به سیاسی‌کردنی هونه‌ر. ئایا ئه‌مه چه واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت؟
Monday, 29/11/2021, 18:00
تۆماس هیرشهۆرن
کاوه جه‌لال له ئه‌ڵمانییه‌وه
ئه‌مڕۆ تێگه‌کانی "هونه‌ری سیاسی"، "هونه‌ری مولته‌زیم"، "هونه‌رمه‌ندی سیاسی" یان "هونه‌رمه‌ندی مولته‌زیم" زۆر به‌کارده‌هێنرێن. لێ ده‌مێکه ئه‌م ئاسانکردنهوانه یان ئەم کورتکردنهوانه به‌سه‌رچوون. ئه‌مانه پۆلبهندیکردنی ساده و هزرتهمهڵن. من لە هیچ ساتێکدا وای دانانێم که گۆیا من پتر له هونه‌رمه‌ندێکی دی "ئیلتیزام ده‌که‌م". مرۆ ده‌بێت وه‌ک هونه‌رمه‌ند هه‌مه‌کیانه ئیلتیزام به هونه‌ره‌که‌ی خۆیه‌وه بکات. ئیلتیزامێکی هه‌مه‌کی تاکە شیمانه‌یه‌کی هونەرمەندە بۆ ئەوەی به‌ڕێی هونه‌ره‌که‌یه‌وه به شتێک بگات. ئه‌مه چواندنی بۆ هه‌موو هونه‌رێک هه‌یه. ئه‌مڕۆ شێواوییه‌کی زۆر سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره لەگۆڕێیە که داخۆ چی "سیاسی" بێت. من ته‌نیا گرنگی به مه‌سه‌له‌ی ڕاستینه‌ی سیاسی ده‌ده‌م، ئەم مه‌سه‌له سیاسییەش پرسیاری بەم چەشنە له خۆ ده‌گرێت: ئایا من له‌کوێدا خۆم ده‌بینمه‌وه؟ ئایا ئه‌ویدی له‌کوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه؟ ئایا من چیم ده‌وێت؟ ئایا ئه‌ویدی چیی ده‌وێت؟ من هه‌رگیز گرنگی ناده‌م و گرنگیم نه‌داوه به سیاسه‌تی بۆچوونه‌کان و کۆمێنتاره‌کان و چێ‌کردنی دێمۆکراتیانه‌ی زۆرینه. ئاخر ئامانجی من ئەوەیە کە هونه‌ره‌که‌م به‌سیاسی بکەم. کێشه‌ی من ئه‌وه نییه و هه‌رگیز ئه‌وه نه‌بووه که هونه‌ری سیاسی ئه‌نجام بده‌م. من له ژۆ-لوک گۆدارد ئه‌م ڕسته‌یه‌م وه‌رگرتووه: "هونه‌ر بکرێت به‌سیاسی نه‌ک هونه‌ری سیاسی ئه‌نجام بدرێت". ئه‌و گۆتی: "مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که فیلم بکرێت به‌سیاسی نه‌ک فیلمی سیاسی ده‌ربکرێت". لێ ئایا به‌سیاسیکردنی هونه‌ر چه واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت؟
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر واتای فۆرمخستنهوه ده‌گه‌یه‌نێت
فۆرم بخرێته‌وه نه‌ک فۆرمێک چێبکرێت. ئه‌مه فۆرمێکه که له منه‌وه دێت، ته‌نیا له منه‌وه دێت و ته‌نیا ده‌شێت له منه‌وه بێت، چونکه من به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی فۆرمه‌که ده‌بینم، چونکه من به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له فۆرمه‌که تێده‌گه‌م و ده‌یناسم. فۆرمخستنهوه - به پێچه‌وانه‌ی چێ‌کردنی فۆرم - ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆ له‌ته‌ک فۆرمه‌که‌دا 'یه‌کانگیر' بێت. من ده‌بێت بتوانم به‌رگه‌ی ئه‌م یهکانگیربوونهی خۆم له‌ته‌ک فۆرمه‌که‌دا بگرم. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که فۆرمه‌که به‌رز ڕابگیرێت، فۆرمه‌که بسه‌پێنرێت و له‌دژی هه‌موو شتێک و هه‌موو که‌سێک به‌رگریی لێبکرێت. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که مرۆ خۆی ته‌سلیمی پرسیاری فۆرم بکات و هه‌وڵبدات به خستنه‌وه‌ی فۆرم وه‌ڵامێک بداته‌وه. من ده‌مه‌وێت هه‌وڵبده‌م خۆم ته‌سلیمی ته‌حه‌دا مه‌زنه هونه‌رییه‌که بکه‌م، واتا: ئایا چۆن ده‌توانم فۆرمێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست بخه‌مه‌وه؟ ئایا چۆن ده‌توانم فۆرمێک بخه‌مه‌وه که به‌رهه‌ڵستیی فاکته‌کان بکات؟ من ده‌مه‌وێت پرسیاری فۆرم وه‌ک گرنگترینی سه‌رجه‌م پرسیاره‌کانی هونه‌رمه‌ند تێبگه‌م.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر واتای هێنانه‌گۆڕێی شتێک ده‌گه‌یه‌نێت
ته‌نیا گه‌ر من هه‌ڵوێستێکی پۆزه‌تیڤ ڕووه‌و کرده‌کێتی و هه‌روه‌ها ڕووه‌و ناو‌کی ڕه‌قی کرده‌کێتی وه‌ربگرم، ئه‌وسا ده‌توانم شتێک بهێنمهگۆڕێ یان بئافرێنم. مه‌سه‌له‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، مرۆ هه‌رگیز ڕێ نه‌دات که ڕەخنە حه‌ز و شادیبینین له کار، کاتبه‌سه‌ربردن به‌ڕێی کاره‌وه، لایه‌نی پۆزه‌تیڤێتی له ئه‌نجامداندا، هه‌روه‌ها لایه‌نی جوانی له کارکردن‌دا، بخنکێنێت. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه، که مرۆ په‌رچه‌کردار نه‌نوێنێت، یان ئه‌وه‌یه، که مرۆ هه‌میشه چالاک بێت. هونه‌ر هه‌میشه چالاکییه، هه‌رگیز په‌رچه‌کردار نییه. هونه‌ر هه‌رگیز په‌رچه‌کردار یان ڕه‌خنه‌ی په‌تی نییه. بێگومان مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه که مرۆ ناڕه‌خنه‌یی بێت یان ڕه‌خنه نه‌گرێت، به‌ڵکو ئه‌و گه‌ره‌که سه‌رباری تیژترین ڕه‌خنه، سه‌رباری بێسازشترین ره‌تکردنه‌وه و سه‌رباری به‌رهه‌ڵستیی پێویست، پۆزه‌تیڤ بێت. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که مرۆ ڕێ نه‌دات بێسۆز و بێهیوا و بێخه‌ون بێت. هێنانه‌گۆڕێی شتێک ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که من ڕیسک بکه‌م، لێ من ئه‌مه‌م پێده‌کرێت گه‌ر هاتوو من کارێک بکه‌م و له هه‌مان ساتدا شرۆڤه‌ی ئه‌و شته نه‌که‌م که من له‌و کاره‌دا ده‌یکه‌م. کردنی ریسک، شادیبینین له کار، پۆزه‌تیڤ بوون، ئه‌مانه پێشمه‌رجن بۆ کردنی هونه‌ر. ئاخر ته‌نیا گه‌ر من پۆزه‌تیڤ بم، ئیدی ده‌توانم له‌نێو خۆمه‌وه شتێک بهێنمهگۆڕێ. من ده‌مه‌وێت پۆزه‌تیڤ بم، به‌ڵێ ده‌مه‌وێت له‌نێو جه‌رگه‌ی نێگهتیڤێتیشدا پۆزه‌تیڤ بم. ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت پۆزه‌تیڤ بم، ئه‌وا ده‌بێت بوێرم ده‌ست بۆ نێگهتیڤێتیش به‌رم. ئیدی من له‌م دهستبردنهدا بۆ نێگه‌تیڤێتی مه‌سه‌له‌ی سیاسیشم دێته پێش چاو. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که مرۆ چالاکییه‌ک بئافرێنێت، بوێرێت گریمانه‌یه‌ک بکات، تێزێک دابنێت، لێ تێزێکی ئه‌وتۆ که له ڕهخنهچێتی تێپه‌ڕبکات. من ده‌مه‌وێت ڕه‌خنه‌یی بم، لێ من نامه‌وێت ڕهخنهییبوون بێههڵوێستم بکات. من ده‌مه‌وێت هه‌وڵ بده‌م له‌و ڕه‌خنه‌یه که من ئه‌نجامم داوه، تێپه‌ڕ بکه‌م، لێ من لێره‌دا نامه‌وێت به ڕه‌خنه‌گرتنی ناڕسیستیانه له خۆم ڕێگه‌یه‌کی ئاسان بگرمه به‌ر. من وه‌ک هونه‌رمه‌ند هه‌رگیز نامه‌وێت سکاڵا بکه‌م، ئاخر هیچ هۆیه‌ک بۆ سکاڵا له‌گۆڕێ نییه. نه‌خێر، من ده‌توانم کاره‌که‌م ئه‌نجام بده‌م، من ده‌توانم شتێک بهێنمهگۆرێ.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر واتای بڕیاردان بۆ شتێک ده‌گه‌یه‌نێت
من بڕیارم داوه کاره‌که‌م بخه‌مه نێو چوار کایه‌ی فۆرم و هێزه‌وه که بریتین له خۆشه‌ویستی، سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه و ئێستێتیک. من ده‌مه‌وێت کارەکهم هه‌میشه به‌ر سه‌رجه‌می ئه‌م کایانه بکه‌وێت. ئه‌م چوار کایه‌یه وه‌ک یه‌ک بۆ من گرنگن. بێگومان پێویست نییه کارەکهم هه‌موو کایه‌کان وه‌ک یه‌ک پڕبکاته‌وه، لێ من هه‌میشه ده‌مه‌وێت کارەکهم به‌ر هه‌ر چوار کایه‌که بکه‌وێت. یه‌کیك – ته‌نیا یه‌کێک – له چوار کایه‌که‌ی فۆرم و هێز بریتییه له 'سیاسه‌ت'. هه‌ڵبژاردنی کایه‌ی هێز و فۆرمی 'سیاسه‌ت' ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که من هه‌میشه ده‌مه‌وێت له کاره‌که‌مدا بپرسم: ئایا تۆ چیت ده‌وێت؟ ئایا تۆ له‌کوێدا خۆت ده‌بینیته‌وه؟ لێ ئه‌مه هه‌روه‌ها واتایه‌کی ئه‌وتۆ ده‌گه‌یه‌نێت که من هه‌میشه ده‌مه‌وێت له خۆم بپرسم: ئایا من چیم ده‌وێت؟ ئایا من له‌کوێدا خۆم ده‌بینمه‌وه؟ هه‌روه‌ها ده‌شێت کایه‌ی هێز و فۆرمی 'سیاسه‌ت' – هاوشێوه‌ی کایه‌ی 'ئێستێتیک' – نێگه‌تیڤانه ڕوونبکرێته‌وه. من خۆم له‌مه به‌ئاگام. لێ لێره‌دا مه‌سه‌له‌که هه‌رگیز ئه‌وه نییه که نێگه‌تیڤێتی بکوژێنرێته‌وه یان بچه‌پێنرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه که مرۆ به‌ره‌نگاری نێگه‌تیڤێتی ببێته‌وه، ئه‌وه‌یه که مرۆ له‌نێو نێگهتیڤێتیشدا کار بکات و خۆی پێوه خه‌ریک بکات، لێ مه‌سه‌له‌که هه‌رده‌م ئه‌وه‌شه که مرۆ خۆی نێگه‌تیڤ نه‌بێت. من ده‌مه‌وێت – به‌ڕێی کاره‌که‌مه‌وه - له نێگه‌تیڤێتی و هه‌نووکه‌یه‌تی، له بۆچوونه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندن تێپه‌ڕ بکه‌م و ڕاستییه‌کی نوێ بهێنمه ئاراوه.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که هونه‌ر وه‌ک ئامراز به‌کاربهێنرێت
من له هونه‌ر ئامرازێک بۆ ناسینی جیهان تێده‌گه‌م. من له هونه‌ر ئامرازێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کرده‌کێتی تێده‌گه‌م، من هه‌روه‌ها له هونه‌ر ئامرازێک تێده‌گه‌م بۆ ژیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا که من تێیدام. من هه‌میشه له خۆم ده‌پرسم: ئایا کاره‌که‌م ده‌توانێت ڕووداوێک چێبکات؟ ئایا من ده‌توانم به‌و کاره‌ی ده‌یکه‌م، به که‌سێک بگه‌م؟ ئه‌وجا: ئایا پێم ده‌کرێت به‌ڕێی کاره‌که‌مه‌وه شتێک بناسم؟ یان ئایا ده‌شێت به‌ڕێی کاره‌که‌مه‌وه شتێک بناسرێت؟ به‌سیاسیکردنی هونه‌ر ئه‌م واتایه ده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و کاره که من ئه‌مڕۆ له‌نێو ده‌وروبه‌ری خۆم و له مێژووی خۆمدا ده‌یکه‌م، وه‌ک کارێک تێبگه‌م که ده‌یه‌وێت له‌م – ده‌وروبه‌ره‌ی خۆم – تێپه‌ڕ بکات و ئه‌م – مێژووه‌ی خۆم – جێبهێڵێت. من ده‌مه‌وێت به‌وه بگه‌م که خۆم له‌نێو و له‌ته‌ک ژیانی خۆمدا ته‌سلیمی کێشه‌گه‌لی گشتگیر (یونیڤێرسێل) بکه‌م، بۆیه من ده‌بێت به‌وه کار بکه‌م که ده‌وری منی داوه، هه‌روه‌ها من ده‌یناسم و من ده‌گرێته‌وه. لێ من ئه‌مه ناکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بکه‌ومه ژێر ڕکێفی لهخشتهبردنهکانی بەشەکێتییەوە / پاژخوازییەوە (پارتیکولارێتییەوە)، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه من ئه‌مه ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر گشتگیری (یونیڤێرساڵێتی) بکه‌وم. مرۆ ده‌بێت به‌رهه‌ڵستی له‌دژی بەشەکێتی بنوێنێت، واتا ئه‌و بەشەکێتییە که هه‌میشه مرۆڤ وه‌ده‌رده‌نێت. ئه‌مه بۆ من واتایه‌کی ئه‌وتۆ ده‌گه‌یه‌نێت که من ده‌مه‌وێت ئه‌و کاره‌ی ئه‌مڕۆ و ئێستا ده‌یکه‌م، وه‌ک کارێکی گشتگیر ئه‌نجامی بده‌م، ئه‌مه‌ش بریتییه له مه‌سه‌له‌ی سیاسی.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که به‌ڕێی کاره‌وه سه‌کۆیه‌ک بینابکرێت
سه‌کۆیه‌کی به‌م چه‌شنه چێکراو وا له کاره‌که ده‌کات که مرۆ بتوانێت له‌ته‌کیدا بچێته په‌یوه‌ندییه‌وه. من ده‌مه‌وێت له هه‌موو کاره‌کانم پانتاییه‌ک یان کایه‌یه‌ک تێبگه‌م. ئه‌م کایه‌یه یان پانتاییه بریتییه له ڕووبه‌ر که ده‌رفه‌ت بۆ مرۆ ده‌ڕه‌خسێنێت بچێته نێو هونه‌ره‌وه یان په‌یوه‌ندی به هونه‌ره‌وه بکات. له‌م ڕووبه‌ره‌دا به‌رکه‌وتن یان لێکخشان ڕووده‌دات، ئه‌وجا ده‌شێت به‌ڕێی په‌یوه‌ندییه‌وه ڕه‌چاوی ئه‌ویدی بکرێت. ئه‌م پانتاییه، واتا کاره‌که‌م، ده‌بێت شوێنێک بێت بۆ دیالۆگ یان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه. به تێڕوانینی من هونه‌ر، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌ره، خاوه‌نی هێز و توانسته بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رجه‌کان بۆ دیالۆگێک یان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه چێبکات، ئه‌وه‌ش بێگومان ڕاسته‌وخۆ، یه‌کسه‌ر، به‌بێ کۆمونیکاسیۆن، به‌بێ گه‌یاندن، به‌بێ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر بۆ هێورکردنه‌وه. من وه‌ک هونه‌رمه‌ند ده‌مه‌وێت کاره‌که‌م وه‌ک سه‌کۆیه‌ک ببینم که کراوه‌ییه‌کی ڕۆشنه بۆ ئه‌ویدی. من هه‌میشه ده‌مه‌وێت بپرسم: ئایا کاره‌که‌م پاڵهێز بۆ سه‌رکه‌وتنێکی سنووربڕ له خۆ ده‌گرێت؟ من هه‌روه‌ها له خۆم ده‌پرسم: ئایا له کاره‌که‌مدا کراوه‌ییه‌ک هه‌یه؟ ئایا کاره‌که‌م به‌رهه‌ڵستیی ڕه‌هه‌ندی داخراوی ده‌کات؟ کاره‌که‌م ده‌بێت کراوه‌ییه‌ک بهێنێته گۆڕێ، ئه‌و ده‌بێت ده‌رگایه‌ک یان په‌نجه‌ره‌یه‌ک یان ته‌نیا کونێک بێت، لێ کونێک که له‌نێو کرده‌کێتیی (فاکتیسیتێی) ئه‌مڕۆدا هه‌ڵکه‌نراوه. من ده‌مه‌وێت هونه‌ره‌که‌م ئه‌نجام بده‌م به ویسته‌وه بۆ چێ‌کردنی سه‌رکه‌وتنێکی سنووربڕ.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر واتای خۆشویستنی ئه‌و که‌ره‌سه‌یه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆ کاری پێده‌کات
خۆشویستن ئه‌و واتایه ناگه‌یه‌نێت که مرۆ ئه‌ڤینداری که‌ره‌سه‌کانی بووبێت یان خۆی له‌نێویاندا بزر بکات، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆ که‌ره‌سه‌که‌ی خۆی خۆشبوێت، که‌ره‌سه‌که‌ی له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه دابنێت و ئاگامه‌ندانه کاری پێ‌بکات، هه‌روه‌ها ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆ پێوه‌ی پابه‌ندبێت. من کهرهسهم خۆشده‌وێت، چونکه من بڕیارم بۆ داوه، هه‌ر بۆیه نامه‌وێت به شتی دی بیگۆڕمه‌وه. ئاخر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من بڕیارم بۆ ئه‌و داوه، واتا ئه‌وم خۆشده‌وێت، ئیدی ناتوانم و نامه‌وێت بیگۆڕم. بڕیاردان بۆ که‌ره‌سه بڕیاردانێکی تا بڵێیت گرنگه، ئه‌مه‌ش بریتییه له مه‌سه‌له‌ی سیاسی. ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئه‌م بڕیاره‌م داوه، ئیدی ناتوانم وازبهێنم له خۆزگه یان لە داواکاری بۆ 'شتێکی دی' و بۆ 'شتێکی نوێ'.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆ ڕینوما بۆ خودی خۆی که‌شفبکات
مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که مرۆ خۆی ڕێنومایهک بۆ خۆی که‌شف بکات یان بیهێنێت و بیکات به هی خۆی. ڕێنوماکانم بریتین له: بێمێشکی؛ "وزه یه‌کسانه به ئه‌رێ! کوالیتی یه‌کسانه به نه‌رێ!"؛ خۆلاوازکردن، لێ هاوکات ویستداری بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی به‌هێز؛ خۆ له ڕووی ئابوورییه‌وه خۆشهنهکرێت؛ خۆڕه‌نجاندن؛ "ترس چاره‌سه‌ره"؛ ورد کار بکرێت، لێ هاوکات موبالهغهش بکرێت؛ خۆخاڵیکردنه‌وه؛ زهبرمهندبوون به‌رانبه‌ر کاره‌که‌ی خۆ؛ کهللەڕهقی؛ "که‌م که‌مه، زۆر زۆره"؛ مرۆ هه‌رگیز هیچی نه‌بردۆته‌وه، لێ هه‌رگیز هیچی به‌ته‌واوی نه‌دۆڕاندووه؛ تموحی ئه‌وه‌م هه‌بێت که به کاره‌که‌م گۆڕان به تێگه‌یه‌کی نوێ بده‌م؛ بۆ هه‌ر شتێک که کاره‌که‌م بگرێته‌وه، به‌رپرسیاری وه‌ربگرم؛ به‌رگه‌گرتن – که‌واته گه‌مژه بنوێنم به‌رانبه‌ر کاره‌که‌م؛ "چاکتر هه‌میشه که‌متر چاکه"؛ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتدارییه هەرەمییەکان؛ بڕوابوون به دۆستایه‌تیی نێوان هونه‌ر و فه‌لسه‌فه؛ ئاماده‌یی بۆ ئه‌وه که وه‌ک یه‌که‌م که‌س هه‌قی کاره‌که‌ی خۆم بده‌م.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر واتای کارکردن بۆ ئه‌ویدی ده‌گه‌یه‌نێت
کارکردن بۆ ئه‌ویدی ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که سه‌ره‌تا له‌نێو خۆمدا بۆ ئه‌ویدی کاربکه‌م، لێ هه‌روه‌ها ئه‌و واتایه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت که بۆ جمهورێکی داخراوی هونه‌ری کارنه‌که‌م. ئه‌ویدی ده‌شێت دراوسێم بێت، لێ هه‌روه‌ها ده‌شێت غه‌ریبێک بێت، واتا که‌سێک بێت که لای من ترس بهێنێته گۆڕێ، لێ من له لایه‌نی خۆمه‌وه نایناسم و لێی تێناگه‌م. ئه‌ویدی که‌سێکه که حسابم بۆ نه‌کردووه و چاوه‌ڕوانم نه‌کردووه. جمهوری ناتایبه‌ت به هونه‌ر هه‌روا ئاسان بریتی نییه له 'هه‌مووان' یان 'جه‌ماوه‌ر' یان 'زۆرینه'، به‌ڵکو له ئه‌وانیدی پێکدێت - ئه‌وانیدی که هه‌ندێک جار زۆرن یان هه‌ندێک جاری دی که‌من. من ده‌مه‌وێت به‌ڕێی کاره‌که‌م و له‌نێو کاره‌که‌مدا هه‌میشه بۆ جمهورێکی نا-تایبه‌ت کاربکه‌م. من ده‌مه‌وێت هه‌موو هه‌وڵێک بده‌م که هه‌رگیز ئه‌ویدی له کاره‌که‌م بهدهرنهکهم، من ده‌مه‌وێت هه‌میشه و به‌بێ مه‌رج ڕه‌چاوی ئه‌و بکه‌م. من هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت به فۆرمی کاره‌که‌م ڕه‌چاوی ئه‌ویدی بکه‌م. جگه له‌وه ئه‌ویدی هۆیه‌که بۆ ئه‌وه که بۆچی من هیچ جیاوازییه‌ک ناکه‌م له‌نێوان کارکردن له فه‌زای / ڕاومی گشتی، له گاله‌ریی پیشه‌یی، له پێشانگه‌ی هونه‌ر، له مۆزه‌خانه، له هۆڵی هونه‌ر و له فه‌زای ئه‌لته‌رناتیڤی هونه‌ردا. ئه‌مه بریتییه له مه‌سه‌له‌ی سیاسی. کارکردن بۆ ئه‌ویدی هه‌لم بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت که شوێنی خۆم وه‌ک هونه‌رمه‌ند له ده‌ره‌وه‌ی 'چێوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کاندا' وه‌ربگرم.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆ جه‌نگاوه‌ر بێت.
به‌سیاسیکردنی هونه‌ر ئه‌و واتایه ناگه‌یه‌نێت که مرۆ بۆ بازاڕ یان له‌دژی ئه‌و کاربکات.
به پێچه‌وانه‌وه مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که مرۆ بازاڕ به پاژێکی کرده‌کێتیی هونه‌رمه‌ند بزانێت و له‌نێو ئه‌م کردهکێتییهدا کاربکات. گه‌ر مرۆ نه‌یه‌وێت بۆ بازاڕ یان له‌دژی ئه‌و کاربکات، ئه‌وا نهویستییهکهی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵوێست نییە، به‌ڵکو ئه‌وه ئاگاییه‌که سه‌باره‌ت به‌وه که ته‌نیا ئۆتۆنۆمی و سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ر یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه که مرۆ خۆی نه‌خاته ژێر ڕکێفی یاساکانی بازاڕه‌وه. ته‌نیا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ئهرێنیکراو له‌ته‌ک کرده‌کێتیی بازاڕدا، ئه‌مه‌ش سه‌رباری هه‌ڵه و که‌موکورتی و برینداربوون، ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه که مرۆ به‌رهه‌ڵستیی په‌ستانی بازاڕ بکات و لێی تێبپه‌ڕێت. جگه له‌وه من نابێت وه‌ک هونه‌رمه‌ند بخزێمه نێو پابه‌ندییه‌وه. هونه‌رمه‌ند – هه‌میشه، به‌تایبه‌تی له ساڵانی سه‌ره‌تادا – پێویستی به پشتیوانی و یارمه‌تی هه‌یه. من ده‌زانم که ئه‌م پشتیوانی و یارمه‌تییانه گرنگن، لێ هه‌رگیز نابێت خۆم یان کاره‌که‌میان پێوه پابه‌ند بکه‌م.
سه‌رچاوه:
Thomas Hirschhorn, (Aubervilliers, Sommer 2008), INAESTHETIK, N°1, „Politics of Art“, April 2009.
لەبارەی نووسەر
تۆماس هیرشهۆرن هونەرمەندێکی سویسرییە، ساڵی 1957 لە بێرن هاتۆتە جیهانەوە، لە ساڵی 1984 بەدوواوە لە پاریس دەژی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست