سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق
Thursday, 17/02/2022, 23:11
من لەو کەسانەم کە هەوڵ دەدەم کەمتر عەقڵی خۆم تێکەڵ بە عەقڵی جەمعی بکەم و تێدەکۆشم هەیەجان نەمگرێت. با پێش ئەوە بچمە سەر بابەتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێڕاق، باسی دوو شت بکەم.
- لە کۆنگری دە (١٠)ی حزبەکەی کاک عەبدوڵا موهتەدی، کە ئەوسا پێم دەوت کۆمەڵە، من لەو کەسانە بووم کە بە توندی دژایەتی پەسند کردنی بڕیاری هەڵواسینی ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستانم کرد لە لای ئاڵاکەی کۆمەڵە و هەروەها پەسند کردنی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان. دەوری سەرەکیم بوو لە ناڕەزایەتی و راوەستانی کاری کۆنگرە و ... روداوەکانی دواتر. ئەوەش بڵێم چ ئەو کات و چ ئێستاش، وەکوو ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستان رێزم لێگرتوە و دەیگرم.
- لەو کەسانە بووم کە بە توندی دژایەتی رێفراندۆمە ئەردۆغانییەکەی بارزانیم کرد و بە شانازییەکانی ژیانمی دەزانم. بە تۆنیش جنێوم پێدرا و دواتر بەشێک لەو کەسانە کە جنێویان پێدام، خۆیان شەرمەندە بوون.
با بێمە سەر باسی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.
١- بە پێی دەستووری عێراق کە یەکێتی و پارتی دەوری سەرەکیان لە داڕشتنیدا هەبوە، نە هەرێمی کوردستان و نە هیچ هەرێمێکی دیکە عێراق، بۆی نییە سەربەخۆیانە سامانە سروشتییەکان بفرۆشێت و مەعامڵەی پێوە بکات.
٢- با بڵێین کردویانە و کارێکی ئازایانەیان کردوە!! نەتیجە فرۆشتنی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی باشووری کوردستان چی بووە بۆ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان؟
- لە باشووری کوردستان، دامەزراندنی سیستەمێکی گەندەڵ کە لە دنیادا کەم وێنەیە، نا عەداڵەتی، برسی کردنی خەڵک، ئاوارەیی دەیان هەزار کەسی خەڵکی باشووری کوردستان و کۆچ کردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، کوشتنی هیوا لە ناو خەڵکدا، بێ ئەخلاقی و قیزەونی ترین کردەوەکان بە یارمەتی پارەی دزراوی خەڵک. جگە لەوە، قەرزدار بوونی دەیان میلیارد دۆلاری دەسەڵاتی باشووری کوردستان. واتە هەر منداڵێک کە لە باشووری کوردستان لە دایک دەبێت، دەیان هەزار دۆلار قەرزدارە!!!
کڕینی کەرامەت و ویژدانی خەڵک و بە کۆیلەکردنیان بە زەبری پارەی دزراوی نەوت، دامەزراندنی سیستەمی بنەماڵە و ئاوا کردنی حەرەمسەرا و فەسادخانەکان و دەیان و سەدان و هەزاران ئاکاری دژە مرۆیی لە سایەی پارەی دزراوی نەوتدا!!
- باکووری کوردستان، سەرۆکی دەزگای میتی تورک، لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند: ئێمە تێچووی شەڕی پەکەکە لە نەوتی شیمالی عێراق دابین دەکەین!!! بنەماڵەی بارزانی بە پارەی دزراوی نەوت، دەیان میلیارد دۆلار سەرمایەگوزاریان لە تورکیا کردوە و ئەگەر تەنانەت لە پێناو پاراستنی ئەو سەروەت و سامانەشدا بووبێت، دەبێ کۆیلایەتی و بەکرێگیراوی دەوڵەتی فاشیستی تورک قبوڵ بکەن.
- رۆژهەڵاتی کوردستان، بە پارەی دزراوی نەوت و قوتی خەڵک باشوور، تەماحی ئینشعاب و جیابوونەوەیان لە ناو پارتە کلاسیکەکاندا گەیاندە لوتکە و ئەو پارتانەیان پارچە پارچە کرد. رۆحی پاسیڤیسم، پاڵدانەوە، لاسایی کردنەوە و دەیان دیاردەی ناحەزیان لە ناویاندا پێش خست. هەرێمی باشووری کوردستان، لە سایەی پارەی دزراوی نەوتدا، بووبە ناشیرین ترین نموونە لە هەموو بارێکەوە بۆ بەشەکانی کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت.
- رۆژئاوای رۆحم، پارەی نەوتی هەرێمی باشووری کوردستان، نەتەنیا نەبوە هۆی یارمەتی رۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو لێدانی خەندەق، داخستنی دەروازەکان لە کاتە هەستیارەکان، تەیار کردنی چەتەکانی رۆژ لە ژێر فەرمانی میتی تورک بۆ دژایەتی دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان و پاڵپشتی کردنی خائینانی ئەنەکەسیف و ....بۆ بەدیاری هێناون.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ئەگەر بەقازانجی سفرەی خەڵک نەبێت، دڵنیام خراپتر لە دەسەڵاتەکەی باشووری کوردستان نابێت. ئەوەش زیاتر زیڕەی لێهەستاوە، زیاتر زەرەر دەکات و ئەویش بنەماڵە خائینەکەی بارزانییە.
تێبینی/ سوئیستفادەیش مەمنوع. نەڵێن دیفاع لە دەسەڵاتی بەغدا دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست