کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌سه‌ڵاتی كوردی و خه‌یاڵ پڵاو!!

Thursday, 02/09/2021, 20:23


سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح"هادی عامری"له‌دیداری رافیدین به‌راشكاوی رایگه‌یاند؛ تا كۆتایی ساڵی 2021 ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ بیانیه‌كان له‌عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئیدی جا ئه‌وه‌ توركی بێت یا فه‌ره‌نسی یا ئه‌مریكی بێت و راشیگه‌یاند؛ ئه‌مه‌ بڕیارێكه‌ كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان و په‌رله‌مانی عێراق گرتوویه‌تی و له‌و خشته‌ زه‌مه‌نیه‌ی ده‌ستنیشانكراوه‌ ئه‌و هێزانه‌ عێراق به‌جێ بهێڵن. ئه‌م گووتانه‌ی هادی عامرى ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ حكومه‌ت و به‌تایبه‌تیش ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10/10 پێكبێت. یانێ له‌پاش هه‌ڵبژاردنیش یه‌كێك له‌پێشمه‌رجه‌كانی درۆستبوونی حكومه‌تێكی نوێ ده‌رخستنی هێزه‌ بیانیه‌كانه‌ له‌عێراق، وه‌گه‌رنا حكومه‌ت پێكنایه‌ت و به‌گوێره‌ی ژماره‌یه‌ك له‌و كۆتلانه‌ش ئارامی و سه‌قامگیری له‌عێراقدا مۆسته‌حیل ده‌بێت و ده‌بێت به‌هه‌ر نرخێك بێت، كۆتایی به‌هه‌بوونی هێزی بیانی له‌سه‌ر خاكی عێراق بهێندرێت. 

كورد خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت!!

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد بۆ خۆی به‌شێكه‌ له‌ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌ڵام وا مامه‌ڵه‌"معامه‌له‌"ده‌كات، گوایا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و خاوه‌ن ستاتۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ش وای كردووه‌ هه‌م له‌كاتی په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی باشوری كوردستان و ناوچه‌ كوردیه‌كان پێشمه‌رگه‌ نه‌یتوانی ئه‌ركه‌كانی خۆی راپه‌ڕێنێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌و فۆبیایه‌ی كه‌ كورد له‌خه‌یاڵی خۆیدا دروستی كردووه‌، هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پشتیوانی ده‌كه‌ن. هێزی بیانی هه‌بوون و نه‌بوونی له‌سه‌ر خاكی عێراق له‌حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فدره‌ دا نییه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆ بڕیارێكی وه‌ها بدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ هێز و لایه‌ن له‌سه‌ر خاكی عێراق به‌جێ بكات. 
له‌گه‌ڵ واده‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌رخستنی هێزه‌ بیانیه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق ده‌سه‌ڵاتی كوردی تاو و له‌رزی گرتووه‌ و ده‌یه‌وێت دۆخێك له‌ناو خه‌ڵكدا درۆست بكات كه‌ گوایا هێزی بیانی"ئه‌مریكی، فه‌ره‌نسی" له‌هه‌رێمی كوردستان ناكشێننه‌وه‌. ئه‌وه‌شی راستی بێت له‌و دۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌ی ئه‌فغانستانی ترساون و ده‌ترسن كه‌ له‌عێراقیش حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات فه‌شل بێنێت و كۆشكی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌رێمی باشوری كوردستانیش له‌گه‌ڵ خۆیدا ته‌فرۆتۆنا بكات. هه‌ر بۆیه‌ش له‌ئێستادا ده‌سه‌ڵات كه‌وتوونه‌ته‌ لۆره‌و بالۆره‌ كه‌ كوردستان نه‌ ئه‌فغانستان و هێزه‌ بیانیه‌كانیش ئێمه‌ به‌ته‌نیا جێ ناهێڵن. ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌نده‌ فارسییه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن"فلانی له‌خه‌یاڵ پڵاو دایه‌"، واتا خه‌ون به‌شتی باش و خۆشه‌وه‌ ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش پسكۆلۆژیای تاكی كورده‌. كورد له‌ئێستادا په‌رته‌وازه‌یه‌، ناو ماڵی رێكنه‌خراوه‌ و هه‌ركه‌سه‌و به‌ئاوازێك ده‌خوێنێت.
ئه‌وه‌ی راستی بێت له‌ناو ماڵی شێعه‌ چه‌نده‌ش له‌سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌ته‌كانیش ناكۆكی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ئاستێكی هه‌ره‌ بڵنددا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی شێعایه‌تی رێك و ته‌بان و له‌ئێستاكه‌شدا له‌عێراق به‌بۆنیادنانی حه‌شدی شه‌عبی له‌هه‌ناوی سوپای عێراقدا، سۆپایه‌كیان بۆنیاد ناوه‌ كه‌ ده‌توانن له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ كۆنترۆڵی جۆمگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی، سیاسی، ئابوری، ئیداری، ئیستخباراتی بكه‌ن و له‌كاتی ته‌نگانه‌شدا بڕیاری چاره‌نووسساز له‌به‌رژه‌وه‌ندی ماڵی شێعه‌دا بگرن. ته‌نانه‌ت له‌په‌رله‌ماندا كاتێك بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌رخستنی هێزه‌ بیانیه‌كانیاندا، زۆر پێویستیان به‌كورد و سووننه‌ش نه‌بوو، كه‌چی توانیان بڕیارێكی وه‌ها یه‌كلایه‌نه‌ بده‌ن و سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌شیان. 
به‌هه‌مانشێوه‌ لایه‌نی سووننه‌ش هه‌رچه‌نده‌ به‌ده‌رخستنی گروپه‌ چه‌ته‌كانی داعش، هه‌رێمه‌كه‌یان وێران بووه‌، به‌ڵام جارێكی تر ئه‌جیندای ده‌ره‌كی ده‌توانێت هاوكاریان بێت و له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له‌عێراقیش خاوه‌ن بڕیار بن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سووننه‌كان هه‌ژمارێكیان له‌لایه‌ن وه‌كو بنه‌ماڵه‌ی نوجه‌فی و ده‌وروبه‌ری موسل ئه‌وانه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون و ده‌توانن جارێكی تر له‌سه‌ر رێڕه‌وی سیاسی عێراق كاریگه‌ری درۆست بكه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌موویان په‌ڕش و بڵاوتر لایه‌نی كوردییه‌، كه‌ له‌ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا خاوه‌ن ستراتیژیه‌تێكی یه‌كگرتوویه‌ و نه‌ش له‌ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی باشوری كوردستاندا، بۆیه‌ به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانیه‌كان له‌عێراق ده‌بێت هاوشێوه‌ی 92 و 2014 و 2016 كورد ته‌نگاو بكرێت و ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وته‌ نیوه‌و ناچێڵه‌ش له‌كیس كورد بچێت و گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌رده‌ستی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵپه‌ره‌سته‌ رووبه‌رووی ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری بكرێته‌وه‌.
جا ئێدی با نه‌ ده‌سه‌ڵات له‌خه‌یاڵ پڵاودا، هه‌وڵ بدات وه‌كو رابردوو سۆز و عه‌تفی گه‌ل بۆ خۆی رابكشێت و نه‌ش پشت به‌ به‌ڵێنه‌ زاره‌كیه‌كانی هێزه‌ بیانیه‌كان خۆش بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان ناكشێنه‌وه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە