خوێندكارەكان ئازارمەدەن ومافەكانیان بگەڕێننەوە
Wednesday, 24/11/2021, 14:35
چەند رۆژیكە لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندان وناڕەزایەتی لەلایەن خوێندكارانەوە دەستیپكردووە، بۆئەوەی دەرماڵەكانیان بۆ بگەڕێننەوە، كە هەروەك چۆن بڕین ولێبڕین وپاشەكەوتكردن وخۆگونجاندنی مووچەی فەرمانبەران كارێكی نایاساییە، دەرماڵەش سەرەتایترین مافە بۆ ئەو كەسانەی بەدوای خوێندن كەوتوون وتەمەنی خۆیان بۆ خزمەتكردنی وڵاتەكەنیان تەرخان دەكەن، كۆمەڵگای كوردی هەرگیز نەیهێشتووە خوێندكارەكانی بێ بژێوی ژیان بن ولەسەر خوانی مال ومناڵی خۆیان گرتۆتەوە وبۆ فەقێ وقوتابی و مزگەوتەكانیان بردووە، تا ئێستاش جێگای داخە ژیانی بەشێكی زۆری مامۆستایانی ئاینی لەسەر شانی جووتیاران وخەڵكی هەژاری لادێكانە.
داواكردنی دەرماڵە، مافێكی سەرەتایی ودەرئەنجامی ئەو ناعەدالەتیە كۆمەڵاتیەیە، كە رۆژ بەرۆژ لەهەرێمی كوردستان زیاتر وفروانتر دەبێت، خەریكە دەگاتە ئەو رادەیەی دەسەڵاتداران وپیاوەكانیان دەبنە خاوەنی هەموو شتێك وزۆربەی خەڵكی كوردستانیش هەموو شتێك لەدەست دەدات! ئەمە ئەو ئابووری ئازادەیە، لیبڕاڵە نوێیەكان بانگەشەی بۆ دەكەن!
حكومەتی كوردی هەموو ئەو بڕە یەكسانی وسوسیالیستیەی رژێمێكی وەكو بەعسیش هێنایە دی، لە دابینكردنی مافی خوێندن وچارەسەری ودامەزراندن وخانەنشین بوون بەیەكسانی، خەریكە لەناو دەبات، پێشتر منداڵی هەژار لەرێگای خوێندنەوە دەیتوانی وەكو دەڵێن بگاتە نانی خۆی، بەڵام ئێستا هەموو رێگایەكی نان پەیدا كردنیان لێگیراوە، بخوێنێت ونەخوێنێت تا رادەیەكی زۆر وەكو یەكی لێهاتووە، زانكۆكان بوونەتە رێگایەك بۆ پارەپەیداكردن وبەخشینەوەی بڕوانامە ونازناوی زانستی بەنەخوێندەوار ونەزانە حیزبیەكان، منداڵی هەژاریش دەبێت بۆ تەنیا دەرماڵەیەكی بچووك، كەبەشی تەنیا ژەمێكی منداڵی نابەرپرس ودز وگەندەڵەكان ناكات، بڕژێتە سەر شەقام وهێزە ئاسایشەكان بەناوی پاراستنی حكومەتی كوردیەوە داركاری بكەن ودواتر لەكونجی زیندانی بئاخنن، ئەو جۆرە حكومەتە لەكوێی دونیا هەیە، كە دزو گەندەڵ وپیاوكوژ وتاوانبارەكان، وەكو پیاوماقووڵ وكەسایەتی بخرێنە پێشەوەی كۆمەڵگاو خوێندكارێكی سادەی لەخۆبووردووش ناچار بێت، ئەو هەموو ئازارە بچێژێت، تەنیا بۆئەوەی مافیكی سەرەتایی بۆ بگەڕێنرێتەوە!
لێرەدا بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی خۆم بۆ داوا رەواكانی خوێندكاران وقوتابیانی هەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕم وداوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، بەزووترین كات بەپیر داواكەیانەوە بێت وبەبیانووی نەبوونی پارە ئەو داوایە دوا نەخات، چونكە ناكرێت پارە بۆ كوڕی بەرپرس ومنداڵەكانی خۆیان هەبێت ومنداڵی هەژاریش لەدوورەوە سەیریان بكات! دڵنیاش بن، ئەو خۆپیشاندانانە سەرەتایەك دەبێت بۆ خۆپیشاندن وتۆڵەكردنەوەیەكی گەورەتر، كە رۆژێك دادێت تەڕ ووشك بەیەكەوە دەسووتێنێت، ئەو كاتە نەتوركیا ونەئیران ونەئەمریكاش ناتوانێت لەژێر چەپۆكی تووڕەیی خەڵك رزگارتان بكات!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست