کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکستەکان مەکەن بە جەژن!

Monday, 31/01/2022, 13:51


بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەبێ کە بەوردیی چاوەدێریی / ستێڕک تیڤی وئاریان تی ڤی / دەکەم بەتایبەت لە ساڵوەگەڕیی ٢ی رێبەندانداکە بەرۆژی راگەیاندنی کۆماری مهاباد دەست نیشان کراوە.هەمووجارێک چەند کارمەندێک لە بە ڕێوەبەرانی ئەو یادە باسی قازی محەممەد ورووداوەکانی یەک ساڵەی ئەو کۆمارە بە بەشداریی چەند میوانێک کە زۆربەیان خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستانن دێننە گۆڕێ،ئەو شەوە تێدەپەڕێ.خاڵی سرنجراکێشی ئەو یادە لەوەدادەبینم کە هیچکات نەمدیوە لە یادکردنەوەی ئەو رۆژەدا تازەگەرییەکی ئەو تۆی تێدا بەدی بێ.ئەوەی ساڵی پار گووتراوە بە شێوەزارێکی  تارادەیەک جودادووپات دەبێتەوە!ئەوەش بۆ من جێگای پرسیارە؟ من لەوبوارەدا خەتای ستێڕک تیڤی وئاریان تیڤی ناگرم.ئەو کەسەی کە لەو بەرنامەیەدا بەرپرسە خەتابارە ودرۆ رادەستی خەڵك دەکا.
بەڵام ئەوساڵ دوومژاری نوێ لەو یادەدادەبینرا.یەکیان ئاخاوتنی بەرێز عەلی کەریمی بوولە رێگای/ سکایپ / دەگەڵ ئاریان تی ڤی،کە بە پێچەوانەی میوانەکانی دیکە دوور بوو لە پێداهەڵاگووتن بە قازی محەممەد حیزبی دێمۆکڕاتی ئەوسەردەم وئێستاش.بەرێزکەریمی زۆر بوێڕانە رەخنەی خۆی گرت وگووتی: کوابەرهەمیی ٧٦ ساڵ تەمەنیی ئەوکۆمارە وحیزبی دێمۆکڕات؟بۆ راستیەکان بە خەڵك ناڵێن؟تاکەی خەڵك فریو دەدەن؟ئەوە پوختەی قسەکانی بووکە دەستخۆشیی لێدەکەم.
بابەتی دووهەم کاتێک بووکە نۆرەدرابە بەڕێز حەسەن قازی کە گووتەکانی پێشکەش بکا.لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە رۆژی راگەیاندنی کۆمار بکرێتە جەژن ولەمەوبەدواوەک جەژنێک بۆ تەواوی بەشەکانی کوردستان بنرخێندرێ!ئەوساڵ تەنیا ئەو دوومژارەی تازەم بینی لە کاتی یادکردنەوەی کۆماری مهاباد.مژاری بەرێز عەلی کەریمی بە ئەرێنی چاولێدەکەم وپێشنیارەکەی بەرێزحەسەن قازیشم زۆر پێ سەیرە!
شکست دەبێتە جەژن؟
هەزار ساڵی هەڵبەزین ودابەزین  بە قازی محەممەدوکۆماروبەرێوەبەرانیی کۆمار هەڵابڵێین،ناتوانین هیچ سەرکەوتنێک بۆ ئەو کۆمارە دابڕێژین.کۆمار لە سەر بێ پلانی وئاستی نزمیی ناهوشیاری سیاسەتەکانی قازی محەممەد ئاشبەتاڵی پێکرا!لە شآرێکی  بچووکی وەک مهابادی ئەو کات راگەیاندنی کۆمارێک بۆ تەواوی کوردستان خۆ کوژییە! دیتمان هەرئاواش دەرچوو.
شەوی یادکردنەوەی کۆمار لە سەر ئەو دوومێدیا کوردییە ساڵهایە کە بەردەوامە،ساڵهاشە خۆیان لە هیندێک پرسیارورووداوی سەردەمی کۆمار دەدزنەوە.من دەتوانم درۆ بکەم،تۆ دەتوانی درۆ بکەی،هەر کەس دەتوانێ درۆ بکاوراستیەکان بشآرێتەوە،بەڵام مێدیایەک کە لەسەر رەنج وهیواو خوێنی هەزاران تاکی کورد بەرهەم هاتووە نابێ ئیزن بە چەند کەسێک بدا کە لە رابوردودا چەکداریان لایەنگریی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بون،بە ناتەواوی وکەموکورتیی باس لە رووداوێکی دیرۆکی بکا.
پێشنیارەکەی بەرێز حەسەن قازی زۆر سەیروبوو!دەڵێ:رۆژی راگەیاندنی کۆمار با بکەینە جەژن وشآییولۆغان وهاڵپەڕین وپڕبەزارهاوار بکەین کە ئیللا وبیللا کۆمارەکەمان سەرکەوت وکورد خاوەنی کۆماروکەیانێکی سەربەخۆیە!ئاخر لە کوێی دونیادا بینراوە ،لە کام نەتەوە زانراوە کە شکستەکانیان بکەنە جەژن؟ لە تەواوی دونیاد شکستەکان دەبنە ئەزموونێکی دیرۆکی ودەرسێک بۆ داهاتوان.

ئەو بابەتانەی کە دەبوا قسەی لەسەرکرابایە:

یەک: ئەنجامی سەفەرەکانی قازی محەممە بۆ باکۆ وسۆڤیەت چی بون؟
دوو:قازی محەممەد بۆ داوای لە ئەڕتەشی سوور کرد کە دەبێ دەوڵەتی کوردیمان بۆ دامەزرێنن؟
سێ: بۆ لە کەسایەتی قازی دا کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد تواندرایەوە وحیزبی دێمۆکڕاتیان بۆ قوت کردینەوە؟
چوار: لە ٥ی دیسامبردا لە مهاباد بڕیاری بەرخۆدان درا،بەڵام بۆ بەیانی / ٦ی دیسامبڕ/ لەو کارە پەشیمان بونەوە!هۆیەکەی لە چی دا دەبینری؟!
پێنج: قازی محەممەد لە خەڵكی بێتاوانی پرسی ئایا ئێوە بڕیار دەدەن شەڕ بکەین یان تەسلیم بین؟حیزبی خاوەن پرۆژە وبەرنامە دەبێ پێشهەنگ بێ،نەک بێ پلان.
شەش: بۆ قازی محەممەد،زەوی وزاریی لە نێوان جووتیارەکان وخەڵكی گووندەکانی دەوربەریی مهاباد دابەش نەکرد؟لە کۆماری ئازەربایجاندا ئەوئەرکە مەزنە بە باشی ئەنجام درا.هۆیەکەی بە ئاشكرا دیارە. قازی لە بەر خۆی وبنەماڵەکەی ئەوکارەی نەکرد!چوون تەنیا لە مهاباد بنەماڵەی قازی بە خۆشیەوە ببوونە خاوەن موڵك وزەویەکی زۆر!
حەوت: لە ١٦ی دیسامبردا قازی محەممەدوچەند کەسی دیکە ٤٥ کیلۆمیتر بەرەو پیلی سەرهەنگ هوماوینی چون ومەڕیان لە بەرلاقی کووشتەوە! تا پێی بڵێن بە بێ تەقە وشەڕ دەتوانێ بێتەوە مهاباد چون بەرخۆدانێک لە ئارادانییە!قازی محەممەد بۆ ئەوکارەی کرد؟ هۆیەکەی چی بوو؟
هەشت: هێشتا سەربازخانەی شآر دەدەست کورددابوو،ئەڕتەشی ئێڕان نەگەڕابۆوە،هەرچی بەڵگە ودۆکۆمێنت سەبارەت بە کۆمارهەبووە ئاگری تێبەردرا!کاتێك قازی دێتە ناو سەربازخانە وئەو کارە دەبینێ،دەپرسێ کێ دەستوری داوە ئەو بەڵگانە بسووتێنن؟لە جوابدا پێی دەڵێن: گووتویانە قازی محەممەدئەو دەستوری داوە!کاتێک ئەو قسەیە دەبیسێ دەڵێ:کارێکی چاکتان کردوە!کۆمارێک نەتوانێ بەڵگە مێژووییەکان بشارێتەوە وبۆ نەوەکانی داهاتوو،کوا دەتوانێ وڵات بەڕێوە بەرێ / سەرچاوەی ئەو خاڵە، مێژووی مهاباد لە نووسینی رێزدار،م،سەمەدی/.
ئەو٨ خاڵە بەشیکن لەومێژوویەی کە خۆی لێ دەدزنەوە وخەریکن بۆمان تیف تیفە بدەن تا بیکەنە جەژنی سەرکەوتن!هەرنەتەوەیەک لە ئاستیی خەسارناسیی بۆ شکستەکانی خۆی لاواز بێ وەک ئەو گەلەی لێ بەسەردێ کە رۆژهەڵاتی کوردستانە.٧٦ ساڵی رەبەقە لە سەر ناوی / رۆژی ٢ی رێىەندان / و ساڵوەگەڕێ ئەورۆژە خەڵكی بێتاوان بە کوشت دەچێ.دوای ٧٦ ساڵ میراتگەرانی قازی و٢ی رێبەندان لە ناو کەمپەکانی کۆی سەنجەقدا وەها زەمینگیر کراون کە بوونە ٢لەت وپێكەوە ناسازێن!ئەوەی بارزانی پێیان دیکتە دەکا وەک قوتابیەکی باش مووبە موو ئەنجامی دەدەن!

بێ ئەخلاقی لە راگەیاندندا!

ئەوشەوە/٢ی رێبەندان/ لە سەر ئاریەیان تیڤی بەڕێوەبەریی ئەو پڕۆگڕامە / هی،گ / دەقی وتارێکە دەخوێندەوە کە بەشێکە لە دیرۆکی حیزبی دێمۆکڕات.باسی ئەو ساڵەی دەکرد کە نزیکەی ١٢٠ کەس / باوکی منیشی تێدابوو/ لە ئەندامانی ئەو حیزبە بەفەرمانی شآی ئێڕان وئیدارەی ساواک دەستگیرکران.ئەوە زەربەیەکی گران بوو بۆ بەدەنەی ئەو حیزبە.خوێنەریی دەقەکە گووتی: ئەو ١٢٠ کەسە لەلایان سیخۆرێکی ناوخۆیی حیزبی دێمۆکڕآت  ئاشکراوپاشآن گیراون!
ئەو سیخۆرە ناوخۆییە کەسێک بوو بەناوی / سمایل قاسملوو / کە ئامۆزای رەحمان قاسملوویە.گۆیا رەحمان قاسملوو قەولی پێدەدا هەرکات ژن ومنداڵەکەی لەوڵات رزگار بکا،ئەویش دەگەڵ خۆی بەڕێتە دەرەوەی وڵات.بەڵام رەحمان قاسملووقەرارەکەی خۆی ناباتە سەر!سمایل قاسملوش دەگێرێ ولە ناوزینداندا ئەو ١٢٠ کەسە بەگرتن دەدا!ئەوکات ئەوکارە خەساڕێکی مەزن دەبێ بۆ ئەوحیزبە.
پرسی مێدیاو چاپە مەنیی ورۆژنامە گەری هەرروا کارێکی هاسان نییە.بەرێوەبەریی ئەو شەوەی اریان تیڤی لەو پەڕی بێ ئەخلاقیدا نەیویستووە ناوی سمایلی قاسملوو بێنێ،چون ئامۆزای رەحمان قاسملوو بوو!هەروەها خوێنەریی ئەو دەقەش سەردەمێک چەکداری قاسملووبووە.لەوانەیە بۆ درۆکانیشیان شآییولۆغان بگێرێن.شکستەکانمان مەکەنە جەژن،لە راستیەکان بگەڕێن.ستێرک تیڤی وئاریان تیڤی چآوی نەتەوەی کوردن وجێگای شآنازین.ئەو چآوانە کوێر مەکەنەوە.
تێبینی:رەخنەی ئەو وتارە تەنیاڕووی لە بەڕێوەبەرانی هەرساڵەی ٢ی رێبەندانە لە سەرئەو دوومێدیایە.رەخنە لە ستێڕک تی ڤی وئاریان تیڤی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە