سەدر و حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی عیراق و کورد
Thursday, 06/01/2022, 10:17
ناتەبایی لەنێوان سەرانی پارتە شیعەیەکانی عیراق هەر یەک لە هادی عامری، مالکی، حەیدەری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، حەکیم و سەدر و ئەوانی دی، ناتوانرێت دەستەواژەی ناتەبایی نێو ماڵی شیعەیان بۆ بەکاربهێنرێت، وەک چۆن ناتەبایی نێوان سەرانی پارتە کوردییەکانیش ناتوانرێت پێی بگوترێت ناتەبایی نێو ماڵی کورد لە بەغداد، چونکە سەرانی ئەو پارتانە هیچ کامێکیان ڕێبەرایەتی گشتی شیعەی عیراق و هەموو میللەتی کورد ناکەن. شیعە لە سەدا %٦٠ و کورد لە ٢٠% پێکهاتەی عیراقن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش ئەو ڕاستییەی سەلماندوە چی لە ڕێژەی بەشداریی کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان چی بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پڕ لە ساختەکان.
هەر لایەنێکی شیعی یان کوردی ئەو کات براوە دەبوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا کە بیتوانیبا بەلای کەمی لە ڕێژەی %٦٠ی شیعە و لە %٢٠ی کورد نیوە زێتر بهێنن، ئەو کات شیعەکان بە ئاسانی دەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، وەک ئەمڕۆ پێویستیان بەوە نەدەبوو کە لەگەڵ سەرانی حزبە کوردییەکان و سونەکان هاوپەیمانیەتی ببەستن بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، ئەوجا دەتوانرا بگوترێت کە فڵانە سەرکردە یان پارت ڕێبەرایەتی گشتی کورد و شیعە لە عیراق دەکات. خۆدزینەوە لەو ڕاستییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دووبارە ناسنامەی حکومەتی عیراقی داهاتوو بکەوێتە ژێر پرسیار، گرفتەکان بە ئاقارێکدا بڕۆن، کە سیادەی عیراقی دووبارە سیادەیەکی لەرزۆکی بێ شکۆ بێت وەک ١٧ساڵی ڕابردوو، هەرگیز عیراق نەتوانێت سەقامگیری ئابووریی و ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ گەلانی عیراق مسۆگەر بکات و لە سایەیدا تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگایە بحەسێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکان و بە ڕووکەش بێت، سەرانی پارتە شیعیەکان لەنێو خۆیاندا ناکۆکن، بەڵام دیار نییە لە کۆبونەوە داخراوەکان و پڕۆژە ژێربەژێرەکانی دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی دنیا و ناوچەکەدا چی دەگوزەرێت، کە ئایا لە ڕاستییدا ئەو ناتەباییە هەیە، یان وەهمیە، یان پلانێک و گەمەیەکی سیاسییە بۆ کات کوشتن و سەرقاڵکردنی خەڵک؟ بۆیە بیانکردنی هەر ئاواتێکی سیاسیی بۆ نەتەوەیی کورد لەسەر بیناغەی ئەو ناکۆکییە هەڵەیەکی مەزنە.
سەرانی شیعە لەنێوان بەرەی ئیران و ئەمریکادا دابەش بوون، هەروها سوودمەند بوون لە گرفتی نێوان هێزە ئیقلیمیەکان، هەموویان خاوەن هێزی چەکدارن، هەروها هەموویان لەسایەی ئەو جۆرە سیستەمە حوکمڕانیەی عیراق لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند بوون، هەموویان ١٧ساڵە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی حکومەتی گەندەڵ و کەسایەتی گەندەڵ و داپلۆسینی میللەتانی عیراق، ڕاگرتنی بەلانسی نێوان بەرەی ئەمریکا و ئیرانیش لە بەرژەوەندیی خۆیانە، واتە کەسیان لە بەرەی گەلدا نین، تا بتوانن خەونی زۆرینەی سادەی شەقامی عیراقی بهێننە دی، هەروها ڕوون نییە کە دابەش بوونی هێزە شیعیەکان بەسەر بەرەی ئەمریکا و ئیراندا تاکتیکێک نەبێت بۆ خزمەتی ستراتیژیەتی شیعە مەزهەب بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، واتە بە کۆنتڕۆڵکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە یان لەلایەن ئێرانەوە ئەوان حوکمڕانی عیراق بکەن، کە لە ئەنجامدا ئەمەش بۆ کورد هیچی لێ شین نابێت!
١٧ ساڵە ئەمریکا دەسەڵاتی سیاسی عیراقی ڕادەستی هێزە شیعیەکان کردووە، سیستەمی تەوافق و پشکێنەی لەو وڵاتەدا پەیڕەو کردوە، کە لەسایەی ئەو سیستەمەدا جگە لە گەلانی عیراق، گشت سەرانی هێزە عیراقیەکان بە کورد و سونە و شیعەوە سوودمەند بوون. مانەوەی حکومەتی عیراق ١٧ ساڵە بە پلەی یەکەم، بە یارمەتی و پشتیوانی ماددی و مەعنەویی و سەربازیی ئەمریکا بووە، بۆیە هیچ لایەنێکی بەشدار بوو لەو دەسەڵاتە بەدرێژایی ئەو هەڤدە ساڵە، ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕاستییە بکات، کە ئەمریکا کۆڵەکەی ڕاگرتنی ئەوان بووە، چی بەوانەی کە ئەمڕۆ لە بەرەی ئیران هەژمار دەکرێن و چی بەو هێزانەی کە لەبەرەی ئەمریکادا هەژمار دەکرێن، بۆیە ئەو هاوکێشە سیاسیە ئاڵۆزە مەرج نییە هەموو کاتیک مەرام و مەبەستە سیاسییەکانی تێیدا بە ڕوونی ببینرێت!
دابەشبوون بەسەر بەرەی ئیران و ئەمریکا و ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو پێمان دەڵێت، کە ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئیران کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەمریکا بیەوێت دژایەتی دەسەڵاتدارانی تاران بکات و بیانروخێنێت، ئەوا ئەو کارە لە عیراق و لوبنان و سوریادا ناکرێت، بەڵکو لە تارانەوە دەکرێت، کە تا ئێستا ئەمریکا ئەو هەنگاوەی نەهاویشتووە و لە هەراوهۆڕیای میدیاکان زێتر واشینگتۆن هیچی دی نەکردووە، هەر کاتێک کە شەقامی ئیرانی دەکەوێتە جۆشوخڕۆش ئەوا ئەمریکا پشتیان تێ دەکات، لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بەدەیان جار دەنگی ناڕەزای ئیرانی شەقامی ئەو وڵاتەی تەنی، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانانی تەنیا تەماشەکەر بوون.
سەدر بانگەشەی دامەزراندنی "حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی سەربەخۆ" دەکات، واتە حکومەتێک نەسەر بە ئەمریکا و نەسەر بە ئیران بێت. لە کۆی ٣٢٩ کورسی سەدر ٧٠ کورسی پەرلەمانی بردۆتەوە، بەگوێرەی دەستوری عیراقی بێت سەدر ناتوانێت "حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی" دابمەزرێنێت، بۆیە بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ حزبە کوردییەکان بەتایبەتی ینک و پدک و حزبە سونەکان سەدر دەیەوێت ئەو هەنگاوە بهاوێت و هەفتەی ڕابردوو داوای لە میلیشیا شیعەکانی دی کە سەر بە ئێران ناسراون کرد کە خۆیان لەنێو ئەو چوارچێوەیەدا بتوێنەوە.
سەدر لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە دژی "حکومەتی پشکێنەیە"، واتە پاراستنی یەکپارچەیی عیراق لەژێر سایەی حکومەتی زۆرینەی ناوەند، ئەمە لە مەودای نزیک و دووردا، دروشمێکە لە بەرژەوەندیی سەربەخۆی کوردستاندا نییە، خزمەت بە دەستکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی کورد لە باشووردا ناکات، بۆیە ئەمڕۆ ڕازیبوون بەکارکردن لەژێر ئەو جۆرە دروشمەدا، لێپرسراوەتی مێژووی هەیە، لەدەستدانی هەلێکی مێژووی دییە وەک چۆن هەلی ساڵی ١٩٩١ی دوای کۆڕەو بۆ کورد هاتە پێشێ و سەرانی ینک و پدک و ئەوانی دی بۆ بەرژەوەندیی و گیرفان پڕکردن لە دەستیان دا.
ئەزموون و واقیعی ئەمڕۆی عیراق دەیسەلمێنێت، کە ئەو وڵاتە هێشتا نائارامی و ناسەقامگیری پێوە دیارە، هەروها سەرخان و ژێرخانی داڕماوە، بۆیە سەدر ڕەنگە بتوانێت کە "حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی" پێکبهێنێت بەڵام ناتوانێت بەبێ پشتیوانی ئەمریکا پارێزگاری لێ بکات، هەروها ئەو هێزە شیعیانەی کە لەبەرەی ئێرانن وەک هادی عامری، خەزعەلی، مالکی، فەلاح فەیاز و حەکیم و هێز و میلیشیاکانی دی سەر بە ئێران ئەگەر بتوانن حکومەت دابمەزرێنن بەڵام ئەوانیش بێ پشتیوانی ئیران ناتوانن پارێزگری لێ بکەن. دواتر دامەزراندنی حکومەتێک سەر بە هەر بەریەکیان بێت، ئەویتر دژی ڕادەوەستێت و فشاری شەقام و میلیشیاکان دژ بەیەک بەکاردەهێنن، لە ئەنجامدا ئەوان وەک جاران گیرفان پڕدەکەن، تەقینەوەش لە گەڕەکە هەژارەکانی شارەکانی عیراق لەژێر ناوی هەر میلیشیایەک بێت ئەنجام دەدەن تەنیا ڕەشوڕوت دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان، واتە چارەنووسی گەلانی عیراق دراوەتە دەست کۆمەڵیک کەس و لایەن کە بەدرێژای ئەزموونی ١٧ساڵی دوای سەدام و ٣٠ساڵی دوای کۆڕەو لە نەهامەتی بەولاوە هیچیان بۆ گەلانی عیراق بەرهەم نەبووە.
لەسەر ئاستی دنیادا نەتوانراوە عیراق بکرێت بە وڵاتێکی نمونەیی خاوەن ناوبانگێکی باش، بەڵکو هەمیشە ساڵانە لە لیستی وڵاتە گەندەڵەکاندا لە پلەکانی یەکەمە، کە ئەمە بۆ ئەمریکا لەسەر ئاستی دنیادا لە شەرمەزاریی بەولاوە هیچی دیکەی لێ شین نەبووە، کە دەسەڵاتێکی سیاسی لەسەر دەستی ئەو هاتۆتە کایەوە، بە پشتیوانی ماددی و مەعنەویی و سەربازیی ئەو تا ئێستا لە دەسەڵاتە و بەم جۆرە بێت، بۆیە ئیتر چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە ئەمریکا بۆ لەمەودوا بە هەڵوێستەکانیدا بچێتەوە، گۆڕانکاری گرنگ لە ستراتیژەیەتی کار کردن و مانەوەی لەو وڵاتەدا بکات، کە مەرج نییە نەگاتە ئاستێک وەک ئەفغانستان بەناچاری لەدوای ئەڵتەرناتیڤ نەگەڕێت بۆ خۆدەرباز کردن لەو شەرمەزارییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست