کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌دریه‌كان و داهاتووی كوردستان به‌ره‌و كوێ ؟!

Wednesday, 09/02/2022, 22:14


عێراق ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌ ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌كۆڵێ كێشه‌ی گه‌وره‌ ته‌نیوه‌و ڕۆژ له‌دوای رۆژ جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و ده‌ردو نه‌هامه‌تی بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی، هیچی تازه‌ی لێ سه‌وز نه‌بووه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی جڵه‌وی حوكمڕانی ئه‌و وڵاته‌ی له‌ده‌ست گرتبێ، هێنده‌ هه‌یپه‌ی مانه‌وه‌ بووه‌ له‌سه‌ر كورسی حوكمڕانی و كاریان له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده‌ ته‌سك و تایبه‌تیه‌كانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان كردووه‌، نیو هێنده‌ خه‌مخۆرو په‌رۆشی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نه‌بوونه‌وه‌، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ستیان بۆ هه‌موو لایه‌ك درێژ كردووه‌و ئاماده‌ بوونه‌ ده‌ستی هه‌موو نه‌یارێكی خۆیان بگرن ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كورسی ده‌سه‌ڵاتیان جێ له‌ق نه‌بێت.
بێگومان له‌وه‌ته‌ی عێراق بووه‌ته‌ ده‌وڵه‌ت، له‌ورۆژه‌وه‌ به‌رده‌وام چه‌قی ململانێی زلهێزه‌كای دونیا بووه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌ی خۆش كردووه‌ كه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ چاو ببڕنه‌ خێرو بێری ئه‌و وڵاته‌ وگره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو بكه‌ن كه‌ بۆ ئه‌وان هه‌موو شتێك نیعمه‌ته‌ با ئه‌و حكومه‌تی دروست ده‌بێ به‌مردوویی له‌دایك ببێ، ئه‌وه‌ش پیلان ونه‌خشه‌ ڕێگای وڵاته‌ گه‌وره‌كانی دونیایه‌، له‌وانه‌ ئه‌مریكاو به‌ریتانیا.
عێراق دوای پرۆسه‌ی ئازادی، پێی نایه‌ قۆناغێكی نوێوه‌، خه‌ڵك به‌گه‌شبینیه‌وه‌ سه‌یری ڕووداوه‌كانی ده‌كرد كه‌ دوای كۆتاییهێنان به‌ به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی ئازادی و پێشلكاریه‌كانی مافی مرۆڤ و سه‌ركوتكاری ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی ڕژێمی فاشی به‌عسن، ئیدی خه‌ڵك ده‌حه‌سێته‌وه‌، سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان په‌ند له‌ رابردووی دیكتاتۆره‌كان وه‌رده‌گرن، وه‌لێ هاوكێشه‌كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ كه‌وته‌وه‌، ده‌ستیان بۆ هه‌موو پیرۆزیه‌كان برد، هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی برسیكردنی خه‌ڵكیان تاقی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌دام نه‌یكرد ئه‌وانه‌ نه‌خشه‌یان به‌زیاده‌وه‌ بۆی داڕشت و هه‌موو لایه‌ك ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ وه‌ك رۆژی رووناك ده‌بینێ، له‌و بازنه‌دا حزبه‌ گه‌وره‌كانی له‌مه‌ڕ خۆشمان لێی بێ به‌ش نیه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق گه‌واهیده‌ر بوو بۆ بێزاری خه‌ڵك له‌و سیسته‌م و حكومڕانیه‌.
رۆژی سێ شه‌ممه‌ 8/2/2022 فه‌رمانگه‌ی كاروباری په‌رله‌مان له‌ ئه‌میندارێتی گشتی په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یاندنێكی بلاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی كۆتایی هاتنی كاتی ده‌ستووری هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار جارێكی تر ده‌رگای خۆكاندیدكردنی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌م راگه‌یاندنه‌ له‌چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ:
یه‌كه‌م: ئه‌و هه‌موو ماوه‌ی پێشوو كه‌ ده‌رگای خۆپاڵاوتن كرابۆوه‌و دواتر داخرا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ده‌قێكی یاسایی بێت، هیچ ماقووڵ نیه‌ له‌پێناو حزبێك یان چه‌ند حزبێك له‌ئه‌گه‌ری نه‌گه‌یشتن بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌بوو، ئه‌وه‌ ده‌بێ مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌نۆژه‌ندا كه‌سێكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خۆپاڵاوتنه‌ به‌ربژێر بكه‌ن، كه‌واته‌ ئه‌و بابه‌ته‌ جۆرێك له‌ قۆرغكاری تێدایه‌و قۆرغكاریه‌كه‌ جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی، هیچی تر نیه‌و هه‌قه‌ ئه‌و مادده‌ به‌یه‌كجاری لاببرێ.
دووه‌م: ئه‌وانه‌ی وه‌ته‌نیه‌ت ده‌فرۆشن ده‌توانن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ڕوو له‌كه‌سێكی بێ لایه‌ن بنێن یان كه‌سێكی قبوڵكراوی حزبێكی تری ده‌ره‌وه‌ی پاشكۆكانیان به‌ربژێر بكه‌ن، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌یی هێزی ركابه‌ر ده‌رده‌خات و هێشتا زۆرمان ماوه‌ به‌و قۆناغه‌ بگه‌ین له‌كاتێكدا له‌ نێو ماڵی شیعه‌ بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پرسێكی چاره‌نووسساز، مسته‌فا كازمی بێ حزب و په‌نا كرایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. ، كه‌چی ئه‌قڵیه‌تی لای خۆمان هێشتا به‌خه‌یاڵی شاخ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌وره‌یی و ماهیه‌تی ئه‌و كیانه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌خوێنی شه‌هیدێكی زۆر به‌رهه‌م هاتووه‌ كه‌ هه‌ر ده‌بێ هی خۆم هی خۆم بێت.
سێیه‌م: نێو ماڵی كورد به‌ئاشكرا په‌رته‌وازه‌یی پێوه‌ دیاره‌ به‌تایبه‌ت هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان تا ئێستا به‌نیه‌تێكی ڕوون و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلله‌ته‌كه‌یاندا نه‌یانتوانیوه‌ به‌یه‌ك وتارو یه‌ك ده‌نگ روو به‌رووی كێشه‌كان ببنه‌وه‌و نه‌بنه‌ لاگیر بۆ لایه‌نێك و پشتگیری له‌لایه‌نێكی تر بكه‌ن به‌تایبه‌ت جه‌مسه‌ری شیعه‌ی سه‌ر به‌ئێران و جه‌مسه‌ری شیعه‌ی سه‌ر به‌ئه‌مریكاو كه‌نداو، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر حزبه‌ عێراقی و كوردستانیه‌كان ده‌بێت.
پێشبینیه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن:
یه‌كه‌م: ڕه‌نگه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كاندیكردنێكی كه‌سێك بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌دواساته‌كان رێك بكه‌ون، مه‌خابن ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێكه‌وتنی كۆتایی و له‌بردنه‌وه‌ی كاندیدی پارتیدا، ڕه‌نگه‌ یه‌كێتی به‌ئه‌قلیه‌تی رێكه‌وتنامه‌ی ستراتیژی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی هه‌رێم و عێراق، په‌نا بباته‌ به‌ر هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی له‌حكومه‌تی هه‌رێم و دروستكردنی فشار تا راده‌ی جیابوونه‌وه‌ وه‌ك زۆنی سه‌وز یان لاوازكردنی ئه‌دای حكومه‌ت وه‌ك چۆن به‌زه‌قی هه‌ست به‌ دوو ئیداره‌یی ده‌كرێ له‌قالبێكی ماقووڵ داكه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رده‌وامی دا ڕه‌نگه‌ سه‌ر بۆ شه‌ڕی ناخۆی بكێشێ كه‌ هیوای هه‌موو دڵسۆزو خه‌مخۆران له‌گۆڕ بنێ كه‌ نه‌فره‌تكردنه‌ له‌ دووبه‌ركی و شه‌ڕی براكوژی.
دووه‌م: حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێك دێت، ده‌توانێ عێراق له‌نێو زه‌لكاوی گه‌نده‌ڵی ده‌ربێنێ و هه‌نگاوی باش بنێ، به‌ڵام نابێته‌ فریادڕه‌س و ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی نابێت.
سێیه‌م: عێراق له‌به‌رده‌م ململانێی هه‌رێمی و ناوخۆیی ناوه‌ستێ و ناوه‌ ناوه‌ به‌به‌رنامه‌ڕێژی، كێشه‌ی گه‌وره‌و بچووكی لێره‌وله‌وێ بۆ دروست ده‌كرێت.
چواره‌م: به‌لاگیری حزبه‌ كوردیه‌ براوه‌كان لایه‌ك بۆ ته‌یاری سه‌دری و ئه‌ویتر بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، ئاماژه‌یه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێ: كورد خاوه‌نی بڕیارو سه‌روه‌ری خۆی نیه‌، كوردستان هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی ولاتاندایه‌، كه‌ پێویسته‌ ماڵی كورد رێك بخرێته‌وه‌و هه‌مووان له‌ژێری چه‌تری سه‌روه‌ری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كۆببنه‌وه‌و كۆتایی به‌هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بێ كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی خێر له‌خۆ نه‌دیو، به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە