کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دشداشە

Friday, 18/02/2022, 19:58


دشداشە خواستێکی زۆری لەسەرە لە سلێمانی و گەنجان لەجیاتی بیجامە و تراکسووت وا خەریکە دشداشە جێگایان ئەگرێتەوە. ئەم هەواڵە چەندە ناخۆشە ڕەنگە دە ئەوەندەش پێشبینیکراو بوبێ، کاتێ ئەبینین ئەم بەناو سیاسیانەی باشوور لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوو بەبەرنامە کارئەکەن بۆ ئەوەی کوردستان و خەڵکەکەی بەتەواوی تەعریب و تەفریس و تتەریك ، بکەن. ئەمانە چاوساغی ئەو دوژمنان کە دیارە خۆیان ئەو کارەیان بۆ نە ئەکرا بەبێ بوونی ئەم فشە کوردایەتیە. ئێستاش ئەبینین بەرهەمی ئەو کوردایەتیەی ئەم چەند بنەماڵەیە وا خەریکە بەتەواوی نیشتمان لە کورد و زمانی کوردی و فەرهەنگ و کلتوورەکەی ، چۆڵ و خاپوور ئەکەن.
هیچ لامان سەیر نیە و تووشی شۆکمان ناکا کاتێ گەنج و لاوی کورد لەسەر زێدی باوك و باپیرانمان دۆش داماوون و نازانن هەنگاوی پێچەوانە بنێن و نەیەڵن ئەوەی بەدەست و بەرنامەی ئەم چەتە کوردیانە بەسەریاندا هاتوە،ڕێڕەوەکەی بگۆڕن و جارێکی تر بە شێوازێکی تازە و مۆدرێن خۆیان ڕێکبخەنەوە و هێرشی لەناکاو بۆ سەریان بەرن و شار بەدەریان بکەن. ئاخر ئەوەی ئەم چەتانە دژ بە میلەتی کورد کردیان لەماوەی 80 ساڵی ڕابردوو هەرگیز هیچ داگیرکەرێك نەیتوانی دژمان ، بیکا.
بەڕاستی جێی داخە گەنجی کورد خۆی لە کلتووری دوژمنان و داگیرکەراندا بتوێنێتەوە و جل و بەرگ و زمان و فەرهەنگی خۆی بگۆڕێتەوە بەوەی ئەوان.. پاشان بێت و گلەیی و گازندە لە سەر خۆی لابەرێ و بیخاتە سەر خەڵکانی تر.. ئەمە هەرگیز جێگای نابێتەوە لە فەرهەنگی هیچ میلەتێك و پێوستە ئەم نەوەیەی ئێستا هەڵوێستەیەك بنوێنن تەواو جیاواز و پڕ ماناتربێ. ئەمان ئەبێ ڕیسکەی دەسەڵاتی چەتەیی کوردی بکەنەوە بە خوری و سەراپا لە بنەوە ، هەڵی بکەنن. ئەمان ئەبێ شتێ بکەن هەرگیز نەیەڵن ئەو چەتانە بەبێ باج ئەو هەموو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی ئێمە کردیان، ڕزگاریان بێ. ئەمان ئەبێ ئەو چەتانە ڕێشە کێش کەن و نەیەڵن تۆویان لەسەر ئەم سەرزەمینە بمێنێ.. نەیەڵن نەوەکانیان لە کوردستان تەراتێن بکەن و بەتەواوی بنەبڕیان پێ بکەن.
گەنجان نابێ پێیان خۆش بێ دەسەڵاتی چەتەیی کوردی بە دەسەڵاتی بەغدا جێگۆڕکێی پێ بکرێ لەبەرئەوەی وا هەست ئەکەن بەغدا لەمان باشتر بێ،،نەخێر ئەوان هیچ لەمانەی خۆمان باشتر نین و ئەوانیش جگە لەکۆمەڵێ دز و فەرهودچی وسەرسەری عەرەبی مەزهەبی سەر بە تورکیا و ئێران و سعودیە، هیچی تر نین. ئەبێ گەنجان ڕێکخراوێکی سیاسی دروست بکەن کە ئامانج لێی گۆڕینی چەتەی کوردیە و ڕێگریە لە چەتەی عەرەبی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە