درەنگ یان زوو وەک با هەڵدەکەین
Wednesday, 07/07/2021, 7:24
916 بینراوە
کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەیووت: "هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچڕێت ،تەنها زوڵم و زۆر نەبێت لە ئەستوریدا". ئەمڕۆ نەک زوڵم و زۆرداری ئەستور بووە، بەڵکو لە لوتکەدایە ... بۆیە چاوەڕوانی هەڵکردنی زریانەکە لەحەتمێت نزیک بۆتەوە .
ئۆشۆی مەزن دەڵێت : " ئێمە بەر لەهەڵکردنی شۆڕش ، دەبێ کەسانێک ئامادە بکەین شۆڕش بپارێزێت" . پاراستنی شۆڕش گرنگترە لە شۆڕشکردن ، ئەگەر ئێمە هێزێکمان هەبوایە شۆڕشی بپارستایە هەرگیز ئاوامان لێبەسەر نەدەهات .
باشترین نمونەش ڕۆژئاڤای نیشیتمانە... ڕۆژئاڤا نموونەیەکی جوان و زیندووی شۆڕشێکە کە مرۆڤایەتی شانازیی پێوەدەکات . چۆن ...؟ بۆچی....؟
لەشۆڕشی ڕۆژئاڤادا کەسمان نەمان بیست کە فەرمانداریەک تێک بدرێت ، چونکە ئەوان دەزانن ئەو جێگایانە وەک : قوتابخانە، خەستەخانانە ، بانک ، زیندان ، کارخانە ...هتد سبەی دەبێتە موڵی گەلێک و دەبێت نەیەڵین تێک بدرێت .
لە ڕۆژئاڤا دەسەڵاتدارانی باشور و تورکە فاشیەکان و جاشە خۆماڵییەکان لە بۆسەدا بوون بۆی ،تاکو بچوکترین هەڵەی بکەنە گایەک و بە ناشرینی باسی شۆڕشی ڕۆژئاڤا بکەن .
لەڕۆژئاڤادا ژنێک لەسەر شەرەف و لەژێر ناوی شەرەفدا نەکوژرا ، نەسوتا ، بەڵکوبە پێچەوانەوە ژن بووە ڕابەر و بەچرکەش سەنگەری بەرگریکردنی چۆڵ نەکرد ژنان و کچان بووە نە قارەمانی ڕۆژ و سنوری هەموو جیهانی تەیکرد و وێنەی شەڕڤانەکان و فلیم و دیکۆمێنتارەکانیان مێدیای جیهانیان داگیرکرد "پەیەژە" نمونەیەکی هێندە مەزنە کە ووڵاتێکی گەورەی وەک شانشینی بەریتانی بڕیار بدات ئیتر کچ و ژن لە سوپای بەریتانیادا دەکرێت هێزی شەڕکەریان لێدروست بکرێت.
لەڕۆژئاڤادا ئۆتۆمۆبێل ، شۆفڵ .گرێدە ، گەڵابە ، ستونی کارەبا، گێلی گۆڕ ، ئاسەواری کۆن، مۆزەخانە ، تابلۆی بەنرخ ، جیهازی خەستەخانە ، دانی ئاڵتون ، شەقامی قیر ، نەوت... هیتد ئاودیونەکرا ،هەراج نەکرا و بازرگانی پێوەنەکرا ، بەڵکو هەموو شتێک وەک چاو پارێزگاری لێکراوە و دەکرێت.
لەڕۆژئاڤادا نەوت و گاز و ئاو کشتوکاڵ ئاژەڵ هەراج نەکراو ژێرخانی نیشتمان فەرهود نەکرا .... نەشمان بیست کەسێک بەشەو کوژرابێت و لە سەر شەقامی شێست مەتری لاشەکەی فڕی درابێت و بەیانی لاشەکەی مێش و مەگەز تێی دابێت . جاسوسێکیشمان نەدی زانیاری دزە پێبکات ، بۆخاتری ئەوەی دەوڵەمەند بێت .
تەنانەت ڕۆژئاڤا وەک ووشەیەک کەوتە ناو زمانی جیهان و هەمووکسێک بەو جوگرافیا یە ئاشنا بوو ، تەنانەت سەرۆکەکانی جیهان کەباسیان لە شۆڕش دەکرد نەیان دەوت سوریا بەڵکو دەیان ووت :ڕۆژئاڤا .
کە کۆبانی لەهەناوی ڕۆژئاڤادا خۆی پشاندا ئیتر جیهان شانازی بە شۆڕشێکەوە دەکرد کە نمایندەی هەموو مرۆڤایەتی بوو .. کەم نەبوون ئەو هەمو گیان بەخت و خۆبەخشانەی لەجیهانەوە ڕوویان لە ڕۆژئاڤاکردبوو...!؟
ئەی ئێمە چی بکەین کە ڕاپەڕین و بڕیارماندا شۆڕش بکەین ؟ بەر لەشۆڕش دەبێت ئێمە بەرگری لەشۆڕش بکەین، دەبێت هەموو شتێک بەموڵک و ماڵی خۆمان بزانین ، شەقێک هەڵدەین لە کەلتوری شڕەخۆری و نەیەڵین هێزی فشەڵ و جاشی ئاڕ ئاڕ شۆڕش بەئاقارێکدا بەرن کە خواستیاری ئەوەبین بڵێین بریا هەر ئەم بنەماڵانە حاکمان بوایە .
هەڵگرتن و پاراستنی هەموو مەلەف و دیکۆمێنتێک ، ئەرکی هاوڵاتی بوونی هەموومانە ، پارستنی قوتابخانە و خەستەخانە و فەرمانبەرەکان ئەرکی ئەخلاقی تاک بەتاکمانە .
بە دیکۆمێنت کردنی هەموو ڕووداوەکان و بە شوراکردنی هەموو گەرەکەکان لە کەسانی نەفس بەرز ئەرکی سەرەتای ئەم زریانەیە .٣٠ ساڵە ئەم دەسەڵاتە نەفرەتیە ، تاکی کوردی فێرکردوە لەسەر ئەژنۆ ژیان بکات، بۆیە وەک نیوە مرۆڤ لەهەمووتان دەڕوانن ، گەنجەکانی فێرکردوە کە جگە لە حیمایە و پاسەوانی و نیگابانی و خەونی هەڵاتن هیچی تری فێرنەکردوون ، بۆیە کەسانی لاواز و بێئیرادەی بەرهەم هێناوە، کە وەک سەربازی ناوشەترنج لەپێناو مانەوەی مەلیکدا خۆی بە کوشت بدات و هیچ پرسیارێکی نییە و چاوەڕێ هیچ وەڵامێکیش ناکات ...!
(پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە)