بەبیانووى هەڵبژاردنەوە! ئەرێ هەیە باوەڕیان پێبکات؟
Sunday, 26/09/2021, 21:40
سى دانە ساڵى رەبەقە ئەو رەوە حیزب و بەناوسیاسییە سکراب و بێ فەڕو کەڵکە وەک مۆرانە و ملۆزم و مشەخۆر وگەندەڵ، پاوانى گۆڕەپانى سیاسى کوردستانیان کردووە، نەدەتوانن گۆڕانکارى و چاکسازى لەهیچ شتێکدا بکەن،نەدەتۆپن و لەکۆڵمان دەبنەوە. بەدرێژایى تەمەنى شکست و خواردوو بەهەدەردراویان تاکە شتێک کە توانیوویانە گۆڕانکارى و پەرەى پێ بدەن زۆرکردنى مەلهاو قەحبەخانە ویانەى بەرەڵایى و سەنتەرى بێ رەوشتییەـ لەگەڵ پاشەکەوتکردن و دزین و بەهەدەردانى موڵک وماڵى میللەت و زەوتکردنى، هەروابێتەوە سەرەکیترین گۆڕانکارى کە هەموویان دەستیان داوەتێ بۆیاخکردنى قژو سەرو سمێڵ و، خواستنى ژنى دووەم و سێ هەمیانە، لەوە بترازێت حەز ئەکەم ئەوەى کە لەئێستاوە ئەبێتە لۆتى و شایەر و کۆیلەو دەهۆڵ کوتیان وەڵامم بداتەوە،کە جوداى کارى پیس و قێزەون و نەفرین و،خیانەت و ناپاکى و کلک گرێدان بۆدوژمنان و چاوساغیکردنیان،لەگەڵ بەکوشت دانى هەزاران پێشمەرگەى لات و گیرفان بەتاڵ ،چییان بۆ خەڵک و گەل کردووە.؟؟ ئەگەر تاکە شتێک کە لەبەرژەوەندى گەل کرابێت و من نەمزانیبێت ،شەرتبێت منیش دێمە سەردینى ئەوان و دەنگ بە یەکێک لەو کاندیدە نەفام و گەمژە و گەلحۆیانە ئەدەم.
رووى دەمم ئەکەمە تۆى فریودەرە و هەڵخەڵەتێنراو،حەز ئەکەم ئەمجارەش بەشووت نەدەن وسەرت نەکەن بەمەنهۆڵى سیاسەتدا و بە گفت و بەڵێن و دروشمى بریقەدارو ،بە سەبەتەیەک خۆراک و چەند سەد هەزار دینارێک ویژدان وشەرەف و ئابڕوى خۆت نەفرۆشیت، بۆ دەمانچە یان بەڵێنى تاپۆکردنى خانوە کەلاوەکەت و، پێدانى زەوى، خۆش باوەڕ مەبە. حزب و سەرکردەو سیاسیەکانى ئەم وڵاتە هەموویان درۆزن و ساختە چى و بێ ئابڕوو، شان ئارداوین، بۆ گەیشتن بە پۆست و کورسى دایکى خۆشیان ئەفرۆشن،گەر پیاون و راست ئەکەن و لەخەمى میللەتدان بۆ سى ساڵى رەبەقە نەیانتوانیوە سادەترین پێداویستى ژیانمان فەراهەم بکەن، توو دینتان مایەى شەرمەزارى و خەجاڵەتى نى یە، ئاو و کارەبا،کە پێداویستى سادەو ساکارى رۆژانەیە تا ئێستا هەموومان لێى بێ بەشین؟ ئەرێ عەیب و شورەیى نى یە، لەگەرمەى قەیرانى دارایى و نەدانى مووچە و دزینى رەنجى ژینمان، لەبرى سوککردنى بارى سەرشانمان دێن نرخى هەموو کاڵاو خۆراک و سوتەمەنى و کرێى ئاو وکارەبا بەرزدەکەنەوە،؟! باج و سەرانە وگومرگ لەسەر هەموو شتێک زیاد ئەکەن. بازاڕ قۆرخ ئەکەن، کاڵاو شمەکەى ماوەبەسەرچوو و دەرمانى کوالیتى خراپ،خۆراکى ژەهراویمان بەدیارى بۆدێنن.کەچى تۆى خۆش خەیاڵ، تۆى بێ هۆش ،هێشتا پێت وایە کە ژیان و مانەوە و بژێوى و مووچەى تۆ، بەندە بە دەنگدان و سەرخستنى کاندى حیزبەکەتەوە؟!
من حسابى دوێنى ناکەم ئەوەى کەرۆیشت بوو بەرابردوو،گرنگ ئیمڕۆیە،هەموو چاو وعەقڵ و هزرمان کراوەتەوە،سى دانە ساڵە ئەزانین ئەوانە کێن و چین ومەبەست و مەرامیان چى یە؟؟چەنێک لە خەمى میللەتدا بوون،تا چەند ئاوێزانى خەم و نەهامەتیەکانمان بوون؟ تاچەند لەکێشەو گرفت و نەهامەتیەکاندا لەگەڵمان بوون؟ تا چەنێک لەسەر مافى زەوتکراو و هەقى خوراومان هاتونەتە دەنگ، ئەوان پاشماوە و خڵتەى ئەو کۆمەڵەى پێشوون، کە کاتێک ئیشیان بە خەڵک هەبوو ئەبونە غولام و خزمەتکار و،ماڵ بەماڵ وەک سەگ سواڵى دەنگیان ئەکرد،کاتێکیش گەیشتن بەکورسى و پۆست، ئەوەى لایان پەراوێزخراو بێ نرخ بوو،تۆى دەنگدەر بوو، بیرتە لەناو ئەو زەریا قەیران و کێشمەکێش و هەراو برسێتى و بێ حاڵییەدا یەکەم کارێکیان لەپەرلەمان خەمى خانەنشین کردنى خۆیان و، پێدانى ئوتۆمبیل و سلفە و ئیمتیازبوو؟؟.هەموو خواست و داواکارى تۆشیان خستە بن پێلاوەکانیانەوە، جابۆیە دەرفەت لەمە باشتر هەڵناکەوێت، رۆژ رۆژى تۆڵە سەندنەوەیە،گەر ناتوانین بەچەک و خۆپیشاندان و مانگرتن تۆڵەیان لێ بکەینەوە ،ئەوا ئێستا زۆر بەسانایى ئەتوانین لووتیان بشکێنین و.دەنگیان پێنەدەین،سووک وریسوایان بکەین، رێگە نەدەین لەشکرێکى تر لە کەسانى نەخوێنەوار وبودەڵە و چرووک وئاست نزم بچنە پەرلەمان، بیریشت دەهێنمەوە مەڵى فڵان حزب لەویتر باشترە،هەموویان جاشى ماکەرێکن و ، لە یەک ژینگە و ئاو وهەواى سیاسى گۆشکراون، جیاوازیەکانییان تەنها ناو و دروشم و لۆگۆى حزبەکانە،ئەگەر نا لەناوەرۆکدا هەمویان یەک مەعدەنن. بۆیە هەر لەئێستاوە بڕیارى بایکۆتى خۆت بدەو ویژدانى خۆت ئاسودە بکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست