کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مۆدێلی حوکمڕانی کوردی و پیشەسازی درۆ

Wednesday, 23/02/2022, 12:44


دەسەڵاتی کوردی تووشی ئیفلاسێكی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورە بووە کە هەر ڕۆژەو حیکایەت و درۆیەکی بێبنەمان بۆ دەهۆننەوە ، لە حیکایەت و درۆی "بە دوبەیكردنی كوردستان" و "بنیادنانی ئابوریی سەربەخۆ " و ”بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی“ و "پیادەكردنی یاسایی چاكسازیی سیاسیی و ئابوری"و " یەکڕیزی کورد لە بەغداد" و " دروستکردنی دەوڵەتی کوردی " و تا درۆ هەرە گەورەكەی ڕیفراندۆم خۆیان وەکو قارەمانێک نیشان ئەدەن ، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم هەموو حیکایەت و درۆ گەورەیە خەوی لێ تاڵ بووەو تووشی ترسێکی زۆر بووە و دەیەوێت فەزیحەکانی بە درۆی تر پینە بکات ، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سیاسەت لای حیزبێکی وەکو پارتی هەمیشە پانتاییەکی بە پیت بووە بۆ درۆکردن ، ئامانجی پارتی لە پەنابردن بۆ درۆ بریتی یە لە هەڵخەڵتاندن و ئاوەژۆکردنی راستیەکان و بە سوک تەماشاکردنی ئیرادەی تاک و کۆمەڵگاو شاردنەوەی نهێنیە پێویستیە چارەنوسازەکانە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵک و گشتییەوە هەیە . 
ئەم ئیفلاسە سیاسییە ئابورییەی کوردستان بە تەنها پارتی لێی بەرپرسیار نییە و بەرپرسیارەتی هێزە سیاسییەکان وەکو یەکیش  یەکسان نییە ، هەرگیز بەرپرسیارەتی یەکگرتوو یان کۆمەڵ بە ئەندازەی پارتی و یەکێتی نییە ، ئاشکرایە پارتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ هێزی بڕیاردەرەو مۆنۆپۆلی ھەموو دەزگا و ناوەندە ستراتیژییەکانی ھەرێمیان کردووە ،لاوازی و پاشکۆیەتی یەکێتی دەرفەتی باشی ڕەخساند بۆ گەورەکردن و بەهێزکردنی پارتی لە حوکمرانیدا ، پاشان هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان هێزی بێبڕیار و بێتواناو بێئیرادەو دەستەمۆکراون لە لایەن پارتیی و یەکێتی یەوە ، کە لەناو مژدەو وەهمی درۆکانی پارتی و یەکێتی دا دەخولێنەوە ،نائومێدبوون لە پارتی و یەکێتی پەیوەندی بەم فۆڕم و مۆدێلە لە هونەری ئیدارەدان هەیە کە کۆمەڵگای لەقاڵب داوەو وێرانسازی دروست کردووە ،  دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوە نەبوو کە ئومێدێکی نوێمان لادروست بکات ،بەڵکو بێ ئومێدبوون بوو لە یەکێتی و گۆڕان ! ئێستاش دروستبوونی نەوەی نوێ ناتوانێت ئومێدمان بۆ دروست بکات ، بەلکو نەوەی نوێش بێ ئومێدمان دەکات لە بزوتنەوەی گۆڕان و ناتوانیت ئومێدو هیوای تازەمان لا دروست بکات ئەم فۆڕمە لە بیرکردنەوە و ئەم مۆدێلە لە هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان ژینگەیەکی ناجێگیری سیاسی و بێ متمانەی لەنێوان خەلک و حکومەت و هێزە سیاسییەکاندا دروست کردووە و نەخۆشییەکی دەرونی سیاسی و ئەخلاقی ترسناکە جگە لە کارەسات و ماڵویرانی شتی تری لێ سەوز نابێت  .
ژاک دێریدا لە کتێبەکەیدا بەناوی " مێژووی درۆ " باس لە ئاڵۆزییەکانی درۆی ئەم سەردەمە دەکات ، بایه‌خدانی دێریدا بە چەمکی درۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانینەکانی "هانا ئارێنیت " کە کایەی سیاسی به‌ درۆوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌،خوێندنەوەو تێڕامان لە "مێژووی درۆ"  کارێکی پێویستە و دەرفەت لەبەردەم تێگەیشتنمان بۆ چەمکی درۆ و درۆناسی فراوانتر دەکات  ، جگە لە "میکاڤیلی" زۆربەی فەیلەسوفەکانی تر بە کۆن و نوێوە درۆیان لەناو کایەی سیاسەتدا ڕەتکردووەتەوە ، "کانت"  پێی وایە سیاسی درۆزن خۆی باوەڕی بە درۆکەی خۆی نییە و دەڵێ ؛درۆزن شتێک دەڵێت کە دژی ئەو شتانەیە خۆی دەیزانێ و باوەڕی پێیەتی! ووتەیەکی "گۆبڵز" وەزیری راگەیاندنی ئادلۆف هیتلەری نازی هەیە کە دەڵێت ؛ راگەیاندنێکی بێ ویژدانم بدەرێ گەلێکی نا هوشیارت دەدەمێ. دیارە گۆبڵز لە شوێنێکی تردا گوتویەتی ؛ درۆ بکە و درۆ بکە تا باوەڕت پێ دەکەن! بەڵام "ئەبراهام لینکوڵین" لەبارەی سیاسەتمەدارە درۆزنەکانەوە دەڵێت:دەکرێت بتوانیت بۆ ماوەیەک خەڵکێک بخەڵەتێنیت، بەڵام ناتوانیت بۆ هەتا هەتایە هەموو خەڵک بخەڵەتێنیت. کەواتە ڕاستە تەمەنی درۆ کورتە و پیری بە خۆیەوە نابینێت ، دواجاریش "نیتشە" دەڵێت: لەوە نەبێزراوم کە درۆت لە گەڵ کردم، بەڵکو لەوە بێزراوم کە جارێکی تر ناتوانم بڕوات پێبکەم.  ئەم دەربڕینە پێمان دەڵێت کە متمانە دایکی یەکەمی هەموو پەیوەندیە ڕۆحی و ئەخلاقییەکانە و کاریگەری تەواوی لەسەر ژیان هەیە . 
مۆدێلی حوکمڕانی لە کوردستان بە قۆناغێکی دورودرێژی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گوێنەگرتن و نەبیستن ڕۆیشتووە ، ئێستا جگە لە هێزی چەک و هێزی درۆو دراو هیچیان لە دەستدا نەماوە ، زمانی حوکمڕانیەتی پارتی و یەکێتی زمانی توندوتیژی و فشار و سوکایەتیکردن و بێنرخکردنی هەموو شتێکە ، ئازادی یەکێکە لە درۆ گەورەکانی ناو ئەم فۆڕم و مۆدێلە لە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی و شتێکیش بە ناوی ئازادی ئینسانەکان لە روانینی پارتی و یەکێتی دا بوونی نییە، بەتایبەت هێزێکی وەکو پارتی کە پیشەسازی بە درۆوە دەکات، هەم درۆ بۆ خۆی هەم درۆ بۆ کۆمەڵگا و هەمیش بۆ جیهان دەکات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە