کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخۆ شنگاڵ چەقی ململانێیەكانە!!

Thursday, 20/01/2022, 4:50


 بارودۆخی ئێستای عێراق بەقۆناخێكی ڕاگۆزەردا تێپەڕ دەبێت. هەم هێزە ناوخۆییە عێراقیەكان و هەمیش هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان بەگشتیانەوە سەرقاڵی پێكهێنانی ئەو حكومەتەن كە لەئەنجامی هەڵبژاردنێكی كرچ و كاڵ و بەدەر لەخۆاستەكانی كۆمەڵانی خەڵكی عێراق هاتووەتە كایەوە، زۆنی هەموو چاوەكان لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی ئەمجارەی عێراقن. هێزە هەرێمیەكان هەر یەكەیان بەكەیفی خۆیان تەڕاتێن بەلایەنە سیاسیەكانی عێراق دەكەن؛ هێزە سووننەكان بەپاڵپشتی توركیا و ئیمارات یەكدەخرێن و بۆ بەشداریكردنیان لەحكومەتیی نوێش سەرۆكی توركیا بەفەرمی بانگهێشتی توركیایان دەكات؛ لایەنە شێعەكانیش چەندەش لەرووكەشدا ناكۆكییان هەبێت؛ لەسەردەستی رژێمی ئێران یەكدەخرێن و گەورەبەرپرسانیان هەم خەت و نیشانی ناوەندی مەزهەبیان دیاری دەكەن و هەمیش رێكیان دەخەن، واتا عێراق بووەتە پەناگایەك بۆ هێزە هەرێمیەكان و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان بەدەر لەخەڵكە رەسەن و رەش و رووتەكەی خۆی كە چاوەڕێن دەستێك لەغەیبەوە بێت و دەوا و تیماری دەردەكەیان بۆ بكات.
 هەر لەگەرمەی ئەم ڕاكەڕاكەیەدا؛ جارێكی تر شەنگاڵ بووە چەقی ململانێیەكان؛ نزیكەی هەفتەیەكە دەوڵەتی ناوەندی بەبێ هیچ بیانۆیەك بەسەدان سەربازی بەكەل و پەلی جەنگییەوە رەوانەی شەنگاڵ كردووە و رۆژبەدوای رۆژ هەڕەشە لەگەل و دام و دەزگاكانی خۆبەرێوەبەری شەنگاڵ دەكا؛ هەڕەشە لەئاسایش دەكەن كە جێگاكانیان بەردەن؛ بەئەنقەست مۆدەرەعە و هەمەر و دەبابە و تانكی ئاو و سەیارەی دووشكا لەسەر شاڕێیەكان بەجێ دەكەن و بەدوای گێچەڵكردنن بەخەڵك و رۆژنامەوانان دەستگیر دەكەن. ئایا بۆچی سۆپای عێراق وەها دەكات؛ ئاخۆ كەس هەیە بڵێت لەم كات و ساتەدا چی گۆڕدراوە كە سوپای عێراق بەمشێوەیە لەگەڵ شەنگاڵ و شەنگاڵییەكاندا هەڵسوكەوت دەكات. 
 ساڵی 2014 كاتێك حكومەتی مالیكی لەسەردەسەڵات بوو؛ داعش خۆڕسكانەش لەعێراق سەریهەڵدا و لەخۆارووی عێراقەوە وردە وردە پەلهاوێشت و موسل و شەنگاڵیشی لەناودا بەشێكی زۆری لەپانتایی عێراق و جۆگرافیاكەی خستەدەستی خۆی و حاكمیەتی مۆتڵەقی بەسەدا سەپاند. هەرلەو كاتەشدا ناكۆكییەكان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەهۆی هەڵسوكەوتی دوولایەنەیان پەرەیان سەند و وای لێهات؛ ئێدی باوەڕی بەیەكگرتوویی عێراق بووە بابەتێك كە گەڕانەوەی ئەستەم بوو. لەگەرمەی ناكۆكییەكانی ناوەند و هەرێمی كوردستان؛ گروپە چەتەكانی داعش پەلاماری موسل و دواتر شەنگاڵییاندا. لەموسل لەمەزگەوتی نور جاڕی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی"عێراق و شام"لێدرا. دوابەدوای راگەیاندنی خەلافەتەكە؛ داعش پەلاماری شەنگاڵیدا و كۆمەڵكۆژی ئێزییەكانیان كرد. لەو كاتەدا هەم هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی ناوەند و هەمیش پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كەگوایا بەهاوبەشی ئەركی پاراستنی شەنگاڵییان بەرێوە دەبرد بەبێ تەقە ناوچەكەیان بۆ داعش چۆڵكرد و دەرئەنجامەكانیش بۆ هەموولایەك ئاشكرایە كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كەس نەیتوانیووە قەرەبوویەكی ئێزیدیەكان بكاتەوە؛ بەتایبەتیش هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان و لەناویشیاندا پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق تەنانەت داوای لێبوردنیشیان لەخەڵكی شەنگاڵ نەكردووە.
 ئێستاشی لەگەڵدا بێت؛ هەموو لایەنەكانی ئەو هێرشە بۆ سەر شەنگاڵ و دانیشتوانەكەی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكراوە. چونكە ئەوانەی لەئەردەن لەگەڵ داعش دانیشتبوون لەسەرچی رێككەوتبوون. بەتایبەتی چە رێككەوتنێكیان لەسەر شەنگاڵ كردبوو. چونكە لایەنێكی كوردی كە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقە و ئەو كاتەش بەبەڵگە بەشداربوونیان لەو كۆبوونەوانەدا ئاشكرا كرا؛ بەشداریان كردبوو. ئایا ئەو هێرشە بەڕەزامەندی ئەوانكرابوو یان نا، نازانم. بەڵام دەرئەنجامەكان وا دەریدەخەن كە رەزامەندی شێعە و سووننە و پارتی دیموكراتی كوردستانیشی لەسەر بووە كە داعش پەلاماری ئەو هەرێمانەش بدات و بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە. هەموو لایەكیان لەگەڵ رێككەوتنێكی وەهادا بوونە كە ئەو هەرێمە نەكەوێتە دەست هیچ لایەنێكیانەوە و بەدەستی داعشەوە بێت، بۆیان باشتر دەبوو. هەركەسەش بەلای خۆیەوە وەها بیریان دەكردەوە كە دەتوانن بەئاسانی ئەو كاتەلەگەڵ داعش و پاشماوەكانی چەتەكاندا مامەڵە بەو هەرێمەوە بكەن. ئەوە گریمانەیەكە و هێدی هێدی بۆ خەڵكیش راستیەكان روون ببێتەوە.
 ئێستاكەش كە لەگەرمەی دانوستاندنی لایەنەكانی عێراقیدان جارێكی تر شەنگاڵ دەبێتەوە چەقی ململانێیەكان؛ ئەوەش نەك بەهۆی هەبوونی هێزێك یا خۆد بەهۆی هەبوونی پێكهاتەی ئێزیدیەوە بێت؛ گرنگی ستراتیژیەتی شەنگاڵ بەتایبەتی بۆ هەردوو جەمسەری شەڕەكە؛ لەناو خۆی ئێراق بۆ شێعە و سووننە وەكو بوری هەناسەدانە و بۆ هەردوو جەمسەری روسیا و چین و ئێران و توركیا لەلایەك و بۆ ئەمریكا و توركیا و عەرەبستانی سعودییە و ئیسرائیلیش لەلایەكی تر خاوەن شارێیەكە بۆ بەرفراوانبوونی هەژەمۆنی دەسەڵاتداریەتیان بەسەرگەلانی ناوچەكەوەیە، بەڵام لەم كەین و بەینەشدا؛ گەلی كورد و پێكهاتەی ئێزیدی دەكرێنە قۆربانی. ئەوەی گرنگە لایەنی كوردییە لەم هاوكێشانەی لەباشوری كوردستانە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپلەی یەكەمدا؛ چونكە شەنگاڵ لەرووی هەڵكەوتەی جۆگرافیایەكەیەوە لەناوچەی دەسەڵاتداریەتی پارتیەوە نزیكە و پارتیش خۆی وەكو میراتگەری ئەو هەرێمە دەزانێت؛ هەرچەندەش بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتداریەتی بۆ ئەو ناوچەیەش بەدەر لەماڵوێرانی بۆ گەلەكەی شتێكی نەكردووە و كارنامەكەشی بەێراحەت ئەمە نیشاندەدات. ئێستاكەش وەكو پاشخانی سیاسەتەكەی بۆ ئەو ناوچانە؛ پێخۆشە ئەو هەرێمە لەدەستی خەڵكی رەسەن و دانیشتوانی ناوچەكە دەربهێنێ و رادەستی حكومەتی ناوەندی بكاتەوە جا ئەوە كێ دەبێت زۆر گرنگ نییە بۆی؛ رێككەوتنی 9ی جووتمە"ئۆكتۆبەر"یش لەنێوان حكومەتی كازمی و پارتی دیموكراتی كوردستاندا بۆ هەمان مەبەست بوو. واتا پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆیان گرنگ نییە ئەو هەرێمە"شەنگاڵ"بكەوێتە دەست حكومەتی ناوەندەوە تەنیا بەمەرجێك خەڵكی ئەو دەڤەرە حۆكمی خۆیان نەكەن. ئەو هێز و تفاقە عەسكەریەش لەم سات و كاتەدا رەوانەی شەنگاڵكراوە لەسەر داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندام پەرلەمانتارانی ئەو پارتە پێكدێت. 
 كاتێك 2014 حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بوو بەناكۆكیان؛ ئەو هەرێمەیان كردە قۆچی قۆربانی لەنێوان خۆیاندا و هەردوو حكومەتیش خاوەنداریان لەو ناوچەیە نەكرد؛ ئێستاكەش بۆ ئەوەی ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و كارتەكانیان لەبەرامبەر بەیەكدی بەكاربهێنن؛ هەموو تەنازۆلاتێك بۆ یەكتری دەكەن و یەك لەو تەنازۆلاتەش ئەوەیە كە جارێكی تربەردەوامی بەفەرمانی سەر شەنگاڵ و شەنگاڵیەكاندا بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە