کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌لاقه‌یه‌كی داخراو، كۆڵانێكی بێ كۆتا!

Saturday, 01/01/2022, 17:02


ده‌نگی هه‌وره‌ بروسكه‌ خه‌ریكی بوو ئاسمان كه‌ڕو تاس ده‌كرد، ده‌ترسام سه‌رم له‌ژێر به‌تانیه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ربێنم. ژووره‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ سارد و سڕ بوو هه‌موو لاشم له‌ژێر به‌تانیه‌كه‌وه‌ وه‌كو فڕفڕه‌ ده‌له‌رزی و هه‌ڵده‌فڕی. سه‌رماكه‌ی ئه‌وه‌نده‌ جه‌رگبڕ بوو كه‌ ده‌روونمی وه‌كو تاشه‌ به‌ردێك ره‌ق هه‌ڵاتووی لێهێنابوو. چاوم نه‌ده‌چووه‌ خه‌و، له‌لایه‌ك ده‌نگه‌ده‌نگی هه‌وره‌ برۆسكه‌كه‌ و له‌لایه‌كی تر سه‌رما و سۆڵه‌كه‌ی ناو ژووره‌كه‌مان هه‌روه‌كو دوو دێوه‌زمه‌ هه‌موو خه‌یاڵه‌كانمی وه‌كو سه‌هۆڵبه‌ندانێكی بێ رۆحی لێكردبوو نه‌ده‌متوانی به‌ئاسانی سه‌ربنێمه‌ سه‌ر سه‌رێنه‌كه‌م و بخه‌وم و نه‌ش ده‌متوانی ده‌نگی ترپه‌ترپی دڵم ئاسایی بكه‌مه‌وه‌. دڵم له‌تاوی هه‌ر دوو دێوه‌زمه‌كه‌ وه‌كو ده‌هۆڵه‌كه‌ی كاك برات بۆ چركه‌یه‌كیش له‌كوتان رانه‌ده‌وه‌ستا و گرمه‌ی دڵم و گرمه‌ی هه‌وره‌ بروسكه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاوێته‌ی یه‌كدی بوون كه‌ نازانم گوێم له‌كامیان بوو؛ هه‌ندێك جار خه‌یاڵم ده‌كرد، گرمه‌ی دڵمه‌ كه‌چی له‌ولاوه‌ ره‌شه‌بایه‌كی توند و زه‌به‌ند خه‌ریك بوو ده‌لاقه‌كه‌ی ژووره‌كه‌مان له‌بنه‌چه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنێ و ره‌قه‌ره‌قه‌ی لێ هه‌ڵسه‌ندبوو، خه‌ریك بوو ئێدی باوه‌ڕم به‌خۆم ده‌هێنا گوێیه‌كانیشم به‌هه‌ڵه‌ له‌ده‌نگه‌كان تێگه‌یشتوون. 

خۆڕخۆڕی ده‌نگه‌بارانه‌كان له‌شووشه‌ی ده‌لاقه‌كه‌ی ژووره‌كه‌مدا ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌. وه‌كو منداڵێك كه‌ له‌دووری دایكیه‌وه‌ به‌خۆڕ ئاو له‌چاوه‌كانی بێته‌ خواڕێ و هه‌نسك هه‌نسك بدات ئه‌و ئاوه‌ به‌هێواشی رۆحیمی له‌پشت ئه‌و ده‌لاقه‌وه‌ ته‌ڕ كردبوو؛ خه‌ریك بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی دڵۆپێك له‌و ئاوه‌م به‌سه‌ردا هه‌ڵپژێت؛ رۆحم لێوان لێوان ده‌بوو له‌ئاو؛ ئاوی ئاسمانه‌كان. ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ هه‌وره‌بروسكه‌ به‌سه‌ر زه‌وی و مرۆڤه‌كانی خۆدادا ده‌یباراند. بارانێك پڕ ره‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌ت بوو. ئاخ له‌و شه‌وه‌ سارده‌. تا ئێستاكه‌ش بێ حسی ئه‌و شه‌وه‌م له‌بیرنه‌كردووه‌، ته‌زووی ئه‌و شه‌وه‌ سارد و سڕه‌ هه‌ناومی وشك و هاوشێوه‌ی خه‌زانی وه‌زی خه‌زه‌ڵوه‌ری لێكردووه‌.

ئاخ له‌و بارانه‌؛ بارانێكی پاییزی، كاتێك ده‌تزانی گه‌لای داره‌كان و شریخه‌شریخی هه‌وره‌كان و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی ده‌نگه‌ بارانه‌كان؛ سیمایه‌كی ترسناكین ده‌خۆلقاند. له‌ترسی ئه‌وه‌ی خۆانه‌خۆاسته‌ زه‌وی له‌رزه‌ ده‌ست پێ بكات و دار و په‌ردۆی ماڵه‌كان به‌ناویه‌كدا بدات و مرۆڤه‌كان له‌پشت ده‌لاقه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌نیا بمێنن، خه‌و نه‌ده‌چووه‌ چاوه‌كانم. ئاخ له‌و مرۆڤه‌ی له‌پشت ده‌لاقه‌وه‌ به‌ته‌نیا سه‌یری ئه‌و به‌ری شه‌قام و كۆچه‌ و كۆڵانه‌كان ده‌كات و ده‌نگی هاوار و ره‌نگی زه‌ردی گه‌ڵا داره‌كانیش نابینێت. ئاخ له‌و دێو ده‌لاقه‌وه‌... ده‌لاقه‌یه‌كی داخراو... ژیانێكی راوه‌ستاو به‌پێوه‌... ده‌لاقه‌یه‌كی داخراو و كۆڵانێكی بێ كۆتا... 

رۆژێك چیرۆكه‌كه‌ به‌رده‌وام بێ ... 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە