بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا، خوێنی كورد و ئۆكرانییەكان جیایە
Thursday, 10/03/2022, 2:53
ئەگەرچی ئێمەی كورد بەدرێژایی مێژوو، میللەتێكی زوڵم لێكراو چەوسێندراوەین، بەڵام هێشتاش جگە لەچیاكان، كەسی دیكە دۆستی ئێمە نیە.
ئەم ڕاستیەش ئەوكاتە دەسەلمێت، كە بەرژەوەندی زلهێزەكان دەگوڕێ.
بەبەراورد، بەو جەنگەی ڕووبەڕووی ئۆكرانیەكان بۆتەوە، كە هەموو دونیا بەچەك و پارەو سۆزو عاتیفە، پاڵپشتیانە. كەچی ئێمەی كورد، ڕۆژانە تانك و تۆپ و فڕۆكەو درۆنەكانی تورك و فارس و عەرەب، لە باشور و ڕۆژئاوای كوردستان، لەئاسمان و زەوی، درێغی ناكەن لەداگیركاریی و كوشتنمان،
بەدەستی ئەندامێكی زلهێزی ناتۆ كە توركیایە
لەبەرمبەر ئەو وێرانكاریی و داگیركاریی و كوشتنەی خەڵكی سڤیل لەلایەن توركیاوە، نەئەمەریكاو نەخۆرئاوا، هەڵوێستی جدیان نەبووە، كاتێك ئەردۆغانی دۆستیان هێرشیكردە سەر عەفرین و سەری كانی، لە ڕۆژئاوای كوردستان.
بیانوی داگیركارییەكانی توركیاش، هاوشێوەی هەمان ستراتیجی ڕوسەكانە، كەدەڵێن، بەهۆكاری بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەو هێرشانە دەكەین.
لەم ڕۆژانەی جەنگدا، كەمن چاودودەگێڕم بەنێو مێدیا خۆرئاواییەكاندا،هێندە لەسەر هێرشەكان دەدوێن و هاوپشت و هاوخەمی گەلی ئۆكرانیان، وەك ئەوەی هیچ میللەتێكی دیكە ڕووبەڕووی هێرشی لەو شێوەیە نەبوبێتەوە، لەكاتێكدا ئەو چەك و فڕۆكەو بۆمبانەی توركیا، لەدژی كورد بەكاری هێنا، لەخۆرئاوای كوردستان، زۆر پێشكەوتوو تربون لەوانەی ڕوسیا لەئۆكرانیا بەكاریان دێنت، كەچی خۆیان لەئاستی جینۆسایدی كورد نابیناو نابیست كرد.
هەموو ئەو ڕووداوانە زۆر كۆنین، لە٢٠١٧وە كەبەسەر كورددا هاتوون بەدەستی هاوپەیمانەكانی ئەوروپاو ئەمەریكا، ئەگەر نەشگەڕێنەوە بۆ ئەنفال و كیماباران و خاپوركردنی كوردستانی باشور.
كە ئەوكات بێ هەڵوێست بوون.
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە، كەخۆرئاوایی و ئەمەریكەكان، چەند مامەڵەیەكی دوو ڕووانە، لەگەڵ جەنگەكاندا دەكەن، بەپێی بەرژەوەندی خۆیان.
تەنانەت لەكاری مرۆیش، دوو ڕووی خۆیان نەشاردۆتەوە لەكاتێكدا كورد، یەكێكە لەگەرەترین نەتەوەكانی جیهان، كەتائێستا خاوەنی كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی، خۆی نیە، بەڵام هیچ یەكێك لەوو ووڵاتانەی ئەمڕۆ دەرگاو باوەشیان بەڕووی لێقەوماوانی ئۆكرانیا كردۆتەوە، ئامادەنین مافی پەنابەریی و مانەوەی هەمیشەیی بەهەزاران كوردی پاڕەگەندەو بێ دەوڵەت و داگیركراو بدەن، كەئێستا بەكوللە مەرگیی و دڵەڕاوكێ، خۆیان گەیاندۆتە سەرخاكی ئەوروپا.
تەنانەت ئەو پۆڵندیانەی كەئامادەنەبوون سنورەكانیان ببێتە ڕێگای پەڕینەوەی چەند هەزار كۆچبەرێكی كورد، ئەمڕۆ بەملیۆنان ئاوارەی ئۆكرانیان لەخۆگرتووە.
سەرنج بدەن، لەسەدەی ٢١دا هێشتا كورد لەتوركیا، تەنانەت لەسەر گوێ گرتن لەگۆرانیی و موزیكی كوردیی، دەكوژرێ. لەئێران لەسەركوردبون هەڵوێستی سیاسی، لەسێدارە دەدرێ. لەسوریای پڕلەنگ و ئاڵۆزیی، لەدەست ڕژێمی ئەسەدو داگیركاری توركیا، لەزەوی و ئاسمانەوە بۆمبی بەسەردا دەبارێندرێ. دیسانەوە كورد لەباكوری عێڕاقیش، هیچ گەرەنتیەكی نیە، كەدووبارە عەرەبی شیعەو سوننە، بەدەردی ڕژێمی بەعسی نەبەنەوە. كەچی هێشتا كەس نیە لەسەر ڕەوایەتی مافی كورد بێتەدەنگ!
لەولاوەش، هێشتا هێرشی ڕوسەكان، بۆسەر ئۆكرانیا دەستی پێنەكردبوو، كەخۆرئاوایی و ئەمەریكەكان، پەیمانی ناردنی چەك و تەقەمەنی و هاوكاری مرۆیی و، تەنانەت پێدانی فیزاو شوێنی حەوانەش، بۆ ئەوانەی ئاوارە دەبن لەووڵاتانیان پێدرا،
كەچی هەزاران كورد، هێشتا لەو ئەوروپایەی بەردەوام بانگەشەی مافی مرۆڤ و پاراستنی گەلان دەكات، بێ جواب و مافی پەنابەرین!
ئەم بەراودكردن وجیاوازییە زەقە، بۆ ئەوەنیە، كەوەك كوردێك ڕەوایەتی بدەین بەهێرشی (پۆتین) بۆسەر ئۆكرانیای هاوسێی، بەڵكو دان پێدانانێكی تاڵە، كەئێمەی كورد، هێشتاش جگە لەچیاكان، لەم جیهانەدا، دۆستێكی دیكەی هەمیشەیمان نیە.
مەگەر ئەوخوینەی لەجەستەتی هاووڵاتیەكی ئۆكرانی دەڕژێیت، هەمان ڕەنگی ئەو خوێنەی كوردێك نیە، كەبەدرۆن و تانك و تۆپی سوپاكەی ئەردۆغان، لەڕۆژئاوای كوردستان دەبێتە قوربانی!
ئەگەر ئۆكرانییەكان، زمان و كولتوری كەمە نەتەوەكانی ئەوێیان یاساغ كردبێ و ڕوسەكانی نیگەران كردبێ، خۆ كوردانی ڕۆژئاوا، هەموو مافە فەرهەنگی و كولتوریەكان و زمانی نەتەوەكانی ژێردەستان پاراستبوو.
كەچی هێشتا توركیای ئەندانی ناتۆ، ئاسمان و زەوی لێ زوەتكردن و هێرشی داگیركاری دەستپێكرد و چەكدارە توندڕەوە ئیسلامییەكانی پێش خۆیدا، بۆ تاڵانیی و وێرانكردنی خاكی كورد، بەپێكردنی بەگڵۆپی سەوزی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست