بنبەست و شکستی دەوڵەت - نەتەوە
Tuesday, 28/09/2021, 16:47
دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتاوە وەک نەخۆش و کەمئەندام لە دایک بون(دوای شەڕی یەکەمی جیهانی) و قەت نەیانتوانی پێشکەوتن، ئاشتی، پێکەوەژیان، دێموکڕاسی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا دابین بکەن.
زەواڵی ئەم دەوڵەت-نەتەوانە دەستی پێکردوە. ئێراق- ئەفغانستان، پاکستان، سوریە، یەمەن، سودان و لیبی توشی داڕمان بون. دەوڵەتەکانی تریش چارەنوسی باشتریان لە پێشدا نیە.
دوای سەد ساڵ دەبینین کە عەرەب، فارس پاکستانی و ئەفغانی لە کورد بەختەوەرتر نین. ئەم گەلانەش وەک کورد لە دەست ئەم دەردانەی خوارەوە دەناڵێنن:
چەوسانەوە، فەقیری، بێکاری، دیکتاتۆری، گەندەڵی، زوڵم، جیاوازی چینایەتی، نایەکسانی مافی ژن و پیاو، ژنکوشتنی ناموسی، دواکەوتویی، خوڕافات، جەهالەت، برشاوی بونی مێشکەکان و...
ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ توێژەکانی ئەنگەلی کۆمەڵگا وەک: لۆمپەن، شایەری دەسەڵات، قەڵەمفرۆش، نیشتمانفرۆش و ... هەیە. بەڵام بۆ ڕووناکبیر و جیابیر زیندان و برسیەتی و ... هەیە.
***جیاوازی نێوان کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خاوەن دەوڵەت زۆر نیە.
ئەوان بە زمانی خۆیان دەخوێنن و بە هەمان زمانیش دەچەوسێنەوە. بەڵام کورد ناچارە بە زمانی دەوڵەت-نەتەوەی حاکم بخوێنێ و ...
کوردی باشور لە کوردی ڕۆژهەڵات و باکور بەختەوەرترە!
کوردی باشور لە جیاتی بەنیکەلب، پدەرسەگ و کەپێ ئۆغڵی ؛ پێی دەکوترێ سەگباب. مامۆستاکەی کە بە شێوەی مەدەنیانە هاتۆتە شەقام بۆ پرسی دادپەوەری و مەعاشی زیاتر شەقی کوردی دەخوات.
شکستی سیستمی فیدڕاڵی لە کوردستان
بە هۆی شێواوی و تێکچندراوی جوغڕافیای نەتەوەکان نەتەنیا دەوڵەتی کوردی، بەڵکە سیستمی فیدڕالیش مومکین نیە، مەگەر نەخۆشێکی کەمئەندامی وەک باشوری کوردستان؛ کە ٥٠٪ی خاکەکەی (ناوچە کێشەلەسەرەکانی دو یان چەند نەتەوەیی) بۆ دەوڵەت-نەتەوەی حاکم بەجێ بێڵێ و نیوەکەی تری ببێتە مەیدانی چەتەگەری کوردایەتی تا لە ژێر نێوی هەرێمی کوردستان سەروەت و سامانی سەرزەوی و بنزەوی لە پێناو بەردەوامبونی ئاغایەتی خۆیان ڕادەستی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بکەن.
دەیان مۆڵگەی سەربازی و جاسوسی بۆ سەرکوتی جوڵانەوەکانی کورد لە نەوعی 40 پایگاکەی تورکیا لە بادینان دامەزرێ و خەڵکیش بە خوڕافات، کۆنەپەرەستی و بنەماڵەپەرەستی سەرگەرم بن تا لە خەونەکانی ئازادی، بەرابەری و سەربەستی بەتاڵ بکرێن.
تەجروبەی باشور لە سی ساڵی ڕابردوو دا نیشانی دا کە فیدڕالیسم بەهەشتی مافیای کوردایەتی و دەوڵەتانی ناوچەیە، بەڵام بۆ چینی مامناوەند و بندەستی کورد جەهەنەمێکی کارەساتبارترە لە دەورەی دەوڵەت-نەتەوەی بێگانە.
لە سایەی فیدرالیسم کارەبا، ئاو، غاز، سیستمی بانکی، پیشەسازی و کشتوکاڵ فەشەلی هێناوە. زۆرترین جیاوازی چینایەتی لە مێژوو دا تۆمار کردوە و لە ڕیزی یەکەمینەکانی گەندەڵی جیهان جێدەگرێ.
کوردی باشور تەنانەت خەونەکانیشی لەدەست داوە.
لە دەورەی داگیرکاری سەدام و دەوڵەتانی پێشتر، کورد ناوی منداڵەکانی دەنا ڕزگار، ڕووناک و هەڵمەت. چونکە لە ڕۆئیای ڕزگاری و ڕووناکی دا دەژیا لە پێناو ئاواتەکانی ئامادەی هەڵمەت و قوربانی بوو.
بەڵام ئێستا ناوی ئوسامە، زەید، ڕەجەب، خالید و عومەر بەسەر مناڵەکەی دەسەپێنێ. ئەمە یانی داڕووخانی هزری و فکری کۆمەڵگا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست