ئەگەر (کوردستانپۆست) نەبوایە ئێمە چیمان ئەزانی؟!
Thursday, 23/09/2021, 21:34
لەوەتەی دەرچوونی (کوردستانپۆست)ەوە ، بە هەق بووە بە چەکۆشێکی زۆر کارێگەر بۆ کوتانی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییانەی هەرێمی کوردستان . نەک تەنها کوتینی بزمار بەسەر کەللەسەری دەسەڵاتە زۆردارەکەی هەرێم ، بەڵکو زۆرجار دەشیهاڕێت .
گومان لەوەدا نیە کە میدیای کوردی لەم چەند ساڵەی دواییەدا زۆربەیان خۆیان هاوێشتە باوەشی دەسەڵات ، بگرە بەشێکیان بوونە زوڕناژەنی تاکە دەسەڵاتدارێک ، بەمەش میسداقییەتی خۆیان لەدەستدا . بۆیە لەغیابی ئەو میسداقیەتەشیاندا ئێستا دەبینن زۆربەی ئەو میدیا کوردییەی لەسەر گۆڕەپانەکەن ، رۆژانە خەریکی گواستنەوەی هەواڵ و راپۆڕتی چرووکانەی مۆدیل ومایکەپ و کچە سۆزانیە بەناو هونەرمەندەکانن ، زیاتر لەوەی لە ئێش و ئازاری میللەتەکەی خۆیان نزیکببنەوە .
زۆربەی ئەو میدیا کوردییەی ئێستا لەخزمەت بەرژەوەندی بەرپرس و پارەدارەکانن ، بۆیە ناتوانن یاخود نایانەوێ خۆیان لەقەرەی کێشە و گرفتە ژیاریەکانی میللەتەکەی خۆیان بدەن، ئەمەش دەبێتە بەشێک لەو پلانە گڵاوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ گەوجاندن وتەجهیلکردنی کۆمەڵگەی کوردی پەیڕەوەی دەکەن و لەدەیان ناونیشان وبەرنامەی تەلەفزیۆنی و رۆژنامەو سایتەوە گوزراشت لەو پلانە ئەکرێ کە بە ئەنقەست کۆمەڵگە وگەنجانەکانی بە لاڕیدا ئەبەن .
رەنگە زۆربەمان نەزانین چ ئەرکێکی قوڕس کەوتۆتە سەر شانی بەڕێوەبەرانی (کوردستانپۆست)ەوە . جیا لەوەی ئەوان لەناو کێلگەیەکی مینرێژکراو بەردەوام گیانیان لەسەر دەستانە ، لەهەمان کاتیشدا بۆ دۆزینەوەی هەواڵێکی راستەقیینەو راپۆڕتێکی رۆژنامەوانی راستگۆیانە ئەبێ چەنێ هیلاک وماندوو بن ؟. خۆ بە راستیش بۆمان دەرکەوتووە کەوا (کوردستانپۆست) هەموو هەواڵ و راپۆرتەکانی جێگای باوەڕو متمانەی خوێنەرەکانین .
ئەمە جگە لەوەی تەنانەت ئەو پەیامنێرو هاوکارو نووسەرانەی کار لەگەڵ (کوردستانپۆست) دا ئەکەن ، ئەوانیش تا ڕادەیەک مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ئەبێ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵ نادەن لەخزمەتی حەقیقەت وهوشیارکردنەوەی میللەتەکەیان .
بەڕاستی ئەوەی (کوردستانپۆست) ئەیکات شۆڕشێکە لەبواری رۆژنامەگەری هاوچەرخی کوردیدا کە هاوتای نیە ، چونکە هیچ میدیایەکی کوردی سەر ساحەکە ناتوانن رکابەری بکەن لەدەرخستنی راستی رووداوەکان و ئاشکراکردنی رووە رەشەکەی دەسەڵاتی ستەمکاری کوردیدا .
(کوردستانپۆست) دەچێتە هەموو شوێنە شاردراوەکان ، ئەمەش جورئەتێکی شۆڕشگێڕانەی ئەوێ ، ئەچێتە ناو دەزگا زۆر هەستیارەکانەوە کە بۆ هاوڵاتی ئاسایی تەنانەت تێپەڕبوونیش لەبەردەم دەرگا داخراوەکانیدا سزای کوشتنە ، بەڵام (کوردستانپۆست) ئازایانە دەرگاکان ئەشکێنی و حەقیقەتی ئەو دەزگا داپڵۆسێنەرانەمان بۆ ئەگوازێتەوەو ئەیخاتە بەردەم رای گشتییەوە .
ئەوەی (کوردستانپۆست) بە ستافێکی زۆر بچووک کە لەپەنجەی دەست تێپەڕ ناکات ، دەیکات ، بە دەیان ستافی سایتو رۆژنامەو میدیا بەکرێگیراوەکانی دەسەڵات نەیانکردووە وپێشیان ناکرێ ، چونکی ئەوان ترسنۆک، (کوردستانپۆست) یش ئازاو نەبەرد . بۆیە دووبارە پرسیار ئەکەمەوە : ئەگەر (کوردستانپۆست) نەبایە چیمان ئەزانی ؟.
کێ هەواڵی ناو بنەماڵەو خێزانە زاڵم و ستەمکارەکانی کوردستانیان پێ ئەگەیاندین ؟
کێ حەقیقەتی ناو زیندانەکان ودەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی کوردستانیان بۆ ئاشکرا ئەکردین ؟.
کێ فەزحی ئەو هەموو رووداوانەی ئەتککردنی کچان و دەستدرێژی سەر ژنان وکوشتو بڕی گەنجەکانمانی بۆ ئاشکرا ئەکردین ؟.
کێ ئەیتوانی لەناو جەرگەی دەزگا ئەمنییە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات چیرۆکی ئەشکەنجەدانی ئازادیخوازانی گەلەکەمان بۆ باس بکات ؟.
هەموومان ئەزانین دەسەڵاتی دزو ستەمکارو گەندەڵی هەرێم بە ملیۆنان دۆلاری ئەم گەلە ستەمدیدەیەی خستۆتە خزمەتی میدیایەکی چەواشەکارو درۆزنەوە و گەورەترین پسپۆری بیانیشی بۆ داناون تا خەڵکی بەلاڕیدا ببەن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن ، بەڵام باوەڕ ناکەم بەم هەموو ملیۆنانەشەوە بتوانن بەقەدەر (کوردستانپۆست) پەیامی راستەقیینەی میدیای کوردی بگەیننە خەڵکی وڵاتەکەیان . بۆیە لێرەدا ناتوانم هیچیتر بڵیم تەنها ئەوە نەبێت کە بڵیم :
ستافە مەردەکەی (کوردستانپۆست) سەری رێزو نەوازشتان بۆ دائەنەوێنم .هەر بژین مرۆڤە مەردەکان ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست