رێكەوتننامەی لۆزان و دەزگای هەواڵگری توركیا (بەشی دووەم)
Monday, 18/10/2021, 22:26
لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە، مەسەلەی ویلایەتی مووسڵ بەگوێرەی كۆنگرەی لۆزان، كە بەم شێوەیە دەهۆڵی بۆ دەكوتن، لەساڵی (1923) دا یەكلایی نەبۆتەوە! ئەگەر سەیری دەقی ئەو رێكەوتننامەیە بكەین، كە لەپێنج بەرگ (الجزء) پێكهاتووە و143 مادە لەخۆوە دەگرێت، لە بەرگی یەكەم بەشی یەكەم، لەو بەندانەی تایبەتە بەخاكەوە، لەمادەی سێیەمییدا باسی ئەو زەویانە دەكات، كە لەدەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەوە تا دەگاتە سنوورەكانی ئێران، واتە سنوورەكانی هەردوو ولاتی سوریا وئێراق دەگرێتە خۆ، بەواتایەكی تر رۆژئاوا وباشووری كوردستان لەخۆوە دەگرێت، پەیوەست بە سنوورەكانی سوریا، دیاریكردنی ئەو سنوورە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سنوورەی، كە لەمادەی 8 رێكەوتنامەی فەرەنسی –توركی لە20 ئۆكتۆبەری 1921 دەست نیشان كراوە، هەرچی دیاریكردنی سنووری ئێراقە، لەو مادەیەدا هاتووە:" سنوورەكانی نێوان توركیاو ئێراق بەگوێرەی رێكارێكی دۆستانە لەنێوان توركیاو بەریتانیا لە ماوەی 9 مانگدا دەكێشرێت، ئەگەر هاتوو هەردوو حكومەت لەو ماوەیەدا نەگەیشتنە رێككەوتن، ناكۆكیەكە رەوانەی كۆمەڵەی گەلان دەكرێت، هەردوو حكومەتی توركی وبەریتانی بەڵێن دەدەن، تا ئەو كاتەی دەگەنە بڕیارێك بۆ یەكلایی كردنەوەی مەسەلەی سنوور، هیچ جوولەیەكی سەربازی، یاخود هیچ كردارێكی تر ئەنجام نەدەن، كە بەشێوەیەك لەشێوەكان ئەو دۆخەی ئێستا ، كە چارەنووسی كۆتایی دەوەستێتە سەر ئەو بڕیارە، بگۆڕێت"
دیارە توركیا وبەریتانیا لە كۆنگرەی لۆزان نەگەیشتنە ئەنجام، دواتر دوولایەنە ولەدەرەوەی كۆنگرەكە هەوڵیاندا كێشەكە چارەسەر بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەساڵی 1924، لەكۆنگرەی قوستەنتینیە نەگەیشتنە ئەنجام ودواتر مەسەلەی ویلایەتی مووسڵ درایە كۆمەڵەی گەلان، لە كۆتاییەكانی 1925، ئەو مەسەلەیە، كە بە مەسەلەی دیاریكردنی سنووری توركیا ئێراق دەناسرێت، یەكلایی كرایەوە ودواتر لەساڵی 1926 رێكەوتننامەی توركی – ئێراقی – بەریتانی گرێدرا، كە مەبەستی یەكەمی ئەو ریكەوتننامەیە لێدان وسەركوتكردنی مەسەلەی كوردی بوو!.
بەم چەشنە بۆمان دەردەكەوێت مەسەلەی سنووری نێوان ئێراق و توركیا، واتە لكاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بەئێراق نزیكەی 3 ساڵ دوای كۆنگرەی لۆزان بوو. لەوەش سەیر تر، نەك ئەو هەڕەشەی توركیا، بەڵكو هەر بەگوێرەی خودی مادەی 27 رێكەوتننامەی لۆزان، ئەو لەشكركێشیەی توركیا بۆ ناو خاكی هەریم لەئێستا كاریكی نایاساییە پێچەوانەی ئەو رێكەوتننامە نێودەوڵەتیەیە، لەبەرئەوەی وەك لەو مادەیەدا هاتووە:"نابێت حكومەت یاخود دەسەڵاتی توركیا هیچ دەسەڵاتێكی قەزایی لەمەسەلە سیاسی وئیداری وتەشریعیەكان بە هەر هۆیەك بێت، بەسەر هاوڵاتی ئەو هەرێمانە پیادە بكات، كە دەكەونە ژێر سەروەری یا پاسەوانی ئەو دەوڵەتانەی ئەو رێكەوتنامەیان ئیمزا كردووە، یاخود لەتوركیا جیابوونەتەوە ودەكەونە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا". جێگای سەرنجە توركیا هەر بەمەشەوە نەوەستاوە، بەڵكو خودی ئەو مادانەشی پێشێل كردووە، كە پەیوەستە بە مافی كەمینەكان و م38- تاوەكو 44 بۆ تەرخانكراوە، بەتایبەتیش مادەی 38، كە دەڵێت:" حكومەتی توركیا بەڵین دەدات، كە ژیانی سیاسی بۆ دانیشتوانی توركیا بە تەواوی زامن بكات، بە بێئەوەی بەهۆی شوێنی لەدایك بوون یاخود رەگەزو یاخود زمان وئاین و ئەتنیك، جیاكاری بكات! بەگوێرەی ئەو مادەیە، هەموو دانیشتوانی توركیا مافی ئەوەیان هەیە بەئازادی، هەر بیرو باوەڕێك یاخود ئاینێك، یا هەر بیروباوەڕێكی تر، كە رێزگرتن لێی دژی سیستەمی گشتی وئاكاری باش نەبێت، پیادە بكەن، جا ئەگەر ئەو پیادەكردنە لەشوێنیكی گشتی یاخود تایبەتی بێت"!
ئێمە هەموومان دەزانین لە دوای كۆنگرەی لۆزانەوە توركیا بەشێوەیەكی چەند دڕندانە و رەگەزپەرستانە هەوڵی سڕینەوەی زمان وكەلتوور وتەنانەت نەتەوەی كوردیشی داوە!كە ئەمە بەتەواوی پێچەوانەی دەقی ئەو مادەیەی رێكەوتننامەی لۆزانە!
لەمەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە توركیا لەساڵی 2023 نەك هەر ناتوانێت پەلاماری هەرێمی كوردستان بدات، بەڵكو ناچار دەكرێت، لەو ناوچانەش بكشێتەوە، كە ئێستا داگیری كردووە، لەبەرئەوەی دوارۆژی ئەو ناوچەیە لەبەردەم دوو ئەگەر دایە، یا دەوڵەتی ئێراق بەهێز دەكرێتەوە وقۆناغی شەڕی ساردی نوێ وەك شەڕی ساردی كۆن، مافەكانی كورد پێشێل دەكات ودەوڵەتێكی مەركەزی بەهێز لەئێراق دادەمەزرێت، كە ئەو كاتە توركیا نەدەتوانێت، نەهیچ بیانگەیەكی مانەوەی دەمێنێت، یاخود ئەو حالەتەی ئێستا هەیە سەقامگیر دەبێت وهاوسەنگی هێزی جیهانی وسیستەمی نوێی جیهانی، واتە سیستەمی دوای قۆناغی تاكجەمسەری، بەشێوەیەك ئەو ناوچەیە دادەڕێژێتەوە لەبەرژەوەندی كورد دا دەبێت، ئەو كاتە توركیا هەمدیس ناچار دەكرێت لەو ناوچەیە نەمێنێت، لە هەموو حالەتەكاتدا، خەونی دروستكردنەوەی ئیمپراتۆریایەكی عوسمانی نوێ، كە بنەما بێت لەسەر ئاین ورەگەزپەرستی، خەونی حوشترە ولە دنیای ئەمڕۆدا هەرگیز نایەتە دی!.
بۆ خویندنەوەی بەشی یەكەم، بروانە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست