کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاى .. حەمە گیان

Monday, 30/08/2021, 17:04


حەمە گیان ..

ئەو ڕۆحە پەپولەییەت هەرلەشنەشدا بێت بەسەردڵ و گیان و هەستمانەوە بنیشێتەوە .. ئەو مێشکە پەشمەکیەت هەروا خاوێن و بێگەرد بێت وەکو ئاوى کانیە بەهارە و شەتاوى بەفرى کوێستانەکان .. کوا قسەکانت وەک زەنگۆڵەیەکە بەملى بەرخێکەوە لەسەوزەگیایەکى تەڕو پاراوى بەهارەدا بێخەم گەمە ئەکات.. 

حەمە گیان ..

ماوەیەکە دیار نیت سلێمانى بەبێ تۆ چەند نامۆیە .. وەرە شەقام و گوزەر و چایخانە و دوکانەکان  لەبێنازى ڕزگار بکە .. حەمەیەکیتر پەیدابووە بەمێشکى شڵەقاوییە وە خەریکى نمایش و خۆ ڕاوەشاندنە  .. ناشێ تۆش بەوە دڵگوشراو بیت .

حەمە گیان ..

ئەوە بۆ هەواڵت نیە .. ئەوە دەنگە ئارمبەخشەکەت نایەتە گوێ .. حەمە کەس بەتۆى وتووە شار بەجێبهێڵە .. حەمە ئەزانیت سلێمانى چەند دایکێکى میهرەبانە هەموى لەژێر دەسماڵەکە ئەودا پشوى ئارامى ئەدەن و بۆنى مێخەک وسمڵى ڕێحانەى ژێر چەناگەى هەڵئەمژن کە لەهەموو بۆنێک خۆشترە مەگەر بۆنى خاکى بگاتێ ، کوا حەمەگیان خاکیش نەما ئەو حەمەیەیى تر  پەرژین و دەرگاى پێوە نەهێشت هەردوێنى بوو لە پێنجونەوە بۆنى خاکیانکرد بەبۆنى بارووت .

حەمە گیان ..

بەس نیە تۆکوڕى سیاسیەک نیت بەرهەمەکەت تەنها تاڵانى و چەتەگەرى و نەوتگەرى و ملشۆڕى و چاوشۆڕى بێت  وەک قەلەڕەشەى سەرگردێک باسى بەرژەوەندى و تاکەسى و حیزب و ..  ئەو ووشە زۆڵانە لەناو دەمتا جیڕەى بێت  .. ئەوانە باوک و باپیرەیان بەمردویش گرد داگیر ئەکەن .. ئاخر حەمە گرد نەما لەشاردا گرد قڕانە .

حەمە گیان ..

بەس نیە مەڵاشوت بەسیاسەتى چەوت و کوردکوژى هەڵنەدراوەتەوە ئەگینا ئێستا تۆش پەنجەت بەهەرەشە و ڕائەوەشان .. حەمەگیان بەس نیە سیاسەتت بەمیراتى بۆنەماوەتەوە ئەگینا تۆش نمایشى چەک و جلى سەربازی و کۆماندۆ و هێزى سفر و حەوت و ئەوانەت ئەکرد .. 

حەمە گیان ..

 بەس نیە حیزبێکت بەمیراتى بۆنەماوەتەوە ئەگیا ئێستا پۆل پۆل کەللە زل و تەنگە قەوى  شۆڕشگێرە درۆینەکانى دوێنێ و بێئەقلەکانى ئیمرۆ مۆڵیان  لەئاخوڕەکەت ئەدا و لوشکە لوشکى ئالیکى خیانەت و خود فرۆشى بوون .   

ئای حەمە گیان ..

بەختەوەرتریت برایەکت نیە شەرم لەبرابونى بکەیتەوە کەنۆکەرێکى بچوکى خێڵى سەلکە سورە و هەشت ساڵە وانەى وێرانکردنى شار و بێ پەرژینکردنى پێئەدەن چەند قوتابیەکى گوێڕایەڵە . 

حەمە گیان ..

چەند بەختەوەریت پورێکت نیە هەرڕۆژەى قەپێک لەسلێمانى بگرێت و لالغاوەى لە قین و بوغز و دڵڕەشى کەفى کردبێت و لایەکى خوار بوبێت و سلێمانى بەهەڵەو گێڕاوەى ببینێت  .

ئای حەمە گیان ..

ئەوە چیە ئەو نەفسە بەرزەت وەک چنارى عەرعەرە و گەڵاکانى بەشنەى پایزە جۆلانە ئەکەن .. ئەوچیە ئەو قەناعەتە بەرزەت وەک شاخى پیرە مەگرونە ..  ئەوەى لەلات نرخى نەبێت پارەیە تۆپارە وەرناگریت و قەت شەڕى پارەت نەکردووە .. سامانەکەت بتڵێک ئاو و پەرداخێک چا و پاکەتێ جگەرەیەکە . 
ئێمە لەحەمەگیان .. کەسیتر ناناسین بێجگە لەحەمەى خۆمان حەمەى هیچ گرد و حیزبێکمان ناوێت  .. شار حەمەیەکى ناوێت بەدەستى دوو سێ بۆینێردراوە .. حەمەیەکى ناوێت سواڵى سێڵفى و تەوقەبکات .. حەمەیەکى ناوێت خۆى لێبوبێت بەفشە مارێنز و هەر ڕۆژەى بە پۆشاکى سەربازییەوە لاساییى ئەکتەرێکى ئاکشن بکاتەوە .

حەمە گیان ..

گیانى شارێکە .. ڕولەکوێ بکات کۆڕى گەرمە .. حەمەى تر کونەپەپویەکى شومە حەزى بەکەلاوەکردنى شارە  .
 ئاى لەو ڕۆژگارە سپڵەیە ..  چ ڕۆژگارێکى پڕلەنوشوستى و هەڵنوچانە .. خەریکە حەمەگیانیش جێگەى پێ لەق ئەبێت و حەمەیەکیتر پەیدا بووە ..  ئەم شارە بێجگە لەحەمە گیان هیچ حەمەیەکیترى پێقبول نیە ....
حەمە خۆشەویستى شارێکە ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە