کلەپ هاوس بۆ ووتووێژ یان گاڵتەجاڕی بە بەرامبەر؟!
Saturday, 25/09/2021, 18:03
ماوەیەکە کلەپ هاوس بۆتە سەکۆیەکی سودمەند بۆ دوان و بیروڕا گۆڕینەوە، لە هەمانکاتدا لەو ڕێگایەوە دەکرێت هەموان سودمەند بین لە وەرگرتنی زانیاری تیۆری و زانیاری کرداری لە تاقیکردنەوەکانی بەشداربوان لە بوارە جیاوازەکاندا. مەخابن لەهەمان کاتدا کلوب هاوسەکان بونەتە لایەنێکی تری تاریك وەکو زۆر لە میدیا سێبەرەکان و میدیاکانی دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێمی کوردستان بۆ ململانێ ناوخۆییەکان و بۆ بێدەنگ کردنی بەرامبەر و .ڕای خۆسەپاندن بە شێوازی ناڕەوا و زۆرجار نامۆرالی جیاواز
لێرەدا ناکرێت لە تەواوی لایەنەکانی ئەو ڕێکارانەی ئاسایین لای بەکارهێنەرانی و نامۆن بە مۆڕاڵ و بەها مرۆییەکان دوان بکرێت بەڵکو بەهۆی تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ و چەند ڕۆژ لەوە و بەرمەوە لەیەکێك لە شێوازە قێزەونەکان دەدوێم کە بە ئامادەبونم بەرامبەر کەسانێك ئەنجام دراوە.
چەند ڕۆژێك لەوە و بەر بەڕێزێك بە زبانێکی پاراو و لە هەماکاتدا بە ڕێزەوە لە بەرگری کردن لە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵك دەدوا. ئەو کەسە بە لە شێوازێکی شارستانیانە و دور لە سوکایەتی بە هیچ کەس و لایەنێکی دسیاریکراو بیر و سەرنجەکانی دەخستە ڕو. بێگومان لە ناوەرۆکی باسەکانیدا هەست بەوە دەکرا کە لایەنگرانی پارتەکانی دەسەڵات نیە و ڕەخنەگرانە لە سیاسەتی پارتەکانی دەسەڵات دەدوێت. بۆ من و زۆر لە کەسانێك کە لە نزیکەوە پێی ئاشنا نەبوین لە بۆچونەکانی و بڕوا بە خۆی و هاوڕێکانی هەستمان بە جۆرێك لە زیادەڕۆیی دەکرد. بێگومان ئەمەش ئاساییەو دەکرێت لە ڕێگای پرسیار و دوانی زیاتر باشتر لە ڕاستیەکان و ئەو تێبگەیشتینایە.
مەخابن وەکو هەمیشە ئەندامان و لایەنگران و وابەستەکانی پارتەکانی دەسەڵات ئەگەرچی لەژێر پرۆفایلەکانیان ڕۆژنامەنوس، نوسەر، پێشمەرگە، ئەکادیمی و دبلۆماتکار نوسراوە و لەو ڕێگایانەوە خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام زۆر نالەبار و نابەجێ مامەڵەیان دەکرد و ئەو کەسە و دوانەکانیان کردبووە جێگای گاڵتەجاریەکی نزم بە شێوازێك چەندین ڕۆژە بەدوای ئەوەدا دەگەڕام لە فرسەتێکدا ڕاشکاوانە نارەزایی توندیان بەرامبەر ئەو شێوازە نائەخلاقیەیانە دەرببڕم.
جێگای داخە من ڕێگای دوانم پێنەدەدراو، زۆر لە هاو حیزب و کەسانی بێلایەنیش لە کلەپ هاوسەکەدا ئامادە بون بە تاقە ووشەیەکیش ڕێگریان لەو گاڵتەجاریە نەگرت، یەکێك لەوانە (جەوهەر حەسەنی) دبلۆماتکار بو کە ڕۆڵی سەرەکی هەبو لە قەبەکردنەوەی بابەتی سەرەکی دوانەکان کە سەبارەت بە سەردانی نێچیر بارزانی بو بۆ بەریتانیا.
ئەم ڕەفتارانە بەو ئاراستەیەیاندا بردم کە سەرباری زمان و دەربڕینی توندی ئەمڕۆم بەرامبەریان، هاوکات هەوڵبدەم زیاتر ڵێیان تێبگەم و بە پێی توانام شیکردنەوەیەك بۆ رەفتارە نەخوازراو و قێزەونەکانیان بکەم.
دیاردەی گاڵتەجاری بە کەسێك بە هەر هۆکارێکەوە بێت شتێکی نامۆ و نوێ نیە لە تەواوی کۆمەڵگاکان، بەڵام هۆکاری ئەو گاڵتەجاریە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و کۆمەڵێك هۆکاری جیاواز ئەو کەسە بەو ئاراستەیەدا دەبەن.
دڵنیام لەوەی گاڵتەجاڕی بە کەسێک یان گروپیکی دیاریکراو یان گاڵتەوگەپی نێوان دو کەسی بەرامبەر بەیەکتری و کەسانی نزیك لەیەکتری دو حاڵەتن هەرگیز ناکرێت تێکەڵ بەیەکتری بکرێن. لەمیاندا کەس و گروپێک دەکرێنە قوربانی و ئازاردەدرێن بە مەبەستێکی دیاریکراو، لەویاندا هەموان چێژی لیدەبینن و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو نیە و کەس ناکرێتە قوربانی و کەس ئازار نادرێت.
ئەگەر زۆر بە سادەییش لە توندوتیژی بدوێین، ئەوە دەبینین کە ئەنجامدانی بۆ ئازادانی بەرامبەرە، ئازاردانیش لایەنی فیزیکی و دەرونی دەگرێتەوە. کاتێك کەسێك لە هەر ئاست و پێگەیەکی بەرز و نزمی کۆمەڵایەتی یان بەرز و نزمی هۆشیاریدا بێت ئازاردانی جەسەدی یان دەرونی ئەو کەسە جۆرێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی. بێگومان تیرۆرستان ئەنجامدەری بەکارهێنانی توندوتیژیەکی ناڕەوان بۆیە لە ڕوی یاسا شارستانیەکان و بنەماکانی مۆرالەوە نەخوازراون. گاڵتەجاری یان سلیمانیانە بڵێم (پێڕابواردن) هەمیشە کەم تا زۆر دەبێتە ئازاردانی دەرونی کەسی بەرامبەر و دەیکاتە قوربانیەك، بۆیە گاڵتەجاڕی جۆرێکە لە توندوتیژی. لە هەمانکاتدا کاتێك لە گۆشەنیگایەکی سیاسی و حیزبیەوە ئەنجام دەدرێت ئەوا دەکرێت کۆمەڵێك مۆرکی تیرۆر و تیرۆریزمی دەرونی بگرێتە خۆی.
ئایا ئيمەی مرۆڤ چۆن دەروانینە گاڵتەجاری لە روانگای ئەخلاقیەوە؟ بە بێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با خۆمان بخەینە جێگا و پێگەی ئەو کەسەی دەبێتە ئامانجی گاڵتەجاری کەسێك یا دەستەیەك، ئایا چ هەستێکمان تیا دروست دەبێت؟ ئایا سەرباری بێدەنگیمان یان سەرباری ئامۆژگاری هەندێك لە دەرونناسان کە دەڵێن: بە قورسی وەرینەگرین و ئارام بین بەرامبەری، یان بە پێکەنینەوە مامەڵەی بکەین، یان بە سۆز و ڕویەکی خۆشەوە ڕوبەروی ببینەوە، دەتوانین لە ناخی خۆماندا پەسەندی بکەین؟ لێرەدا هیچ پێویستیەك بەوە نادات کە من وەڵامێك بدەمەوە بەڵکو ئەوانەی گاڵتەجاڕیان بە مرۆڤەکان لا ئاساییە با لە ناخی خۆیاندا بیر بکەنەوە و بگەنە ئەو راستیەی کە تەنانەت زۆر لە ئاژەەکانيش گاڵتەجاریان پێ پەسەند ناکرێت. مامەڵەکردن وەکو مرۆڤ نەریت و ئەتەکییەتی خۆی هەیە، کاتيک لە بنەما و چوارچێوەی ڕەفتارەکانی مرۆڤ هاتە دەرەوە دەبيتە جێگای قێز و پەسەند نەکردن.
گاڵتەجاریکردن لە کەسێکی دیاریکراودا پێشاندانی کەسایەتیەکی کەم تا زۆری باوەڕداریەتی بە توندوتیژی، کە گومانی لێدەکرێت ئەگەر لە هەلومەرجێکدا بتوانێت باڵادەست تر بێت و دەستی بە کەسی بەرامبەر بگات ئەوا بەرامبەر بە شێوازێکی دڕندانەتر ئازاردەدات و بچوکتری دەکاتەوە، کە دەکرێت بگاتە ئاستی سوکایەتی پیکردنی وەکو؛ جنێوپێدان، تف لەڕوکردن ، ژێر پێی خۆی خستن ، میزبەسەرداکردن، سەروبرۆ تاشین و ئازاردانی جەسەدی.
کەسی گاڵتەجاڕکەر لەبەرامبەر ناڕوانێت وەکو مرۆڤێك کە خاوەندی هەستە و گاڵتەجاڕپێکردنی و بچوککردنەوەی دەبێتە هۆکاری ئازاردانی و دەیکاتە قوربانی. ئەم سیفەتەش دەکرێت ئەنجامی ئەوە بێت کە خۆشی بەو تاقیکردنەوەیەدا تێپەڕیبێت و لە ناخیدا ئاڵۆزیەکی دروستکردبێت کە بەو شێوازەی خۆی تۆڵە بکاتەوە و لە ڕوی دەرونیەوە خۆی ئاسودە بکات. واتە قوربانی دروستکردن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری قوربانی خۆ. ئەم دیاردەیە جۆرێك لە ناسەقامگیری و لاوازی کەسایەتی ئەو کەسە پێشان دەدات کە نەیتوانیوە بە شێوازێکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەو ئازارانەدا بکات کە لە ناخیا چێنراوە و ئەوەش نیشانی دەدات کە شوناسێکی لاوازی هەیە و پیویستی بە کار تیاکردن هەیە لە لایەن خودی خۆیەوە.
دەکرێت ئەم سیفەتە ئەنجامی ئەوە بێت کە هەلومەرجێکی مەوزوعی یان زاتی ئەو گاڵتەجاڕکەرەی خستبێتە ئاسێکی باڵاتر لە بوارای کۆمەڵایەتی یان بەئاگایی زیاتر لە بوارێکی زانیاریە مرۆییەکانی وەکو کۆمەڵناسی ، سیاسی ، فەلسەفی، یان ئاینی و ...هتد . بەڵام ئەم باڵادەستیەی بە شێوازێکی مجرد ودۆگما دور لە بەها مرۆییەکان وەرگرتووە و خۆی پێ دەوڵەمەندکردووە لە دوان و خۆنمایشکردن نەك لە کردار و بەها مرۆییەکان. بۆیە هەمیشە کەسانێکی لاوازتر لە خۆی لەو بوارانەدا دەکاتە قوربانی لە ڕێگای بچوککردنەوەیان و کەمتر تێڕوانینیان تا دەگاتە ئاستی گاڵتەجاڕی پێکردنیان. ئەگەرچی هەمان ئەو کەسە دەتوانێت خۆی دەوڵەمەندتر لە بوارەکەی خۆیدا بسەلمێنێ بە ڕێزگرتن و مامەڵەی شارستانیانە لەگەڵ بەرامبەری نەک لاوازتر لەو بوارانەدا. ناکڕێت تەواوی ئەو تایبەتمەندیانە ببنە بنەمای خۆبەرزکردنەوە بکاتە ئامراز بۆ ئەو مەبەستە، بەڵکو لە پێش ئەوانەوە ئەوە مرۆڤ بون و ڕێز لە مرۆڤ بونی بەرامبەرە، کەسەکان دەگەیەنێتە ئاستێکی باڵا و باڵاتر.
هەلومەرجێك ، دەوروبەرێك ، خوا ، سروشت یان هەوڵی خودی مرۆڤەکە توانای کەسێکی لە بوارێکدا زیاتر کردبێت و ئەویش بەئاگا یاب بێئاگا خۆی کردبێتیە دڕەندە ئاسایەك و تواناکانی خۆی بۆ گاڵتەجاڕی و بچوکردنەوەی بەرامبەری لاوازتری بەکاربهێنێت، ئیتر ناکرێت لە توانای ئەرێنی قسە بکرێت و تواناکان شەیتان ئاسا بەکار دەهێنێت. ئەگەرچی زۆرجار گاڵتەپێکەر هەرگیز لەو ئاستە باڵایەشدا نیە، بەڵکو تەنها خۆی وا دەبینێت و خۆی بەو شێوازە نمایش دەکات.
هەندێك لەوانەی کە بەرامبەریان دەکەنە گاڵتەجاڕ دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئیرەییان پێبەرن، بەو هۆکارەی دەبینن ئەو سەرباری لاوازی و کەمتوانایی، سەربەرز و بەهەڵوێست و بوێرترە و ئەوەی ئەو دەتوانێت بە ڕاشکاوانە لەسەری بدوێت و ڕەخنەی لێبگرێت و ڕوبەڕوی بوەستێتەوە لای ئەم هێڵی سورە. هێڵی سور نەك بەو هۆیەی کە باوەڕی بەو کەس و بیر یان لایەنە سیاسی یاخود ئایینیە هەیە کە بەرامبەر ڕوبەڕوی وەستاوەتەوە بەڵکو ژیان و گوزەران و باشتر بڵێم خۆشگوزەرانی ئەو دەخاتە مەترسیەوە بۆیە ئەوانەی بە پێچەوانەی ئەوەەوە بن دەبنە جێگای ئیرەیی و چەکی گاڵتەجاڕی پێکردنیان لەبەرامبەردا هەڵدەگرێت.
لە نێوان ئەواندا کەسانێك لە ئاستی ئەم گاڵتەجاڕیەدا بێدەنگ و سەرکز وەستابون لە نمونەی (جەوهەر حەسەن) کە لە ئەگەرچی دەیانزانی کە دەتوانن سنورێك بۆ ئەو ڕەفتارە نەخوازراوانە دابنێن و ڕۆڵی سەرەکیان هەبو لە دوانەکاندا بەڵام بوێری ئەوەیان نەبو. ئەوەش دەکرێت ئەنجامی ئەوە بوبێت کە بە سنوربۆدانان بۆ ئەو گاڵتەجاڕی پێکردنە بە جۆرێك لە چەكکردنی هاوحیزبی و هاوبیرەکانی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکرێت و بە زەرەر بەسەریدا بشکێتەوە. یان دور نیە هێشتا نەگەیشتبێتە ئەو ئاستە مرۆییەی کە لەوە تێنەگات کە چۆن گاڵتەجاڕی کردن بە کەسێك لە نێوان دەیان ئامادەبوان دا ئازاردەرە و شێوەیەکە لە تیرۆری دەرونی . دور نیە ئەویش بە بێدەنگیەکەی پشتیوانی ئەو کردار و مامەڵە قێزەون و نەخوازراوە بوبێت و پیی ڕازی بوبێت، بە خۆڕایی نەیانوتووە " بێدەنگی نیشانەی ڕەزامەندیە".
لە کۆتاییدا دەڵێم بەندە وەکو گوێگر و ئامادەبویەکی بێدەسەڵات بواری دوان و ڕێگریم لەو دیاردە نەخوازراوە پێنەدەدرا، بۆیە خۆم و زۆر لە گوێگران و ئامادەبوانی تر بە ئازاردراوێك دەبینم و بەها مرۆییەکانم ڕێگرمن لەوەی کە لێی بێدەنگ بم.
ئەوانەی ئەم گاڵتەجارێیەن بەو کەسە ئەنجام دا ئەم کەسانەن کە وێنەکانیان خراوەتە ڕو، بە ناوەکانی ( کارزان شاکری، بڵێسە شاوەیس، ڕزگار بەهرام، ئاگرین کوردستانی، عاشور عەلی، ئومێد وەڵاتی). هیوادارم ئەوان نەبنە گاڵتەجاڕی کەسانی تر بەڵکو سود لە هەڵەکانی خۆیان وەربگرن و بە ڕەوشت و هەستی مرۆڤانەوە مامەڵە بکەن لەگەڵ جیاوازیەکان.
هەندێک لە ناوەکان:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست