بنەماڵەی بارزانی هیچ کات شۆڕشیان پێنەکراوە و بەردەوام شۆڕشیان تێکداوە
Wednesday, 08/12/2021, 22:28
لە رۆژانی رابردوودا کۆنگرەی "کوردانی" بندیوار، بە نمایشی ئاڵاکە لە سەر شێوازی ئاڵاکەی کۆماری سێدارە، بە سەرپەرەشتی مەسعود بارزانی بەڕێوە چوو.
- مەسعود بارزانی لە کاتێکدا ئەم بندیوارانە کۆ دەکاتەوە کە لە دوایین هەڵبژاردندا ٦٠% گەلی باشووری کوردستان لە هەڵبژاردندا بەشدارییان نەکرد و بەپێی وتەی کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکان، ١٠% خەڵکیش دەنگەکانی خۆیان سوتاندوە. کەواتە ٣٠% خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا بەشدارییان کردوە و بەدڵنیاییەوە نیوەی زیاتری ئەو ٣٠%ش بەزۆر هێنراون بۆ دەنگدان. بەو پێیە پارتی نوێنەری کەمتر لە ١٠% گەلی باشووری کوردستانە.
- بارزانی لە کاتێکدا ئەم نمایشە وەڕێ دەخات کە باشووری کوردستان لە لێواری داڕمانی ئابووری، کولتووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدایە و ناڕەزایەتییەکان لە باشوور گەیشتوونەتە لوتکە. ناو رێگاکانی قاچاخ بەرە هەندەران، بوونەتە گۆڕستان گەلی باشووری کوردستان کە لە دەست بێدادی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەوە رێگای هات و نەهاتیان گرتۆتە بەر و سنوورەکانی نێوان بلارووس و پۆڵۆنیا ریسوایی ئەو دەسەڵاتەیان بە دنیا نیشاندا.
- بارزانی لە کاتێکدا ئەم گۆنگرەیە دەبەستێت کە پاش زیاتر لە سی ساڵ، ناشیرینترین و گەندەڵترین و فاشلترین دەسەڵاتی بەڕێوە بردوە و بۆتە پەڵەیەکی رەش بەنێو چاوانی گەلی کوردەوە.
- بارزانی بەساڵانە ئەم جیرەخۆرانەی هەروەک داعش لە کۆشکی خۆیدا بەخێو کردووە تا لە کاتی پێویستدا و بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتی لەبارەی راستی دەسەڵاتەکەی لە باشووری کوردستان بەکاریان بهێنێت و لە دژی خواستەکانی گەلی باشووری کوردستان، بیانخاتە خزمەت خۆیەوە. هەروەک چۆن کۆماری سێدارە لە ئێستادا تووشی گەورەترین قەیرانی رەوایی هاتوە، بۆ سەرکوت و مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی پەنا دەباتە بەر ئەو گروپ و دەستە و تاقمە تێرۆریستییە کە ساڵانێکە بەخێویان دەکات، بارزانیش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات.
- بارزانی لە کاتێکدا ئەم گاڵتەجاڕیەی وەڕێ خستوە کە بە چاوساغی خودی خۆی، دەوڵەتی فاشیستی تورکیا نیوەی خاکی باشووری کوردستانی داگیر کردوە و ئەمیش چەتەکانی بۆ شەڕ لە بەرامبەر هەپەگەدا مۆڵ داوە و لەو لاشەوە داعش دەجوڵێنێت.
- بارزانی کۆکەرەوەی کوردان نییە و مێژووی خۆی و بنەماڵەکەی دەیسەلمێنێت کە هیچ داگیرکەرێک ئەوەندەی ئەم بنەماڵە لە سەر سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد، کاریگەی خراپیان نەبوە. بۆ وەبیر هێنانەوە، شۆڕشی دکتۆر شوان لە باکوور، قیادە موەقەتە، چەتەگەری بۆ تورکیا و دژایەتی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، کارەساتی هەکاری و دەیان و سەدان خەیانەتی دیکە. بنەماڵەیەک بەم رابردوە پڕ لە خەیانەتەوە، چۆن دەتوانێ ببێتە هۆکاری کۆ کردنەوەی کوردان؟!
- بە کورتی، گۆنگرەی ئەم بندیوارانە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە، داپۆشینی رووی راستەقینەی رووداوەکانی باشووری کوردستان و بۆ دژایەتی کەجەدەکەی ئوروپایە. کەس نییە بەم خائینە بڵێت تۆ لەوە تێناگەی ئەوەی لە کەجەدەکەی ئوروپادا جێدەگرێت، باوەڕی هەیە و نەتەنیا بەپارەی کار ناکاتە، بەڵکوو حازرە گیانیشی ببەخشێت. دەزانم تۆی خائین لەمە تێناگەیت، چونکە هیچ کات هەڵگری باوەڕ نەبوویت و هەمیشە لە هێڵی بەکرێگیراویدا جێت گرتوە و پێت وایە دەتوانی هەمووان بەپارە بکڕیت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست