هاوڕێم!..
Monday, 01/11/2021, 15:28
هاوڕێم!..
ماوەیەکە لە وێستگەیەک وێستاوم.
ڕاوەستانێکی نە بە دڵخواز. بە ئیجبار. بە ناچاری!
لە وێستگەیەک وێستاوم.. ڕێیەک نـێ بۆ گەڕانەوە و چوون بەرەو پێشیش گەلێک دژوار و سەخت. نەگونجاو! ڕاوەستانێک بە تامی شکست لە گشت شت! ڕاوەستانێک بە تام و بۆنی بۆگەنی تێکئاڵاوی گشت میوە کرماوی و ڕزیوەکان! لە وێنەی بۆگەنی بۆمبا و ساڕۆخی کیمیاوی تەقیوی بان هەڵەبجە!....
ئازیز!
تەمەنێکم ڕابوارد بە زیاتر لە نیو سەدە خوێندن و خوێندنەوە. کوتنی وانە و دەرس لە قالبی وانەبێژی قوتابخانە! نووسین. نووسین و شیکاری و دیسان خوێندنەوە.. خوێندنەوە.. و خوێندنەوە.
گا، هەڵسووڕان لە چوارچێوەی کاروباری هونەریـفەرهەنگی وەک ڕۆژنامەنووس.. ڕۆژنامەوان..، نـگـارکێـش..، وێنـەگـر..، پیتچـن و کارگێـڕی چاپ؛ لە بەرگسازی و ساغ کردنەوەی کتێب..، ئاوێتەبوون لەتەک شۆڕش، لەتەک سیاسەت! دژبەری لەگەڵ گشت ڵاڕێیی و گەندەڵیو خەیانەت! خۆشویستنی مرۆڤەکان و ئازاسەران! ئاشق و سەوداسەری گەل و خاک و ئاو و هەوای وڵاتەکەم.
قاڵ بووی گەرمای بەتینی بیری جوان و پاک و بێخەوش بۆ ژین و بۆ پاراستنی زمان و نیشتمانەکەم!
زۆربەی دەمانی ژینم، خەوم لە خۆم زڕاند. ئارامیم لە خۆم ستاند بۆ خزمەت بە زانست و پەڕتووک و ڕەش کردنەوەی لاپەڕەکان ــ بە هەزاران ــ بۆ بەرچاو ڕوونی و ڕەواندنەوەی خەونە نەزۆک و گەنیوەکان، تاراندنی مۆتەکە و ئاڵەشەوەکانی ناو کۆمەڵ و کۆمەڵگا و زێدم. بۆ ناسینەوەی ئەم چەقۆیانەی دەسکی خۆیان دەبڕن. بۆ ناسینەوەی ئەم گوڵکوژانەی لەناو ماڵ و باغچە و گوڵەکانی ناو گوڵدانی حەوشەکەمانا، وا خەریکن لەگەڵ گۆڵەکان دەکەن سەما و دیلانێ!؟
٭٭٭٭
نەکەوتوومە ناهۆمێدی! ئەزبەنی نیم. بەڵام سەیر دەست و پێ بەستراو و پێشێل کراوم و پێشێل کراوین!
کەوتوومە و کەوتووینە دەوارێک بۆ گشت تشت و ڕووداوی نەخوازراو و ماڵکاولکەر و گشت قەیران بە دوای قەیرانێک، بێ مەجال و بێپشوو و بێ ئێزن، چرکە بە چرکە تێوە دەگلێین و دەپێکرێین و پێوەی.. دەگلێین!
٭٭٭٭
سەردەمانێک، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر نەهامەتیەکی گشتی و وڵاتگر، سەدە و نیۆ سەدە تێدەپەڕی. بەڵام ئێستا، نیاز نە بە ساڵە، نە بە مانگە، نە بە حەوتوو، نە بە ڕۆژێک و شەوێک. چاو قووچاندنێک بەسە کە بەسەر نەهامەتیەکی نوێ دا تێپەڕ بی و دیمەنی کۆمەڵگایەکی هەژێندراو و لە ڕەسمە دەرچوو، بێ شوناس و بێ ڕابردوو و بێ داهاتوویەکی ڕوون، پڕ تەم و خۆڵەمێشی لە ناخەوە بتهەژێنێ!
بڕوا بە کام دێمۆکراسی بکەم کاتێک لە ناخی سندووقی دەنگدانی دیمۆکراسی، "تڕامپ"ەکان، "ئەردۆغان"ەکان، "مەسروور"ەکان، "ئەسەد"ەکان، "سەدر"ەکان، "بافڵ"ەکان و... و.. سەر دەردێنن؟!
کاتێک دەبینم و دەبینن.. کە چۆن چارەنووسی نەتەوە و وڵاتێک، وەک "ئەفغان و ئەفغانستان" بە پیلانێکی دنیای سەرمایە بە سەرکردایەتی ئامریکا، لە کورتمەوداترین زەمەن، لە دەست مۆرەیەکی ئامریکایی وەک "ئەشرەف غەنی" دەسپێردرێتە تاریکترین و پڕ جەهلترین دەستەڵاتی مێژوو، یانی "تالیبان"؛ چ قسەیەک بۆ کوتن دەمێنێ؟
سەیرتر ئەوەیە کە بۆ ئەبووجەهلەکانی سەردەمی ئەفغان، گشت وڵاتانی ئەورووپایی، ئامریکا، چین، ڕووسیا و... دەستی دۆستییان درێژ کردووە و پەلەی دەست لەناو دەست نانیانە!؟
کاتێک، بە دەست لە ناو دەست نانی، تورکیا، ئیمارات و ئامریکا شانۆیەکی قێزەوونی وەک هەڵبژاردنی پێش وەختەی ئێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ و ئاکامێکی ئاوا سەیر و سەمەرەی دەبێ کە دەبێتە هۆی دەست ئاوەڵایی بۆ تورکیا کە هەرچی زۆرتر بە پێوەندی لەگەڵ براوەی هەوەڵی هەرێم، باشووری وڵات کاولتر و تەنانەت گەر ڕێی پێببا، بە یەکجاری داگیری بکات و هێرش بۆ سەر قەندیل، هاسانتر بەڕێوە ببات! چ جای بۆ کوتن و لێکدانەوە و هەستان و هەستانەوە و جۆششێک؟!
٭٭٭٭
گاڵتەجاڕی مافی مرۆڤ، دیمۆکڕاسی، و.. زۆر شتیتر، ڕێ نیشاندەرن بۆ بێ بڕوایی بە ڕابردوو و شارستانییەتی دێرین، بە ئەوڕۆ و بە داهاتوو! بە خەبات و تێکۆشان!
خەبات بۆچی و لە پێناو چی؟ کاتێک کە دەبینی تۆ و خەڵکەکەشت تشتێک نین وەبەر چاو بێن و پیوازیشتان بۆ ورد ناکەن!
کاتێک دەبینی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاکەکان بە هەر توانایییەک و تێگەیشتنێک دەستیان بە هیچ بەند نییە و کۆیەکان [ڕێکخراوەکانی سیاسی و جەماوەری]، تەنیا ڕەشایین و ئیشکەڕەنێک بۆ بەردەستی مافیاکان و بۆ بەر پێی پۆستاڵڕەشەکانی زلهێز و دنیای سەرمایە.. چیت پێدەمێنی بۆ کوتن و بۆ بزاڤ و کۆشش؟!
٭٭٭٭
کاتێک داڕمانی سات بە ساتی خەڵک و بە تایبەت لاوانی وڵاتت دەبینی، دوور کەوتنیان لە خۆناسین، لە کەلتوور و چاند و هونەری بەرزی خۆیی و بڕوایان بە ئەویتر و ئاوێتە بوون لەگەڵ ئەویتر!.. وە ئاوێتە بوونی بەرچاوی کچان و ژنانی وڵات لە تەک جگەرە و دووکەڵی نێرگەڵە (قەننە) و.. مادە هۆشبەرەکان و..شەڕاب و خۆشگوزەرانی دوور لە هەر لۆژیک و داب و نەریتێکی عەقڵانی و سەردەمیانە! بە بێ جێگوڕکێی فەرهەنگ و داب و نەریتی کۆن و ڕابردوو لەتەک هیچ فەرهەنگێکی زانستی و ئینسانی نوێ! و.. ئاکام و بەرهەمی: داتەپین و هەرەس هێنانی نابەجێ و دوور لە دەست پێڕاگەیشتنی بنەڕەتی ماڵەکان و بنەماڵەکانە.. چیت پێ دەمێنێ بۆ کوتن و بۆ کۆشش و بۆ جۆشش؟!
٭٭٭٭
سەردەمێکی زۆر شەیتانی و بێ بزەتر لە گشت دەمان، چێ بووە! تەواوی هیماکان و ئاماژەکان ڕوو بەرەو پێکهاتنی گوندێکی جیهانییە کە تێیدا، وەک ڕۆباتێکی بێڕووح و هەست دەبین لەژێر سەیتەرە و سوڵتەی سەرمایەو کارگێڕانی سەرمایە و مافیاکانی هێز و دەسەڵاتی جیهانی و جێ و ڕێیەک وەبەر چاو نایە بۆ هەستان و هەڵسووڕان!
ڕۆژگار و سەردەمێکی زۆر ئەستەم و پڕ سەیر و سەمەرە چێ بووە! هەر بە ڕاست : "گـا" لە شۆخییە و خاوەن خەرمان لە گێرە!
[بە قەولی: م.سالە دیلان] قوورس بۆ زەوی و سووکە دەچێ بۆ ئاسمان!؟
٭٭٭٭
ڕێ بە بەزین نادەم و نابێ ڕێی پێ بدەم و ڕێی پێبدەین!
دەبێ زۆر وریا و لەسەرڕا، چوارچێوەیەکی نوێ بۆخۆم ساز بدەم و لە گەردەلوولی ناتەبا، خۆ دەرباز کەم! نەوەستان واتای ژیانە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست