ناسری ڕەزازی دوا قوربانی نابێت
Wednesday, 09/02/2022, 0:42
پێش ئهوهی چهقۆ بگاته سهر ملت
پێش ئهوهی ژن، کچ و خوشکهکانتان بفرۆشن
پێش ئهوهی سامان و ماڵت له دهست بچێت
پێش ئهوهی به ههموو قوربانییهک هیچت دهست نهکهوێتهوه
به ئهرکێکی بچوک بهر له ههموو کارهساتهکان بگره
شۆڕشێک له خۆتدا بکه با دنیاکەمان بگۆڕدرێت
(ناسر حەفید)
مینبەرەکانی ماڵی خوا خەریکە دەبێتە ترسناکترین جێگە، مایکرۆفۆنەکانی بەردەم مەلاکان دەنگێکی ترسناک پەخش دەکەن کە هەڕەشەیەکە، بەدووری نازانم کەنیشتمانی ئێمەش بێتە سۆمال ، ئەفغانستان ، یان هەرجێگەیەکی تر کە لێیەوە بانگەوازی جیهاد دەکرێت .
جیهاد دژی کێ... !؟
لەم ڕۆژانەدا دەنگی "ناسر ڕەزازی" بڵاو کراوەتەوە کەدەڵێ: من یارسانیم و موسڵمان نیم . ئیتر مەلاکان دەستیان کردووە بەهێرش و سوکایەتی کردن و هەڕەشەکردن ، ئەوان بیریان چۆتەوە کەمەلان ... !
ئەمە یەکەمین جارو دواجاریش نییە کە مەلاکان خۆیان بادەدەن و هاش و هوشیان دەستپێکردوە ، من کە گوێم لەم مەلایانە دەبێت دەڵێم : حەلاج ، کاک ئەحمەدی شێخ ، مەحوی ، نالی ، خەرگە ڕەش ... هتد گۆڕ هەڵتەکێنن ئەها میراتگرەکانتان چەندە بەڕەوشتن ، بەچرکەش شوێن پێێ ئێوە بەرنادەن ؟
هەر ئەم چەشنە لەمەلای ترسنۆک بوو کە عەبدولخالق مەعروفیان بەتیرۆرکردن دا ، مەلاکان بەسیستەماتیک جوێن بە هونەرمەند دەدەن، سوکایەتى بە بیرمەند ەکەن و شاعیر دەکەن، شعر دادگایی دەکەن ، بوهتان بە زانست دەکەن و لەخۆیانەوە هەموو کارێکی زانستی دەبەنەوە بۆ ناو قورئان بەبێ بەڵگە ، گاڵتە یان بە هزر دێت ، سوکایەتی بەئاینەکانی تردەکەن نەفرەت لە جوولەکە دەکەن، نزا لە فەلاکان دەکەن کە تۆویان نەمێنێت ، تەحریفى زەردەشت دەکەن و بوهتان دەکەن کە زەردەشتێکان لەگەڵ دایکی خۆیاندا دەخەون ، ئێزدى تەکفیر دەکەن و بەکوردیان نازانن و بوهتانی ئەوەیان بۆدەکەن کەچڵکن و خۆیان ناشۆن و پیسن ، دوایش ژنى خەڵک دەدزن، عاشقاتى لەگەڵ کچان دەکەن لەڕێگەی فریودانیانەوە. مافى مرۆڤ پێشێڵ دەکەن و بەبێڕیش دەڵێن ئەو پیاوانەی بێڕیشن وەک ئافرەتن بەڕووتی ، ژن ریسوا دەکەن و بەنوقسانی هزر ئەیانشوبهێنن و بەلاواز ئەیانخەمڵێنن .. ئینجا تێر تێر درۆ دەکەن لەمینبەرەکانەوە و چیرۆکی وادروست دەکەن تەنها بۆ فیلمی کارتۆن دەست دەدات ،دوایش خۆیان کردۆتە نمایندەی خوا .
تەنانەت سوکایەتی بەزمانی کوردی دەکەن و دەڵێن "بەیانی باش و نیوەڕۆباش و ئیوارەو شەوباش نابێ بوترێت .
بەر لەماوەیەک چاکترە بلێم پیشتر "عومەر دڵپاک"ی هونەرمەند تەنها ووتی : باحاجێکان نەچن بۆحەج ئەو پارەیە بدەنە خەستەخانەی هیوا .. مەلاکان دەستیان کردەڕشانەوە و جوێندان . ماریا هەورامی گۆرانیەکی ووت لە شەقامی سالم ، چیان نەکرد بەو خانمە گۆرانی بێژە !؟ دوایی شێرزاد حەسەن ووتی: لەقوتابخانەکاندا ئێمە داعش پەروەردەدەکەین . مەلاکان دەهری بوون و دەستیان کردە هەڕەشەو گوڕەشە، هەموو ئەوەی لەباریشیاندایە و بووە جوتەیەک بوو لە شێرە بەفرینەیەکیان دا . ناسری ڕەزازی و ڕووداوەکەی، گەلێک ساڵە من گوێ لەگۆرانی کوردی ناگرم ، ئەو گۆرانیانەی کە لەم ساڵانەدا دەوترێت هەست دەکەیت بەرهەمێکە کە زیاتر ئاوازی ڕەسەن نییە ، جگە لە تێکستەکەی .
هەڵوێستی گۆرانی بێژەکان زیاتر توشی ژانەسکم دەکەن ، لەپڕ بانگ دەدەن ، هەمووگیانی بۆتۆکس و جێڵ و فیلەرە قورئان دەخوێنی ، پاشان ئەم هەموو ڕووداوە نەیتوانیوە دوو سێ گۆرانی بەرهەم بێنێت کە مرۆڤ والێبکەن کە گوێی بگرێت بۆ گۆرانێکان ، هەمووی بووە بەئاوازی تورکی وعەرەبی و تێکستی پوچ .
ناسر ی ڕەزازی سرودەکانی لەگەڵماندا ژیاوە ، جارێک لەهۆلەندا مامۆستا نامدار چیرۆکی تۆمارکردنی ئەوسروودانەی بۆباسکردم هێندەی تر لام خۆشەویست بوو ، ئەی شەهیدان لەلوتکەی سروودێکی هێندە بەرزدا یە کە بۆتە مێژووی ناسری ڕەزازی ، وەک چۆن "سڵاوی گەرمی ئێمەت پێشکەش " ناسنامەی خاتوو مەرزیەیە ، نەجمەدین غوڵامیش بە پارتیزانی پاچدەران دەناسمەوە .
جارێک هاوڕیەک لەشەوە ئاهەنگێکدا ویستی باسی ناسرڕەزای بکات بەرلەدوو دەیە ..من ووتم تکایە ئەم باسە بوەستێنە چونکە هەرچی بکەیت و هەرچی بڵێیت ، ناتوانی ئەی شەهیدانم لێ بسەنیتەوە .
من ناسری ڕەزاری و کاڵێ و نەجمەدین غوڵامی و مەرزیەم دیوە کە لەمالومە سرودو گۆرانیان چڕیوە ، ئەوان بۆمن مێژوویەکن کە کاڵنابنەوە ، بەڵام هەرگیز نەم ویستوە لەنزیکەوە بیان دوێنم ، ئەوانیش مرۆڤن شایەنی هەڵچون و داچون و تەنانەت هەڵەشن .
ووتارێکی کاک ناسر حەفید هەیە لەسەر هەردووهونەرمەند ناسری ڕەزازی و مەررزیە خانم بەناونیشانی
ووڵاتێک لەدرۆ.
کە من هیچ لەسەر ئەو هەڵوێستەیان ناڵێم چونکە کاک ناسر حەفید زۆرجوان شیکاری بۆئەم هەڵوێستەیان کردووە .
من دەزانم ناسری ڕەزازی بەهەموو مانایەک هونەرمەندەو زمان زانەوە هەموو زاراوەکانی کوردی دەزانێت و گومانم نییە کە لەبوارەکەی خۆیدا زۆر ئاگامەندە ، تەنانەت کتێبێکی زۆر نایەبیشی لەسەر "بتۆڤن " وەرگێڕاوەو من کتێبەکەم خوێندۆتەوە زۆرچێژم لێبینی چونکە بتۆڤن گەشتێک بۆ مۆسکۆ دەکات .
بەرلەچەند ساڵ لەسلێمانیەوە شەوێک بەفڕۆکەیەک گەشتم کرد بۆ ستۆکۆڵم پایتەختی سوئید ،ڕێکەوت ناسری ڕەزازی و خێزانەکە تازەکەی لەتەنیشتم بوون ، پەستا پەستا گەشتیارەکان دەهاتن وێنەیان لەگەڵ دەگرت ، من کتێبێکی ئۆشۆم پێبوو کتێبی "پیاو " دەمخوێندەوە یەک ووشە چیە لەگەڵ ناسری ڕەزازیدا نەم ووت : گەرچی سەیریشی دەکردم بەڵام پێم خۆش نەبوو هونەرمەندێک ، کە لای من وێنەیەکی جیاوازی هەیە ،ئێستا ئاوێزانی ئەو دەسەڵاتە بووە ، ئەوەش نا لەدوکان دراوسێ ماڵی تەها محیەدین مەعروفی سەرۆک وەزیرانی بەعسی تاوانباربیت و سرودی شەهیدانیش ناسنامەت بێت !؟
مرۆڤ زۆرجار بەچەکی خۆی خۆکوژی دەکات ، بۆیە زۆرگرنگە ئەوانەی بەهرەیەکیان هەیە ، ئیتر هەر بەهرەیەک بێت ئاگاداری ڕەفتارو ڕەوشتیان بن بۆئەوەی هونەرەکەیان یان بەهرەکەیان نەبێتە جێگەی گومان .
ئێستا کە ئەم ئیسلامیە داعشانە دەستیان کردوە بە هێرشێکی ناڕەوا بەرامبەر ناسری ڕەزازی من لەگەڵ هەموو ئەوڕەخنەیەی کە ئاراستەم کردووە ، پشگیری هەموو مرۆڤێک دەکەم کە هەڵگری هەر باوەڕێک بێت ، یان هەرئاینێک پێی خۆشە و ئازادە ناسری ڕەزازیش بەهەمان شێوە مافی خۆیەتی کە موسڵمان نەبێت .
مەلاکان ئەو هەموو تاوانەی ئێران و تورکە فاشیەکان نابینن ، بەڵکو هەر غیرەتیان نییە باسیشی بکەن دێن هەر مانگێک بەسەر هونەرمەندێک ،شاعیرێک ، بیرمەندێک ، دەکەنەئامانج و مینبەری پێ پڕدەکەن لەهاش و هوش ، دواجار پرسیارێک لەمەلا کان دەکەم ئێوە ڕۆژانەدرۆدەکەن کە بەلێشاو خەڵک دەبێتە موسڵمان ، ئەی چی دەبێت گەر موسڵمانێک بچێتە سەر ئاینێکی تر ، ئێوە بۆ خۆتان تێکداوە ، مەگەر خۆتان ناڵێن هەرکەسێک بەرپرسە لە چارەنوسی خۆی... !؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست