پارتی وتێکدانی ئارامی سلێمانی
Thursday, 24/03/2022, 21:16
پێگەی تایبەتی سلێمانی زادەی مێژوویەکی دورودرێژە کە پەیوەندی بە سەنگ و قورسایی ئیرادەکەیەوە هەیە کە تا ئێستا هیچ رژێمێک نەیتوانیووە بۆ چرکەیەکیش دەستەمۆ بکات ، کاتی خۆی عوسمانییەکان بۆ ئەوەی سلێمانی بچەمێنن لەپەیمانی ئەرزڕۆمی دووەمدابەشێك لە ولایەتی بەسرە دەبەخشن بە قاجارییەکان ، بەڵام سلێمانیان بۆ ناچەمێت و دەستەمۆ نابێت، دواتریش لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا سەدام حوسێن لەبارەی سەرکەشی سليمانییەوە دەڵێ ؛ئاسمانی هەموو پارێزگاكان عێراق ساماڵە، تەنیا سلێمانی ئاسمانەكەی هەور و غوبارە. هەمیشە سلێمانی دەستپێشخەر و پێشەنگی یاخیبون و نارازی و نۆژەنکەرەوەی شێوازەکانی بەرهەڵستی و خۆراگری بووەوخۆی نەچەماندووەتەوە ، سلێمانی لە هونەری ململانێ سیاسیدا ئارامگرو حەوسەڵەدریژەو چاوەروانی ساتی گونجاوبووە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین ،سلێمانی قەڵغانی بەهێزو هێزی مانەوەی ناسنامەی کوردایەتی و کوردبوونیشە ، بەڵام مرۆڤەکانی ناو ئەم شارە نازانن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان هانا بۆ کێ بەرن ؟ و لەگەڵ کێ قسە بکەن ؟!بەرپرسیارەتی و خاوەندارییەتی سلێمانی لای کێیە ؟! جارێ ئەوەی کە پارتی بە سلێمانی کردووە و ڕژێمی بەعسیش نەیتوانیوە بیکات ، پارتی بە درێژایی حەفتا ساڵی تەمەنی خۆی خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ نەبووە لە سلێمانیدا، مەلا مستەفا بۆ ئەوەی سلێمانی کۆنترۆڵ بکات هاوسەرگیرییەکی سیاسی بۆ ئیدریس بەرزانی ئەنجام ئەدات و کچێکی حەمەی ئەورەحمان ئاغای سلێمانی لە ئیدریس بەرزانی مارە دەکات کە دەکاتە دایکی نێچیرڤان بەرزانی، بەڵام دیسانەوە ئەم پلانەی مەلا مستەفا وەکو پلانی عوسمانییەکان بۆ دەستەمۆکردنی سلێمانی شکست دەهێنێت و سەرکەوتوو نابێت.
ساڵانێکە پارتی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانیەوە ، لە ڕێگەی هەندێک فەریکە ڕۆشنبیر و نوسەری دەربارەوە سلێمانی وەک شارێکی بێخاوەن و مەنبەعی سیاسەتی ئێرانی دەشوبهێنێت کە ئەمە دیوێکی ئەو هێرش و پەلاماردانە ناڕەوایەی پارتییە دژ بە شاری سلێمانی ،دیوێکی تری پەلاماردانی پارتی کایەی ئابورییە کە پارتی لە ڕێگەی حکومەت و بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمدا بە پلان و بەرنامە سلێمانیان پەراویز خستووە و پێشکەوتنەکەی هەولێریش هەر لەسەر حسابی سلێمانی بووە ، پارتی بە حوکمی ئەوەی سەرچاوەکانی هێزی ئابوری کوردستانی لە ژێر دەستدایە بەردەوام پارەو سامانی گشتی وەکو هەڕەشە دژ بە سلێمانی بە کاردەهێنێت لە ڕێگەی پێنەدانی ماف و ئیمتیازات بە شارەکە ،کە دواجار ئە سزا سیاسی و ئابورییەی پارتی ، تەنها لەبەرئەوەی خەڵكی سلێمانی پارتیان قبوڵ نیە.
لەپاڵ پەراویزخستن و هێرشی میدیایی چەواشەکاری پارتی دژ بە سلێمانی هەوڵێکی تری پارتی تێکدانی ئارامی خەڵکە لە لایەن دروستکردنی هێزی چەکداری حیزبی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی ، مەسەلەن پارتی لە سلێمانی (هێزی خەبات )و لە چەمچەماڵ (فەوجی عەبدوڵای کویغا موبارەک ) ی هەیە ، بە داخەوە تائێستاشی لەگەڵ بێت کار بە یاسای ئەحزابی ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ نەکرا خۆئەگەر کار بەم یاسایە بکرایە بە گوێرەی ماددەکانی ٣ و ٥ و ٩و ١٢ و١٥ رێگەنادات حزبەکان هێزی چەکدار و نیمە چەکداریان هەبێت ،بەڵام پارتی لەپاڵ هەبوونی یاسایی قەدەغەکردنی هێزی چەکدار خۆی دانەماڵیووە لە چەک و لە هێزی چەکدار بەڵکو هەر جارەو لە ژێر ناوێکدا هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی شەرعییەتی یاسایی بۆ نەیارەکانی قوت دەکاتەوە ، مەسەلەن لەشکری ڕۆژ لە ساڵی ٢٠١٢ لە سەر دەستی مەسعود بەرزانی پێکهێنران ولە بنکەکانی بنەسڵاوەو باشیک ڕاهێنانیان پێكراوەو ژمارەیان شەش هەزار کەس دەبێت ، پارتی ساڵی ٢٠١٧ لەشکری ڕۆژ لە ڕێگەی سحێلاوە دەنێرێتە سنونێی و شنگال و هێرش دەکەنە سەر خانەسۆر کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندایە ، ئەمە یەکەمین ئەزموونی تاقیکردنەوەی لەشکری ڕۆژ بوو کە پارتی دژ بە گەریلا و ڕۆژ ئاوا تاقیکردەوە.
پارتی لەدوای ڕووداوەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، وە پلانی بە سەربازگەکردنی شاری سلێمانی داڕشتووە ، چەند ساڵێک دوای شۆڕشی ١٧ی شوبات پارتی بە بیانوی پاراستنی بارەگاکانی هێزێکی زێرەڤانی کە ژمارەیان هەزار کەس دەبێت لە سلێمانی جێگیر دەکات ، پارتی چەند ساڵێکیشە هێزی خەباتی دروستکردووە کە پێکهاتووە لە چوار بەتالیۆن و لە ناو بارەگاکان جێگیرکراون ، بۆ ئەمساڵیش ئاشنا بووین بە هێزێکی تری چەکدار لە دەرەوەی شەرعییەتی یاسایی کە ئەویش (هێزی عەبدوڵای کوێغا موبارەک) ە هەموو ئەم هێزانەی پارتی لەدەرەوەی شەرعییەتی یاسایین و نیشتیمانی نین ، ئەم هێزانە هێزی حیزبن و دەچنە خانەی میلیشیاو پێناسەی میلیشیا دەیانگرێتەوە ، چونکە ئەم هێزانە بەویستی حیزبی و شەخسی بەكار دەهێندرێن و سەدان بندیواریان هەیە، ئەوەی لە سلێمانی بژی ئەو ناسەقامگیرییە دەبینێ کە پارتی لە ڕێگەی هێزی چەکدارو چهقۆكێشەوە خولقاندوویانە و دوای هەموو کوشتنێکیش بانگێشتت دەکەن بۆ سوڵحی عەشایەری ! پارتی لەم شارەدا باخاوەنی "فیرقه و لیوا" و "فهوج و سریه"و چهتهخانه و میلیشیاخانه بێت ،باوەکو هۆلاکۆ پەلاماری گەرەک و شەقام و مێژوو خەڵکەکەی بدات ،با کلکی رێوی سیخوڕی تورک و کەواسوورەکەی پارتی ئارامی سلێمانی تێکبدەن ،گرنگ ئەوەیە پارتی لە ئەمڕۆ و دوێنی و سبەینێت ئەترسێت و تۆ هەر بەپێوە دەوستێ و پارتیش وەک هەمیشە خۆیانت بۆ دەچەمێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست