕان :
یەکەم بە ئاشکرا دەردەکەوێـت کە بەرنامەى ئەم حیزبە هەموى لەوەدا خۆى دەبینینتەوە چۆن وبە چ شیێوازێک دەست بەسەر هەموو سەرچاوەکانى داهاتى ئەم زونەدا بگرن و میللەتى لێ بێ بەش بکەن و بەتاڵان بۆخۆیانى بەرن . باشترین نمونە ئەوەیە کە ڕۆژێک پێش نەورۆز لە بانقى تانجەرۆ لە ئەنجامى پاڵە پەستۆدا بۆ وەرگرتنى موچە ، دوو کەس گیانیان لە دەستدا . خەڵک لە نیوەى شەوەوە سەرەى گرتوە لە ترسى ئەوەى پارە نەمێنێت . دواجار پارە لە بانق نەما و تەنها ژماریەکى کەم موچەیان وەرگرت . ئەمە لەکاتێکدایە مانگانە بە ملیار داهاتى ئەم سنوورە هەیەو ناخرێتە بانکەکانەوەو دەچێت بۆ ماڵى پاشا . واتە سەرۆکى حیزبە بەناو سوسیالیستەکە .
دووەم ئەگەر خوێندنەوەیەکى ورد بۆ مەبەستى سەردانەکەیان بکەین، تێ دەگەین کە ئەمە پەیامێکە لە پشتى پەردەوە و بە ناڕاستەوخۆ بۆ گۆڕان و پێیان دەڵێن : ئێوەە چیتر گۆڕانەکەى جاران نین وچیتر شایانى ئەوە نین ئەو هەمووپۆستانەتان هەبێت و کەى بشمانەوێـت پۆستەکانتان ڵآ وەردەگرێنەوە . هەر وەها لەم ڕێگایەشەوە دەیانەوێت گۆڕان تاقى بکەنەوەو بزانن ئایا مل بۆ داواکانى یەکێتى دەدەن و تاچەند خۆڕاگردەبن لەبەرامبەر هەڕەشەکانى یەکێتى . چونکە ئەمە یەکەم هەڕەشەى یەکێتییە لە گۆڕان بە شێوەیەکى ناڕڕستەو خۆ و لە پشتى پەردەوە .
ئەگەر ئەمە وانییە لەم کاتەدا کە وادەى هەڵبژاردنێکى تر نزیک دەبێتەوە داواکردن بۆ پۆست گۆڕینەوە چ مانایەکى هەیە ؟. ئەمە بەماناى پۆست گۆڕینەوە نایەت بەڵکو بە ماناى پۆست لێساندنەوە دێـت بە ماناى فشار خستنە سەر گۆڕان دێـت. بە ماناى هەڕەشە دێت . واتە کاتى ئەوەش هاتوە گۆڕان باش خۆى بناسێت و لە بەڕەکەى ژێر پێی خۆى زیاتر قاچى ڕانەکێشێت و دەبێ باجى هەڵەکانى خۆى بداتەوە کە پشتى کردە جەماوەرەکەى لە پێناوى وەرگرتنى چەن پۆستێکى کارتۆنى بی بایەخ بۆ کەسانێکى خۆپەرست .
ئەگەر بە وردى لێکدانەوە بۆ ئەم سەردان و داواکاریەى سەرانى یەکێتى بکەین بۆ لاى گۆران ، ئەمە پەیامێکەو بە ناڕاستەو حۆ پێیان دەڵێن : ئەگەر بمانەوێت گردەکەشتان لێدەسێنیەوە . ئەگەر ئەمە وانییە ئاخر داواکردن بۆ پۆست گۆڕێنەوە چ مانایەکى هەیە و بۆچى ئەم پۆستانەى دراون بە گۆڕان وەکو حەقى خۆیان بوە ، یان خێرو سەدەقە ؟ .
ئەمەش نیشانەیەکى ڕون و ئاشکرایە کە سەردەمى زێڕینى گۆڕان کۆتایی هات . کێشەى گەورەى گۆڕان لە ئێستادا ئەوەیە کە وەعدى پۆستیان بە هەندێک کەس داوەو تا ئێستا بەریان نەکەوتوە . دڵنیاشن تازە لەناوحکومەتدا پۆستیان دەست ناکەوێت ، چونکە باش دەزانن کە لە هەڵبژاردنى داهاتودا بەدەردەکەى بەغدا دەچن و بایی ئەوە دەنگ ناهێنن کە پۆستى پێ وەرگرن .
لەبەر ئەو هۆکارەى سەرەوە پێ دەچێت گۆڕان حەزبکات بگەڕێتەوە ناو ماڵە گەورەکە بۆ ئەوەى هیچ نەبێ بتوانن لەو ڕێگایەوە چەند پۆستێک بەدەست بهێنن. بەڵام تازە تێکەڵ بونەوەش لەگەڵ یەکێتى ( بعد خراب البێرە) بە دوور دەزانرێت و ئەگەر ئەوەش ڕوبدات دەسکەوتى زۆیان نابێت چونکە گۆڕان سەنگ و پێگەى پێشوى نەماوەو بەرەو هەڵوەشانەوەو کۆتایی دەڕوات . ئەو کاتە گرنگ بوو بۆ گۆڕان کە لەگەڵ یەکێتى یەک بگرێتەوە ، کە لە سەردەمى زێڕیندا بوو، خاوەنى جەماوەرێکى فراوان بوو .
بە بۆچونى خۆم باشترین کارێک کە گۆڕان لەم کاتەدا بیکات ئەوەیە کە بە بەیانێک پێش هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان بزوتنەوەکە حەل بکەن و ئازایانە بڵێن سوپاس بۆ هەموو ئەوگۆڕان خوازانەى تا ئێستا لگەڵمان بون و داواى لێبورن لە هەموو ئەوانەش دەکەین کە پشتیوانمان بون . بەڵام بەداخەوە لە ئاستى داواکاریەکانى جەماوەردا نەبوین .
ئەمەیان زۆر باشتر دەبێت لەوەى بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتوى پەڕلەمانى کوردستان بکەن و ئەوەى لە بەغدا بەسەر بزوتنەوەکەدا هات ، لە هەرێمى کوردستانیش دوو بارە ببێـتەوە . کورد دەڵێت : زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە باشترە . داننان بەهەڵەو شکسدا زۆر باشترە لەسەر بەردەوام بون لە هەڵەکردندا . تازە گۆڕان بوو بە دوکانێکى حیزبى و مانەوەى ئەو دوکانەش تەنها لە بەرژەوەندى کوڕەکانى کاک نەوشیروان دایەو ئەوان لێی
سود مەند دەبن . ئەوانەشى کە لێرە بەدواوە بەردەوام دەبن لەگەڵ گۆڕان دەبی َخۆیان بەپاسەوانى گردەکە بزانن چونکە ئەگەر ناوى بزوتنەوەکە نەمێنێـت ، گردەکەش دەکەوێتە بەرمەترسى لە دەست دانى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست