ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی پەیوەندیی بە میتی تورکەوە دەکات
Tuesday, 28/12/2021, 22:00
بەپێی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، کە لە زاری ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتیمانی بە کوردستانپۆستی راگەیاند، ئەوەی ئاشکراکرد، کە بەر لە یەك مانگ، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئەندامی پەرلەمانی عیراق سەردانی ئەنقەرەی كردووە بەبیانوی چارەسەری نەخۆشیی، لەو سەردانەیدا چاویكەوتووە بەدەزگای میتی تورك و لەبارەی رەوشی پەكەكە لەناوچەكانی ئامێدی شیلادزێ و دۆڵی نەهلە و دینارتە زانیاریی وردی داوەتە ئەو دەزگایە.
هەروەك سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتیی دوو جار لەدوو شەقامی ناسراوی ئەنقەرە بەناوی (كونور) و (سكاریا) لە ناوچەی كزڵای لەرۆژی 28 نۆڤەمبەر بینراوە و لێپرسراوانی میتی لەگەڵدا بووە. رۆژی دواتریش لە هۆتێل JW Marriott جارێكی دیكە لەگەڵ لێپرسراویكی تورك بەناوی ئیتین گونیش دانیشتووە. زانیاریی زۆری لەبارەی دەروازەی سێمالكا و سنوری وەلید و ناوچەی مەحمودییە داوەتە میتی تورك. بۆیە دوای چەند رۆژێكیش لە گەڕانەوەی ناوبراو بۆ كوردستان، پارتی سنوری سێمالكای داخست و كڕینی نەوتی لەناوچەی مەحمودیە وەستاند. سەرچاوەکە وتی ترسی ئەو هەیە زانیاریی لەبارەی هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لەشنگال بداتە توركیا و مەرگەساتی گەورەی لێبكەوێتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتیی كە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عیراق (الامن والدفاع) ئەندامە، زانیاریی وردی لەبارەی سوپای عیراق و دامودەزگاكانی دەوڵەتی عیراقیش داوەتە توركیا. ئەمجارەش كە بۆ پەرلەمانی عیراق دوای دەرچوونی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن دەرنەچوو بوو دواتر لە ڕێی دادگای فیدرالیەوە دەرچوێنرا، زانیارییەكان دەڵێن لەژێر فشارو بەهاوكاری ئەنقەرە سەرخراوە! 30/11/2021 كاتێك كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان زیادكردنی كورسیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی لەهەولێر راگەیاند، هەرێم كەمال ئاغا بەبیانوی چارەسەر لە ئەنقەرە بوو.
هەر ئەو سەرچاوەیەی ناو سەرکردایەتی یەکێتیی پێی راگەیاندین، پێویستە هەموو ئەندامانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و حکومەتی عێراقیش ئاگاداری ئەو زانیارییانە بێت، چونكە زیانێكی ئێجگار گەورە بە پەیوەندی هەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان دەگەیەنێت، چونكە تا ئیستا و تا رادەیەک پەیوەندییەكی باش لە نێوان ئەو لایەنانەدا هەیە، بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و كاری تایبەت پێگەی خۆی بەكاردەهێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست