کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەیرترین بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانە لەهەرێمی كوردستان!

Sunday, 26/09/2021, 22:27


رەنگ بێت تا ئێستا هێندەی لەسەر بەیەكەوە ژیان خوێندوومەتەوە وگوێم لێبووە، سەیرترین خوێندنەوە تیگەیستن بۆ بەیەكەوە ژیان ئەو تێگەیشتنەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بۆ بابەتە! كورد دەڵێت شت یان لەشێت یا لەمنداڵ، بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە زۆر جاران منداڵە سیاسیەكانی حیزبەكان لێرە ولەوێ ئازایانە، یاخود ساویلكانە هەندێك راستی دەدركێنن، كە بایەخی مێژوویی خۆی هەیە وتەنانەت لەرووی یاسایشەوە دەتوانرێت بكرێتە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگر ووەك دانپانانێك هەژمار بكرێت بۆ سەلماندنی تاوانێك لە تاوانەكان، چونكە داڵدانی تاوانباران، بەتایبەتیش داڵدەدانی ئەو تاوانبارانەی، كە بە تاوانی جینۆسایدكردنی گەلان تۆمەتبار كراون، كە بەتاوانی دژی مرۆڤایەتیش دەناسرێت، خوی لەخۆیدا تاوانێكی گەورەیە وبەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان ناكەوێتە چوارچێوەی لێبووردەیی وبەیەكەوە ژیانەوە! بۆیە ئەو كەسانەی، یاخود ئەو هێزانە داڵدەی ئەو جۆرە تاوانبارانە دەدەن، دەبێت لە دوو لاوە دادگایی بكرێن، لەلایەك بەهۆی پڕۆسەی خودی داڵدەدانەكەوە، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا بۆ بابەتێكی هەستیارترمان رادەكێشێت، ئەویش بابەتی هاوبەشیكردنە لەو تاوانە، چونكە تەنیا ئەو هێزو كەسانە تاوانباری لەو شێوەیە داڵدەدەن، كە بەشێوەیەك لەشێوەكان لینكێكیان لە تاوانەكەدا هەیە وئەگەری هەیە بەشێوەیەك لەشێوەكان بەڵگەنامەكان ئەوانیش بگرێتەوە!.
ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا لەسەر ئاستی سیاسی بە بەیەكەوە ژیان پێناسە دەكرێت، دوور ونزیك پەیوەندی بە بەیەكەوەژیانێكی ئاشتیانەوە نیە، بەڵكو لەلایەك پەیوەندی بە بەشداریكردن لەتاوان ودیزەبەدەرخۆنەكردنی بەڵگەی تاوانەكانەوە هەیە، لەلایەكی تر جۆرێكە لەهەڕاجكردنی خاكی كوردستان وبازرگانیەكی قێزەونە بە خاكی نیشتمان، ئەوانەی هاتوونەتە كوردستان بەشێكی زۆریان ئەو سەرمایەدارانەن، كە لەسەردەمی بەعسدا بەشێوەیەكی ناشەرعی سەرمایەیان پەیداكردووە وئێستا بەو پارەیە وخانوو وشوێنە بازرگانیە گرنگەكان وئەپارتمانە گەورەكان شارەكانی هەریم دەكڕن، كە لەلایەن بەرپرسە بازرگانەكانی كوردەوە، كە بەشێكی زۆریان لەپشت ئەو پڕۆژانەوەن دەفرۆشرێت، واتە ئەوەی پێی دەگوترێت بەیەكەوە ژیان لەهەرێمی كوردستان، جۆرە رێككەوتنێكە لەنێوان سەرمایەدارە وردبین وسیاسیەكانی عەرەب، كەوەكو سەرمایەدارەكانی جولەكە، كە حكومەتی ئیسرائیلیان لەپشتە رەفتار دەكەن، لەگەڵ سەرمایەدارێكی نەخوێندەواری كورد، كە جگە لە هەرزانفرۆشكردنی وڵاتەكەی چاوی هیچی تر نابینێت، بۆیە واخەریكە لەرێگای ئەو بەیەكەوە ژیانە سەیرەوە، وردە وردە دیمۆگرافیای كوردستان دەگۆڕێت وئەوەی دەوڵەتە داگیركەرەكان بەدەیان ساڵ بۆیان نەكرا، ئەو بازرگانە چاوچنۆكانەی كورد بەماوەیەكی زۆر كەم وبەبێئەوەی كەسیش پێیان بڵێت لەپشت چاوتان دوو برۆ هەیە، بەئاسانی ئەنجامی دەدەن، لێرەدا من مەبەستم چینە هەژارەكەی خوارەوە نیە، كە لەبنەڕەتدا لەخەمی قووتی رۆژانەی خۆیاندان وئەوانە هەمیشە بەئاشتی بەیەكەوە ژیاون كێشەی بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەیان نەبووە!.
ئەو بەیەكەوە ژیانەی پارتی شانازی پێوە دەكات، سەیرترین بەیەكەوە ژیانە لەمێژوودا، ئەگەر نەڵێم وێنەی نەبووە، ئەوا بەدڵنیاییەوە نمونەی ئێجگار كەمە، سەیر لەوەدایە لەكاتێكدا ئەوان تۆوی رق وتووڕەیی لەناو كۆمەڵگای كوردیدا دەچێنن، مامۆستایەك، كە داوای مووچەی رەوای خۆی دەكات ساڵێك زیاتر بە بێ دادگایی كردن لەزیندان دەئاخنن وهەناسەی ئازادی لێ قەدەغە دەكەن، داڵدەی ئەو تاوانبارانە دەدەن، كە هەزاران ژن ومنداڵ وگەنجی كوردیان  لەناو بردووە و جۆرەها چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتیان دژی بەكارهێناوە، جیاوازیان لەنێوان پیرو ژن ومنداڵ وگەنج وئاژەڵ وداروباخەكانی كوردستان نەكردوە و لەلایەن دادگاكانەوە داوا كراون ، نازانم ئەوە دەكەوێتە كوێی بەیەكەوە ژیانەوە، ئەگەر وەك عەرەب دەڵێن ئینەك لە بابەتەكە نەبێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە