کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هیوای كورد له‌ ستراتیژی ئه‌مریكادا له‌ سوریا

Saturday, 02/10/2021, 21:47


ئه‌نجومه‌نی ئه‌تڵه‌سی له‌ تازه‌ترین راپۆرتیدا سه‌باره‌ت به‌ جموجۆڵی سه‌ربازی و دیپلۆماسی ئه‌مریكا له‌ سوریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی روون و ئاشكرای نه‌بووه‌ له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا و نه‌شی توانیوه‌ سه‌قامگیریی بۆ ناوچه‌كه‌ دابین بكات، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ماهه‌نگی راسته‌وخۆشی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات.
ره‌نگه‌ هه‌ردوو ئیداره‌ی ئۆباما و تره‌مپ تا راده‌یه‌ك شكستیان هێنابێت له‌ ده‌ستنیشان كردنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ له‌ سوریا به‌دی بهێنێ، به‌ڵام واشنتۆن به‌ ئێستاشه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ستراتیژی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هێشتا هێزی سه‌ربازی له‌وێ ماوه‌ و جموجۆڵی دیپلۆماسیشی هه‌یه‌ و هێشتا بڕیاری نه‌داوه‌ ده‌ستبه‌رداری پڕۆژه‌كه‌ی بێت له‌ سوریا به‌ گشتی، به‌ڵام هه‌ندێك سیاسه‌تی پیاده‌ كردووه‌ زیانی به‌ په‌یوه‌ندی كورد و ئه‌مریكاییه‌كان گه‌یاندووه‌ و كێشه‌ و ژانه‌سه‌ری بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دروست كردووه‌، جا ئه‌و كێشانه‌ به‌هۆی تیرۆریستانه‌وه‌ بووبێت یان به‌هۆی رژێمی سوریاوه‌.
هێشتا كات له‌به‌رده‌م ئه‌مریكادا ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی گرنگ و سه‌ره‌كی ببینێت له‌ سوریا، به‌ تایبه‌تیش له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی سوریادا، رۆڵی گرنگیش بۆ ئه‌مریكا له‌و ناوچانه‌دا كه‌ هه‌ماهه‌نگی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدا هه‌یه‌، له‌ دوای هه‌ردوو قۆناغی له‌ناوبردنی تیرۆر و پاشماوه‌كانی تیرۆر، قۆناغی سێیه‌می ماوه‌، راسته‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپاش پلانیان هه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، به‌ڵام تا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ تا ئاسایش و ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیر ببێت، ئه‌وكاتیش ئه‌مریكا سیاسه‌تی ئاشكراو سه‌نگ و قورسایی خۆی ده‌بێت.
هه‌روه‌ها پێویسته‌ واشنتۆن هه‌وڵی به‌ په‌له‌ بدات بۆ به‌هێزكردنی ئیداره‌ی خۆجێیی كورد، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێنج ملیۆن هاووڵاتی سوریا ده‌كات به‌ پێكهاته‌ جیاجیاكانییه‌وه‌، پێویسته‌ هه‌وڵیش بدات زۆرترین سوود له‌و وڵاتانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاریكاریی ئه‌مریكا ده‌ربڕیوه‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سوریادا، به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی و رژێمی سوریاش شكستیان هێنا له‌ به‌دیهێنانی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچه‌ نائارامه‌كان، كه‌ ئێستا به‌ هۆی شه‌ڕی هه‌ردوو لایانه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ژیانی تێدا نه‌ماوه‌.
جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مریكا كه‌ په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌، پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌كار بهێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ستی درێژخایه‌ن له‌ نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و كورددا و توركیاش واز له‌و فۆبیایه‌ی بهێنێت كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌یه‌تی و باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنێت كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا كورد بنیاتی ناوه‌ مه‌ترسی نییه‌، نه‌بۆ توركیا و نه‌ بۆ سنووره‌كانی سوریاش.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد ئاشكرا بكات، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌مریكا به‌ نیازه‌ پێشوازی له‌ وه‌فدێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات، هه‌ڵبه‌ت مۆسكۆش هه‌مان نیازی هه‌یه‌، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌ باره‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی داهاتووی هه‌ردوولاوه‌، ئه‌ویش دوای شكستی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی و بووده‌ڵه‌یی هه‌نگاو و پێشنیازه‌كانی رژێم.
ده‌رفه‌تێك ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی واشنتۆن به‌ حساباتی خۆیدا بچێته‌وه‌ و فشار بخاته‌ سه‌ر رژێمی سوریا و روسیا و ئێران تا ناچاریان بكات سازش بكه‌ن و بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك قازانجی بۆ داهاتووی خه‌ڵكی سوریا هه‌بێت له‌و ناوچانه‌ی هێزی ئه‌مریكای تێدایه‌ و هه‌ماهه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی له‌گه‌ڵ كورددا هه‌یه‌، تا ئێستا كه‌ ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ واشنتۆن به‌ته‌واوی شكستی هێناوه‌، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا شكستی هێناوه‌، چونكه‌ ئه‌و جموجۆڵی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی به‌سته‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا، هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندی توركیاش خۆی له‌ دژایه‌تیكردنی كورددا ده‌بینییه‌وه‌.
به‌و هه‌ڵوێسته‌ی، ئه‌مریكا نه‌یتوانی به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌شه‌كانی بپارێزێت، به‌ تایبه‌تیش كورد، كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا جوامێرانه‌ شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد، ئه‌و داعشه‌ی خه‌ریكی خۆ رێكخستنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی سوریا و عیراق.
ئێستا كورد له‌به‌رده‌م هاوكێشه‌ی رزگاربووندایه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی توركیا، واشنتۆنیش پێویسته‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ بكات و قه‌ناعه‌ت به‌ توركیا بكات كه‌ كورد مه‌ترسی بۆ سه‌ر توركیا نییه‌، كورد سه‌رقاڵی خه‌ونێكی له‌مێژینه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌رچی خه‌ونه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ونه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌دا یه‌ك ناگرنه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە