کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نزایەک لای ئاهورا

Tuesday, 22/03/2022, 1:04


نەورۆز جەژنی نەتەوەیی و سەرهەڵدان و بەرخودانە. نەورۆز، رۆژی ئازادی و خۆشەویستی و گەردنئازادی و لێبووردنە.
نەورۆز، رۆژی بەزینی سوپای تاریکی و سەرکەوتنی خۆری رووناکی و ژیاندنەوەیە. 
نەورۆز سمبوڵی نەبەزین و سەرکەوتنی (ئاهورا) یە بەسەر (ئەهریمەن) دا. نەورۆز…رۆژی پاڕانەوەیە لە (ئاهورا)، کە بە گەورەیەتی و دلۆڤانی خۆی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە، لە بەڵاکانی (ئەهریمەن) بەدوورخات.
ئێمەش لای خۆمانەوە سوێند بە رووناکی، بە رۆژە رووناک و پیرۆزەکانی هەفتە، بە (مۆمە) تاریک بەزینە داگیرساوەکانی هەفتە…. بە (شەم) بە (یەکشەم) بە (دووشەم) بە (سێشەم) بە (چوارشەم) بە (پێنجشەم) بە (هەینی) دەخۆین، کە گەرمی و رووناکی کڵپەی ئاگری نەورۆز لە گیان و لە مێشکماندا لە جۆش و پەرستنی (ئاهورا)دا بێت. بەڵکو تیشکە زیوینیەکانی خۆر، بە سۆز و خۆشەویستی (ئاهورا) گەرممان کاتەوە و گیانی نەتەوەییمان لە هەموو دەردو ئازار و بەڵایەک بە دوورخات.
ئەی (ئاهورا) تو گەورەیەتی خۆت، بمانبەخشە و بێبەشمان مەکە لە ….
(بیری باش) ….(وتەی باش)….(کرداری) باش.
رۆژانی نەورۆز…پیرۆزترین ساڵن …رۆژانی ژیانەوە و گەردنئازادی و لێبووردن و ئاهەنگ و کۆبوونەوە و چورارمێزیلە کردنە لە دەوری یەکتری… رۆژانی گۆڤەند و بەسەرکردنەوەی یەکتری و پەیمانی دۆستایەی و ئارامی نەستەکانە. نەورۆز جگە لەوەی کە کۆتایی زستان و یەکەم رۆژی بەهارە، رۆژی دڵداری و ئەوین و نیاز و زەماوەندە.
گەلی کورد نەتەوەیەکن هەمیشە بۆ خەبات و ئازادی ئامادە و گەرموگوڕن…بۆ دۆستایەتی و خۆشەویستی و ئاشتی گەرموگوڕ ترن.
ئەم گەرمی و گوڕی ئەویندارییە، گەرمی و تین و خۆشەویستی ئەو خۆرەیە کە نەتەوەی کورد بە درێژایی بوونی مرۆڤایەتی خۆی، بارگەیکردووە. ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە هێندە خۆر و رووناکی خۆش ئەوێت….لە ناو ئالآی کوردستانیشدا خۆری کردووە بە سبوولی خۆی.
نەتەوەیەک ئەمەندە ئەوینی رووناکی و خۆربێت….چۆن لە تاریک و کۆیلەیەتیدا ئارام ئەگرێت..؟ گەنگازە (مەحاڵە) خۆر و رووناکی و ئازادی لەم نەتەوەیە زەوتکرێت…!  لەبری  ئەوە، تاریکی و وێرانی و کۆیلەیەتی بکرێتە مەدالیایی ژێردەستەیی و بکرێت بە بەرۆک و یەخەی مێژووەکەیەوە ….!؟.
نا… هەزاران جار…نا. کورد نەتەوەیەکی خۆرو رووناکی پەرستن…کورد ئازادی و خۆشەویستی مرۆڤەکانی گەرەکە، نەک جەنگەکانی خوای (ئەهریمەن) و خوێنرشتن و کۆیلەیەتی…. کورد هەمیشە دڕی بە تاریکیداوە، بەدرێژای هەزاران ساڵە لەشکری تاریکیان بەزاندووە.
هەر بۆیە یادکردنەوەی جەژی نەورۆز…بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو و پارچەپارجەکراو یادکردنەوە و رۆژی بەرخۆدان و سەرهەڵدانە، رۆژی شادبوونە بە ئازادی و سەرفرازی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە