لە کۆڵ خۆتی بکەرەوە
Monday, 21/02/2022, 17:11
پیاوێك بە سەرخۆشی نەوت ئەکا بەسەر هاوژینەکەی و ئاگر لە جەستەی بەرئەدا و پاشان گیان لەدەست ئەدا.. پیاوێك ژنی خۆی ئەکوژێ و هەڵدێ،،پیاوێك خوشکەکەی ئەکوژێ و شوێنی نادیارە،،کۆمەڵێ پیاو لە بەچاوی پۆلیس و ئاسایش لەئاست کوشتنی کچێك خۆیان گێل ئەکەن و بە بەرد سەری پان ئەکرێتەوە،، کوڕێك هەڵئەکوتێتە سەر دایک و خوشکی خۆی و بە فیشەیەك ئەیان کوژێ،، ئەمانە و چەندینی تر ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە و ساڵانە لە باشوور ڕووئەدەن و چەند بارە ئەبنەوە. دەرئەنجام نەئەوەتا بکوژ بە هەمان دەرد ببرێ و سزای خۆی وەربگرێ، وەیان کوژراو مافی خۆیه وەربگرێ و ببێتە وانە بۆ ئەوەی جارێکی تر تاوانی وا ڕوونەدا و ئافرەت وخانمانمان هەروا بە سانایی، لەناو نەبرێن.
زۆر جار گوێبیستی ئەوەین، کەوا بوونی ئافرەت لە خێزان وەك مەترسی ئەبینرێ و مافی خۆی پێ نادەن،، بەهیچ جۆرێ بەشێوەیەکی یەکسان تەماشا ناکرێ و مامەڵەی خراپی لەگەڵدا ئەکەن.. بەداخەوە بەهۆی کلتووری ئیسلام و بیابان کەوا چۆن ئافرەتیان بە زیندوویی زیندە بەچاڵ ئەکرد، کوردیش لەم سەردەمەدا کە ئیسلامی تووند ڕەو و سەلەفی باڵا دەستن ، کەم ڕۆژ هەیە تاوانیك دەرهەق بە ئافرەتان ڕوونەدا.. ئەمانە وامان تێ ئەگەیەنن کەوا کچ ئەبێتە مایەی سەریەشە و دەرد و بەڵا و هەرچی سووکایەتی و عەیب و عارە لەمانەوە خێزان ڕۆمەت(سومعە)ی پێ لەکەدار ئەبێ . ئەمانە وا لە کۆمەڵگا ئەکەن کچان هەر زۆر بەزوویی بیاندەن بە شوو وە ئەڵێن پێوستە لە کۆڵ خۆتانی بکەنەوە و لە خوێندن و زانست بێ بەشیان بکەن ونەیەڵن لەگەڵ ڕەگەزی نێرینە بەشداری ڕەوتی کۆمەڵگا بکا.کەم نین ئەو خێزانانەی پێیان وایە بوونی ئافرەت وەك قومبەلەیەك وایە و گەر زوو لە خۆیان دووری نەخەنەوە، ئەوا پێیان ئەتەقێتەوە و تووشی لەکەو نەنگی و ناو زڕاندیان ئەکەن.
لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا کەوا مامەڵەی ئافرەت بەم شێوەیەیە و جۆری بیرکردنەوە بەو شێوەیەیە، ئەوا حەتمەن ڕۆژ دوای ڕۆژ تاوانی زیاتر یەخەی کچان و خانمان ئەگرن و بە تیرۆر کردن و کوشتنیشیان ئێشتا دڵیان ئاو ناخواتەوە و چەندین ناوو وناتۆرەی نا تەندرووست ئەخرێتە پاڵیان، ئەم جۆرە کۆمەڵگانە دواتر ئەبنە مایەی بەڵا و سەریەشە بۆ گشت جیهان و ناتوانن خۆیان بگۆڕن، بۆیە زۆر گرنگە وەك تاکی کۆمەڵگە کۆتایی بەو هۆکارانە بهێنرێ کەوا هەر ڕۆژەی خانمێك بەدەستی پیاوێك تیرۆر ئەکرێ. ئەمەش جگە لە هۆشیاری تاك پێوستە خانمان خۆیان هەوڵ بدەن بۆ خۆیان و نەیەڵن چیتر پیاوان چارەنووسیان بۆ دیاری بکەن. ئەوان ئەبێ چاو لە خانمانی باکوور و ڕۆژئاوا بکەن و ئەزموونی ئەوان دووبارە بکەنەوە تا بتوانن بە ئازادی ژیانی خۆیان بەدەستی خۆیان بنووسنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست