کۆچ لەپێناو نان و ئازادی و كەرامەتدا
Saturday, 13/11/2021, 23:28
لە دنیای نوێدا ھۆکارە ڕامیارییەکان و نەبوونی ئازادی و نەبوونی نان و دیموکراسی و نا یەکسانی کار و ژیان، دەتوانن لە و ھۆکارانە بن کە دیاردەی کۆچ بەرفراوان بکەن،هەموو کۆچێک ئاڵوگۆری جوگرافیایەکی ناھەموارە بۆ جوگرافیایەکی گونجاو ، تەنیا هۆکاری کۆچی کوردان بە لێشاو لە سنورەکانی بیلاڕوسیاو پۆڵەنداو لیتوانیا ھەژاری و نالەباری ژیان و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی و مەترسییە لە سەر بەھاکانی و نەبوونی ئازادییە لە کوردستان، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان نیشانەی فەشەلی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتدارێتی کوردییە لە ماوەی سێ دەیەی تەمەنیدا ، کە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی سەرگەردان ئاشنا دەکات بە ژیانی تاراوگە ولە شوێنی لە دایکبونییەوە بۆ شوێنێ کە پێی نامۆیە کۆچ دەکات .
دیمەنی ڕوماڵکردنی پەیامنێرێکی کەناڵی (RT)ڕوسیا لە سنوری نێوان بیلاڕوسیاو پۆڵەندام بینی کاتێک ڕوماڵی لێشاوی کۆچبەران لە سەرسنور دەکات ، پەیامنێرەکەی کەناڵی (RT)ڕوسی لە ڕوماڵکردنەکەیدا دۆخی کۆچبەران شرۆڤە دەکات و باس لەوە دەکات کە زۆرینەی کۆچبەرەکان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و هۆکاری کۆچەکەیان دەگێڕنەوە بۆ خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان ، دۆخی ستەم و فەسادو نادادی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە مرۆڤ بیر لە کۆچ بکاتەوە .
ئاشکرایە ئەو کۆچەی ئێستا کۆچی ناچاری و هەلهاتنە لە حوکمڕانیەتی کابینەکەی نۆیەم ، ئێستا کابینەی نۆیەم شەڕی نان و ئازادیی لەگەڵ خەلکی کوردستاندا دەکات ، دەستکەوتی پارتی وەک حیزبی حاکم و زۆرینەی پەرلەمانی و خاوەنی کابینەی نۆیەم لەژێر دروشمی کوردستانێکی بەهێزدا ! قەیرانی نان و مەترسی لەسەر شکۆی مرۆڤبون و قەیرانی ئازادییان لە پاڵ شکستی ئابوری دا کەڵەکە کردووە، پاشان کێڵگەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کێڵگەی حیزب و بنەماڵەیە، هەندەسەی کۆمەڵایەتیش هەندەسەی مێنتەڵییەتی خێڵە ، لە ئیستادا حیزب و بنەماڵە و خێڵ یەکڕیزو کۆکن لەسەر بچوکردنەوەی عەقڵ و هوشیاری و ئازادی و ئیرادەی مرۆڤ ،کۆچ هەڵهاتنە لەم باڵا دەستییەی حیزب و بنەماڵەو مێنتەڵییەتی خێڵ .
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی بەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆڕانکاری ،هەژموونی خێڵ و هەژموونی حیزب زالە بەسەر بوارەکانی ژیانی کۆمەلگادا ،تەنیا ڕیگایەك بۆ ڕزگاربوون لەم سیستەم و دەسەڵاتە تەقلیدییە سەركوتكەرە حیزبییە ،خێڵەكییە ،خێزانییە بریتی یە لە شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی کە ئەوەش لە ئێستادا زەحمەتە و خەلک ئیرادەی لاواز بووە ،خۆئەگەرنا لەئێستادا بۆ رزگاربوون کۆچ باشترین بژاردەیە، کۆچ لەپێناو "نان و ئازادی و كەرامەت" دا ڕەوایەو تاکی کورد لە کوردستان لەسەر حیسابی خۆی برسیکراوەو ئازادیشی لێ زەوتکراوەو کەرامەتیشی دەشکێندرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست