ڤایرۆسە کوشندەکەی جەستەی کورد!
Tuesday, 21/12/2021, 11:40
جوت حیز+بی دەسەڵاتدار لەهەرێمی کوردستان داش عێڕاق کە تەنها لەڕوکەشدا کەمێک ناوو لۆگۆو ڕەنگیان جیاوازە، ئەگینا لەناواخنا دوو دەمی یەک مشارن بۆ بڕینەوەی قاچی کورد. دوو دەمی یەک مەقەسن بۆ هەڵدڕینی ورگی کورد. دوو دەمی یەک تەورن بۆ هەڵکەندنی چاڵی ئەنفالی کورد. دوو دەستی یەک جەستەن بۆ کوشینی بینەقاقای قورگی کورد. دوو دارتاشی یەک کارخانەن بۆ دروستکردنی تابوتی کورد. دوو بەرگدروی یەک دوکانن بۆ دروونی کفنی بەری کورد. ئەوان دوو ئیمامی یەک مەزهەبن بۆ خوێندنی نوێژی مردوو لەسەر مەرگی کورد. ئەوان دەمی یەک خاکەنازن بۆ ڕاماڵینی خۆڵ بەسەر تەرمی چارەنوسی کورد. ئەوان هەردوک حیزبی حوکمڕانیی کوردیم مەبەستە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستانم مەبەستە.
ئەوان ئەگەرچی دوژمنی یەکتریشن و بەخوێنی کەللە سەری یەکتر تینون، بەڵام بۆ دزین و بەتاڵانبردنی سەروەتی میللەت، نەدانی ئازادی، کوشتن، ڕفاندن، زوڵم و زۆرداری لەدژی هاوڵاتیانی کوردستان یەکێکن و هاوپەیمان و هاوڕێگاو هاوخەباتن. ئەم دوو حیزبە هەم لەگەڵ میللەتی کورد خائینن و هەم لەگەڵ یەکتر. هەروەها کاتێک هەر کەسێک یاداشتەکانی سەرکردە باڵاکانی پارتی و یەکێتی بخوێنێتەوە، تێدەگات کە یەکێتی و پارتی لەوەتەی دروست بوون، دوو هێز بوون دژی یاسا و دادپەروەری و حوکمی قانون، چونکە وەک دوو هێزی سەرلێشێواوی توندڕەوو چەپڕەوی سەر بە قوتابخانەکانی ستالین و ئەتاتورک بەکوشتن و تیرۆر و تۆقاندن حوکمیان کردووە. بەشی زۆری ئەو تیرۆر و تۆقاندنەش یەکەمجار ئاراستەی ئەندامەکانی خۆیان کردووە بۆ ئەوەی ملکەچی خۆیان بکەنو چاوترسێنیان بکەن. ئینجا ویستویانە سیاسەتی شەڕانگێزانەی خۆیان بە سەر حیزب و لایەنەکانی تردا بسەپێنن.
کوشتنی دەیان کادیر و سەرکردەی خۆیان و بەدەستی خۆیان و خەڵکی دیکە لە شاخ و شارەکان گەواهی ئەوە ئەدەن ئەم دوو حیزبە هەزاران چالاکی تیرۆریستییان ئەنجامداوە. کە یەکێتی و پارتی مەفرەزەی تایبەتی تیرۆریان هەبوو، ئەمانە پەڵەیەکی ڕەشن لە مێژووی خوێناوی ئەو حیزبانەدا. مرۆڤ تەنیا یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا و مەلا بەختیار بخوێنێتەوە تێدەگات مێژووی ئەو حیزبانە چەند خوێناوییەو چەند پڕە لە شەرمەزاری.
لە دوای ڕاپەڕین و لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا، خەڵکی کوردستان حوکمی قەرەقۆشییانەی ئەو حیزبانەیان هەر لە یاد ماوە کە کوشتن و تاڵان و بڕۆ وەکو ئاوخواردنەوە بووە بۆ چەکدارو بەرپرسانی خۆیان.
لە چەند ساڵی ڕابردووشدا ئیرهابێکی بێ وێنەیان بەرامبەر خەڵکی کوردستان پەیڕەو کردووەو ئەوەی حیسابی بۆ ناکرێت دادگاو یاسایە .چونکە جیا لەو تاڵان و بڕۆو قاچاخچیەتیەی لەدەروازە سنوورییەکان دەکرێ کە هەر شەوێک بۆ یەکێک لە سەرانی خۆفرۆشی یەکێتی و پارتییە.
ڕۆژ نییە دەیان تاوانی کوشتن لەسنوری دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە ڕونەدات. کوشتنی كاوە گەرمیانی و ئامانج بابانی و لانەی خێزانی و پاسەوانە تایبەتەکەی مام جەلال و تەسلیم کردنەوەی مستەفا سەلیمی و كوشتنی خۆپێشاندەران و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانیتر لەوێنەی سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و دەیانیترو دواهەمینییان لەم مانگی ١١ی ٢٠٢١ بوو کە فەرماندەیەکی گەورە بە پلەی عەقید بەناوی موراد کانی کوردە لەلایەن جەللادەکانی باڤڵ تاڵەبانیی کوژرا، ئەمانەو دەیان تاوانی دیکە بەشێکن لە تیرۆرو تۆقاندنەکانی تاقمە دەستەڵاتدارەكەی پارتی و یەكێتی.
تەبعەن من یەکێتی و پارتی هەردوکیان وەکو یەک دەبینم تەنها جیاوازی ئەوان ئەوەیە وەکو بیبسی کۆلا و کۆکاکۆلا وایە، یانی تەنها لەڕوکەش و ناوو لۆگۆدا کەمێک جیاوازیان هەیە، ئەگینا لەناوەڕۆکدا هەردوکیان دوو کۆمپانیای مافیایی و تیرۆریستین، جگە لە تیرۆرو کوشتن و تاڵانکردنی نیشتیمان هیچ ئەرکی تریان نییە. بۆیە یەکێکیان فریشتەو ئەویتریان شەیتان نییە، بەڵکو هەردوکیان دوو کارخانەن بۆبەرهەمهێنانی شەیتانەکان و تیرۆریستەکان. ئەمانەش بۆیە هێندە قێزەونن، چونکە هەردوک قوتابخانەی جەلالیزم و مەلاییزم لەسەر دوو بناغەی قێزەون داڕێژراون و سەرکردەکانی هەردوک بنەماڵە لەڕابردودا بەم جۆرەی سەرکردەکانی ئێستا بوون، وەکچۆن پەندێکی کوردی دەڵێت گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە. بۆنمونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دورتر خیانەتی مەلا مستەفای بارزان لەکۆماری ساوای مەهابادو لەسەرۆک قازی مەحەمەدو هەڵاتنی. هەروەها بەفیکەی دەوڵەتانی نەیاری کورد شکستی بەگەورەترین جوڵانەوەی چەکداری کورد هێناو ڕایکرد بۆ ڕوسیا کە نەیوێرا تەنانەت فیشەکێکیش بتەقێنێت. دواتریش لەساڵی ١٩٧٤ مفاوەزاتی لەگەڵ حکومەتی بەغداد کردو کە نەک هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد تێدانەبوو، بەڵکو وەکو تەسلیم بوونێک بوو بۆ میللەتی کورد، ئەمانە بەشێکن لەمێژووی دووری پارتی و بنەماڵەی بارزانی، وە لەمێژووی نزیکیشدا بەژداری پارتی لەشەڕی پێنج ساڵەی براکوژی، ئەنجامدانی خیانەتە مەزنەکەی ٣١ی ئاب و هێنانی سوپای عێڕاق بۆ دەرپەڕاندنی حیزبێکی کوردی لەپایتەختی کوردستان، دواتر هێنانی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، دواتر شەڕی پەکەکە بە فیکەی تورکیا. هەروەها دواهەمینیان هەڵهاتن و چۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوان و ڕادەستکردنی نیو ملیۆن ئێزیدی بوو بەدڕندەترین هێزی تیرۆریستی نێودەوڵەتی بەناوی داعش.
هەروەها ئەگەر سەیرێکی ڕابردوو ئێستای یەکێتیش بکەین دەبینین کە پاشەڵی ئەوانیش لە هی پارتی پاکتر نییە، یەکێتیش تەنها کۆمپانیایەکی سیاسییەو دابەشبووە بەسەر چەند باڵو گروپو تاقمێکدا، هەریەکێکیان چەند دژی پارتی و نەیارانیتریانن هێندەش دوژمنی یەکترن. یەکێتی هاوشێوەی خیانەتی ٣١ی ئابی پارتی، ئەوانیش خیانەتە مەزنەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان هەیە کە تێیدا نیوەی خاکی کوردستان ڕادەستی حەشدی شەعبی شیعی کرا. سنوری یەکێتی ناوچەیەکی فرە کوێخاییە، دەبینین لە گەرمیان نەخوێندەوارو پیاوکوژێکی وەکو مەحمود سەنگاوی حوکمێکی خێڵەکیانەی ناوچەکە دەکاتو شتێک بونی نییە بەناوی دادگاو مانگا. لەدەڤەری ڕاپەڕین بەهەمان شێوە ئاغایەک بەناوی ئاکۆی عەباس ئاغا حوکمی موتڵەقی تەواوی ناوچەکانی ڕاپەڕین دەکات. لەسلێمانی ئەوە هەر باس ناکرێت، لەوێ چەندین کوێخاو سەرۆکمافیا هەیە. پێشتر لاهوری شێخ جەنگی حاکم و دەسەڵاتداری دەڤەرەکە بوو. کەچی لەناکاو ئینقیلابێکی سپی بەسەرداکراو لەچاو تروکانێکدا حوکمی کوێخا بوو بەهی پاشا. هەرچەند ئەم سەرۆک مافیایانەی باسم کردن تەنها بۆ دزین و بەتاڵان بردنی داهات و سەروەتی ژێرخان و سەرخانی نیشتیمانە، ئەگینا ئەوەی حوکمڕانی ڕاستەقینەیە لەسلێمانی و ناوچەکانی میرنشینی سەوز ئەوا ئێران و دەزگا هەواڵگریەکەیەتی. ئەوە ئێرانە لە تاهرانەوە سەرکردەکانی یەکێتی قوڕمیش دەکات و دەیانجوڵێنێت. سەر قونسوڵی ئێران لەهەرێمی کوردستان حاکمی ڕاستەقینەی سنوری یەکێتییە. هەروەها ئەوەی لە هەولێرو ناوچەی میرنشینی زەردیش حوکمڕانی ڕاستەقینەیەو بڕیاری کۆتایی بەدەستە ئەوا تورکیاو دەزگای میتە نەک پارتی.
بۆیە کاتێک مێژووی ئەم دوو حیزبە هەڵدەدەیەوە ئارەقەی شەرمەزاری لەنێوچەوانمان دەتکێت، هێندە ڕابردوویەکی بۆگەن و شەرمئامێزیان هەیە. بۆیە گەنجی کورد گەیشتۆتە ئەم ڕادە بێئومێدیە کە بۆیەکەم جار سەددام حوسێن لەم دەسەڵاتەی ئێستای کوردی بەباشتر دەزانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست