کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی نوێی رەشبگیری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکردوە

Wednesday, 17/11/2021, 17:47


ئەمە نە یەکەم جار و نە ئاخرین جاریش دەبێت کە رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەشبگیری دەست پێدەکات. مێژووی ئەم شێوازە لە ترس و تۆقاندن لەو بەشەی وڵات لە لایەن ئەم رژیمە داگیرکەرەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنە سەر کاری رژیم و تا ئێستاش بە شێوازی جۆراجۆر درێژەیان هەیە. هۆکارەکان چین؟
*- گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کات ئاوات و ئارەزوەکانی خۆی لە دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیدا نەبینیوەتەوە و نابینێتەوە. هەر لە یەکەم رۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم رژیمەوە، گەلی کورد رێگەی خۆیان لە رژیمە جیا کردەوە و لە دژی وەستاونەتەوە. رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە رەمزی تێکۆشان لە دژی رژیم. لەو کاتەوە رژیم لە هەموو دەرفەتەکانی کەڵکی وەرگرتوە بەڵکوو بتوانێ لە کوردستان رەواییەک دەستبەر بکات، کەچی تا هاتوە گەلی کورد نەفرەتیان لەو رژیمە زیادی کردوە. لێدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لێدانە لەو رەمزی تەسلیم نەبوە سەربزێوە کە سەودای پاک کردنەوەی کوردستان لە داگیرکاری لە سەردایە.
*- رژیم هەم لە کاتی لاوازی و هەمیش لەو کاتەدا کە هەستی کردوە بەهێزە، هێرشی کردۆتە سەر ماف و داخوازییەکانی گەلی رۆژهەڵات. رژیم کوردستان (رۆژهەڵات) بە ناوچەیەکی داگیرکراو دەبینێ و دەستدرێژە بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لە باوەڕە بنچینەییەکانی رژیمە.
*- لەو سەردەمانەدا کە رژیم لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەستی بە مەترسی کردوە، هێرش و سەرکوتکارییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکردوە. ئامانجەکەی ئەوەیە تا لەم رێگەیەوە بەشەکانی دیکەی ئێرانی پێ چاوترسێن بکات. بۆچی دەیەوێت لە رێگەی کوردستانەوە بەشەکانی دیکەی ئێران چاوترسێن بکات؟ چونکە کوردستان تا رادەیەکی زۆر گەلێکی بەرێکخستن کراوە و بێزاری لە رژیم لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە، رژیم، کوردستان بە بەشێک لە دەسەڵاتی خۆی نازانێت، ناڕەزایەتی گەلی کورد لە بەرامبەر رژیم، تەنیا پرسێکی مافی مرۆڤ و سنفی نییە، بەڵکوو پرسی وڵاتێکی داگیرکراوە و هاتنە مەیدانی گەلی کورد، هەمیشە بۆ دژایەتی کۆی دەسەڵاتی رژیم بوە و رژیم هاوکات کە هێرش دەکاتە سەر کوردستان، لە هەڵخراندنی هەستی شوینیستی ئێرانییەکانیش کەڵک وەردەگرێ کە (تمامیت ارضی) ئێران لە مەترسیدایە. رژیم لەم رێگەیەوە چەند ئامانج دەپێکێت.
*- هەروەک دەزانین لە چاو بەشەکانی دیکە ئێران، بە تایبەت ئەو شارانە کە لە ١٣٩٦ی هەتاوی بەملاوە سەرکوتی خوێناوی تێدا بەڕێوە چوو، رۆژهەڵاتی کوردستان تا رادەیەک کەمتر بەشداری لەو ناڕەزایەتییانەدا کرد (ئەگەرچی لە کرماشان تا رادەیەک بەشدارییان کرد). ئەی بۆچی بەم حاڵەشەوە رژیم دیسان لە کوردستان رەشبگیری دەست پێکردوە؟ بەرای من هۆکارەکەی ئەوەیە کە رژیم هەمیشە بە چاوی ئەمنییەتییەوە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵسوکەوتی کردوە و بچوکترین جم و جۆڵەکانی خستۆتە ژێر چاودێری خۆی. جگە لەوەش مەسرەفی یەکجار زۆری کردوە و دەیکات بۆ زانیاری کۆ کردنەوە لە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی (کنشگران سیاسی و مدنی) و هەست بە مەترسی دەکات لە لایەن ئەوانەوە کە رەنگە ئەمانە پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکان بکەن.
دۆخەکە لە بەشەکانی دیکەی ئێران جیاوازترە. ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییەدا لە بەشەکانی دیکەی ئێران سەرکوتی خوێناوی رویانداوە، بەڵام بەزۆری خۆرسک و پەرچەکردار بوونە لە بەرامبەر بڕیارێکی رژیم (وەکوو گران بوونی بنزین). ئاستی رێکخراو بوون و ئۆرگانیزاسیۆن تیاندا لاوازە. ئەگەر لەم پرۆسەدا، بەشەکانی دیکەی ئیران و (کنشگران) بتوانن خۆیان بەرێکخستن بکەن، دەتوانن دەستکەوتی گەورە بە دەست بهێنن و زەخت و گوشارەکانیش لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر دەبێتەوە. لەو شوێنە کە گەل بەرێکخستن دەکرێت، ئیرادە دەخولقێت و کاریگەری زۆر بەهێزتر دەبێت و رژیمیش هەست بە مەترسی زیاتر دەکات، بۆیە هێرش دەکات. جیاوازییەکەش ئەوەیە کە لە بەشەکانی دیکەی ئێران کاتێک خەڵک دێنە سەرجادە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، رژیم دەست دەکات بە گرتن و زەبر و زەنگ، بەڵام لە کوردستان رژیم پێش روداوەکە دەکەوێت و دەزانێ کە ئیرادەکە هەیە و تەنیا ماوە بجوڵێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە