سەرۆکی حکومەت منداڵەکانی خۆی فەسڵ دەکات
Saturday, 16/10/2021, 22:29
(١)
رۆژی چارشەممە(پێرێ)، لە خولێکی رۆژنامەنووسی لەگەل هاوکارم ساڵح هەرکی بەیەکەوە بووین، کاتێک نووسینگەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن پێیان گوت "بە فەرمانی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران (دکتۆر ئومێد سەباح)، کۆتایی بەڕاژەکەت هات( فەسڵ کرایت)".
(سالح هەرکی لە ساڵی دوو هەزار و نۆزدە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بە گرێبەست لە ئەنجومەنی وەزیران بە ناونیشانی( نووسەر) دامەزراوە، لە هەژدەی چاری ساڵی دوو هەزار و بیستویەکیش بە فەرمانێکی وەزاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم کرایتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەت).
(٢)
مانگێک پێش هەڵبژاردن، سالح هەرکی پۆستێک بۆ پشتگیری لە فەیسەڵی کەریم خانی برادۆست کاندیدی ژمارە(٢٤)ی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بەهەڵە لە پەیجی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، بەڵام هەرزوو(کەمتر لە شەش خولەک) هەست بەهەڵەکەی دەکات، پۆستەکە رەش دەکاتەوە، بۆ بەیانیش وەزارەت لە هەڵەکەی ئاگادار دەکاتەوە.
(دە رۆژ پێش هەڵبژاردن بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هەڵەیە پێکهێنرا، هەرکی بەمنی گوت "چوومە بەردەمی لیژنەکە، پێیانگوتم چۆن لە پەیجی وەزارەت ریکڵام بۆ فەیسەڵی کەریم خان دەکەیت؟!' چیرۆکەکەم بۆ گێڕانەوەو، گوتم دەمویست ئەو پۆستە لە پەیجەکەی خۆم بڵاوبکەمەوە، بەڵام بە هەڵە لەوێ پۆستبوو، هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، دوای لێبوردن دەکەم")
(٣)
بە پێی یاسای ژمارە( چاردە)ی ساڵی (١٩٩١) رێکخستنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی کە لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانی عێڕاقی(بەعس) دەرچووە، لە ساڵی (٢٠٠٨) لە پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە( پێنج) هەموارکراوە، لە مادەی(هەشت) هاتووە، حکومەت دەتوانی فەرمانبەر فەسڵ بکات کاتێک:
- سەلمێنرا هەڵەیەکی کرداری کردووە، کە مانەوەی لە کارەکەی زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت.
- حوکمدرابێت بە تاوانێک کە بەهۆی فەرمانبەر بووینەوە ئەنجامی دابێت.
(بێگومان بڵاوکردنەوەی پۆستی حیزبی لە پەیجی وەزارەت هەڵەیە، بەڵام یاسای هەموارکراوی ژمارە (پێنج) کۆمەڵێک سزای دیکەی تێدایە، دەکرا بە جۆرێکی دیکە سزای بدەن، ئایا مانەوەی کەسێک کە بەهەڵە بۆ ماوەی چەند خولەکێک پۆستێکی بۆ پشتگیری کاندیدی حیزبێک کردووە کە بەشدارە لە حکومەت و، داوای لێبوردنیشی کردووە و دەکات، ئەوەندە مەتریسدارە زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت؟!)
(٤)
مادام حکومەت چاوپۆشی لە هەڵەی فەرمانبەرانی ناکات و سزایان دەدات، ئەدی لیژنەکانی حکومەت لە کوێ بوون کاتێک فەرماندە سەربازیەکانی نیوەی خاکی کوردستانیان (لە شەنگالەوە هەتا خانەقین) تەسلیمی دوژمن کرد؟!
بەراست، ئەگەر ساڵح هەرکی بەهەڵە پۆستێکی بۆ پشتگیری کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیجی وەزارەت کردبا، فەسل دەکرا؟!
(ئەگەر ئەو چەمکەی خەڵکی عەوام "حکومەت باوکی میللەتە" راست بێت، ئەوە حکومەتی هەرێم بۆ هەندێکمان زڕبابە، بێگومان ئاسایە زڕبابیش منداڵەکانی فەسڵ بکات)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست