کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەیانتوانی و نەیانكرد!

Friday, 19/11/2021, 8:20


پشكۆ نەجمەدین

قسە لەسەر پاكتاوكردنی سیاسی و جەستەییی نەیارانی فیكر و سیاسەتە لەنێو ماڵی حیزبدا، نەك لەنێوان ماڵی حیزبەكاندا.
بە درێژاییی ساڵانی خەباتی سیاسی و چەكداریی حیزبەكانی كوردستان، پاكتاوكردنی سیاسی و جەستەییی نەیارانی ئیدۆلۆگی و سیاسیی حیزبە دژبەرەكان، كارێكی بینراو بووە، بەڵام بۆڕدان و دەمكوتكردنی نەیارانی فیكر و سیاسەت، تا سنوورەكانی پاكتاوكردنی جەستەیی، لە چوارچێوەی تەلاری یەك حیزبدا، كەمتر بینراوە و هیچ سەركردەیەكی باڵادەست و خاوەنبڕیاری هیچ حیزبێك، پڕكێشیی ئەوەی نەكردووە كە نەیارانی فیكریی خۆی، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی دەستەڵات، هەموو پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەكان ببەزێنێت و تیرۆر یانژی ژەهرخواردیان بكات!
لە تەلاری سیاسی و ڕێكخراوەییی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ناكۆكی و ململانێكان، هەمیشە لە هەڵچوون و داچووندا بوونە و زۆر جارانیش بە لووتكەی جیابوونەوە و دووكەرتبوونیش گەیشتوون و مەگەر لە سەنگەرە خوێناوییەكاندا، دەنا لە ژوورە جیاوازەكانی ماڵی حیزبدا، بە تیرۆری جەستە نەگەیشتوون.
لە نێوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی بووریدا، لە شاخ و لە جەنگەی خەباتی چەكداریدا، هەڵچوونی ناكۆكییەكانی دەروونی كۆمەڵە و یەكێتی، ئێمەی بە جیابوونەوە گەیاند! ئێمە و هاوڕێكانمان پەلامار دراین، زیندانی كراین، سووكایەتیمان پێ كرا و حوكمی ئیعدامیش دراین و جێبەجێ نەكرا.
مەلا بەختیار، شێخ عەلیی ڕەوانشاد و من، دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ و نیومان، لە بێزراوترین زیندانەكانی چیادا بەسەر برد.
كە نەوشیروان مستەفا و ناوەندی كۆمەڵە، لە میانەی پلینۆم و دادگای گاڵتەجاڕیی حیزبییەوە، بۆیان نەلوا و پێیان نەكرا، بە ئاشكرا ئیعداممان بكەن، نە ئەوان و نە مام جەلالیش، هەرگیز بیریان لەوە نەكردەوە، بە فێڵ و پلانكاری، ژێربەژێر و پەنامەكێ، لەنێومان ببەن!
ئەوان دەیانتوانی و زۆریش ئاسان بوو كە لەو ماوە دوورودرێژەی زینداندا، ژەهرخواردمان بكەن و تاوانەكەش لە گەردنی تاوانلێڕژاوی بەعس بنێن! ئەوان دەیانتوانی نارنجۆكێك لە ڕۆژنەی ساپیتەی زیندانەوە، فڕێ بدەن و بكەرەكەیشی ڕەوانەی شار و لای موخابەراتی بەعس بكەنەوە!
نا ئەوان ئەو كارەیان نەكرد!
ئەوان دوو سەركردەی بڕیاربەدەستی بەئەزموون و سیاسەتدیدە بوون. ئەوان بیریان لە ئاییندەی یەكێتی و ڕابردووی ئێمە دەكردەوە.
ئەوان پێیان وا بوو، ڕەنگە سەردەمێك و ڕۆژگارێك بێت، نەیارە سیاسی و دژبەرەكانی ئێستایان، هێز و توانست و ئەزموونەكانیان، بە ئاقارێكدا ئاڕاستە بكەن، خزمەت بە بزووتنەوەی سیاسیی كورد و یەكێتی بكەن. ئەو ڕۆژگارەی زیندان و ئازاردانی ئێمە، بێ ئەوەی هیچ پاساوێك هەڵبگرێت، سەركوتكردنی ئازادیی بیروڕا و خنكاندنی نووزەی دیموكراتی بوو، كەچی جارێ سەركردەكان، چاویان لە مێژووی داهاتوو دەكرد و هەموو تاڵەدەزووەكانیان نەدەپساند!
لەو ڕۆژگارەدا، لە یەكێتی و كۆمەڵەدا، وێڕای هەموو ناڕازای و ڕەخنە بونیادییەكانی ئێمە و ئاڵای شۆرش، دیسان تروسكاییی جۆرێك لە فیكر و ئاییندەبینی دەبینرا.
ڕۆژگار و سەردەمەكان بەسەر چوون. دەستەڵاتی سیاسیی بڕیادەری حیزب، لە ڕابەرە بەئەزموونەكانەوە، بۆ سیاسییە نەزان و بێئەزموونەكان دۆناودۆنی كرد. كاریتە و دارەڕای فیكریی تەلاری حیزب پووكانەوە و هێڵە سەرەكییەكانی بەرنامە و ئامانجەكان، لە بەرژەوەندیی ئابووری و كۆمپانیاكاندا بزر بوون!
یەكێتیی نوێ و هەندەك خاوەنهێزی بڕیاربەدەستی حیزب، بۆ پاكتاوكردنی هەموو لەمپەرەكانی ڕێی گەیشتن بە لووتكەی بێبەرانبەری دەستەڵات، هەموو پرانسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەكانیان بە خاك سپاردن و هاوڕێ هەڤاڵەكانی حیزب، هەڤاڵانێك كە سیمبۆلی نێو مێژووی ئەو حیزبە بوون و هەن، ژەهرخواردوو كردن.
مەلا بەختیار، ڕەنگە ماندووترین و ڕۆشنبیرترین سەركردە و كاراكتەری نێو مێژووی ئەم حیزبە بێت، كە هەوڵی تیرۆركردنی لە چوارچێوەی ئەقڵە نەزان و  بێئەزموونەكانی ئەم حیزبەدایە، كە دەچێتە خانەی تاوان و دەشێت دادگا، بكەرەكانی سزا بدا.
وای دەبینم ئەم حاڵەتە، تەنیا بەرهەمێكی پرۆسەی "نوێبوونەوە" بێت لە حیزبدا و مەترسییەكی گەورەش بێت بۆ مێژووی ڕابردوو و ئایندەی ئەم حیزبە.

پشکۆ نەجمەدین


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە