سیاسەتی نەوت و سەرکردەی دز و دزێو
Thursday, 17/02/2022, 2:40
پێشڕەوی دزی پارتییە سەرۆکی چەتەکان بارزانییە. لایەنگرانی پارتی، وەکو پێغەمبەر سەیری بارزانی دەکەن، چونکە ئەوان گیرفانیان ئاوس بووە بە پارەی دزراوی ئێمە. بۆیە کوێرانە پشتیوانی لەگەورەترین دزی مێژوودا دەکەن. لەڕاستیدا مەسعود بارزانی کە ماوەیەکی زۆر سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بووەو لە ساڵی ١٩٧٩شەوە سەرۆکی حیزبەکەیەتی بەناوی پارتی دیموکڕاتی کوردستان. بۆیە ئەو کابرایە بەرپرسی یەکەمە لەهەموو دزی و تاڵانی و گەندەڵی و تاوانەکانیتر. بەتایبەتی مەلەفی نەوت، کە گەورەترین و شاراوەترین بابەتە کە پەیوەندی بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە. پارتی و یەکێتی ساڵانێکی زۆرە شانازی بەوەوە دەکەن کە سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری کوردستانیان داڕشتووەو سەربەخۆییانە نەوت هەناردەی بەندەرەکانی جیهان دەکەن و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد دەتوانن نەوت و غاز بفرۆشن. بەڵام لەڕاستیدا سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان شەرمەزارترین بابەتەو ماوەی ١٠ ساڵە خەڵکی کوردستان باجێکی قورسی ئەم سیاسەتە دەدات. چونکە پێش ئەوەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی دەست بۆ ئەم بابەتە بەرن، ئەوسا هەموو ساڵێک حکومەتی عێڕاق بەشە بودجەیەکی دیاریکراوی زۆر باشی بۆهەرێمی کوردستان دەناردو بەهۆی ئەوەش کە داهاتەکە لەبەغدادەوە دەهات و دیاربوو، یەکێتی و پارتی نەیاندەتوانی دزیەکی زەبەلاحی وەکو ئێستا بکەن، ئەگەرچی بەشێکیان هەر دەدزی. بۆیە ڕاستەوخۆ خەڵکی کوردستان سودمەند دەبوون لەم بودجەیە، بەجۆرێک هەرکەسێک زەواجی بکردایە بڕی پێنج ملیۆن دیناری وەردەگرت و هەرکەسێکیش خانوی بکردایە ٢٥ ملیۆن دیناری وەردەگرت. هەروەها بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆر دەڕژایە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆیە ژیانی ئابوری خەڵکی بوژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینیبوو کە لەمێژووی عێڕاقدا بەخۆیەوە نەبینیبوو. بەڵام بەداخەوە ئەم ئابوریە باشە تەنها لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٢ بوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد بەدزیەوە نەوتی کوردستانیان بۆخۆیان دەفرۆشت و داهاتەکەیان لەبەینی خۆیان دابەش دەکردو بودجەی ساڵانەشیان لەبەغداد وەردەگرت، ئەوەش شتێکی نایاسایی بوو وە دژی دەستوری عێڕاق بوو. بۆیە دوای چەندین ئینزاری جددی لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە، ئەوان هەربەردەوام بوون لەو بەتاڵان بردنەی نەوتی کوردستان بەنایاسایی، بۆیە بەغداد بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و لەکۆتایی ٢٠١٢ بانقەکانی کوردستان پارەیان تێدانەماو ماڵوێرانیەکی گەورە ڕووی لەخەڵکی کوردستان کردو ئابوری کوردستان داڕما، داڕمانێکی زۆر خێراو زۆر گەورە. یەکێتی و پارتیش هیچ زیانیان پێنەگەیشتوو و ئەوان هەربەردەوام بوون لەدزینی نەوت و غازو سەروەتی ژێر زەوی و سەرزەوی کوردستان. دەسەڵاتدارە قومارچی و فاشیلەکانی کوردی هەموو سلفەیەکو خزمەتگوزاریەکیان ڕاگرتو موچەی موچەخۆرانیان کەمکردەوە تاڕادەی نیوەو هەموو پڕۆژە تەواونەکراوەکانیان ڕاگرت و کوردستان بەتەواوی ئیفلاسی کرد. لەوکاتەشدا بوو کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی کوردستان هاتە بەردەم کامێڕاکان و زۆر بێچاوو ڕووانە وتی ''بەغداد موفلیسە، بەغداد پورەی نییە'' لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستبوو، ڕاستیەکەی کوردستان موفلیس ببوو وە بەغداد ئابوری زۆر بەهێزبوو. ئیتر لەوکاتەوە هەژاری و بێ پارەیی و کارەساتی ئابوری بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتو لەوکاتیشەوە بەتێکڕا حکومەتە سەخیفەکەی کوردی زیاتر لە سی ٣٠ موچەی موچەخۆرانی نەداوەو هەموو موچەیەکیشی کەمکردەوە. ئەم دوو سەرکردە دزو دزێوەی یەکەم هەنگاویان هەڵنا بەرەو سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆییانە، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بوون، ئەگەرچی جەلال تاڵەبانی مردووە، بەڵام پێموایە ڕۆژێک دێت کەسایەتی ئەو بەمردوویی دادگایی دەکرێت و وەکو دزو چەتەی سەروەتی گشتی لەقەڵەم دەدرێت. هەروەها سەبارەت بە مەسعود بارزانی هیوادارم ئەویان پێش مردنی، ئەو ڕۆژە بەزوویی بێت، کە بەزیندوویی دادگایی بکرێت و بەقەبارەی هەموو ئەو نەوتەی دزیویەتی، میللەت تفی لەڕووی بکات. چونکە ئەو بەرپرسی یەکەمە لەو سیاسەتە فاشیلەی نەوتی کوردستان، کە لەئانجامدا گیرفانی دزەکانی قەڵەوکردو سکی هاوڵاتیانی برسیکرد.
ئەگەرچی دەرفەتی زۆردرا بە سیاسییە بازرگانەکان کە سەدان ملیارد دۆلار بدزن و هاوڵاتیان زۆر برسیکران، بەڵام ئەوەی جێگەی ئومێدە ئەوەیە، کە ئێستا سەبارەت بە سیاسەتی نەوتی کوردستان دادگای باڵای عێڕاق بڕیاری کۆتایی خۆیداوە، بەوپێیەبێت چیتر کوردستان ناتوانێت یەک لیتریش نەوت بەسەربەخۆیی بفرۆشێت. ئیتر لێرەبەدوا ئومێدی ئەوە هەیە کە حکومەتی کوردستان ناچارە ملکەچی بڕیاری دادگای باڵای عێڕاق بێت و بەوجۆرەش داهاتی کوردستان لەبەغدادەوە دێت و شەفاف دەبێت و تەنها ئەوەی زیانی بەردەکەوێت یەکێتی و پارتین و ژیانی ئابوری خەڵک دەبوژێتەوە. بەومەرجەی حکومەتی داهاتوی عێڕاق جددی بێت لەجێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای باڵا.
ئەمانەی خوارەوە هەندێک زانیاری گرنگن سەبارەت بەنەوتی کوردستان. بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەندەری جیهانی تورکی کە دەست فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق کەوتووە، داھاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ٩٥٠ ملیۆن دۆلارە. هەربەگوێرەی هەمان سەرچاوە مانگانە نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکەیان دەستدەکەوێت لەفرۆشتنی نەوت بەقاچاخ. هەروەها لوئەی خەتیب، ڕاوێژکاری پێشوی حکومەتی عێراق بۆ سیاسەتی نەوت و وزە دەڵێت بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٧ نزیکەی ١٠٠ ملیارد دۆلاری نەوتی هەرێم دیار نەماوەو یەکێتی و پارتی دزیویانە. بێگومان ڕێژەی ئەم پارە دزراوە ئێستا زیاتری چۆتەسەر.
نەوت لەكوردستان جگە لە بەهێزكردنی پایەكانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و سیاسییەکان و دروستکردنی حوکمی چەتەکان، هیچیتری لەژیانی هاوڵاتیان نەگۆڕی، لەڕاستیدا گۆڕی، بەڵام بەئاراستەی ژیانێکی خراپ و خراپتر. بڕیاری سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، زیانی دوو سەد ملیارد دۆلاری لەکوردستان داوەو ئەم زیانەش ڕاستەوخۆ بەر گیرفانی هاوڵاتیان کەوتووە، چونکە کاتێک دەبوایە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا بەغداد ئەم مەبلەغەی ناردبایەو، کەنەیناردووە ئەوا یەکێتی و پارتی سەبەب بوون هەروەها ئەوان بەدزینی نەوت زۆر زیاتر لەو مەبلەغەیان دەستکەوتۆتەوە.
یەکێتی و پارتی نەک خۆیان ئێجگار زۆر دەوڵەمەند کردووە، بەڵکو کۆمپانیا بیانیەکانیشیان دەوڵەمەند کردووە، ئەوەتا کۆمپانیای دانەغازی ئـیماراتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2021دا (184) ملیۆن دۆلاری لە غازی هەرێمی کوردستاندا دەستکەوتووەو بەمەش سەرمایەی کۆمپانیاکە (30٪) زیادی کردووەو گەیشتوەتە (452 ملیۆن دۆلار. هەروەها کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ی نەرویجی کە لەبواری نەوتی کوردستاندا کار دەکات ملیاردێر بوونی خۆی ڕاگەیاند. کە ٨٦%ی داهاتی ٢٠٢١ی لەنەوتی کوردستان بووە. کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی کە تایبەتە بەنەوت و غاز لەسایتی ڕەسمی خۆیدا ىڵاویکردەوە کە کۆمپانیاکە ڕیکۆردێکی نوێی لەداهات تۆمارکردووەو بۆیەکەمجار داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیاردێك دۆلار، كە 63% زیاترە لە ساڵی رابردوو.
هەروەها بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز رایدەگەیەنێت كێڵگەی غازی كۆرمۆرو چەمچەماڵ توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ كوردستان و عێراق دابین بكات، بەڵكو دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و بەشێکی یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە.
حاڵی حازر نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتۆتە ٩٥ دۆلار هەرێمی کوردستان رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت. بەوپێیە داهاتی مانگانەی دەگاتە زیاتر لە ملیاردێک و چوار سەد هەزار دۆلار. ئەمە تەنها داهاتی نەوتە، هەروەها مانگانە زیاتر لە چوار سەد ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆش هەیە. هەروەها هەرێمی کوردستان لانی کەم دەتوانێت ڕۆژانە ٣٠ ملیۆن مەتری سێجا غاز ڕەوانەی توركیاو ئەوروپا بكات. بەوپێیەش بێت مانگانە نزیکەی شەست ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت لەڕێگەی غاز فرۆشتنەوە. ئەو بڕەی تا ئێستاش دۆزراوەتەوە بەشی دوو سەد ساڵی داهاتوو دەکات.
تێبینی:
بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لە بابەتی کەسانەی مانەی خوارەوە وەرگرتووە:
1- ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق.
2- ڕۆژنامەنووس محەمەد ڕەوف
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست