نابێ ٣١ی ئاب دەریای خەیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی-مان لە بیر بباتەوە
Tuesday, 31/08/2021, 9:57
راستی و کرۆکی بنەماڵەی بارزانی لەم وتەیەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، خۆ دەتوانین تێکی بدەین. بەچاوخشاندنێکی خێرا بەسەر مێژووی ئەو بنەماڵەدا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان تەنیا ئەرکی تێکدانەکەیان لە ئەستۆ بووە لە هەر چواربەشی کوردستان.
باشووری کوردستان
دوای ١٩٧٥زایینی کە مەلا مستەفا بە سەد هەزار چەکدار و ملیۆنان دۆلار پارەوە ئاشبەتاڵی کرد و رایگەیاند: کار من تمام شد و هەڵگیرسانی خەباتی سەرلەنوێی ئەو بەشەی کوردستان بە رابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بنەماڵەی بارزانی بۆ لە ناوبردنی ئەو خەباتە، لە هەموو ئامرازەکانی خەیانەت کەڵکیان وەرگرت و لە کارەساتی هەکاریدا تاوانەکانیان گەیشتە لوتکە. لە دوای راپەڕینی ١٩٩١وە کارەسات نییە کە بە سەر گەلی باشوردا نەیانهێنابێت (بێ گومان پشکی بەشێک لەو کارەساتە بەر یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دەکەوێت. لێرە مەبەستم خەیانەتە نەک هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی باشووری کوردستان). پارتی لە باشووری کوردستان، شەڕی ناوخۆ، ٣١ی ئاب، داخستنی پارلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان، رادەستکردنی شنگاڵ بەداعش، خەیانەتی بەناو رێفراندۆم، ١٦ ئوکتۆبر و کلکایەتی بۆ هەرچوار داگیرکەرەکەی کوردستان و سەدان تاوانی دیکە کە کوشتنی هیواکانی گەنجانی باشووری کوردستان یەکێک لەو تاوانانەیە.
رۆژهەڵاتی کوردستان
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان و دوای ئەوە کە رژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو حازر نەبوو دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت، تێکۆشانیان لە دژی کۆماری ئیسلامی دەست پێکرد. لەو قۆناخە هەستیارەدا کە گەلی کورد پێویستی بە پشتیوانی هەبوو، پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە ژێر ناوی قیادە موەقەتەدا شانبەشانی جاش و پاسدارەکان شەڕیان لە دژی کۆمەڵە و دێمۆکرات دەستپێکرد!!! لەو تاوانەدا قیادە موەقەتە رقئەستوورتر لە جاش و پاسدارەکانی شەڕیان دەکرد. ئەگەر بمانەوێ لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەین کە بۆچی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت کرا و پارتەکان بەرەو دەرەوەی سنوورەکان پاشەکشەیان کرد، بێگومان دەوری خەیانەتەکانی قیادە موەقەتە زۆر بەرچاوە و رۆڵی سەرەکی هەبووە. ئەو خەیانەتە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و خۆی لە پاسیڤیکردنی ئەو پارتە کلاسیکانەدا دەبینێتەوە.
پێش ئەوەش، ئەو بنەماڵە تاوان شەهید کردنی سولەیمانی و تەحوێڵدانەوەی تەرمەکەی بەرژیمی شای لە کارنامەدایە.
باکووری کوردستان
پێم وابێ پێویستە بە رونکردنەوە نییە. خەیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی و دژایەتییەکانیان لەگەڵ شۆڕشی باکووری کوردستان، رووی هەرچی خائین و نیشتمانفرۆشییە سپی کردوە. مەسعود ساڵی ٢٠٠٣ لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی نیوز، دەڵی: لە شەڕ لەگەڵ پ ک ک-دا ٣ هەزار پێشمەرگەمان بەکوشتداوە بۆ باشتر کردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا!!! بەنگەشە بارزانی بۆ ئەردۆغان لە کاتی هەڵبژاردنەکان و چاوساغی بۆ سوپای داگیرکەری تورک و بەشداری لە شەهید کردنی کادرەکانی پ ک ک، قەتڵی عامی دەیان گەریلا لە نەخۆشخانە و هەزاران خەیانەتی دیکە و لە ئێستاش بونەتە بەڵاگەردانی ئەردۆغان و ورد و دروشتیان بوونەتە حەسەن خەیرێک بۆخۆیان!!! کورد دەڵێ کەری ناوجۆگەلە، بەڵام ئەمانە بۆ دژایەتی کردنی مافەکانی گەلی کورد، سەریان لە ناو هەموو جۆگەلەیەکدایە.
با ئەوەش بڵێم کە یەکەم بڕیاری پارلەمانی کوردی لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی، بڕیاری شەڕ لە دژی پ ک ک بوو!!! چ شەرمەزارییەکە.
رۆژئاوای کوردستان
لە هەستیارترین و تەنگانەترین قۆناخی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستاندا، ئەو بنەماڵە خائینە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بۆ شکشت پێهێنانی ئەو شۆڕشە، چییان لە دەست هاتووە، کردویانە. هەر لە تەیار کردنی ئەنەکەسی خائینەوە بگرە بە سەرپەرەشتی میتی تورک تا لێدانی خەندەق، داخستنی دەروازەی سمێڵکان و هاوکاری کردنی میتی تورک و سوپای داگیرکەری تورک بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا و ئاوەژوو نیشاندانی راستییەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەوڵدانی بۆ دروستکردنی دوو سوپا و دوو ئیدارەیی و ....بەشێکی بچوکن لە خەیانەتەکانی کلک زەردەکان لەو بەشە وڵات!
- ئەمانە کە باسکران، تەنیا سەرقەڵەمەکانە. هەر ئەم کورتەش دەیسەلمێنێت کە لەو شوێن و کاتەدا کە گەلی کورد خەریکە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت، ئەم بنەماڵە خائینە بەهانای داگیرکەرانەوە رۆیشتوون و گەورەترین خزمەتیان بەداگیرکەرانی کوردستان کردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست