کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانی لەدارو موڵكی بابانەوە بۆ سەردەمی ئەولادەكانی لەندەن

Sunday, 29/08/2021, 21:31


سلێمانی ئەو شارەی سەردەمانێك، كە كەڵە شاعیر و مەلا و خوێندەوار و  ڕۆشنبیرو گیانبازەكان، تێدا لەبەردەركی سەرا سەفیان بەستبوو، ئیمڕۆ لەسایەی سێبەری ئەولادەكانی لەندەن، شەقام و كوچەو كۆڵانەكانی، بەتاقمی چەكداری فڵان و فیسار تەنراوە.
لەدیدارێكی تۆڕی (بی،بی،سی)، لەحاكمی دوبەی،  دەپرسن، هەرگیز هەستت وابوە كە ڕۆژێك بێت، ئەو بیابانەی بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئێستا دەیببینیت؟ لە وەڵامدا دەڵێ: بەڵێ، من لە منداڵیدا كەسێكی بە بەخت بوم، چونكە لەگەڵ  باوكم، گەشتم دەكرد بۆ لەندەن و ووڵاتانی ئەوروپی و جیهان، لەساتی بینینی سیستەمی تڕافیك و ڕێگاوبان و تەلارسازیەكانی ئەواندا، سەرسامی خۆم دەردەبڕی، لەوكاتەدا لە ئیمارات و دوبەی، هیچ ڕێگا و بانێك، بونی نەبوو، خەونی منداڵی من ئەوەبوو، كە ڕۆژیك بێت ئێمەش وەك ئەوان شارستانیەتی هاوچەرخ و پێشەكەوتو  بنیاد بنێن، ئێمەش بتوانین لەو شێوازە پێشكەوتنەمان هەبێت.
دەڵێ: ئەو بیابانەی كە هەبوو، ئەمڕۆ گۆڕیومانە بەڕێگاوبانی پێشكەوتوو، لەبنیادنانی تەلارو بیناسازیی سەرنج ڕاكێش، كەدووبەی كردۆتە ناوندێكی گرینگی جیهانی.
بۆیە، ئەوەی دەبینین خەونی منداڵیمە، ئێستا هاتۆتە دی.
ئەمە قسەی حاكمی ووڵاتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو،  شێخ محەمەد بن ڕەشید بن ئەلمەختومە.ئەو ئەوها ئەزمونی بینینی لەندەن و ووڵاتانی ئەوروپای گەڕاندۆتەوە بۆ ووڵات و نیشتیمانەكەی، بەڵام من هێشتا نازانم ئەوانەی لەمەڕخۆمان، كە بەمنداڵیش لەوێ گەورەبوون و خوێندویانە، چ خەونێكیان هەبووە؟
تەنها ئەوە دەزانم كە هاتنەوە، بەدروستكردنی دەزگای سەربازیی و هەواڵگریی  و ترس و تۆقاندن دەستیان پێكرد.
ئەولادەكانی لەندەن، كە دوای ڕوخانی ڕژێم، ڕێگای هەرێمی كوردستانیان بۆ تەختكراو هاتنەوە سەر سفرەی حازری، بەبێ چەشتنی سەردەمانی، ڕۆژگاری برسیەتی و ترس و ڕاودونان و كوشتنی خەڵكی شار، بێ بونی پاشخانی سیاسی و ڕۆشنبیریی و ئابوریی و تەنانەت لە ناو و ناوانیشدا نەبوون، ئەمڕۆ بونەتە حاكمی یەکەمی شار و، باندو دەستەو تاقمی وەهایان  لەخۆیان كۆ كردۆتەوە، كە خەریكە شار دەگەڕێنەوە سەردەمی ملازم موحسین.
ئەولادەكانی لەندەن، پێ دەچێ هیچ ئەزمونێكیان لەژیانی شارستانی و دیموكراسی و پێشكەوتنی بەریتانیای مەزن وەرنەگرتبێ، جگە لەئەزموونی باندە، ئاژەوەگێڕو ساختەچیەكانی، بەشێك لەپاكستانی  و هیند و ئەفریقەیە سەربەكێشەكانی لەندەن، كەهەمیشە پۆلیس بەدوایانەوەیە!
  ئەوان ئەمڕۆ، وەك گروپە دەست وەشێنەكان، لەناو خۆشیاندا، لەسەر پلە و دەسەڵات و  داهات و پاوەنخوازی، كەوتونەتە وێزەی یەكتر و شاریان شڵۆقاندوە.
ئەوان لەجیاتی یەكلاكردنەوەی ململانێكان بەشێوەی دیموكراسی كە لە لەندەن بینویانە، هاتوون، بەڕێبازی كۆنی ملازم موحسین،  و كۆكردنەوەی هێز لەسەر شەقامەكان و هەڕەشەی شارەبەدەركردن، دەیانەوێ یەكتری بسڕنەوە و، ژیانی ئاسایی شاریان تێكداوە.
ئەو جوڵەنامۆ و نەرییتەی بەرپرس و كەسی یەكەمی حیزبێكی وەك یەکێتی، ئەمڕۆ بەجلی سەربازیەوە، لەكۆڕ و كۆبونەوە و خۆنمایشكردن و دەست تێكەڵكردن، لەگەڵ هێزەچەكدار و حوكمیەكان دەیكات، لەقتوی عەتاریشدا ناچێتەوە سەرحیزبێك، كە بانگەشەی سۆشیال دیموكرات بكات، لەدونیادا!
بەر لە خەڵكی كوردستان، هەقە خەڵكی سلێمانی چیدیكە قبوڵ نەكات، ئەولادەكانی لەندەن، دەست بخەنە بینەقاقای ئەو شارە و هەر ڕۆژە و شانۆیەكی ڕەش نمایش بكەن. ئەوان كەكێشەی شەخسیان هەیە، با بچنە ژورێكەوەو بەخۆشی، یان ناخۆشی، دوو بە دوو، یەكلایی بكەنەوە، یان كە هەردووكیان ئەولادی لەندەنن و لەوێ گەورەبون، بابچن لەدادگاكانی ئەوێ، كێشە شەخسیەكانیان وەلادا بخەن، نەك چیدیكە ژیانی خەڵكی شار تاڵ بكەن.
كورد گوتەنی، ”ئەگەر ڕەوشەكەیان پێ چاك نابێت، باخراپتری نەكەن”
لە مێژووی كورددا، ڕەنگە هیچ حیزبێك نەبێت، هێندەی یەكیەتی شڵۆقا و شپرزە و خاوەن چەندین باڵ و سەرو، تەكەتولباز بێت، لەوەش كارەستبارتر ناوی (یەكێتی)بێت،كەمانای یەكبون بێت، لەكاتێكدا لەو ڕۆژەوەی هەیە هەرگیز ”یەك” نەبون!
خودی خۆیان، لەناو خێزان و بنەمەڵەكەشیاندا، دانویان پێكەوە ناكوڵێ، كەچی خۆیان ناوناوە (یەكێتی)!
 ئەمڕۆش، لەجیاتی هەڵبژاردنی سەركردەیەكی كاراما و لێهاتوو خاوەن ئەزموونی سیاسیی و ڕۆشنبیر و ڕەوانبێژ، كە خەسڵەتی سەركردەی تێدا هەبێت، كەچی بەخێزانەوە كۆیان بكەیتەوە، لەدوای جەلال تالەبانی، ناتوانن لەبەردەم جەماوەر.ووتارێك بەچەند دێڕێكی دروستەوە، بنوسن و بخوێنەوە.
 ئێمە پەرۆشی هەڵپڕوكانی هیچ حیزبێك نین، بەڵام ناكرێت، چیدیكە خەڵكی ناوچەیەكی گرینگی وەك سلێمانی، بكرێتە باراشی هەرا و هۆریای، ناودەستاڕی حیزبێك، كە نەتوانێت تانانەت خۆشی  بەڕێوەبەرێت، ئیدی چۆن چاوەڕێی كەشێكی خۆشگوزەران و ئارامیی بۆ خەڵكی ناوچەكە لێ دەكرێ.
هەقە خەڵكی شار بەگەورە و بچوكەوە، بێنەدەرێ و بڵێن; بەسە ئیتر، باركەن بڕۆن،
ئێرە دار و موڵكی بابانە، نەك موڵكی ئەولادە بێ ئەزموونەكانی لەندەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە