کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرێ کێشە تەنیا ئەو ١٢ موشەکەیە کە لە هەولێر تەقیەوە؟

Friday, 18/03/2022, 1:55


لە دوای کۆڕەوی ١٩٩١ وە دوای هاتنە دەسەڵاتی سەرانی پارتی و یەکێتی، واتە چارەکە سەدەیەکە جگە لە شەڕی براکوژی، ئەمانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان دەیان جار بە پێش سوپای پاسداران و جەندرمەی تورکیی کەوتون، بۆ هەڵکوتانە سەر بنەکە و بارەگەی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و پژاک و پەکەکە و هیتر. 
سەرانی پارتی و یەکێتی کاتێک کە گرفتەکانیان گەیشتۆتە لوتکە بە دەیان جار بە پێش سوپای عیراق و ئیران و تورکیا کەوتوون بۆ سەرکوت کردنی یەکتری، ئەوانە هەمیشە بە ڕەزامەندی خۆیان باشووری کوردستانیان کردۆتە گۆڕەپانێکی پانوبەرێنی بێ کۆسپ و بەربەست بۆ دەزگەی هەواڵگری میت و ئیتیلاعاتی ئێرانی و ئیستیخباراتی سوریی و عیراقی، بە هاوکاری ئەمانە سەدان کادیری حزبە کوردیەکانی بەشەکانی دی کوردستان لە باشووری کوردستاندا تیڕۆر کراون بەدەستی دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ. 
چارەکە سەدەیەکە تورکیا و ئیران بە ڕەزامەندی سەرانی ینک و پدک، بە هەزاران جار تۆپبارانی گوندەکانی باشووری کوردستانیان کردوە،  خەرمانەی خەڵکی هەژاریان سوتاندوە، بە سەدان منداڵ و پیر و پەکەوتەیان کردۆتە قوربانی ئەجێندا گڵاوەکانیان، بە سەدان کەسی بێتاوانیان دەربەدەر کردوە، بەڵام ئەوجارە ئەو ١٢ مووشەکەی ئیران کەسی نەکوشتووە، خەڵکی دێیەکانی دەربەدەر نەکردووە، بۆ یەکەم جارە لە بۆردوومانی ئێراندا کۆشکوتەلاری کابرایەکی دەوڵەمەند بووی بە پارەی نەوتی کوردستان، پیاوێکی ڕاڕای بەژەوەندیی پەرستی جاشی هەموو لایەک و سیخوری هەموو دەزگە هەواڵگریەکانی ناوچەکە زیانی بەرکەوێت و لە کەناڵەکانی سەر بە حزبەکان پروپاگەندەی بۆ بکرێت. 
  ئەو تاوانانەی لە باشووری کوردستاندا کە چارەکە سەدەیەکە ئەنجام دەدرێت، لەلایەن هاوڕێ و براگەورەی سەرانی پارتی و یەکێتیەوەیە، ئەوانە دۆستی دێرینەی سەرانی ئەو دوو حزبەن، بۆیە ئەو ئەزموون و مێژووە پێمان دەڵێت کە سەرانی ئەو دوو حزبە، گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت کە ئاگاداری هەڵدان و بە ئەنجامگرتنی ئەو ١٢ مووشەکە بووبن، ئەمەش گەمەیەکی دی بۆگەنە کە سەرانی ئەو دوو حزبە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستیان پێ کردووە، لەبەرئەوەی ئەگەر ئێران مەبەستی ئەوان بوایە چیای پیرمام و سەڕیڕەش و بنکەو بارەگەی کوڕەکانی تاڵەبانی لە سلێمانی بە ئامانج دەگرت تەنیا بە چەند کاتژمێرێک هەموویان بنبڕ دەکرد، یان بنەکەیەکی سیخوری تورکیای وێران دەکرد. ئەو ١٢مووشەکەی ئەو جارەی ئێران ناو گەورەی بابان وێرانە، هیج زەرەرێکی ماڵی و گیانی بەهیچ لایەکیان نەگەیاندووە، بۆیە ئەمەش خولێکی دییە لە خولی جاشایەتی لەبن نەهاتووی سەرانی ئەو دوو حزبە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە