رێكەوتننامەی لۆزان و دەزگای هەواڵگری توركیا (بەشی یەكەم)
Sunday, 17/10/2021, 21:08
یەكێك لەكێشەكانی بەناو رۆشنبیر وسیاسەتمەدار میدیاكان ئەوەیە، زانیاریەكانیان دەستی دووە وتاقەتی ئەوەیان نیە بگەڕێنەوە سەر سەرچاوە بنەڕەتیەكان و زانیاریەكان وەك ئەوەی هەیە وەربگرن، بوونی چەندین تۆری كۆمەڵایەتی ومیدیایی ئەلیكترۆنیش بۆتە سەرچاوەیەكی لەبار بۆ بلاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست وبەشیوەیەك بوارێكی گەورەی بۆ كاری بواری هەواڵگری رەخساندووە، دەزگا هەواڵگرییەكانی ناوچەكە بەگشتی وهەواڵگری توركیا بە تایبەتی سوودیان لەو لایەنە وەرگرتووە ولەخزمەتی سیاسەتی وڵاتەكەیاندا بەكاریدەهێنن.
یەكێك لەو دمگۆ وبانگەشە ناڕاستانەی بلاودەكرێتەوە، كە میدیاكان، لەوانە میدیا عەرەبی و كوردیەكانیش نەزانانە كەوتوونەتە ژێر هەژموونی ئەو شەپؤڵەی هەواڵگری توركیا، مەسەلەی هاتنی ساڵی 2023 وبەكۆتا هاتنی رێكەوتننامەی لۆزانە، شایەنی ئاماژە بۆ كردنە هەوڵگری توركیا لەو رێگەیەوە دەیەوێت، رێگا بۆ هێرشێكی گەورە خۆش بكات، یاخود لەرووی دەروونیەوە خەڵكی هەرێم بۆ داگیركاریەكی لەم شیوەیە ئامادە بكات.
ئەوەی جێگای سەرسامیە نەك میدیاكان، بەڵكو زۆر لە بەناو سیاسەتمەدارە كورد وعەرەبەكانیش لە شیكردنەوەكانیاندا، وەك ئەوەی هەنگوینیان لەدار دۆزیبێتەوە وپێشبینیەكی سیاسیانە بكەن، ئەو دمگۆیانە دەجوونەوە ودوپاتی دەكەنەوە، بە بێئەوەی یەكێك ئەو ئەركە بچووكەی خستبێتە سەر شانی خۆی وسەیرێكی رێكەوتننامەی لۆزانی كردبێت، كە وەرگێڕانە عەرەبیەكەی تەنیا 65 لاپەڕەیە ولەوانەیە بە چەند كاتژمێرێكی كەم بخوێنرێتەوە!
بۆئەوەی بەشێوەیەكی یاسای وەڵامی ئەو دمگۆ وشەڕە هەواڵگریە بدەینەوە، سەرەتا دەبێت بپرسین ئایا ساڵی (2023) رێكەوتننامەی لۆزان بەكۆتا دێت؟ دەربارەی مەسەلەی بەكۆتاهاتنی رێككەوتتنامە نێودەوڵەتیەكان، لەهەندێك رێكەوتننامە لەدیباجەی سەرەتایدا باس لە ماوەی بەكۆتاهاتنی ریكەوتننامەكە دەكرێت، یاخود لایەنەكانی رێككەوتنامەكە لەسەر ماوەیەك رێك دەكەن بۆئەوەی رێكەوتننامەكە بەكۆتا بێت، یاخود ئەو ئەركەی رێكەوتننامە لەپێناوی دەبەسترێت تەواو دەبێت، یاخود دوای ئەوە رێكەوتننامەیەكی تر دەبەسترێت وئەو ریكەوتننامەیە رەتدەكاتەوە، یاخود هەمواری دەكاتەوە، یاخود هەر دوو لایەن بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە رێكەوتننامەكە رەتدەكەنەوە، هەندێكجار رێكەوتننامەكە رەتدەكرێتەوە یاخود كاری پیناكرێت، لەبەرئەوەی توانای جێبەجێكردنی نیە، یاخود لایەنێك لە رێكەوتننامەكە دەكشێتەوە، بەڵام ئەگەر سەیری رێكەوتنامەی لۆزان بكەین، لەمادەی 143 دا باس لە كاتی كارپێكردنی رێككەوتننامەكە كراوە، بەڵام باس لە بەكۆتاهاتنی نەكراوە! بەڵام لەبەرئەوەی رێكەوتننامەی لۆزان هەموو ئەو ئامانجەی هێنایە دی، كە بۆی دانرابوو، دەتوانین بڵێین ئەو ریكەوتننامەیە لەمێژە بەكۆتا هاتووە. هەرچەندە هیچ لایەنێك لە لایەنەكان تاوەك ئێستا لە ریكەوتننامەكە نەكشاوەتەوە، توركیا، كە بەهۆی ئەو بانگەشانەوە ئاماژە بۆ ئەو كشانەوەیە دەكات وباس لەوە دەكات، ساڵی (2023) ئەو رێكەوتننامەیە تەواو دەبێت، واتە تاكلایەنە دەكشێتەوە، ئایا توركیا ئەو توانایەی هەیە رووبەڕووی كۆمەلگای نێودەولەتی ببێتەوە؟ بێگومان نەخێر! پاشان دەبێت ئەو راستیە بزانین، كەوا ریكەوتننامەی لۆزان رەنگدانەوەی قۆناغێكی دیاریكراو بوو لە هاوسەنگی هێزی جیهانی ووەك دۆڕاوێكی شەڕ بەسەر توركیا سەپینراوە، تاوەكو گۆڕانێكی گەورە لەهاوسەنگی هێزی جیهانیدا روونەدات، ناتوانێت هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت، چونكە ئەو گۆڕانانەی ئێستا لە هاوسەنگی هێزو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەگوزەرێت، هیچی لەبەرژەوەندی هاتنە دی ئەو خەونەی توركیا نیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست