رێبه‌ر ئاپۆ له ئاوی حه‌یات روونتره (بەشی سێیەم)
Saturday, 12/02/2022, 8:56
وه‌ڵامێك بۆ كۆڕه‌كه‌ی د.بورهان یاسین
كۆڕگێڕ، گۆڕانكاری له گوتاری ئایدیۆلۆژیدا: چه‌مكی ده‌وڵه‌ت وه‌ك چه‌قی گۆڕانكاری له چوار قۆناخ‌دا: 1- قۆناخی دروشمی " ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتوویی سۆسیالیستی سه‌ربه‌خۆی كوردستان"، له‌سه‌ره‌تاوه 1978 وه تاكو "1991\ 1999". 2- قۆناخی چاره‌سه‌ری فیدراڵی (ده‌وڵه‌تی فیدراڵی) به‌بێ ده‌ست هه‌ڵگرتنی ره‌سمی له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. 3- قۆناخی مانه‌وه له چوارچێوه‌ی (له ده‌وڵه‌تی دیموكراتی)، واتا "كۆمارێكی دیموكراتیك"... كۆتایی گوتاری سه‌ربه‌خۆی. 4- قۆناخی بێ هیوابوون له ده‌وڵه‌ت واتا قۆناخی كۆنفیدراڵی دیموكراتی واته: "دیموكراسی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت" و "خۆسه‌ری دیموكراتی" سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌ت و هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت.
وه‌ڵامی نۆیه‌م:
گۆڕانكاری له گوتاری ئایدیۆلۆژی نه‌كراوه، چونكه وه‌ك له بهشهكانیتریش روونمان كرده‌وه، ئه‌و رێباز و ئایدیۆلۆژیایه‌ی كه له‌سه‌ره‌تاوه خه‌باتی بۆ كراوه به‌هه‌مان ئاراسته به‌رده‌وام بووه، ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری لێكراوه ئه‌ویش ستراتیژی تێكۆشانه، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیا جیاوازه. ستراتیژی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ تێپهڕكراوه، واتا ستراتیژی دوای ساڵی 2000 به‌رفراوانتر و به‌رهه‌مدارتر و چاره‌سه‌رئامێزتر و واقیعیتر بووه، بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌كان، بۆیه ده‌وڵه‌ت چه‌ق نه‌بووه، به‌ڵكو ستراتیژێك بووه، به‌ڵام زۆر به‌ده‌مارگیری نهگیردراوهته ده‌ست، واتا به‌رده‌وام تواندراوه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تیش گفتوگۆی چاره‌سه‌ری بكرێت. 1- له راستیدا پێویسته مێژووی په‌كه‌كه له ساڵی 1973وه بگردرێته ده‌ست، راسته له‌ساڵی 1978 به فه‌رمی دامه‌زراوه، به‌ڵام چرۆی ئه‌م تێكۆشانه مه‌زنه له 1973وه شكۆفه‌ی كردووه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش فۆڕمی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه ده‌ستی پێكرد كاتێك رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت، ته‌نها دوو وشه‌م ده‌زانی ئه‌ویش " كوردستان داگیركراوه". له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد و وڵاتی كوردستان له‌بیر كه‌س دانه‌بوو، چونكه هزری ئۆتۆنۆمیگهرایی له باشوور و له رۆژهه‌ڵات، فۆڕم و هزر و كه‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دروست نه‌كردبوو، بۆیه تا په‌كه‌كه نه‌هاته مه‌یدان سه‌رله‌به‌ری پارت و رێكخستنه سیاسیه‌كانی كوردستان، عێراق و ئێران و توركیا‌و سوریایان به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام په‌كه‌كه هات ئه‌و ده‌سته‌واژه و زاراوه سیاسیه‌ی گۆڕی و كولتورێكی نوێی له تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی دروستكرد، بۆیه‌ش تا ئێستا پاشماوه‌كانی په‌ده‌كه له هه‌ر چوارپارچه هێشتا پاشگری توركیا و ئێران و سوریایان پێوه‌یه. ته‌نها بزووتنه‌وه‌كانی ته‌ڤگه‌ری ئاپۆیی له ده‌وری پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كۆبوونه‌ته‌وه. له ساڵی 1988 رێبه‌ر ئاپۆ له‌گه‌ڵ مه‌حمه‌د عه‌لی بیراندی گه‌وره رۆژنامه‌نووس، گفتوگۆ سه‌باره‌ت به ئاماده‌كاری بۆ چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه پیشانداوه، كه نه راپه‌ڕین ببوو نه سۆڤیتیش هه‌ڵوه‌شابووه‌وه. له ماوه‌ی 1991 – 1999 سێ جار ئاگربه‌ست راگه‌ێندراوه و له‌هه‌ر ئاگربهستێكیش كه‌م تا زۆر قسه‌كراوه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری دۆزی كورد، ئه‌مه‌ش شتێكی‌تر ده‌سه‌لمێنێ كه په‌كه‌كه و رێبه‌ر ئاپۆ به‌بێ ده‌مارگیری بۆ پرسی ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری ئاماده‌بوونه. 2- تائێستا هیچ قۆناخێك له په‌كه‌كه به‌ناوی فیدراڵیه‌وه نییه، ئاگربه‌ستی ساڵی 1993 له‌گه‌ڵ توركۆت ئۆزاڵ ده‌رفه‌تێك بوو، رێبه‌ر ئاپۆ ئاماده‌گی په‌كه‌كه و سیاسه‌تی كوردیشی بۆ نیشاندا، بۆیه‌ش له كۆنفرانسه رۆژنامهگهریهكهی كه له لوبنان ئه‌نجامدراوه، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی چه‌ند كه‌سێك له به‌رپرسانی په‌كه‌كه، هه‌مانكات هه‌ریه‌ك له ئه‌حمه‌د تورك، كه‌مال بورقای و حه‌مه‌ڕه‌ش ره‌شۆ و مام جه‌لال ئاماده‌بوونه، ئه‌مه‌ش به‌هێزی لایه‌نی كوردی نیشانده‌دات له‌و قۆناخه‌دا، ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی قۆناخه‌كه ئیداره بكات ئه‌وا ده‌وڵه‌تی تورك بوو له‌كه‌سایه‌تی توركۆت ئۆزاڵدا، پێویست بوو ژێرخانی زیاتری بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی ئاماده بكردبووایه. له‌و دانوستاندنه ئۆزاڵ ده‌ڵێت، ده‌توانین فیدراڵیش گفتوگۆ بكه‌ین، به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی په‌كه‌كه و له‌هیچ دیدار و چاوپێكه‌وتن و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی رێبه‌ر ئاپۆش باسی ستراتیژێك به‌ناوی فیدراڵی نه‌كراوه، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ زیاتر راستینه‌ی ده‌وڵه‌تی توركی ده‌ناسی، بۆیه له بچووكترین ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م، پرسی كورد له توركیا بكاته پرسێكی سیاسی ره‌وا، دیسان له‌و ئاگربه‌ستانه‌ی تریش فۆڕمی چاره‌سه‌ری خه‌می گفتوگۆی یه‌كه‌م بووه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و نامه گۆڕینهوانهی سه‌رده‌می نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان و مه‌سعود یهلمازیش. گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی 1ی ئه‌یلولی 1998 ده‌تواندرێت وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بهناوبكرێت بۆ گۆڕانكاری ستراتیژی 1999، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دانوستان و گفتوگۆیانهیتریش ئه‌و باوهڕییهیان دروستكردبوو كه ده‌كرێ له توركیا له رێگه‌یه‌كی تری چاره‌سه‌ری بگه‌ڕێین. 3- قۆناخی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی كه له 9\10\1998 ده‌ستی پێكرد و له 15\2\1999 به دیلگرتنی رێبه‌ر ئاپۆ له نایرۆبی پایته‌ختی كینیا ته‌واو بوو، بۆیه قۆناخێكی نوێ ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ش دوو رێگا هه‌بوو، به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ستراتیژی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی و پێداگری له‌سه‌ر شه‌ڕی چه‌كداری، یان گۆڕانكارییه‌ك تاكو بتواندرێت ئه‌و هێز و ده‌رفه‌ته‌ی دروستبووه، بخرێته خزمه‌ت چاره‌سه‌ری دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد. زۆرێك له‌و سه‌رده‌مه هه‌بوون چاوه‌ڕێبوون رێبه‌ر ئاپۆ له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك وه‌ك شێخ سه‌عید و قازی محه‌مه‌د و سه‌ید ره‌زا له‌سێداره بدرێت و كۆتایی به شۆڕشی په‌كه‌كه بهێندرێت. بۆیه وه‌ك بژارێكی خێرا له‌پێناو پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانگێڕی و دروست كردنی ده‌رچه‌یه‌ك تاكو بتواندرێت سه‌رله‌نوێ گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانێك دروست ببێت كه پێویست بوو. كۆماری دیموكراتی له هه‌رچوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری سه‌ر كوردستان هه‌ڵه نییه، به‌ڵكو ئازادی كوردستان ئه‌وكاته دروست ده‌بێ كاتێك توركیا و ئێران و عێراق و سوریا دیموكراتیزه ببن، ئه‌گه‌رنا به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی ناوه‌ندی ناكرێ هیچ ئامانجێك به‌ده‌ست بخه‌یت. 4- له‌دوای ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له كۆنگره‌ی حه‌وته‌می په‌كه‌كه كه به كۆنگره‌ی نائاسایی ده‌ناسرێت و له‌سه‌ر داواكاری رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌نجامدراوه، هه‌نگاوه‌كانی چڕكرانه‌وه له‌پێناو ئه‌وه‌ی چۆن له‌گه‌ڵ ستراتیژی نوێ و گۆڕانكاریه‌كان بتواندرێت تێكۆشانی شۆڕشگێڕی به‌رده‌وام بكات و له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراتی به رێبازی سیاسی بتواندرێت كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و هه‌نگاوانه چه‌ند هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بۆكرا، هه‌ندێكیان وه‌كو كۆڕگێڕ باسی ده‌كات گووتیان بێ هیوا بوون و ده‌ستبه‌ردان له‌تێكۆشان، ئه‌وان دواتر له هێڵی فه‌رهاد و بۆتان خۆیان ده‌رخست و چوونه باوه‌شی پرۆژه‌ی ئه‌مریكا به رێگای په‌ده‌كه و یه‌نه‌كه. هه‌ندێكیش به‌دڵسۆزیه‌وه ده‌یانویست له‌سه‌ر ستراتیژی كۆن بن و له‌و پێناوه‌ش ده‌یانویست له باكوور شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت، بۆیه تا ماوه‌ی دوو ساڵ نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ باشوور، ئه‌نجامیش هه‌ندێك له‌و هه‌ڤاڵانه شه‌هیدبوون به فه‌رمانداریه‌تی هه‌ڤاڵ عیسا دێرسیم، ئه‌وانیتریش به فه‌رمانداریه‌تی حاملی یلدرم هه‌ڤاڵ كازم گه‌ڕانه‌وه باشوور و قه‌ناعه‌تیان به ستراتیژی نوێ هێنا. ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامدا سه‌ركه‌وت هێڵی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه بوو، هه‌رچه‌نده زه‌حمه‌تیش بوو. دوای ئه‌وه‌ی زاندرا كه ستراتیژی كۆنفیدراڵی دیموكراتی و له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بوون زۆر به‌رفراوانتر و بهدهسكهوتر و به ئهنجامتره، بۆیه خولانه‌وه له‌ده‌وری بازنه‌ی ده‌وڵه‌ت بوو به كۆنه‌په‌رستی و شه‌رمكردن. له‌ئێستا هیچ كه‌سێك نابینیته‌وه كه به‌خه‌یاڵی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بژی و خه‌ونی پێوه ببینێت، به‌ڵام سه‌رله‌به‌ری تێكۆشه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی، گیان له‌سه‌رده‌ستن، له‌پێناو ئازادی و دیموكراسی و مافه نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانیه‌كان. ئیتر په‌كه‌كه بۆته بزووتنه‌وه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی و له‌سه‌ر ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاریگه‌ری هه‌یه، بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌ییش وه‌ك تاكه سوارێك له هه‌رچوارپارچه تێكۆشان ده‌كات له‌پێناو یه‌كێتی و یه‌كڕیزی نێو ماڵی كوردی.
هه‌نگاوه‌كانی به‌رخودانی شاره‌كانی باكووریش له پایزی 2016 وه‌ك ئه‌زمونێك بوون بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه، ده‌كرا باشتر ئاماده‌كاری بۆ بكرێ له‌پێناو ئه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه به‌جێبكرێت، به‌ڵام هێشتا زۆر كه‌س هه‌یه وه‌ك كۆڕگێڕ واده‌زانێت ته‌نها به‌ناوهێنانی ستراتیژ و ده‌وڵه‌ت و فیدراڵیه‌ت و یان ههرناوێكیتر، ئیتر هه‌موو شتێك ته‌واوده‌بێ، نازاندرێت تاكو له كوردستان بچووكترین ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی كورد دروست ده‌كه‌یت پێویستی به چه‌ند ره‌نج و هه‌وڵ و ماندوبوون و شه‌ڕ و تێكۆشان هه‌یه، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ئامانجه‌كان پێویستیمان به به‌رخودان و تێكۆشانی زیاتر هه‌یه. له باشووری كوردستانیش تا به ئه‌مڕۆ گه‌یشتووین له 1806وه به بابانیهكانهوه ده‌ستمان پێكردووه تاكو گه‌یشتۆته ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌شمان بینی له هه‌وڵی جیابوونه‌وه و راپرسیه شكستخواردووه‌كه‌ی په‌ده‌كه چۆن رووبه‌ڕووی ناڕه‌زایی و هێرشی هه‌رێمی و جیهانی بوویه‌وه، په‌ده‌كه وایده‌زانی كاتێك گووتی ده‌وڵه‌ت و راپرسی بۆ كورد هه‌مووشتێك ته‌واوده‌بێت!. بۆیه راستینه‌ی شۆڕش و تێكۆشان له كوردستان هه‌روا به‌ئاسانی نا‌توانیت ده‌سكه‌وت به‌ده‌ستبخه‌یت، ئه‌گه‌ر هه‌روا ئاسان بوایه بێگومان تا رۆژی ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامی نه‌ده‌كرد. كوردستان فه‌له‌ستین نییه، فهلهستینهیهكان 22 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی پشتگیریان ده‌كه‌ن، نیوه‌ی جیهانیش له‌گه‌ڵیانه، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد هه‌موو ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی جیهان لهدژمانن، نمونه‌ی گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش باش ئاشكرابوو كه جیهانی ئه‌مڕۆ چۆنه له‌گه‌ڵ ئێمه، بۆیه ناكرێ كێشه‌ی كورد و كوردستان به هیچ نه‌ته‌وه و گه‌لێكیتر بچوێندرێت، ئه‌گه‌رنا ده‌كه‌ویته هه‌ڵه و خه‌یاڵپڵاوی.
كۆڕگێڕ، ره‌گه‌زێكی گرنگی گۆڕانكاری ئایدیۆلۆژی ئۆجالان:
دۆزینه‌وه‌ی رابردوو، گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو
1- گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆجالان و په‌كه‌كه به‌توندی بۆ منداڵدانه ئایدیۆلۆژیه كۆنه‌كه‌ی خۆیان، "چه‌پ، چه‌پی توركیایی". 2- گه‌ڕانه‌وه بۆ شارستانیه‌تی میسۆپۆتامیا، به‌تایبه‌تی سومه‌ر و به‌رز راگرتنی كۆمه‌ڵگه‌ی چه‌رخی به‌ردینی نوێ "نیۆلۆتیك". (به جه‌ختكردنه‌وه له 1- كێشه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی. 2- كۆمه‌ڵگه‌ی ئۆرگانیكی. 3- به‌هاكانی كۆمه‌ڵ (له‌وانه‌ش به‌هاكانی خێڵ، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئۆرگانیكی). 4- سروشتیبوونی كۆمه‌ڵگه.) 3- گه‌ڕانه‌وه بۆ (ئۆتۆنۆمیه‌كه‌ی باشوور و خودموختاریهكهی رۆژهه‌ڵات)، به‌ڵام به‌هه‌ندێك گۆڕانكاری كه‌مه‌وه.
وه‌ڵامی ده‌یه‌م:
چه‌ندباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه رێبه‌ر ئاپۆ گۆڕانكاری له‌هیچ ره‌گه‌زێكی ئایدیۆلۆژی نه‌كردووه، به‌ڵكو جیهانبینی"پارادایم"ی فراوانتر كردووه و ستراتیژی تێكۆشانیشی گۆڕیوه. رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه به‌رده‌وام په‌یوه‌ستبووه به مێژووی تێكۆشانی خۆی، بۆیه‌ش ته‌نها له كوردستان له‌نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان په‌كه‌كه مێژووی خۆی وه‌ك وانه له ئهكادیمیایهكان له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانی دامه‌زرێنه‌ره‌وه ده‌گوترێته‌وه، رێبه‌ر ئاپۆش له هه‌موو وانه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی به‌رده‌وام نمونه‌ی هه‌ڤاڵان و كادیرانی پێشه‌نگی سه‌ره‌تای تێكۆشانی هێناوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌و پێناسه‌یه هه‌ڵه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ له رابردووی خۆی دانه‌بڕاوه تاكو دووباره بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رابردوو. 1- رێبه‌ر ئاپۆ له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتا كاتێك خوێندكاربووه له زانكۆ، كاریگه‌ربووه به شۆڕشگێڕه چه‌په توركه‌كانی وه‌ك ماهیر چایان، ده‌نیز گه‌زمیش و ئیبراهیم قهیپاقایا و ئه‌و هاوڕێیانه‌یان كه له‌و سه‌رده‌مه به په‌یامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیمپریالیزم و برایه‌تی نێوان تورك و كورد تێكۆشانیان ده‌كرد، بێگومان ئه‌وانه‌ش هه‌موویان چه‌پ بوونه، هه‌مانكات كاریگه‌ربووه به كه‌سایه‌تی رۆشنبیر و وڵاتپارێزی وه‌ك مو‌سا عه‌نته‌ر، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی وه‌ك ئارام تیگرانی ئه‌رمه‌نی. گفتوگۆی تێكۆشانی مۆدێلی په‌كه‌كه‌ش سه‌ره‌تا دیسان له‌گه‌ڵ دوو لاوی توركی شۆڕشگێڕبووه ئه‌وانیش حه‌قی قه‌رار و كه‌مال پیربوونه كه بهكهمال لازیش ناسراوه، ئه‌وانیش لێبڕاوانه كه‌وتنه ناو تێكۆشان، بۆچی كه‌وتنه دوای رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ كه هێشتا په‌كه‌كه‌ش دانه‌مه‌زرابوو، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی داهێنا؛ توركیا سۆسیالیست نابێ، ئه‌گه‌ر كوردستان ئازاد نه‌بێ. بۆیه له‌پێناو توركیایه‌كی سۆسیالیست، پێویسته سه‌ره‌تا كوردستان ئازادبێ، ئه‌مه‌ش وایكرد شۆڕشگێڕه گه‌وره‌كانی وه‌ك حه‌قی قه‌رار و كه‌مال پیر و دوران كه‌ڵكان و به‌سه‌دانی تر هاتنه ریزی رێبه‌ر ئاپۆ و شۆڕشگێڕی به‌هێز و كارامه و پێشه‌نگیان لێ دروستبوو. چه‌پی شۆڕشگێڕیش له توركیا رابردووێكی هه‌یه، ده‌كرێ له‌پێناو دیموكراتیزه‌كردنی توركیا و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی كورد تێكۆشانی هاوبه‌ش پێكه‌وه ئه‌نجامبدرێت. ئه‌مه‌ش له رۆژی ئه‌مڕۆشدا ده‌سكه‌وتی وه‌ك هه‌ده‌په‌ی لێ دروستبووه كه بۆ ماوه‌ی سێ خوله له‌سه‌ر یه‌كتر ده‌توانێ رێژه‌ی %10 تێپه‌ڕێنێت. ئه‌گه‌ر كۆڕگێڕ ده‌یه‌وێت لێپرسینه‌وه له رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه بكات كه له‌سه‌ر دۆگماتیزمی چه‌پگه‌ری به‌رده‌وامن یان خۆیان له‌چوارچێوه‌ی چهپگهریهتی قه‌تیس كردووه، ئه‌و دوو هه‌ڵسه‌نگاندنه هه‌ردووكیان راست نابن، چونكه پرۆژه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ له باكوور و رۆژئاوا له بواری جێبه‌جێكردن دان، پارت و گرووپه چه‌په‌كان، تاكو كه‌سایه‌تی و رێكخستنه نه‌ته‌وه‌یی و لیبڕاڵه‌كان، له مامۆستا و كه‌سایه‌تیه ئاینی و مه‌زهه‌بی و ته‌ریقه‌ته‌كان تا رێكخستنی ژنان و گه‌نجان، هه‌مووی له‌خۆی كۆكردۆته‌وه، به‌ڵام ده‌بێ بزاندرێت رێكخستنه چه‌پ و سۆسیالیسته‌كان وه‌ك نرخی تێكۆشانی شۆڕشگێڕانه ده‌بێ بناسرێن، گرنگ نییه ژماره‌یان چه‌نده، گرنگ ناوهڕۆك و پابه‌ند بوونه به‌تێكۆشانی شۆڕشگێڕانه‌یان. 2- له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین پێویسته وه‌ك چانسێك بۆ خۆمانی بژمێرین كه لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌رباره‌ت به شارستانیه‌تی میزۆپۆتامیا و سومه‌ر و میسر و هیند و چین به‌ئه‌نجام گه‌یشتوون، ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتێكی گرنگه بۆ مرۆڤایه‌تی، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونانه‌ی رێبه‌ر ئاپۆن كه مێژووی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی له‌سه‌ر ساغ كرده‌وه، به‌هه‌مان شێوه له‌ئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی فۆڕمێكی پڕ شانازی كرده به‌ر مێژووی كوردستان. تاكی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌و هه‌ڵسه‌نگانده درۆین و ساختانه‌ی رزگاركرد كه به‌ناوی رۆژههڵاتناسهكانهوه كرابوو، له هێرۆدۆته‌وه تا ده‌گاته دوایین كه‌سیان كه بێجگه له بچووكردنه‌وه و بێ كه‌سایه‌تی كردنی تاكی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی شتێكیتریان نه‌كردبوو، به په‌یماننامه‌كانی سایكیس بیكۆ و لۆزان و قاهیره‌ش بڕیاری لهناوبردنهكهیان ته‌واو كردبوو. ئه‌نجام ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به هزر و فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ شانازی به‌هه‌بوونی خۆی ده‌كات، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و ویژدانی. ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌مه كۆڕگێڕ ره‌خنه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ ده‌كات ئه‌وا هه‌ڵه‌یه، چونكه خاوهندهركهوتن له مێژووی گه‌له‌كه‌ت به‌و زانسته‌ی ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی پێیگه‌یشتووه ئه‌وه سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنه بۆ گه‌لی كورد و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جێگای شانازیش بۆ ئێمه‌ی كورد له كه‌سایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ كه شۆڕشی كوردستان ببێته خاوه‌ن پارادایم و فه‌لسه‌فه‌ی تێكۆشانی خۆی. 3- ئه‌و ئاسته‌ی له‌تێكۆشان رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه پێیگه‌یشتوون هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئۆتۆنۆمیه‌كه‌ی باشوور و خودموختاری رۆژهه‌ڵات نییه، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه ناوكی خۆیان له ده‌وڵه‌ت بڕی و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان له‌هیچ بوارێكه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه، ئۆتۆنۆمی به‌هه‌موو ناوه‌كانی فۆڕمی ده‌وڵه‌ته بۆ نه‌ته‌وه بێ خاكهكان، یان كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان، ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كین له‌سه‌ر خاك و وڵاتی خۆمانیان، كه‌مینه نین و باوه‌ڕیشمان به كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی نییه، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر خاك و ئاوی خۆمان به‌ئازادی بژین، له‌دژی هیچ نه‌ته‌وه و گهلێكیتریش نین، ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تریش بهئاشتیان پێكه‌وه بژین، ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌كانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب ئه‌مه په‌سند ناكه‌ن، ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه تێكۆشانی شۆڕشگێڕانه بهڕێوهدهبین تا ئه‌وكاتی پێیان ده‌سلمێنین. كۆڕگێر ده‌یه‌وێت دوای 21 ساڵ ستراتیژی نوێی رێبه‌ر ئاپۆ بچووك بكاته‌وه بۆ ئۆتۆنۆمی و خودموختاری، ئه‌ویش كاتی به‌سه‌رچووه، چونكه ده‌ركه‌وت له‌بچووكترین ده‌رفه‌تدا ستراتیژی نوێی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه زۆرترین ده‌سكه‌وت به‌ده‌ست ده‌خات بۆ گه‌لی كوردستان و گه‌لانی ناوچه‌كه به‌بێ جیاوازی، نمونه‌ی باكوور و رۆژئاوا و شه‌نگالیش
له‌به‌رچاوانه.
كۆڕگێڕ، قۆناخبه‌ندی گۆڕانكاری له هزری ئۆجالاندا:
قۆناخی یه‌كه‌م: له 1991\ 1999، كۆتایی جه‌نگی سارد تاكو ده‌ستگیركردنی ئۆجالان، ئه‌م قۆناخه به كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیه‌وه رێگا خۆشكرا بۆ گۆڕانكاری له هزری ئۆجالان و په‌كه‌كه‌دا. له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا قبوڵ كردنی فیدراڵی و دواتریش دروشمی "كۆماری دیموكراتیك": 1- قه‌یرانی كوێت وه‌ك ئهرزههژێكی جیۆ – سیاسی له ناوچه‌كه‌دا: بۆ جاری یه‌كه‌م توركیا به ره‌سمی دانی نا به هه‌بوونی 12 ملیۆن كورد له توركیا. 2- كۆتایی جه‌نگی سارد و كرانه‌وه له سیسته‌می جیهانیدا به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان به‌شێوازێكی ئاشتیانه."سیسته‌می نوێی جیهانی". 3- خه‌باتی چه‌كداری له قۆناخی یه‌كه‌می خۆیدا چه‌قی به‌ست و پارسه‌نگی هێز به‌لای ده‌وڵه‌تی توركیادا شكایه‌وه. 4- كرانه‌وه‌ی توركیا له‌سه‌ر ده‌ستی توركۆت ئۆزاڵ،(به رۆڵێكی پۆسهتیڤانهی مام جه‌لال) به‌ڕووی چاره‌سه‌ری، ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌ری فیدراڵی. 5- كۆتایی هاوپه‌یمانی په‌كه‌كه و رژێمی سوریا 1998، دووباره بوونه‌وه‌ی نسكۆی 1975، به‌ڵام به‌هه‌ندێك جیاوازیه‌وه. په‌كه‌كه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین وه‌ك چۆن له‌ساڵی 1988 چه‌كی دانا به یه‌كجاره‌كی په‌كه‌كه‌ش له ساڵی 1993 چه‌كی دانا بوایه. 6- كۆتایی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و ئۆجالان و ده‌ركردنی ئۆجالان له سوریا و ده‌ستگیركردنی، واتا كۆتایی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌ستكردن به قۆناخی" كۆماری دیموكراتیك". 7- بۆ یه‌كه‌مجار فه‌راهه‌مبوونی خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسی و به‌شداری كورد له رێگای HEPوه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له پاییزی 1991دا. 8- فاكته‌ری دیمۆگرافی (دانیشتوانی كورد) له توركیا.
وه‌ڵام یازده‌یه‌م، بۆ قۆناخی یه‌كه‌م:
ئه‌گه‌ر قۆناخی گۆڕانكاری یه‌كه‌م له 1991 تاكو 1999 تاوتوێ بكه‌ین ئه‌وا ناكرێ فاكته‌ره‌كانی گۆڕانكاری به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه ببینین، بۆیه ئه‌گه‌ر وای ریزبه‌ند كردبوایه راستتر ده‌بوو؛ فاكته‌ره‌كانی گۆڕانكاری له هزری رێبه‌ر ئۆجالان، سه‌ره‌تا فاكته‌ره ناوخۆییه‌كان كاریگه‌ریان زیاتره، دواتریش فاكته‌ره هه‌رێمی و جیهانیه‌كان. فاكته‌ری سه‌ره‌كیش گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات، ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی چه‌كداری، به‌ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا، په‌ڕینه‌وه‌ی شۆڕش بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. فاكته‌ری دووه‌م ئه‌و بارودۆخه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بوو، به‌تایبه‌ت ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی عێراق - ئێران و كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆتایی شه‌ڕ، داگیركردنی كوێت و تێكشكانی ده‌وڵه‌تی عێراق، گۆڕانكارییه جیهانیه‌كانیش هه‌ره‌سی بلۆكی به‌ناو سۆسیالیستی و ده‌ستێوه‌ردانی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی. قۆناخێك به‌ناوی فیدراڵی لای رێبه‌ر ئاپۆ باسی لێ نه‌كراوه له‌هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركیا به‌ئاراسته‌ی فیدراڵیش دروست بووایه ده‌كرا بخرێته خزمه‌ت دۆزی ره‌وای میلله‌تی كورد و دیموكراتیزه‌كردنی توركیا، به‌هه‌مان شێوه دوای ده‌ستپێكردنی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی و به‌دیل گرتنی رێبه‌ر ئاپۆ، ده‌ستپێكردنی قۆناخێكیتر له‌تێكۆشان پێویست بوو" كۆماری دیموكراتیش" ده‌كرێ وه‌ك سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ده‌رچه‌یه‌ك به‌ناوی بكه‌ین له‌ناو گهلهكۆمهیهك كه به‌نیازی له‌ناوبردنی شۆڕش ده‌ستی پێكردبوو. 1- ئه‌گه‌ر فاكته‌ری ناوخۆیی، واتا هێز و توانای رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه نه‌بینین و بێین گۆڕانكارییه‌كان ته‌نها به فاكته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه ببه‌ستینه‌وه، ئه‌وا راست نابێ و زیاتر ده‌كه‌وینه قاڵبی سیاسه‌تی حیزبه‌كانی باشوور كه ده‌بێ ده‌رفه‌ت بێنه پێشه‌وه ئینجا ئه‌ویش بێته سه‌ر حازری. سه‌رده‌مێك كه رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ستی به تێكۆشان كرد، نه شه‌ڕی عێراق - ئێران و نه شه‌ڕی كوێت و نه راپه‌ڕینی باشووریش هه‌بوون، هه‌مانكات كوده‌تای 12ی ئه‌یلولی 1980 فاشیسته‌كانی تورك دروست نه‌ببوو، بلۆكی به‌ناو سۆسیالیستیش هه‌ڵنه‌وه‌شابووه‌وه، به‌ڵام رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه ده‌ستیان دایه تێكۆشانێك كه له مه‌حاڵ ده‌چوو، به‌ڵام مه‌حاڵ كرایه واقیع. به‌هه‌مان شێوه كاتێك كوده‌تای 12ی ئه‌یلول دروستبوو، هه‌موو كه‌س وای بیرده‌كرده‌وه كه ئیتر تێكۆشان و خه‌بات له‌پێناو كوردستان جارێكی‌تر گۆڕه‌پانی سیاسی به‌چاوی خۆی نابینێته‌وه، زۆرێكیش له‌وانه‌ی كه ئێستا تیر و توانج له په‌كه‌كه ده‌گرن نمونه‌ی بورقای و زۆرێك له پارت و رێكخستنیتر، به‌ڵام ئه‌وكات باره‌گای سیاسه‌تیان پێچایه‌وه و تا ئه‌وروپا و ئه‌مریكا نه‌وه‌ستان، به‌ڵام رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه شانیان داوه‌ته به‌ر ئه‌و قۆناخه سه‌ختانه و به هێز و بازووی خۆیان ده‌رفه‌تیان ئافراندووه. به‌ر له قه‌یرانی كوێت رێبه‌ر ئاپۆ هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو چاره‌سه‌ری باشتر چڕكردۆته‌وه، بۆیه‌ش ئه‌و دیداره‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لی بیراند كردۆته ده‌رفه‌تێك كه په‌یامه‌كانی بگه‌یه‌نێته رای گشتی كوردستان و توركیا، به‌هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردستانییه‌كان له بیقاع چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه، خودی ج.تاڵه‌بانی نزیكه‌ی سێ مانگ له بیقاع ماوه‌ته‌وه، له دیداری ج.تاڵه‌بانی و رێبه‌ر ئاپۆش ئه‌و راستییه‌مان زیاتر بۆ ئاشكرا ده‌بێت. له زستانی 1990\1991 په‌كه‌كه كۆنگره‌ی چواره‌مینی خۆی له هه‌رێمی بادینان به‌ست و ئاماده‌كاری خۆی بۆ قۆناخ باش نیشانداوه، ئه‌وكات رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌وه به‌ئاشكرا له راپۆرتی سیاسی كۆنگره پیشانداوه كه هه‌رێمه‌كه بهقۆناخێكی نوێ تێپه‌ڕده‌بێت پێویسته كورد بۆی ئاماده‌بێت. چونكه له باكوور خۆپیشاندان و راپه‌ڕین ده‌ستیپێكردبوو، به‌تایبه‌ت له شاره‌كانی وه‌ك جزیره و نه‌سێبین و سلۆپی و ئامه‌د و شرنا‌خ، ئیدی شۆڕش له‌شاخ و شاره‌وه ببوو به‌یه‌ك، ئه‌و بێ ئومێدییه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی باشووریش دوای ئه‌نفال به‌تێكشكانی رژێمی به‌عس له كوێت خهتووكهی ده‌هاته‌وه. بۆیه ده‌كرا سه‌رده‌مێكی نوێ له شۆڕشی كوردستان ده‌ستپێبكات، به‌تایبه‌ت له باكوور و باشوور. ئه‌وا ره‌حمی ده‌وڵه‌تی تورك نه‌بوو كه بڵێت 12 ملیۆن كورد هه‌یه له توركیا، به‌ڵكو ئه‌وه هێز و تێكۆشانی شۆڕشی كوردستان بوو كه چۆك به سیاسه‌تی نكۆڵی‌كردن و توانه‌وه كه‌چ بكات كه ماوه‌ی 70 ساڵ بوو به‌ڕێوه‌ده‌چوو. ره‌نج و ماندووبوونی شۆڕشگێڕان و خوێنی شه‌هیدان و به‌رخودانی زیندانیان نابێ بكرێته نیعمه‌تی قسه‌یه‌ك كه به‌رپرسیارێكی داگیركه‌ر ناچار ده‌مێنێ دانیپیابنێت. ئه‌گه‌ر رێبه‌ر و رێكخستنی شۆڕشگێڕی ئاماده‌بوونیان هه‌بوو، ئه‌وا ده‌كرێت سوود له فاكتهرهكانیش ببیندرێت. 2- به‌ر له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و كۆتایی هاتن به قۆناخێك له شه‌ڕی جیهانی و ده‌ستپێكردنی قۆناخێكیتر به‌ناوی سیسته‌می نوێی جیهانی و ئه‌مریكا خۆی كرد به خودای سه‌ر زه‌وی و بۆ ئه‌مه‌ش پرۆژه‌كه‌یان به‌ناوی كۆتایی مێژوو نووسیوه له‌لایه‌ن فۆكۆ یاماوه. سیسته‌می نوێی جیهانی كه ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له بنه‌مادا دروستكردنی هه‌ژموونگه‌رای مۆدیرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری بوو بۆسه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و هێز و ده‌وڵه‌تانه‌ی نه‌هاتنه ژێرباریان ئه‌وا هێرشیان كردنه سه‌ر و هه‌ندێكیان ته‌سلیم گرت و هه‌ندێكیشیان سه‌ركوتكردن، هه‌ندێكیشیان له‌ناوبردن. په‌كه‌كه و رێبه‌ر ئاپۆ له ئامانجی "سیسته‌می نوێی جیهانی" دابوون، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركوت بكرێ و بێكاریگه‌ر بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌ی بۆ شه‌ڕی كوێت ئاماده‌كرابوو رژێمی به‌عسیان پێ سهركوتكرد، به‌هه‌مان هێزه‌وه له پاییزی 1992 به پێشه‌نگایه‌تی په‌ده‌كه و یه‌نه‌كه هێرشیان كرده سه‌ر هێزه‌كانی گه‌ریلا له سنووری باكوور و باشوور، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ده‌ستی بخه‌ن، له‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌سلیم گرتنی فه‌رهاد "عوسمان ئۆجالان" و گواستنه‌وه‌ی بۆ كامپه‌كانی زه‌ڵێ و نۆكان له سنوری رۆژهه‌ڵات. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی توركیا و په‌ده‌كه و یه‌نه‌كه له‌و هێرشه‌یان سه‌رنه‌كه‌وتن، بۆیه ده‌رفه‌تێكی تر له‌به‌رده‌م پرسی كورد كرایه‌وه. بۆیه ئه‌و قۆناخه‌ی به‌ناوی سیسته‌می نوێی جیهانی به‌ناو ده‌كرێت، له‌بنه‌مادا سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تیه به سه‌رۆكایه‌تی سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی پێشه‌نگایه‌تی بۆ ده‌كه‌ن. رێبه‌ر ئاپۆ به‌هونه‌ری خۆی هزری و سیاسی و به‌رخودانی شكۆداری گه‌ریلا، توانی ئه‌و قۆناخه به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. 3- ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی چه‌كداری له باكوور له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك، دوای په‌نجا ساڵ له بێده‌نگی و حه‌فتا ساڵ له پرۆسه‌كانی نكوڵیكردن و توانه‌وه و ئاسیملاسیۆن و ژینۆساید، هه‌روا ئاسان نه‌بوو كه باسی شه‌ڕی چه‌كداری بكرێت، به‌ڵام ئه‌و به‌رخودانیه‌ی هه‌ڤاڵان مه‌زلوم دۆغان و فه‌رهاد كورتای و هه‌ڤاڵانی و كه‌مال پیر و خه‌یری دورموش و هه‌ڤاڵانی له زیندانه‌كانی داگیركه‌ری پیشانیان دابوو به سپاردنی گیانی ئه‌وان ته‌واو ببوو، ده‌بووا ئه‌و تێكۆشانه به‌شه‌ڕی چه‌كداری له‌شاخه‌كانی كوردستان وه‌ڵامی بدرابوایهوه. شه‌ڕی نێوان دوو داگیركه‌ری سه‌ر كوردستان عێراق و ئێران ده‌رفه‌تێكی دروستكردبوو، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی هێزه چه‌كدارییه‌كانی باشوور، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه رێبه‌ر ئاپۆ به هێز و تێكۆشانی خۆی له لوبنان و سوریا ئافراندبووی. له‌لای زۆر كه‌س و لایه‌نی سیاسی و چه‌كداریش خه‌یاڵ بوو كه چۆن ده‌كرێ شه‌ڕ له‌دژی داگیركه‌ری تورك بكرێت، به‌ڵام له 15ی ئابی 1984 به فه‌رمانداریه‌تی فه‌رمانده‌ی ئه‌فسووناوی مه‌عسوم قۆرقماز"عگید" شه‌ڕی چه‌كداری به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌ستپێكردبوو. له په‌رتووكی مێژووی په‌كه‌كه‌دا هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه هه‌ڤاڵ جه‌میل بایك ده‌ڵێت؛ "ئیدریس بارزانی پێی گوتین چۆن ده‌بێ له دژی سوپای توركیا شه‌ڕ ده‌ستپێبكه‌ن، ئێمه له‌ناوده‌چین"، واتا په‌كه‌كه شه‌ڕی ده‌ستپێكردبوو، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی په‌ده‌كه زراوی چووبوو. له‌ناو بێ ئه‌زمونی و نه‌بوونی كه‌مترین ده‌رفه‌ت، شه‌ڕ ده‌ستی پێكردبوو و قۆناخ بهقۆناخیش به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چوو، ئه‌نجام به ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان و راپه‌ڕین له باكوور و باشوور، ده‌رگا له‌به‌رده‌م به‌شداربوونی نوێكرایه‌وه له شار و شاخ. ئه‌مه‌ش هۆكاربوو له سه‌ره‌تای ساڵانی 1990 تاكو 1994 ژماره‌ی گه‌ریلا بۆ زیاتر له 10- 20 هه‌زار گه‌ریلا به‌رزبووه و له‌گه‌ڵ سه‌دان هه‌زار له لایه‌نگر و دۆست و ئه‌ندام و خه‌باتكار.
كاتێك دوژمن ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ریان له‌سه‌رده‌می توركۆت ئۆزاڵ له‌باربرد، بۆیه به‌گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و هێنانه سه‌ركاری رژێمی تانسۆ چیلله‌ر و سلێمان دیمێڕاڵ ده‌ستیان به ئۆپه‌راسیۆن و هێرشی داگیركه‌ری كردبوو، به‌ڵام ئیتر شۆڕشی كوردستان گه‌یشتبووه ئاستێك گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دواوه‌ی نه‌بوو. ویستیان به رێككه‌وتنی دبلن له ئیرله‌ندا خولێكی نوێی شه‌ڕ به په‌ده‌كه و یه‌نه‌كه ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، به‌ڵام به وشیاربوونی خۆی په‌كه‌كه به‌رله‌وان گورزێكی لێوه‌شاندن. بۆیه یه‌نه‌كه نه‌چووه ژێرباری ئه‌و شه‌ڕه له ئه‌یلولی 1995، " په‌رتووكی دیداری ته‌مه‌ن ج.تاڵه‌بانی ئه‌مه‌ی به‌ڕاشكاوی باسكردووه". ئه‌نجام په‌ده‌كه نه‌یتوانی ئه‌نجام بگرێ و ناچار ما رێككه‌وتنێكی زاره‌كی له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له 1996 پهسندبكات. به‌كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی مهد تیڤی و به‌رفره‌وان بوونی په‌كه‌كه له‌لایه‌نی سیاسی و جه‌ماوه‌ری باری گه‌ریلای تائاستێك سووك كرد، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك و په‌ده‌كه له دوژمنایه‌تی كردنی په‌كه‌كه نه‌وه‌ستان و ئۆپه‌راسیۆنی 14ی مایسی 1997 یان ئه‌نجامدا له بادینان و پاشان به‌ره‌و هه‌ولێر هاتن و كۆمه‌ڵكوژیان له هه‌ولێر ئه‌نجامدا و نزیكه‌ی 80 كادیر و ئه‌ندام و دۆست و خه‌باتكاری بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیان كۆمه‌ڵكوژ كرد و تائێستا گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانیان له‌لایه‌ن په‌ده‌كه‌وه ئاشكرا نه‌كراوه. ئه‌و شه‌ڕ و دوژمنایه‌تیه تاكو ساڵی 2001 به‌رده‌وامبوو، چونكه قۆناخی شه‌ڕی ساڵی 2000یش هه‌یه كه له‌لایه‌ن یه‌نه‌كه و ده‌وڵه‌تی تورك و ئێران له قه‌ندیل ئه‌نجام درا و به تێكشكانی یه‌نه‌كه كۆتایی هات.
ره‌خنه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ پێویسته له‌و قۆناخه به‌و شێوه‌یه تێبگه‌ین، ده‌كرا هێزی خۆمان گه‌وره‌تر بكه‌ین و زیاتر له سه‌د هه‌زار گه‌ریلا له كوردستان دروستبكه‌ین و به‌زه‌بری هێز دوژمن بێنینه چاره‌سه‌ری یان حكومه‌تی شه‌ڕ دروست بكه‌ین كه رێنمایی ساڵی 1993 و كۆنگره‌ی په‌كه‌كه‌ی پێنجه‌مین له 1995 بوو. چونكه زۆربه‌ی زۆری هه‌رێمه‌كانی بۆتان و بادینان و ئامه‌د و گارزان و به‌شێك له سه‌رحه‌د له‌ژێر ده‌ستی گه‌ریلا دابوون، گه‌ریلا به ده هه‌زار كه‌سه‌وه ئه‌و هه‌رێمانه‌ی ده‌پاراست. یان ئه‌وه‌تا زیاتر له‌پرۆژه‌ی سیاسی قووڵ بباینه‌وه و كێشه‌كانمان به سیاسی چاره‌سه‌ر بكردبووایه، به‌ڵام ئه‌وا دوژمن بوو بۆ پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسیانه ئاماده نه‌بوو، بۆیه ئه‌و شه‌ڕه‌ی له 1993 تاكو 2001 به‌ڕێوه‌چوو، ده‌بێ وه‌ك رزگار كردنی شۆڕش له له‌ناوچوونه‌وه ببیندرێت. رێبه‌ر ئاپۆ خۆی فه‌رمانداریه‌تی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی گه‌ریلا بوو، بێگومان ئه‌و له هه‌موومان باشتر بارودۆخی شه‌ڕ و گۆڕانكارییه‌كان تێده‌گه‌یشت، بۆیه دووباره سازكردنه‌وه و قۆناخی نوێش دوای 2001 دیسان به رێنماییه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆوه ئه‌نجام دراوه. تاكو ئێستاش واتا 2020 زۆربه‌ی هه‌رێمه شاخاوییه‌كانی باكوور له‌ژێر ده‌ستی گه‌ریلا دایه، به‌ڵام ده‌بێ كۆڕگێڕ و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاگاداریان كه‌مه له شه‌ڕی گه‌ریلایی، په‌كه‌كه شه‌ڕی گه‌ریلایی ده‌كات نه‌ك شه‌ڕی به‌ره‌یی و نمونه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی، چونكه گه‌ریلا ده‌توانێ به‌هێزتر گورز له سوپایه‌كی نیزامی بدات. 4- پێشكه‌وتنی شۆڕشی كوردستان له باكوور و باشوور و تێكچوونی هێرش و ئۆپراسیۆنی پاییزی 1992 ، هه‌روه‌ها رژێمی كوده‌تای 12ی ئه‌یلول ده‌وڵه‌تی توركیای ته‌نگه‌تاو كردبوو، بۆیه توركۆت ئۆزاڵ كه سه‌رۆكایه‌تی پارتی نیشتمانی دایكی ده‌كرد، بۆ جاری دووه‌م پارته‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 1991 بهسهركهوتبوو، ئه‌مجاره‌یان ئۆزاڵ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هاتبووه‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ئۆزاڵ مه‌به‌ستی بوو توركیا له قه‌یرانی سیاسی و ئابووری رزگار بكات، هه‌روه‌ها پرسی كوردیش له‌چوارچێوه و رێنمایی ئه‌ودا رێڕه‌وی خۆی وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستپێشخه‌ری كرد له رێگای رۆژنامه‌وانی ده‌وڵه‌ت جه‌نگیز چاندار و خۆگه‌یاندن به ج.تاڵه‌بانی. مرۆڤ ده‌توانێ ئه‌وه بڵێت كه ج.تاڵه‌بانی رۆڵی خۆی گێڕا و قۆناخێكی ده‌ستپێكرد، به‌ڵام توركۆت ئۆزاڵ نه‌یتوانیبوو هێزه‌كانی ناوخۆی وه‌ك ئهرگهنهكۆنچی و حیزب و كۆنترا و ژیته‌م و میت كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیه سه‌ره‌تا به كوشتنی ئه‌شه‌ره‌ف به‌دلیسی فه‌رمانداری جه‌ندرمه ده‌ستپێكرا و پاشانیش به به‌ختیار ئایدن و چه‌ند كهسایهتیهكیتر كه لایه‌نگری رێبازی ئۆزاڵ بوون بۆ چاره‌سه‌ری، به‌كوشتنی ئۆزاڵیش قۆناخه‌كه كۆتایی پێهات. خه‌تیب دیجله كه ئه‌وكات په‌رله‌مانتاری هه‌پ بوو له‌سه‌ر داوای ئۆزاڵ به‌ره‌و دیمه‌شق ده‌چوون، ده‌ڵێت؛ "ئێمه له رێگای دیمه‌شق بووین ده‌چووین بۆلای رێبه‌ر ئاپۆ له رێگا گوێمان له رادیۆ گرت گووتیان ئۆزاڵ به جه‌ڵته‌ی دڵ مرد، ده‌ڵێ كه رێبه‌ر ئاپۆمان بینی، رێبه‌ر ئاپۆ گووتی، ئۆزاڵیان كوشت". له‌ناو په‌كه‌كه‌ش شه‌مدین ساقق ده‌ركه‌وت كه خۆی فرۆشتبووه دوژمن، ئه‌ویش به‌ده‌ست و پیلانی رێكخستنێكی شاراوه‌ی به‌ناوی "ژیته‌م" له رێگای فهرماندارهكهیان به‌ناوی "مه‌حمود یه‌شیل" له هه‌رێمی بینگۆڵ 33 سه‌ربازی بێ چه‌كی كوشت كه ده‌چوونه‌وه ماڵه‌وه بۆ مۆڵه‌ت، ئه‌ویش گورزێك بوو له قۆناخه‌كه وه‌شێندرا، به‌ڵام رێبه‌ر ئاپۆ هه‌ر زوو گووتی ئه‌و چالاكیه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه، بۆ ئه‌مه‌ش شه‌مدینی له ئه‌رك گرت و دادگایی كرد. شه‌مدین ساقق له رێگای په‌ده‌كه‌وه له ریزه‌كانی شۆڕش رایكرد و خۆی راده‌ستی دوژمن كرده‌وه له به‌هاری 1998.
له توركیا گرنگه ده‌رگای چاره‌سه‌ری بكرێته‌وه و سیسته‌می شۆڤینزمی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی نكوڵیكار و توانه‌وه و ئاسیملاسیۆن و ژینۆسایدكار كۆتایی پیبهێندرێت، بۆیه لهناولێنان زیاتر كردار و نزیكایه‌تی بۆ پرسه‌كه مه‌رجه. هه‌رچه‌نده هه‌وڵ و پرۆژه‌ی ئۆزاڵ هه‌بوایه و ناوه‌ندگیری ج.تاڵه‌بانیش هه‌بوایه، ئه‌گه‌ر ئاماده‌گی و پێشوازی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه نه‌بووایه و ئاگربه‌ستی رانهگهیاندبووایه، ئه‌وا نه‌ده‌تواندرا هیچ شتێك بكرێت، چونكه ئێمه چه‌ندین نمونه‌ی به‌و شێوه‌یه‌مان له جوڵانه‌وه چه‌كدارییه‌كانی باشووردا هه‌بووه له سه‌رده‌می ع.قاسم و سه‌رده‌می قه‌ومیه‌كان و به‌عسیه‌كانیش، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نی كوردی ئاماده‌گی نه‌بووه بۆیه نه‌تواندراوه له‌و ده‌رفه‌تانه سوودمه‌ند بین. 5- په‌كه‌كه و رێبه‌ر ئاپۆ هیچ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی فه‌رمیان له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا نه‌بووه تا كۆتایی پێبێ، به‌ڵكو له ساڵی 1998 دوای رێككه‌وتنی واشنتۆن، له رێگای حوسنی موباره‌كه‌وه ئه‌مریكا ته‌نگی به رژێمی ئه‌سه‌د هه‌ڵچنی بۆ ئه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ له سوریا ده‌ركه‌وێت، ئه‌ویش وه‌ك ده‌ستپێكردنی پیلانگێڕی به‌ناو ده‌كرێت، رێبه‌ر ئاپۆش حوسنی موباره‌ك به فیرعه‌ونه‌كانی میسر ده‌چوێنێت. له‌ناو هه‌لومه‌رجی ساڵانی هه‌شتا و نۆوهتهكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی سوریا، ده‌رفه‌تی دروست كردبوو تاكو رێبه‌ر ئاپۆ بتوانێ له‌و هه‌رێمه هه‌ندێك ده‌رفه‌ت بۆ شۆڕش دروست بكات. ئه‌نجام توانی به لێهاتوویی خۆی 18 ساڵ له نێوان سوریا و لوبنان سیاسه‌ت بكات و ده‌سكه‌وتی گه‌وره به‌ده‌ستبخات، رێبه‌ر ئاپۆ له په‌رتووكی پێنجه‌میدا ده‌ڵێت،" له سوریا له‌سه‌ر پشتی شێر سیاسه‌تم كردووه، په‌یوه‌ندیه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ سوریا زیاتر له ڕێگای عبدولحهلیم خه‌دام و جه‌میل ئه‌سه‌د بوونه، ئه‌وانیش له چوارچێوه‌ی دۆستایه‌تی دابووه، واتا فه‌رمی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان نه‌بووه". رێبه‌ر ئاپۆ به‌ده‌رچوونی له سوریا ده‌ڵێت، " له‌به‌ر ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ی كه ماوه‌ی 18 ساڵ بوو له سوریا هه‌مبوو، نه‌مویست له‌به‌ر من زه‌حمه‌تیان بۆ دروست ببێت، دوو رێگام له‌به‌رده‌م بوو، یان بچمه شاخ و ئاگری شه‌ڕ گوڕبكهم، یان بچم به‌ره‌و ئه‌وروپا و له ده‌رگای چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ی ئه‌وروپا بده‌م، له ئه‌نجامی باوهڕكردنم به دۆسته ساختهكانم بۆیه كاروانی هات و نه‌هاتی ئه‌وروپام گرته‌به‌ر، ئه‌نجام به پیلانگێڕی 15ی شوباتی 1999 ته‌واوبوو".
كۆڕگێڕ لێره‌دا له هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه، ئه‌ویش لێكچواندنی په‌كه‌كه و په‌ده‌كه‌یه، هه‌مانكات رێبه‌ر ئاپۆ و م.بارزانیه. ته‌نها له‌یه‌ك بابه‌ت له‌یه‌كتر ده‌چن و ئه‌ویش هه‌ردووكیان كوردن و رووبه‌ڕووی پیلانگێڕی بوونه‌ته‌وه، وه‌كوتر هیچ لێكچونێكیتر نییه. رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه نه شكستیان په‌سند كردووه و نه خۆیان راده‌ستكردووه و نه ده‌ستبه‌رداری خه‌بات و تێكۆشان بوونه. ئه‌گه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه وه‌كو م.بارزانی و په‌ده‌كه‌یان به‌سه‌ر بهاتبووایه، ئه‌وا كۆڕگێڕ دوای 22 ساڵ له پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌هات له‌سه‌ر گۆڕانكارییه هزریه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ و تێكۆشانی په‌كه‌كه كۆڕێك بگێڕێت، بۆیه پێویسته بزانێت ئه‌وا ئه‌نجامی به‌رخودان و تێكۆشانی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌یه كه ئه‌مڕۆ گه‌لی كورد و گهلانیتر ده‌توانن هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ن و تروسكایه‌كی ئازادیش هه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه و رێبه‌ر ئاپۆ نه‌بوونایه ئه‌رێ كه‌سیتر هه‌بوو و هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر داگیركه‌ری تورك سیاسه‌ت و شه‌ڕ بكات، هه‌مانكات كه‌سیتر هه‌بوو له باشوور و له رۆژئاوا رووبه‌ڕووی چه‌ته‌كانی داعش بووه‌ستێته‌وه؟. بۆیه زۆر نادادپه‌روه‌ری و ناڕه‌وایه كه كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك كۆڕگێڕ كه‌خۆی به دژه په‌ده‌كه به‌ناو ده‌كات، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی ده‌خاته هه‌مان تای ته‌رازووی په‌ده‌كه و م.بارزانیه‌وه.
كۆڕگێڕ ده‌ڵێت، ده‌بووا په‌كه‌كه له ساڵی 1993 چه‌كی دانابوایه، به‌ڵام ناڵێت له‌به‌رامبه‌ر چی؟ ده‌وڵه‌تی قووڵ له توركیا ده‌رفه‌تی ژیانیان نه‌دا به توركۆت ئۆزاڵ، چونكه ناوی پرسی كوردی هێنابوو كه سه‌رۆك كۆماری خۆیان بوو، ئایا ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه چه‌كی دانابوایه ئێستا شتێك هه‌بوو كۆڕگێڕ له باكووری كوردستان و توركیا قسه‌ی له‌سه‌ر بكات؟، ساڵی 1993 په‌ده‌كه‌ی ئێران و كۆمه‌ڵه چه‌كیان دانا و هاتن له باشوور كامپ نشین بوون، ئایا هیچ پێشكه‌وتنێك له خه‌باتی رۆژهه‌ڵات دروستبوو؟، ئه‌و داواكارییه‌ی كۆڕگێڕ داواكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و په‌ده‌كه و توركیا بوو له ساڵی 1992، ئه‌ی شه‌ڕی 1992 بۆچی دروستبوو، چونكه په‌كه‌كه ئاماده‌نه‌بوو چه‌ك دابنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی كۆڕگێڕ و ئه‌و هێزانه‌ی هێرشیان كرده سه‌ر په‌كه‌كه له 1992 جیاوازیان نییه. دۆزی فه‌له‌ستین و كورد جیاوازه، له‌لایه‌كیتریش ئه‌وان له ئه‌نجامی گفتوگۆیه‌ك له ئۆسلۆ گه‌یشتنه هه‌ندێك ئه‌نجام، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیا و ئه‌مریكا هیچ مێزێكی گفتوگۆیان ئاماده نه‌كردبوو، تاكو رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه لێیان راكردبێ، رێبه‌ر ئاپۆ ئاگربه‌ستی درێژكرده‌وه، تورك ئۆزالیان كوشت، ئه‌وكات له‌به‌رچی و بۆكێ چه‌ك دابنێت، ئه‌مه هیچ لۆژیكێكی نییه. دواتر دۆخی فه‌له‌ستین و رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین "فه‌تح" ده‌بینین چۆنه، كه ناتوانن هیچ هه‌نگاوێك بنێن و بوونه‌ته دیلی ده‌ستی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و حه‌ماس. 6- وه‌ك چۆن سوریا و په‌كه‌كه هیچ هاوپهیمانهتیهكیان نه‌بووه، به‌هه‌مان شێوه رێبه‌ر ئاپۆ و حافز ئه‌سه‌دیش هاوپه‌یمانه‌تیان نه‌بووه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌بووایه له‌وانه‌یه باشتر بووایه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد بیتوانی بووایه كۆمه‌ڵێ دهسكهوتیتر بچنێته‌وه. دواتر ئه‌سه‌د بۆ ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی كوردستانی به شیوعیهكانیشهوه زۆرترین یارمه‌تی و پاڵپشت بووه. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتی سوریا نه‌بووایه، یان رژێمێكی وه‌ك به‌شاری كوڕی بووایه، له‌وانه‌یه جوڵانه‌وه‌ی كوردی له باكوور و باشوور به‌و خێرایه به‌ره‌وپێشه‌وه نهچووبوایه. له‌كاتی كۆچی دوایی ئه‌سه‌د له ساڵی 2000 له‌سه‌ر راسپارده‌ی ج.تاڵه‌بانی ئیداره‌ی سلێمانی له‌هه‌موو فه‌رمانگه ره‌سمی و قوتابخانه‌كان خوله‌كێك رێزگرتنیان بۆ حافز ئه‌سه‌د گرتووه و ئاڵایان بۆ داگرتووه. خۆزگه هه‌موو دۆسته‌كانی كورد وه‌ك حافز ئه‌سه‌د بوونایه، له‌وانه‌بوو كێشه‌ی كورد تا ئه‌مڕۆ درێژی نه‌كردبووایه. بهبێڕێزییهوه كۆڕگێڕ ده‌ڵێت، " ده‌ركردنی ئۆجالان له سوریا"، له‌هه‌موو به‌ڵگه نووسراو زاره‌كیه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌دا نه‌هاتووه كه سوریا به رێبه‌ر ئاپۆیان گووتبێ ده‌بێ لێره بڕۆیت، رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت، "هه‌ستم كرد ئیتر رۆڵی سوریا بۆ خزمه‌تكردنی شۆڕشی كوردستان ته‌واوبووه و به‌رگه‌ی هێرشێكیش ناگرێت كه ئه‌مریكا و توركیا بیكه‌نه سه‌ری و به وه‌فاداریم بۆ ئه‌و 18 ساڵی مانه‌وه‌م له‌وێ، هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه‌ی به كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی سوریا، بۆیه بهچاكم زانی سوریا به‌جێبێڵم". ئیدی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی، هێرش و ئۆپه‌راسیۆنێكی هه‌روا ئاسان نه‌بوو كه بتوانی هه‌ر له‌سه‌ر مه‌یل و هه‌وه‌سی جارانی خۆت بمێنیته‌وه، ده‌بوو هێزێكی هزری و رێباز و ئیراده‌یه‌ك هه‌بێ بۆ گۆڕانكاری، تاكو ئه‌و شاڵاوه‌ی به‌ناوی پیلانگێڕی هاتووه به‌هه‌مان شكه‌ستی م.بارزانی دووباره نه‌بێته‌وه. راسته قۆناخێك له‌ناو زه‌حمه‌تی و دژواری و كه‌می هیواوه ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌هێز و ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی په‌كه‌كه و به‌هێز و بیرمه‌ندی رێبه‌ر ئاپۆ تواندرا له كۆماری دیموكراتیه‌وه ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه و شۆڕشی كوردستان بگه‌یه‌ندرێته ئه‌مڕۆ. بۆیه رێبه‌ر ئاپۆ له كۆتایی ساڵی 1999 گووتی، "یارمه‌تیم بده‌ن به‌قه‌د نوكی ده‌رزی تروسكایه‌ك ده‌بینم، باپێكه‌وه ئه‌و تروسكایه بكه‌ینه تیشك و رۆژێك بۆ گه‌لی كوردستان و ئازادیخوازان"، دوای 20 ساڵ له‌و گۆڕانكاریانه ئه‌نجامه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌رده‌ستن و چ هیوا و ئومێدێكی له‌ناو گه‌لی كوردستان و ئازادیخوازانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان دروست كردووه. 7- بۆ یه‌كه‌مجار فه‌راهه‌مبوونی خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسی و به‌شداری كورد له رێگای HEPوه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له پایزی 1991دا. پێشكه‌وتنی شۆڕشی كوردستان له باكوور و ته‌نگه‌تاو بوونی دوژمن، ئیدی ده‌تواندرا له‌سه‌ر هه‌ندێك ده‌رفه‌تی تریش كار بكرێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ئاستی كۆنفرانسێك له ئه‌نستیتۆی كوردی پاریس گفتوگۆیه‌ك به‌ڕێوه‌چوو بوو سه‌باره‌ت به دۆزی كورد له توركیا بۆ كۆمه‌ڵێك له كه‌سایه‌تی و رۆشنبیر، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه ده‌كرێ له‌ناو یاسا و ده‌ستووری توركیا هه‌ندێك جموجۆڵ بكرێت، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه له ده‌وری رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه كۆببووه‌وه پێویستی به شێوازێكیتری كاركردن هه‌بوو. بۆیه كه‌سایه‌تیه‌كانی وه‌ك مه‌حمه‌د سنجار و ئورهان دۆغان و خه‌تیب دیجله و ئه‌حمه‌د تورك و له‌یلا زانا و سه‌لیم سادق و هه‌زارانی تر شانیان دایه به‌ر قۆناخێكی نوێ له‌تێكۆشان، به رێككه‌وتنێك كه له‌گه‌ڵ پارتی سه‌هه‌په ئه‌نجامدرا به‌سه‌رۆكایه‌تی موراد قهرهیاڵچن، نوێنه‌رانی كورد به‌ناوی سهههپهوه چوونه په‌رله‌مان، رێبه‌ر ئاپۆ له بیقاع له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران كۆده‌بێته‌وه‌و رێنماییان پێده‌دات، تاكو سوێند به كوردی بخۆن و ره‌نگی زه‌رد و سوور و سه‌وز بهه‌ژێنن، ئه‌مه‌شی وه‌ك چالاكیه‌كی دیموكراتیانه‌ی به‌ناوكرد و گه‌لی كورد ماوه‌ی ده ساڵ سیاسه‌تی له‌سه‌ركرد. واتا ئه‌وه رێبه‌ر ئاپۆ بوو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه بۆ سیاسه‌تی كوردی له توركیا، شه‌هیدانی وه‌ك محه‌مه‌د سنجار و ویداد ئایدن و ئه‌دیب سۆنمه‌ز و هه‌زارانیتریش به‌شانازیه‌وه له‌ده‌وره‌ی كۆبوونه‌وه، ئه‌مڕۆش ئه‌و تێكۆشانه به هه‌ده‌په و ده‌به‌په به‌رده‌وام ده‌كات و خاوه‌ن 60 ئه‌ندام په‌رله‌مانه له په‌رله‌مانی توركیا و 65 هاوسه‌رۆك شاره‌وانی بهدهستخستبوو له پرۆسه‌یه‌كی داگیركه‌ری به‌ناوی قه‌یوم 45یان داگیركراون، له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی خولی ده‌ربازبووی هه‌ده‌په سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیغهن یوكسه‌ك دا‌غ زیاتر له 10 په‌رله‌مانتار و به‌هه‌زاران له هاوسه‌رۆك شاره‌وانی و ئه‌ندام و خهباتكارانیان له زیندانه‌كانی ده‌وڵه‌تی فاشستی تورك دان. 8- راسته رێژه‌ی دانیشتوانی گه‌لی كورد له توركیا له‌ئێستا خۆی له نزیكه‌ی 25 ملیۆن كه‌س ده‌دات، ئه‌و رێژه‌یه‌ش شه‌ش ملیۆنی ده‌نگ به هه‌ده‌په ده‌دات، له‌ژێر سه‌خترین بارودۆخ و زۆرترین دوژمنایه‌تی و ناله‌بارترین و ناههوسهنگترین پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنیدا، ئه‌گه‌ر له دۆخێكی ئاسایی و به ده‌رفه‌تی هاوسهنگبێ، زیاتر له 10 تاكو 15 ملیۆنیش ده‌نگ به هه‌ده‌پ و رێكخستنی خۆی بدات، واتا ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ی له‌به‌ره‌ی دووژمنن له‌و ئاسته‌دا نین كه بڵێین بۆچی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ تێكۆشانی ئازادی دا نییه. رێبه‌ر ئاپۆ له به‌رگریكردن لهگهلێكدا ده‌سته‌واژه‌ی " گه‌لی سه‌ركه‌وتنمان دروست كردووه" بۆ باكووری به‌كارهێنا، سهدهرسهد راسته. له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆش بۆ ئازادی رێبه‌ر ئاپۆ له 2013دا زیاتر له هه‌شت ملیۆن واژۆ بۆ رێبه‌ر ئاپۆ له باكوور و توركیا كۆكرانه‌وه، ئه‌و رێژه‌یش به دزی و ده‌ستاو ده‌ست كۆكراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ئازادی بوایه ئه‌وا دوو تا سێ قاتی ئه‌و ژماره‌یه واژۆیان ده‌كرد. وتهیهكیتری رێبه‌ر ئاپۆ هه‌یه ئه‌ویش بۆ رێژه‌ی دانیشتوان به‌كارهێنانی زۆر راسته ده‌ڵێت، " گه‌ل چه‌نده‌ی رێكخستن كرابێ ئه‌وه‌نده هی شۆڕشه، ئه‌گه‌ر به‌ڕێكخستن نه‌كرابێ به‌كه‌ڵكی چی دێت". ئه‌مه‌شیان زۆر راسته. نمونه نزیكه‌ی دوو ملیۆن كورد له به‌غدا و موسڵ هه‌یه، به‌ڵام له ئێستا كوردانی به‌غدا له‌جیاتی ده‌نگ به كورد بده‌ن، ده‌چن ده‌نگ به سه‌در و حه‌كیم و مالیكی و عه‌بادی ده‌ده‌ن. بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو كه‌س و لایه‌ن و رێكخستنێك ئه‌ركه له‌پێناو به‌ڕێكخستن كردن و هیوا دروستكردن و كۆكردنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌ده‌وره‌ی یه‌كتر، ئه‌ركی نیشتمانی و ئه‌خلاقی و ویژدانی خۆی جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ش به هزری مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه ناكرێت، به‌ڵكو هزر و رێبازی ئه‌و له‌یه‌كتر كۆكردنه‌وه‌یه مۆدێرنیته‌ی دیموكراتی و نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیه.
كۆڕگێڕ قۆناخی دووه‌م: 1999 تا 2002\ 2005 ، ئه‌م قۆناخه به "كۆماری دیموكراتیك" ده‌ستیپێكردووه و له‌كاتی ده‌ستگیربوونی ئۆجالان، تاكو ده‌ستگه‌یشتنی ئۆجالان بهنوسراوهكانی مۆرای بۆكچین، سه‌رچاوه‌كان باس لهوهدهكهن كه عه‌بدوڵڵا ئۆجالان له ساڵی 2002 ده‌ستی به‌نووسراوه‌كانی مۆرای بوكچین گه‌یشتووه و هه‌ر زوو كاریگه‌ری ئه‌م نووسراوانه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئۆجالان له ساڵی 2005دا بانگێشه‌ی دروشمی "كۆنفیدراڵی دیموكراتی" بكات.
وه‌ڵامی دوازده‌یه‌م:
گۆڕانی ستراتیژ و دیاریكردنی ستراتیژێكی نوێ له ژێر هه‌لومه‌رجی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی و بڕیاری له‌سێداره‌دان و زیندانی تاكه‌كه‌سی له دوورگه‌یه‌كی ناو ده‌ریا، له‌پێناو پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پیلانگێڕییه و بڕیاری سێداره‌یه، هه‌مانكات به‌رده‌وامكردنی تێكۆشان گرنگ بوو، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌ستپێكردن بهقۆناخێكی نوێ له‌تێكۆشان هه‌روا ئاسان نه‌بوو. ئینجا ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی وه‌ك رێبه‌ر ئاپۆ ده‌یتوانی له‌و قۆناخه‌دا رێگایه‌ك بدۆزێته‌وه له‌نێوان ته‌سلیم بوون و بهرخودانیهكی قه‌به، رێگای سێیه‌م هه‌ڵبژێرێت، ئه‌مه‌ش بووه هۆكار رێبه‌ر ئاپۆ رێبازی تێكۆشانی بۆ كۆماری دیموكراتی هێنا گۆڕێ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك. دوای نووسینی به‌رگرینامه‌ی له ده‌وڵه‌تی راهیبی سومه‌ره‌وه به‌ره‌و شارستانی دیموكراتی له ساڵی 2001، كه له دوو توێی دوو به‌رگی په‌رتوكێك كه‌وتنه به‌رده‌ستی هه‌ڤاڵان، رێبه‌ر ئاپۆ شیكارێكی نوێی بۆ ته‌واوی مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆمه‌ڵگه و ئایینه‌كان و شێوازه‌كانی تێكۆشان كرد، به‌رگێك له‌م په‌رتووكه تایبه‌ته به‌شێوازی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. به وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه بۆ پرۆژه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ، ئه‌مه‌شی وایكرد رێبه‌ر ئاپۆ هه‌نگاوه‌كانی به‌تینتر بكات و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا خه‌رمانه‌كه‌ی زیاتر بكات، بۆ ئه‌مه‌ش له به‌رگرینامه‌ی ئورفه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی بۆ ئایین پێشكه‌شكرد. له به‌رگرینامه‌ی كوردی ئازاد ناسنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دیموكراته له 2003، قۆناخێكی نوێتری ده‌ستپێكرد و وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك ده‌ناسرێت بۆ گۆڕانكاری و داڕشتنی بنچینه‌كانی پارادایمی نوێ. له 2004 به ناردنی به‌رگرینامه‌ی به‌رگریكردن له گه‌لێك، ئیدی پرسه هزری و فه‌لسه‌فیه‌كان روونتر ده‌بوونه‌وه، هه‌مانكات لێكجیابوونهوهشی له ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیشی زه‌لال كرد، هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌م بهرگرینامهیهش تهسفیهكاران و خیانه‌تكارانی وه‌ك فه‌رهاد و بۆتان نه‌یانتوانی كاره تهسفیكاریهكانیان به‌رده‌وام بكه‌ن و رایانكرد بۆ باوه‌شی ئه‌مریكا له موسڵ و دواتریش له سلێمانی و هه‌ولێر په‌نادران. هه‌ر له 2004 له رۆژی یه‌كی حوزیران هێزه‌كانی پاراستنی گه‌لی كوردستان "هه‌په‌گه" قه‌ڵه‌مبازی دووه‌مینی شه‌ڕی چه‌كداری ده‌ستیپێكرده‌وه، گه‌ریلا له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ته‌واوی هه‌رێمه‌كانی باكووری كوردستان جێگیركران و ده‌ستیان به‌شه‌ڕ كرده‌وه، له‌ناویشیان دوو شه‌هید باشووری كوردستان هه‌یه به‌ناوه‌كانی كاركه‌ر جوانڕۆ و ئۆرهان سلێمانی، هه‌روه‌ها گه‌نجان و لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌و قهڵهمبازهدا به‌شداریان كرد. ساڵی 2005 ساڵێكی مێژووییه، چونكه دوو راگه‌یاندنی گه‌وره‌ی له‌خۆوه گرتووه، یه‌كه‌م راگه‌یاندنی سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی له رۆژی نه‌ورۆز، هه‌روه‌ها دووباره رێكخستنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ی نوێ بوو، له‌ژێر رێنماییه‌كانی به‌رگرینامه‌ی به‌رگریكردن له گه‌لێك و هه‌روه‌ها چاوپێكه‌وتنه حهفتانییهكانی كه له رێگای پارێزه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌نجام ده‌دران.
په‌كه‌كه وه‌ك پیشه‌ی به‌رده‌وامی زۆرترین گفتوگۆ و كۆنگره و كۆنفرانس له‌ناویدا ئه‌نجامدراون، له‌ماوه‌ی پێنج ساڵدا په‌كه‌كه سێ كۆنگره‌ی ئه‌نجامداوه، له‌گه‌ڵ دوو كۆنفرانس، هه‌روه‌ها دوو دانیشتنی كۆنگره‌ی گه‌ل، له‌گه‌ڵ سێ كۆنگره‌ی تایبه‌تی رێكخستنه‌كانی ژنان. بێجگه له كۆنگره‌ی رێكخستنه‌كانی پارچه‌كانی كوردستان، له‌گه‌ڵ كۆنفرانسی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل "هه‌په‌گه". هه‌روه‌ها زۆرترین خولی په‌روه‌رده‌ی كادیران له ئه‌كادیمیاكان، زۆرترین خوێندنه‌وه و به‌دواداچوون له چه‌پ و سۆسیالیسته‌كانه‌وه تا ده‌گاته ئه‌و په‌ڕی راست له فۆكۆیاما و هینتینگتۆنهوه تا لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئایین و باوه‌ڕییه‌كان، له‌ناو ئه‌وانه به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌كانی ئه‌نارشیست و ئهكۆلۆژیست و سه‌رله‌به‌ری خاوه‌ن هزره نوێكان كراوه، بۆیه رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه چ كاتێك و له چ قۆناخێكدا خۆیان په‌یوه‌ست نه‌كردووه به فه‌یله‌سوفێك یان ئاراسته‌یه‌كی فیكری، چونكه رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه خاوه‌ن ئه‌زموون و هزر و باوه‌ڕی خۆیانن. رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت، ئێمه به‌خۆمان، خۆمان و هزر و رێكخستنی خۆمانمان بونیادناوه. بۆیه تا ئه‌و ئاسته پابه‌ند نه‌بووه به ماركس و لینین كه نه‌توانێ ره‌خنه‌یان بكات، جا به‌و ئاسته‌ی پابه‌ندبێ به بوكچین كه هه‌موو بنه‌ما هزریه‌كانی له چوارچێوه‌ی ئه‌و دابڕێژێت، له‌سه‌ره‌وه‌ش دیارمان كرد روانینی رێبه‌ر ئاپۆ سه‌باره‌ت به سه‌رجه‌م ئهنارشیستهكان چییه و ره‌خنه و كهموكوڕیهكانیشیان چییه.
سه‌باره‌ت به كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی بۆ رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه ته‌نها دروشم نییه، به‌ڵكو سیسته‌می بونیادنانی كۆمه‌ڵگه و رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌روه‌ها مۆدێلی ئه‌مڕۆ و داهاتووی په‌كه‌كه‌یه بۆ رێكخستنكردنی كۆمه‌ڵگه، هه‌مانكات شێوازی چاره‌سه‌ری ئه‌مڕۆكه‌یه، واتا ئه‌مڕۆ له‌م ساته‌دا ده‌مانه‌وێ چۆن كێشه و پرسه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، وه‌ڵامه‌كه‌ی سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتییه. بۆ ئه‌مه‌ش كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی كه ئێستا له كۆما جڤاكێن كوردستان "كه‌جه‌كه" به‌ڕێكخستن كراوه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش په‌یماننامه‌یه‌ك هه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆنگره‌ی گه‌ل ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشاندراوه، هه‌روه‌ها دیاری كردنی رێژه بۆ سه‌رجه‌م كوردان له هه‌ر پارچه‌یه‌ك و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هه‌روه‌ها هه‌موو پێكهاته‌كانی رێكخستنی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی و به تایبه‌ت بوونی رێكخستنی ژنان. ئه‌نجام هاوسه‌رۆكانی كۆنگره‌ی گه‌ل و هاوسه‌رۆكانی كه‌جه‌كه و ئه‌ندامانی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌جه‌كه هه‌ڵده‌بژێردرێن كه ده‌بنه هێزی جێبه‌جێكار، رێبه‌ر ئاپۆش وه‌ك رێبه‌ری سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی هه‌ڵده‌بژێردرێت كه رێبه‌رایه‌تی بۆ سیسته‌مه‌كه‌ی ده‌كات، به‌هه‌بوونی حه‌وت جێگر له‌هه‌ر پارچه‌یه‌ك هه‌ڤاڵێك له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی ژنان. له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات رێكخستنی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیه، له به‌رگرینامه‌ی پێنجه‌میندا كه رێبه‌ر ئاپۆ تایبه‌تی كردووه به چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ی كێشه‌ی كورد، بۆ ئه‌مه‌ش سیسته‌مه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد به نۆ ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی به‌ناوی كرد و گووتی: له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری، نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی وه‌ك شێوازی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌ی مۆدێرنیته‌ی دیموكراتیه، بۆ به‌ڕێكخستن بوونیشی نۆ ره‌هه‌ندی بۆ دیاری كردووه.
كۆڕگێڕ قۆناخی سێیه‌م: 2002\2005 --- تا ئێستا: ئه‌م قۆناخه له "كۆنفیدراڵی دیموكراتی" مۆرای بوكچینه‌وه ده‌ستپێده‌كات و تا ئێستا به‌رده‌وامه.
تێبینی كۆڕگێڕ: هێڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌نێوان ئه‌م سێ قۆناخه‌دا بوونی نییه، به‌ڵكو سنوورێكی ته‌ماوی و تێكهه‌ڵكێش له‌نێوان قۆناخه‌كاندا هه‌یه ( قۆناخه‌كان تێكه‌ڵی یه‌كتر ده‌بن).
وه‌ڵامی سێزده‌مین:
له 2005وه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی ده‌ستیپێكرد، وه‌ك به‌رده‌وامیه‌ك له ستراتیژی چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه، له 2007 به‌هه‌ندێك گۆڕانكاری سیسته‌می كه‌جه‌كه به‌رده‌وامی به‌خۆیدا، له‌ساڵی 2013 گۆڕانكارییه‌كان به‌رده‌وام بوون به‌سوود وه‌رگرتن له پێنجه‌مین په‌رتووكی له زنجیره په‌رتووكه‌كانی شارستانی دیموكراتی، كه تایبه‌ت كراوه به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر رێبازی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی رێنمایی به‌هێزتركرد له سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیدا. له‌وانه‌یه له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌و شه‌ڕه‌ی دوژمنی داگیركه‌ری تورك سه‌پاندوویه‌تی نهتواندرابێ له‌هه‌موو بواره‌كان سیسته‌می كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی بونیادنرابێ، به‌ڵام ئه‌وه ناكه‌ته ئه‌وه‌ی كه سیسته‌می كۆنقیدراڵیزمی دیموكراتی و ره‌هه‌نده‌كانی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی وه‌ڵامده‌ره‌وه نه‌بن، به‌ڵكو پێویستیان به تێكۆشانی زیاتر هه‌یه له‌پێناو ئه‌وه‌ی بتواندرێت سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی لێ كۆبكرێته‌وه، ره‌هه‌نده‌كانی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی به‌ته‌واوی جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه، بۆیه رێنمایی رێبه‌ر ئاپۆ خۆی قه‌تیس نه‌كردووه له پرۆژه و به‌رنامه‌ی بوكچین و یان هه‌ریه‌ك له بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفانی تر له‌و باره‌شه‌وه په‌یوه‌ست به هه‌موو ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی كه رێبه‌ر ئاپۆ لێیان سوودمه‌ندبووه به‌و شێوه‌یه سه‌ره‌نجی خۆی باس ده‌كات: هه‌موویان ره‌خنه‌ی زۆریان كردووه، رهخنهكانیشیان به‌گشتی راستن بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من جیاده‌كاته‌وه له‌وانیتر ئه‌ویش من مۆدێرنیته‌ی خۆم داناوه، ته‌نها به رهخنهكردنهوه نه‌وه‌ستاوم، به‌ڵكو ئهلتهرناتیفم بۆ سیسته‌می هه‌ژموونگه‌رای مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری پێشكه‌ش كردووه. ئهلتهرناتیفهكانی رێبه‌ر ئاپۆ به‌ته‌نها له‌یه‌ك بواردا سنوردارنییه، به‌ڵكو سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه له‌خۆوه ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر كۆڕگێڕ بتوانێ و پیری رێگری لێ نه‌كات، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی رێبه‌ر ئاپۆ بخوێنێته‌وه ئه‌وا بۆخۆی ده‌گاته كۆمه‌ڵێك ئهنجامیتر كه له‌بێ هیوایی ئێستای رزگاری ده‌كات.
رێبه‌ر ئاپۆ له‌په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نی تێكۆشانی له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه تا ئه‌مڕۆ هه‌مووی وه‌ك زنجیرێك پێكه‌وه گرێدراوه، زۆر روون و زه‌لاله، هیچ رۆژێكیشی دابڕاو نییه له رۆژهكانیتری، له ئێستاشدا له‌ناو هێز و لایه‌نه چه‌پ و سۆسیالیست و دیموكرات و نه‌ته‌وه‌یه‌كان رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه تاكه هێزن كه خاوه‌ن رێنمایی زۆر روون و زۆر ساده‌ن بۆ پێكه‌وه ژیانی دیموكراتیانه، هه‌ر ئه‌و روونی و زه‌لال بوونه‌ی رێبه‌ر ئاپۆیه كه ماوه‌ی نۆ ساڵه گۆشه‌گیری به‌سه‌ردا سه‌پاوه، هه‌مانكات له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵ جارێك بۆ چه‌ند جارێك دوژمن ده‌رفه‌ت ده‌دات كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دروستببێ و رێنماییه‌كانی بگه‌نه ده‌ره‌وه، هه‌مانكات له باكوور و رۆژئاواش بینیمان كاتێك رێبه‌ر ئاپۆ ده‌رفه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه هه‌بێ چۆن شۆڕش و تێكۆشانی گه‌لی كورد ده‌گه‌شێته‌وه، له‌پێناو ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد به‌بێ به‌دیل و هێزی چاره‌سه‌ر بهێڵن، بۆ ئه‌مه‌ش گۆشه‌گیری و قه‌ده‌خه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌خه‌نه سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ و به نوێترین ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیاش هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر په‌كه‌كه. رێبه‌ر ئاپۆ گووتی: من لێره به بارمته گێراوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریم، ئه‌وان منیان لێره زیندانی كردووه، چونكه وه‌ك ئه‌وان بیرناكه‌مه‌وه و ته‌سلیم ئه‌وان نه‌بووم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست