گەلێک نیشتمانی خۆی بەجێدەهێڵێت
Tuesday, 16/11/2021, 0:57
باوەڕم وایە هەموو کەسێک چارەنوسی خۆی لەناو دەستەکانیدا هەڵگرتووە ... ئێمە گەلێکی سەیرین ...! لەگەرمەی پرسەکانماندا دەهۆڵ و زوڕنا هەڵمان دەپەڕێنێت ، لەسەردەمی حوکمڕانی ئنگلیزەکان لەسلێمانی و بەتایبەت لە بەردەرکی سەرادا ڕۆژێک دەهۆڵ و زوڕنا لێدەدەن حاکمی شار "مێجەرسۆن" سەیردەکات گوێدرێژێک بەیەکێک لەدارەکانەوە بەبارە دارێکەوە بەسراوەتەوە و بێخودانە لەبەر خۆرەکەدا ... ماوەیەک حاکمی شار لەگوێدرێژە بێخودانەکە دەڕوانێت ... دوایی خاوەنەکەی دەدەۆزنەوە کە خەریکی هەڵپەڕکێیە بەدەنگی دەهۆڵ و زوڕناکە ... ئیتر چیرۆکەکە خۆتان تەواوی کەن ، لام وایە بارە دارەکە لەخاوەنەکەی دەبەستن و لەبەر خۆرەکەدا ڕایدەگرن .. ڕەنگە سزایەکی تری وەرگرتبێت ...!؟ تۆئازادی چیرۆکەکە بەچ ئاقارێدا دەبەیت.
گەورەترین تراژیدا لەوەدایە کە مرۆڤ نەتوانێت باسی ئازارەکەی بکات ،" ٣٠" ساڵە گەلێک وەک سەرکردەکانی تەنها دەتوانێت بەکڕوزانەوە و لاڵانەوە ، بەشکۆیەکی شکاوەوە باس لەنەهامەتێکانیان بکات .. سێ جۆر مرۆڤ هەیە لەم سەر ئەستێرەیەدا .. مەڕو گورگ و سەکی شوان .. لای من مرۆڤ دەبێت لەدەرەوەی بەزەی ڕێزی بگرێت ...نەک لەڕێگەی بەزەیی پیاهاتنەوە ڕێز پیشان بدەیت بۆیان .... ئەودەم لەو قەسابە دەچین کە ڕۆژانە ئاژەڵەکان لەتو پەت دەکات و ئێوارانیش بۆ مەرگی کەناری ناو قەفەزەکەی شیوەن دەگێڕێت ... ئێمە هەموومان لەسەر شانۆی ژیان ئەکتەرین ، لەماوەی ئەم ٣٠ساڵەی حوکمرانی کوردا لەو هەرێمەدا سەدان شانۆی بێتامان ئەزموون کرد .. ئەگەر تاوەرەکەی "پیزا " ڕێک بوایە کێ گرنگی پێدەدا..... ؟
ئەوە بەو مانایەی ٣٠ساڵە سێ نەوەی دەساڵیە دا کە لەئامێزی حوکمەتی کوردیدا هاتونەتە بوون ئەمەی لێبەرهەم هاتووە ، دێتەوە بیرتان کە ئەو ژنە مامۆستایەی لەچیای گۆیژە بە ئنگلیزێکەی باسی لەئازارو هۆکاری ڕاکردنەکەی گەلێکی کرد بۆڕۆژنامە نوسە بەریتانێکە و بەگریان و کڕوزانەوەوە باسی نەهامەتێکانی دەکرد ئەو خانمە گریان و کڕوزانەوەکەی لەو سەردەمەدا زۆر مانادارو ئازار بەخشیش بوو سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی نەتەوەیەک دەنگی ببیسرێت .... بەڵام دوایی٣٠ساڵ هەمان گریان و هەمان قسە کە کڕوزانەوە لەهەناویدایە نمایش دەکرێتەوە ... پرسیارەکە لێرەدایە ئایە ئێمە هەموومان کۆپی یەک فۆڕمین ، یان جێاوازین ..... !؟
لەڕۆمانی ١٠٠ساڵ تەنهایدا خێزانەکە دەیانەوێت گوندەکە جێبهێڵن ،گفتوگۆ دەکەوێتە نێوانیان ..." یەکێکیان دەڵێت ئێمە لەمێژە لێرەین نەوەمان خستۆتەوە بابمێنینەوە ، لەوەڵامدا ئەویتریان دەڵێت : ڕاستە ئێمە لەمێژە لێرەین ، بەڵام ئێمە گۆڕ جێناهێڵین " .
ئێمە گۆڕو خاک و مێژوومان جێدەهێڵین ، بەڵام کەسمان نازانین بۆچی... ؟
باشە.... کەتۆ نیشتمانت جێهێشتوە ... لایەنی کەم ڕوونی کەرەوە ئازارەکەت چییە ؟ هەرنەبێت بڵێ من لەستەم ڕامکردووە دەسەڵاتی ووڵاتەکەم زیندانێکی پڕ نەهامەتی بۆ تاک بەتاکمان دروستکردووە .... بەڵام من کە لەجل و بەرگ و سیماو قسەکانتان دەڕوانم ، هەست دەکەم جێگەی بەزەین .. پێم ناخۆشە و کاری من نییە کە بەزەیم بەکەسدا بێتەوە ... ساڵی ١٩٩٠ ئێمە کۆمەڵێک کۆچکردوو بووین کە هیوایەک نەمابوو بۆمان و بڕیاری کۆچکردنمان دابوو ... دوایی چاوەڕوانی چەند مانگێک بەبڕیاری نەتەوە یەکگرتۆکان یاسایەک دەرچوو بۆمان کە ئێمە ناگوێزنەوە بۆ ووڵاتی سێهەم و خۆمان ئازادین کە چیدەکەین ... کەبڕیارەکە دەرچوو ١٣ کەسمان لەبەردەم دەرگای ئۆفیزی نەتەوەیەکگرتۆکاندا لەپایتەختی تورکیا "ئەنقەرە " دەستمانکرد بە مانگرتن .. سەفارەتی عێراق کە زانیان ژمارەمان کەمە وایان دەزانی دەتوانن ئاسان قوتمان بدەن و چەند ئۆتۆبیلی ڕەشیان هێنابوو تا بمانگرن و بمان بەنەوە مەملەکەتی تاوان ... پۆلیسی مەدەنی شەقامەکەیان تەنیبوو لەهەردوو بەرەوە ، ئێمە هێرشمان کردە سەر ئۆفیزەکە و کێشەکەمان گەورەبوو ڕۆژنامەکانی تورکیا و بەشێک لەڕۆژنامەو کەناڵەکانی جیهان هاتن ... چەپ و ڕاست گۆڤاری ٢٠٠٠ڕاست کە بەتورکی "یەکیبین ئۆغرو" ی ناوبوو چاوپێکەوتنی لکەگەڵ کردین ڕۆژنامەکانی تریش وێنەیان گرتین ئێمە باوەڕمان بەشتێک هەبوو بەگوێزان خۆمان زامارکرد ... ئێمە ووتمان نابێت بمانگرن و بمان نێرنەوە ووڵاتی تاوان .. ڕۆژی دوایی هەمووڕۆژنامەکانی ناو تورکیا وێنەو هەواڵی ئێمەبوو ... ئیمە گەرچی کەم ئەزموون بووین، بەڵام خاوەنی پرەنسیپ بووین و توانیمان جیهان تێگەیەنین کە ئێمە لەستەمی بەعس هەڵهاتووین .... دووڕۆژ دوای ئەوە کەگەڕاینەوە شارەکەمان گەورە بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتۆکان هات بۆلامان و داوای لێبوردنی کرد و وایان پیشان داین کە ستەمی بەعسیان وا سەیر نەکردوە ... ئەمەچیرۆکێکە کە ژمارەیەک بەقەدەر پەنجەکانی دەست تۆماریان کردووە... کەلەو سەردەمەدا نەتۆڕی مێدیایی هێندە بەرفراوان بوو نە پەیوەندێکان هێندە ئاسان دەکرا ... بەڵام ئێمە ئەوەمان کرد ... ئێستا کە لەم لێشاوەی کۆچبەران دەڕوانم هەست دەکەم کە جێگەی بەزەین ... ئاخر باوک و دایکێک چۆن دەتوانێ منداڵەکانی بۆ سواڵی بەزەیی پیاهاتنەوە نمایشکات....؟ گەر تۆ خاوەنی قەزێیت فەرموو ئەو ستەمەی لەدەستی هەڵهاتوویت بیهێنەرە سەر زمان ...
کۆچ بەران و پێشمەرگەی ئەم سەردەمە دووتوێژن کەس سۆزی بۆیان نییە ... جاران کە پێشمەرگەیەک شەهید دەبوو شار هەمووی نیشتمان هەمووی خۆی بەخاوەنی دەزانی و ماتەمی دەگێڕا ... ئێستا وانییە لەشەڕی داعشدا ڕۆژێک پرسەی چەند پێشمەرگەیەک بوو .... هێندە چۆڵ بوو هەستت دەکرد و دەکەوتیتە گومانەوە داخۆ ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە سوپای عێراقن یان پێشمەرگە ؟ هەمان تراژیدیا بۆ کۆچبەران ئەمڕۆ دەبینرێت ..چونکە کۆچبەران ناتوانن باس لەئازارەکانیان بکەن ....
هاتنی ئەم کۆچبەرانە بەم ژمارە زۆرەو بەم شێوەیە جگە لە پڕۆژەیەکی تری نەهامەتی نیشتمان هیچی تری تێدا نابینی ... بەباوەڕی من تورکیاو دەسەڵاتی کوردی کە هیچ هزرێک لەپشتی بەڕێوە بردنی نییە... دەستیان لەکۆچ و ڕەوی ئەم عەشاماتە لەخەڵک هەیە ... ئێستا وەک تفەنگی تەقیو دەسەڵاتدارانی هەرێم نازانن چۆن بەرخورد لەگەڵ ئەم نەهامەتیەدا بکەن ...؟
ئێمە گەلێکی چەند سەیرین ، دەست لەسەر برینێک هەڵدەگرین و دەستمان دەخەینە سەر برینێکی قوڵتر بەسام تر ....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست